ژنێک لە نێوان دوو بەرداشى زڵمدا

0
پارێزەر لانە ئامانج
لەئۆفیس سەقاڵى کارى رۆژانە بووم لەسەرما دەرگاکەم داخستبوو، یەکێک لەهاوکارەکانم هاتە ژورەوە گوتی کچ و باوکێک هاتوون دەیانەوێت بتبینن، وتم بابفەرمون، هەرچەندە کچەکە لەدواى باوکییەوە هاتەژوورەوە، بەڵام رەنگە زەرد و چاوە تەڕ و شانە داتەپیو و رێ ڕۆیشتنە شەکەتەکەى واى دەکرد هەرک کەس لەوێدابێت سەرەتا ئەو ببینێت.
لەپێشەوە باوکە هاتەژوورەوە پیاوێک کە نیگەرانى و توڕەیی و خەم و سەرما پێکەوە تێکەڵەیەکى نامۆى لەروخساریا پیشاندەدا پیاوێکى زۆر پیر نەبوو، دیار بوو رۆژگار کاریگەرى لەسەر جێهێشتبوو پیرتر لە تەمەنى خۆى دەردەکەوت.
هەر سەرەتا کچەکە ویستى قسە بکات، باوکى پێشتر هاتە قسە و بەتۆنێکى تێکەڵ لەخەم و توڕەىى وتى “من بۆ یەک پرسیار هاتووم تەنیا دەمەوێ بزانم زاوەکەم ئەو کچەمی تەڵاق داوە یان نا، چونکە بەیانی ڕۆژی دادبینیە لەدادگا دەتوانی سەربەخۆ و بێ رەزامەندى کچەکەم تەڵاقى بدات؟”.
باوکەکە بەردەوام بوو لە قسە کرد، بەڵام قسەکانى هەر لەو چوارچێوەیەدا دەسوڕایەوە، سەرنجم دا کچەکە دەیوست شتێک بڵێ بەڵام لەترسى باوکى نەیدەتوانى، بەباوکەکەم گوت دەبێ بەتەنیا لەگەڵ کچەکەت قسەبکەم بەسەختى توانیم قەناعەتى پێبکەم بچێتە دەرەوە ئێمە پێوەکەوە قسەبکەین.
ڕووم لەکچە کرد و گوتم بڵێ بزانم کێشەت چییە دڵی خۆتم بۆ بکەرەوە.
دەستى کرد بەگێڕانەوەى چیرۆکە تراژیدییەکەى گوتى “قوتابی بووم کوڕێک هاتە ژیانمەوە زۆرم خۆش یست وای لێهات لەخوێندن دواکەوتم وازم لەخوێندن هێنا هەموو ژیانم ببوە ئەو کوڕە ئەویش منی خۆش دەویست ئێمە عاشقی یەک بووین چەندین جار هاتە داوام تا ماڵەوەمان ڕازی بوون، هاوسەرگیریمان کرد ماڵى جیام نەبوو لەگەل ماڵی خەسوم پێکەوە دەژیاین، ژیانێکی زۆر خۆشمان هەبوو، دووگیان بووم هەموو رۆژ بەخۆشەویستی و عەشق و چاوم هەڵدەهێناو تا منداڵ بوون”.
ئەو بەردەوام بوو لە گێڕانەوە چاوى پڕبوو لەئاو درێژەى پێدا “دوای دووسێ مانگ هەڵسووکەوتی مێردەکەم گۆڕا، سەرەتا قسەى ناشیرین و دواتر جنێو دواتر وردە ورە دەستى بە لێدانم کرد، سەرەتا نەم دەزانى بۆ واگۆڕاوە تا دواتر بۆم دەرکەوت ئەو خیانەتم لێدەکات لەگەڵ کچانى دیکە پەیوەندى هەیە”. ئەو بەسەرسوڕمانەوە دەیگێڕاوە کە کاتێک لە ترسى لێدانى مێردەکەى پەناى بۆ خەسووى بردوە خەسووى گوتویەتى “قبوڵى ناکەیت بڕۆ بۆ ماڵى باوکت”.
ئەو بەرەوام بوو لە گێڕانەوە “رۆژ لەدواى رۆژ خراپتر دەبوو چومەوە ماڵی باوکم باسم کرد، کێشەکە گەورەبووە باوکم و براکانم بێ هیچ گوێگرتنێک لەمن مندالڵەکەمیان لەباوەشم دەرهێنا ناردیان وە بۆ مالڵی خەسووم”.
بەدەم گریانەوە درێژەى بەگێڕانەوەکەى دەدا “منداڵەکەمیان لەباوەش برد کە هێشتا شیرى خۆمی دەخوارد، من نەمزانی ڕۆژەکانم چۆن دەڕوا نان و خواردنم نەما دەستم دەبرد بۆ شتێک دەم گوت ئێستا ئەو برسیەتی دەگری باوەشی منی دەوێ خەوی دێ هەزارەها پرسیارى دیکە، شەوان لەگەل لایلایە خۆم خەوم لێدەکەوت وام دادەنا منداڵەکەم لەباوەشمە، زۆر دەپارامەوە لە باوکم و براکانم منداڵەکەم بۆ بێنەوە دەیان گوت نابێ تۆ منداڵی خەڵک بەخێوکەی ئەمگوت ئەی هاوار لەخوێن و گۆشتی منە کەس گوێی پێ نەدام ناچار بەهەر جۆرێک بێ ووتم دەچمەوە، ماڵی خەسووم هاتن بەدوامدا گەڕامەوە، ئەمجارە هاوسەرەکەم لەجاران خراپتریوو، بەڵام من گوێم بەو نەدەدا دەم وت خۆ منداڵەکەم لەباوەشی خۆمە، من لەپێناو ئەو منداڵەم هەموو شت قبوول دەکەم وای لێهات مێردەکەم لەبەر چاوم بەتەلەفۆن بەڤیدیۆ قسەی لەگەل کچان دەکرد هەر بەرگەم گرت لێی دەدەم ئیهانەی دەکردم ڕازی بووم لەبەر منداڵەکەم، رۆژێکیان هاتەوە ووتی برۆ لەم ماڵە تۆم تەڵاقداوە لەدەرەوەی دادگا، ووتم نارۆم بەپرچ منی گرت و فرێ دام هاتمەوە ماڵی بابم خۆم قوربانی پێڵاوەکانیان کرد ووتم بەس منداڵەکەم با لەگەل خۆم بێ ووتیان نایێ رازی نەبوون دیسان منداڵەکەمیان لێم برد ئەوە دوو مانگە لەم جەهەنمە دەژیم ژیانم نەماوە تائێستا دەنگی هاواری لەناو گوێمە”.
ئەو بەگریانەوە دەی گوت “چیت لەدەست دێ بۆم بکە بەس تەڵاقەکە نەبێ من مندالەکەم دەوێ بێ ئەو ناژیم چیم بەسەر دێ بەسە با منداڵەکەم لەباوەشی خۆم گەورەبێ”.
گەروم پر بوو لەگریان نەم دەزانی چی بڵێن چۆن تێبگەینم کە کەسێک تۆی ناوێ تۆش ئەوت نەوێت، بەڵام چۆن باوکی رازی بکەن قبووڵى بکات ئەو منداڵە لای ئەو ئافرەتە بێ، داوام کرد باوکی هاتەوە ژورەکە، ووتم دادگا بەیانی یەکلای دەبینەوە، چونکە لەدەرەوەی دادگا تەڵاقی داوە بەیانی تسدیق دەبێ، بەڵام ئەو ئافرەتە هەموو حەق و مافێکی بەردەکەوێ، و ئەتوانێت منداڵەکەى لاى خۆى بمێنێتەوە و باوکى منداڵەکەش نەفەقەى بکێشێت، باوکەکە هەڵساوە بەتوورەییەوە وتی ئێمە هیچ حەقێکمان ناوێ ئەو ئەو پیاوە بەبێ ئاگادارى ئێمە کچمان تەڵاقدەدات ئێمەش منداڵى بۆ بەخێو بکەین؟ ماف و حەقمان ناوێ بزانە خۆم چی لێ دەکەم”.
بەدەم ئەم قسانەوە هەستایە سەرپێ بۆ رۆیشتن، کچەکە هەر دەگریا وتم باشە هیچت نەبێت رێگە بدە جار جار کچەکەت منداڵکەى ببینێت کەچى گوتی “شتى وا نییە سبەی یەک لای بۆوە ئیتر تەواو، بۆ یەک دەقەش ناهێلین کچەکەم مندالەکەی بیبینێ”. گوتی “هەڵسە کچێ با بڕۆین”.
زۆر بەکچەکەم گوت وەرە من لەگەتم لەپشتتم دەبم هاوکارت دەبم، بەڵام ئەو ئافرەتە دیار بوو لەمنداڵیەوە لەژێر ترس و زوڵمێکى خێزانێکی باوک سالاری زۆردا پەروەردە بوو، نەی دەوێرا یەک ووشە لەسەر ژیانی خۆی بڕیاردات و باسی مافی خۆی بکات، تەنیا دەگریا.
لەرووى یاساییەوە من وەک پارێزەر ناتوانم هیچى بۆ بکەم ئەگەر خۆى داوا نەکات، ئەوان رۆیشتن و پرسیارێکى گەورەیان لەدڵى مندا بەجێ هێشت، ئەم ستەمە بۆ؟ چارەسەرى ئەم کێشانە کەى دەکرێت؟
Leave A Reply

Your email address will not be published.