شەقام، گۆڕەپانی سیاسەتی ڕادیکاڵ و بەدەستهێنانی هێژمۆنیی چینایەتی

0
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا “شەقام” بووەتە بەرچاوترین و شکۆدارترین بوارەکانی ڕووبەڕوو بوونەوەی کرێکاران، ژنان، مامۆستایان، هەژارانی شار، خوێندکاران، خانەنشینکراوان و باقیی جەماوەری ناڕازی و تووڕە لەدژی نیزامی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی.
ئەگەر ڕەوتە بورژواکان و ڕاستڕەوان و کۆنەپارێزان چاوی هیوایان لە گۆڕانکاری لەسەرەوە، ڕژیم چەینج و دەستتێوەردانی دەسەڵاتە ئیمپریالیست و کۆنەپەرستەکان بڕیوە، ئەگەر هێزە بورژوا – ناسیۆنالیستەکان بە حزوور لە داڵانەکانی واشنگتۆن، لابیگەری، موعامەلە و دانوستان لە پشت دەرگا داخراوەکان و بەدوور لە چاوی خەڵک و بە چاوەڕوان ڕاگرتنیان، بەتەمان لە داهاتووی دەسەڵاتی سیاسیدا بەشدار بن، بۆ هێزە شۆڕشگێڕ و پێشڕەوەکان شەقام ساحەی گۆڕانکاری لە خوارەوە و هیوا بە داهاتووییەکی باشترە بۆ زۆربەی جەماوەری کۆمەڵگا. پرسیار ئەوەیە کە شەقام چ جێگە و پێگەیەکی هەیە کە بەمجۆرە بووەتە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی، مانگرتن و شەڕ و کێشمەکێش لە سەرتاسەری کۆمەڵگای ئێران و بۆچی لەم ڕێگەوە دەکرێ هێژمۆیی چینایەتی و سۆسیالیستی بەدەست بێت.
لە نیزامی سەرمایەداریدا، شەقام هەمیشە قەڵغانی ڕووبەڕوو بوونەوەی چینایەتی ستەمکاران و ستەملێکراوان بووە. لە ڕاستیدا شەقام تەنیا شوێنی تێپەڕین و هاتووچۆی خەڵک و ئۆتۆمبێلەکان نییە، بەڵکوو هاوکات لە لایەن دوو لایەنی حاکمان و مەحکوومانەوە بۆ هێزنواندنیان کەڵکی لێ وەردەگیرێت. لە لایەکەوە شەقام دەبێتە شوێنی خۆنیشاندان و ڕێژەی هێزە ئەمنی و نیزامیی دەوڵەتانی سەرمایەداری و دیکتاتۆر تا توانای سەرکوتگەریی چینی دەسەڵاتدار بە ئامانجی ترساندنی کرێکاران و زەحمەتکێشان نیشان بدرێت.
لە لایەکی دیکەشەوە، هەرکات شەقام دەبێتە ساحەی خەباتی چینی کرێکار، بێبەشان و ئازادیخوازان، کەشوهەوای بێڕووحی شەقام و شوێنە گشتییەکانی شار دەستبەجێ دەگۆڕدرێت و دەکەوێتە خرۆش و دەبووژێتەوە. خرۆشاوان لەسەر شەقام، زنجیری تێک تەنیوی ڕیزی چینایەتی و هاوپشتیی گشتیی خۆیان پێک دێنن و شان بە شانی یەک هەروەک جەستەیەکی واحید، خواست و داخوازییەکانیان یەکدەنگ هاوار دەکەن.
سەرمایەداران و دەوڵەتانی پشتیوانیان، چینی کرێکاریان بە شێوازی جۆراوجۆر لە شوێنی داخراوی کارخانە و کارگاکاندا بە یاسای زاڵمانە و سەرمایەدارانە بە بەند و زنجیر دەکێشن، ئەوان وەک پەیکەرێکی بێ گیان و لەخۆنامۆ دەکەنە بەشێک لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و شیرەی گیانیان بۆ وەدەستهێنانی قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایە دەمژن.
بەڵام هەرکات کرێکاران ئیرادە بکەن و ئامرازی کاریان لە زەوی دانێن، زنجیری کۆیلەتی دەپچڕێنن و بە مانگرتن و ناڕەزایەتی و ڕێپێوان و کۆبوونەوە، کارخانە و شوێنی کاریان و یان شەقام و مەیدانەکانی شار دەکەنە گۆڕەپانی مارشی چینایەتیی خۆیان.
دەڵێی خوێنی تازە چووەتە ناو دەمارەکانی کۆمەڵگاوە و شار زیندوو و پڕ گڕوتین دەکات. کرێکاران زاتی ئینسانیی خۆیان بە خۆڕاگری و خەبات دەردەخەن.
ئەوان نیشانی دەدەن کە بەم ئاستە لە پێگەیشتن و وشیاری گەیشتوون کە بۆ وەدی هاتنی ماف و ئازادییەکانیان بەردەوام خەبات بکەن. مانگرتنی کرێکارانی فوولادی ئەهواز و شیرکەتی نەیشەکەری حەوت تەپە و ڕێپێوانیان لەسەر شەقامەکانی شاری ئەهواز و شووش نموونە بەرچاوەکانی گرتنەبەری ئەم سیاسەتە ڕادیکاڵەیە. کرێکاران شەقامیان کردە گۆڕەپانی پەیکاری چینایەتی دژبە خاوەنانی سەرمایە، دزان و گەندەڵان و دەوڵەتی پشتیوانیان.
درووشمی “نان کار ئازادی – بەڕێوەبردنی شۆرایی” هێندە بەهێز بوو کە لەسەر ئاڵای سووری خوێندکارانی زانکۆ نووسرا و ئێستا بووەتە وتارێکی زیندوو و ڕادیکاڵ بۆ جۆرێکی دیکە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا. خوێندکارانی پێشڕەو لە زانکۆ و شەقامەکان کۆبوونەوە و بە درووشمی “ڕۆڵەی کرێکارانین، هەردەم پشتیوانیانین” و “کرێکار، خوێندکار، مامۆستا، یەکگرن یەکگرن” هاوپشتیی و هاوچارەنووسیی خۆیان لەگەڵ کرێکاران و مامۆستایان ڕاگەیاند.
بەمجۆرەیە کە بوون لەسەر شەقامەکان هیوا و ژیان بۆ کرێکاران و تینووانی ئازادی و بەرابەری دەگەڕێنێتەوە.
یاسا، سوننەت و کلتووری پیاومەزن و دژەژن و پڕ لە هەڵاواردن لە لایەن دەوڵەتانی دەسەڵاتدار و هێزە کۆنەپەرستەکانی ناو کۆمەڵ، ژنان دەخاتە سووچی ماڵەکانەوە و یان لە شوێنە گشتییەکان، دەیانداتە بەر توندوتیژی و سەرکوت و ئازار و ئەزیەت.
بەڵام هەرکات شەقام دەبێتە مەیدانی بەرابەری تەڵەبی و ئازادیخوازیی ژنان، پشوو تازە دەکەنەوە و هێزی پووشاڵیی سەرکوتگەران و کۆنەپەرستانی دەسەڵاتدار و یاسای دژەژن دەبەنە ژێر پرسیارەوە و تابووی مەزهەبی و دواکەوتووانە تێک دەشکێنن و پایەکانی نیزامی نامرۆڤانە و دیکتاتۆری دەخەنە لەرزە. شکۆی “کچانی شەقامی ئینقلاب” وەبیر خۆمان بێنینەوە کە چلۆن کچان و ژنانی ئازادیخواز و بوێر بە نیشانەی ناڕەزایەتی دژبە حیجابی ئیجباری و لە حەرەکەتێکی سەمبۆلیکدا ڕووسەرییەکانیان لەسەر شەقام لابرد و بەداریانەوە کرد و هەیبەتی پیاوسالاری و دینیی دەسەڵاتیان تێکشکاند.
لەخۆڕا نییە کە وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی دانی بەوە داناوە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی زەربە ببینێت “لە لایەن ژنانەوەیە”.
مامۆستایان لە ناڕەزایەتی بە زەبروزەنگ، هەژاری و فەلاکەتی زۆربەی کۆمەڵگا، و نەبوونی ئازادیی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناتوانن خۆیان بە چواچێوەی داخراوی مەدرەسە و شوێنەکانی فێرکردن سنووردار بکەن و ئەوەیکە نیزامی دەسەڵاتدار دیاریی کردووە بیڵێنەوە. هەروەک چۆن نەمر “فەرزاد کەمانگەر” وتی، مامۆستای ئازادە و مافخواز ناتوانێ “باری قورسی مامۆستا بوون و چاندنی تۆوی ئازادیی لەسەر شان بێت و بێدەنگ بێت، ناتوانێ لە وشکەساڵی عەدڵ و داد دا مامۆستا بێت، بەڵام “ئەلف” و “ب”ی هیوا و یەکسانی نەڵێتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەم ڕێگایە بەرەو ئێڤین و مەرگی بەرێت”.
ئەوانەیە کە جەماوەری بەرینی مامۆستایان لە هاوئاهەنگی و هاودەنگی لەگەڵ یەکتر دێنێەە سەر شەقام و ناوەندەکانی شار و بە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانیان، دەنگی مافخوازی، پەروەردەی بێبەرامبەر، ئازادیی مامۆستایانی بەندکراو و گەلێک داخوازیی ڕەوای دیکە هاوار دەکەن. هەربۆیە لەخۆڕا نییە کە دەستوپێوەندەکانی ڕژیم لە ڕۆژنامەی “مەشرێق”دا لەوە دەترسێن کە مامۆستایان بڕۆنە سەر شەقامەکان و چالاکیی ڕادیکاڵ ئەنجام بدەن و کۆمۆنیست و چەپەکان ببنە دەنگیان.
ئەم بزووتنەوەیە و باقی حەرەکەتە پڕجۆرشوخرۆشە کۆمەڵایەتی و سیاسییانە، هەروەک ئاخێزی سەرتاسەریی بێشەشانی شار، کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان، دادخوازیی دایکانی گیان بەختکردووی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ و گەلێک دەنگی تر، بە بەرینایی هەموو جوگرافیای ئێران هاتوونەتە سەر شەقامەکان و توانا و وزەی چینایەتی و سیاسیی خۆیان سەلماندووە.
بەڵێ! بێگومان گۆڕانکاری لە خوارەوە و لە شەقامەکانەوە دەست پێدەکات. شەقام شوێنی جەماوەری بوونەوەی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی کرێکاران و ڕەنجبەران لە چارەنووسی خۆیان دایە. شەقام شوێنی هاوپشتیی کۆمەڵایەتی و چینایەتی، ئەزموونی سیاسەتی ڕادیکاڵ، دەرخستنی توانا و وزە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا، و هێمای ئیرادە و زەروورەت و توانای بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسییە لە لایەن زۆرینەی کۆمەڵگاوە. شەقام شوێنی بەیەک گەیشتنەوەی بەرینترین خواست و داخوازییەکانی کرێکاران، ژنان، مامۆستایان، کەمینە ئێتنیکی و نەتەوەییەکان، منداڵانی کار و زۆربەی هەرەزۆری جەماوەری بێبەشە.
خاڵی بەیەک گەیشتنەوەی حەرەکەتە کۆمەڵایەتییەکان و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتی و ڕادیکاڵەکانە. شەقام ئەو شوێنەیە کە ڕێکخستن، یەکگرتن و هاوپشتیی جەماوەری تێیدا سەر هەڵدەدات و گەشە دەکات.
ئەگەر بورژوازی هەوڵ دەدات تا دەورونەخشی زۆربەی کۆمەڵگا بە چوونی هەر چەند ساڵ یەکجار بۆ پای سندووقەکانی دەنگدان سنووردار بکات و ئەوان بە نیسبەت کاروباری کۆمەڵگا بێ ئیرادە و لەخۆنامۆ بکات، لە بەرامبەردا، چوون بۆ سەر شەقام بەئامانجی مافخوازی و گۆڕینی شێنەیی و بەردەوام و سەرەنجام لەپێناو ئاخێزی جەماوەری و شۆڕشی کۆمەڵایەتی، بۆ چینی کرێکار و بێبەشانی کۆمەڵ دەرفەتی دەورونەخش نواندن لە ئاڵوگۆڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دەخوڵقێنێت. ئەگەر بمانهەوێ وتاری سۆسیالیستی و چینایەتی لە گشت کۆمەڵگای ئێراندا ببێتە وتارێکی زاڵ و هێژمۆنیک، هێزە بابەتی و ماددییەکەی لە کارخانە و لەسەر شەقامەکانە. گۆڕینی هاوسەنگیی هێزی چینایەتی بە قازانجی زۆربەی کۆمەڵ لەوێ مومکینە و پێویستە لە چوارچێوەی شەقام و شوێنی کار و ژیانی کرێکاراندا دابین بکرێت. پێویستە شەقام زیندوو و پڕگوڕوتین ڕابگیرێت.

 

تێ بی نی : ئەم بابەتە لەتەلەفیزیۆنی کۆمەڵە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بڵاوکراوەتەوە.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.