گرینگی چینی کرێکار ناکرێت فەرامۆش بکرێت!

0
عبدالرحمن رسول
کرێکاران بەردەوام کاری تاقەت پڕوکێن دەکەن لەپێناوی ژیانێکی سەربەرزانە و شکۆمەندانە،خاوەن کەسایەتێکی بەئیرادە وبەهێزن بە کارکردنی ڕۆژانە وشەوانەیان کۆمەڵگا بەرەو ئاوەدانی و جوانتروباشتر و پاکتردەبن و کەوایە لە هێزوبازووییان تەواوی کۆمەڵگا سوود بەخش دەبێت ،لەپاککردنەوە و ئاوەدانکردنەوە وجوانکردنی کۆمەڵگادا بەبێ وەستان و سڵکردنەوەیان کاریگەرو بنیاتنەری چالاکن.
کاتێک بەری مەنهۆڵەکان و ڕێڕەوەکانی ئاوی ناو شار وشارۆچکەکان بەهۆی پیسی و لایلۆن وکارتۆن وشمەکەوە دەگیرێت لەزستاندا کەبارانی زۆر دەبارێت دەبێتە سێڵاو و لافاو دواترخەڵک پاڵەستۆی ئاوی زۆری دەکەوێتە سەر و زۆر جار تووشی زیانی ماددی و گیانی دەبێت.
ئەمە دەست وبازوویی هێزی کرێکارانە لەبەرامبەر پێدانی کرێکی زۆرکەمدا کە خیابان و ڕێڕەوەکانی ئاوەکان شاروشارۆچکەکان پاک دەکەنەوە وخیابان وکوچە وکۆڵانەکان خاوێن وجوان دەبن.
خاوەن کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان و حکومەت زۆر بێ ویژدانانە دزی لەهەقدەستی کرێکاران بەردەوام دەکەن و ماف وهەق دەستی تەواویان پێنادەن و جیاوازی دەکەن و بەبیانوی جۆراوجۆر هەقدەستی کرێکاران دوا دەخەن و پێیان نادەن لەکاتی خۆیدا.
کاتێک چەند ڕۆژ کرێکاران کار نەکەن و مانبگرن و ناڕەزایەتی نیشان بدەن لەبەرامبەر پێ نەدان و دواکەوتنی هەقدەستیانەوە گەڕەک وشەقام وخیابانەکانی شار پڕ دەبێت لەپاشماوەی زبڵ و کارتۆن و پیسی .
لەسەر پیسی ژینگە و گەڕەک وشاردا هەریەکەمان بەجۆرێک باسی خەراپی و ئەگەری بڵاوبوونەوەی چەندەهامیکرۆب دەکەین کە دواتر ئەگەری ئەوە هەیە نەخۆشی جۆراوجۆر بڵاوبێتەوە لەشارو شارۆچکەکاندا .
هەریەکەمان بەجۆرێک ڕەخنە لەبارودۆخی نەخوازراوی ژینگەی پیس کراو دەگرین.
بەڵام مرۆڤەکان بەگشتی گرینگی و بەیاخی ئەو دەستانە نازانن کە بەردەوام ئەو مەنهۆڵ و ڕێڕەوانەی ئاوەکان پاک دەکەنەوە،کەپێیان دەگوترێت کرێکاران.
کرێکارانی ژینگە هێزی ڕاگرتنی خاوێنی وجوانی یەکانی ژینگەی گەڕەک و شەقامەکانن بەڵام پێداویستی ژیان و بیمەی تەندروستی و دەرماڵەوهەقدەستیان لەکاتی خۆیدا پێنادرێت ،هەرچەندە ئەو هەقدەستیان زۆرکەمە کەپێیان دەدرێت لەبەرامبەر کارکردنی زۆردا هەروەها جیاوازیش دەکرێت لەهەقدەستی کرێکارانی شارێک یان کۆمپانیایەک لەگەڵ شارو ناوچەیەکی تری جیاوازدا.
کاتێک بەشەقامێکدا لەگەڵ ئازیزان دەڕۆین وپیاسە دەکەین دەبینین شەقام و جادەو کۆڵانەکانی شار خاوێنە و دەوروبەری شەقامەکانیش پڕە لەسەوزایی و داری ڕازاوەی جوان ،بەڵام وورتر بیرناکەینەوە لە گرینگی پێدانی ئەو دەستانەی کە شەقام و کۆڵان وگەرەکەمان پاک دەکەنەوه و دارەکان ئاو دەدەن و سەوزایی شار بەجوانی دەڕازێننەوە.
کاتێک دەچین بۆ سەیران بەئارەزوویی خۆمان وێنە دەگرین و خواردن دەخۆین و شایی و گۆرانی دەڵێین بەڵام باشتر خەیاڵ ناکەین بەبیرکردنەوەمان لەو دەستانەی کە ژینگەی سەیرانگاکانمان بەخاوێنی و جوانی ڕادەگرن .بەهیچ جۆرێک هاوکارییان نابین بۆ پاک ڕاگرتنی ژینگەی کۆمەڵگاکەمان.
کاتێک سەیری درامایەکی تەلەفیزیۆنی دەکەین لەگەڵ خانەوادەکەمان دانیشتووین و میوە و جەرەزات دەخۆین بەڵام هەرگیز کەمێک بیر لەو دەستانە ناکەینەوە کە ئەو تەلەفیزیۆن و کارەبایەی بۆ ئامادە کردووین کە ئەویش کرێکارانن بەهۆی شەونخونی ماندووبوونیانەوە ئێمە پشوو تێدا دەدەین.
کاتێک خەندە لەسەر لێوەکانمانە بەهۆی شادی خۆشی مناڵەکانم کە جل و بەرگی جوانی بەدڵی خۆیان لەبەرەو ئێمەش جلو بەرگ وپێڵاوی جوانمان هەیە بەڵام کەمێک ئەندێشەمان وەرناچەرغێت بەڕووی ئەو دەستانەی کە ئەو جل وبەرگ وپێڵاوانەی بەرهەمهێناوە.
کاتێک بەئۆتۆمبیل بەجادەیەک شوفێری دەکەین کەجادەکەی خاوێن و باشە هەر گیز بیر لەو دەستانە ناکەینەوە کە ئۆتۆمبیلەکەیان بەرهەمهێناوە یان کە جادەیان ئامادە کردووە بەخاوێنی و باشی ،ئەو دەستانەش دەستی پڕ بەرهەمی کرێکارانن .
سەرجەم بینا بەرزو ئەپارتمان و میوانخانە وفڕۆکە و فڕکەخانە و قیتارو ومیترۆ و پاپۆڕو هەتا دەگاتە شمەک وکاڵا و پێداویستی و خزمەتگوزاری یەکان بەهۆی کرێکارانەوەیە ئێمە لێیان سوودبەخش دەبین.
بەکورتی کرێکاران هێزی بەشارەستانیکردنی کۆمەڵگان.بەردەوام بەدرێژایی مێژوویی کرێکاران ژیلەمۆی هێنانەدی کۆمەڵگایەکی نوێتر و جوانترو باشترن ،بەڵام زۆر بەداخەوە گرینگی وبەیاخی ئەو جۆرە مرۆڤانە نەزاندراوە.
لەکاتی مانگرتن و خۆپیشاندان ناڕەزایەتی کرێکارانی ژینگە پارێزو کارەبا و شارەوانی یەکان لەجیاتی دابینکردنی هەقدەست و بیمەی تەندروستی و پێدانی بەخشیشی ودیاری بەڵام لەلایەن بەرپرسانی زاڵمانەی دەسەڵاتی چەوسێنەرەوه فشار دەخەنە سەر کرێکاران هەتا مانگرتن و خۆپیشاندان وناڕەزایەتی یەکانیان کۆتایی پێ بهێنن .
‎کە زەڕیەک ویژدانتان هەیە لەجیاتی فشاریان لێ بکەن بڕۆن هەقدەستەکانیان پێبدەن و موچەکانیان بۆبگێڕنەوە.لەکوردستان لەژێر سایەی دەسەڵاتی کۆنەخوازوچەوسێنەری بنەماڵەدا لەشارەوانیەکان لەجیاتی ئەوەی پشتیوانی مافەکانی کرێکارانبن بۆئەوەی موچەکانیان پێ بدرێت ،ئەوەتا بەشەو دەیانەوێت بەناوی پاکردنەوەی بازاڕەکان فشارلەسەرکرێکاران دروست بکەن ،کرێکاری تر بەکرێ دەگرن شەقامەکان پاک دەکەنەوە لەژێر ناوی پاراستنی ژینگە بەڵام ئامانجی ئەم کارەیان ئەوەیە تاوەکو بانگەوازو پەیام و داواڕەواکانی کرێکارانی ناڕازی نەگات و دەسەڵاتی ملهوڕو چەوسێنەر زیاتر ژیلەی گیانی گرێکارانی زەحمەتکێش بنۆشێت و دزی زیاتریان .لێ بکەن هەقدەست وموچەکانیان لێ دوابخەن
ئەی خەڵکی ناڕازی لەچەوسانەوەی وهەژاری وبرسیکردن وەرنە مەیدان بۆ تێکۆشانی هاوپشتی وهاوخەباتی چینی کرێکار لەکوردستان . پێویستە ڕێگا نەدرێت چیتر ماف وهەقدەستی کرێکاران نەدرێت و بەدزرێت . ئەو جۆرە فشارەی شارەوانی یەکان بۆ سەرکرێکاران زیاتر دەسەڵات وپارێزەرەکانی ڕیسواتر وشەرمەزارتر دەکات.
بۆیە ئەوزەخت کردنە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت ئەگەرپارەتان هەیە کرێکاری ترتان بەکرێ گرتوە بۆ لابردنی خۆڵ و خاشاکەکان فەرمون سەرەتا موچەی سێ مانگی کرێکاران بگێڕنەوەئەوجا ئەوهەنگاوە بنێن .
بەڵام ئێوە دەتانەوێت زیاتر کرێکاران بچەوسێنەوە وبێ مافیان بکەن ئەم ڕێگایەشتان هەتا سەر بۆ سەرکەوتوونابێت چونکە هێزی ناڕازی کۆمەڵگا بەرەو ڕێکخراوبوونی چینایەتی خۆی هەنگاو دەنێت ،دڵنییابن بەسەر پێکەوتن وڕێکخراوبوونی ئەم هێزە چینایەتی یە خۆتان ودەسەڵات وسیستەمتان دەخاتە گۆڕەوە،هەر بۆیە چاکترە هەرچی زووترە بەهۆش خۆتان بێنەوە ژیانێکی باشتر بۆخەڵکی کرێکاروزەحمەتکێشی کوردستان مسۆگەربکەن وهەرچی زووترە مافەکانیان بۆ دابین بکەن وهەقدەستی تەواویان پێبدەن.
بەبێ هێنانەدی مافی کرێکار کۆمەڵگایەکی باشتر بەدی نایە!
داکۆکی کردن لەماف وبیمەی کرێکاران ئەرکێکی جوانی ئینسانی یه.
کەوایەئەی خەڵکینە تکایە !پشتیوانیان بکەن لەخۆپیشاندان وناڕەرایەتی یە ڕەوا و هەقەکانی کرێکاران.
ئەگەر ئێمە گرینگی بەیاخی کرێکاران نەزانین کۆمەڵگاکەمان زۆرخەراپتر وەردەچەرغێت بەرەو چەوسانەوەو نایەکسانی وجیاوازی چینایەتی و بەرزبوونەوەی هەژاری وبرسێتی وبێکاری و خەراپتربوونی سەرجەم خزمەتگوزارە ڕۆژانەیەکانمان .
ئەگەر ئێمە قەدری ئەو دەست قڵیشاوانە نەزانین و گرینگی بەیاخی ئەم چینە بەشمەینەتە نەزانین وئیرادە ئەم هێزە چینایەتی یە باشتر نەبینن ئەوا زیاتر کۆمەڵگا بەرەو وێرانتر دەچێت لەسایەی هەبوونی دەسەڵاتێکی دڕندەئاسا وچەوسێنەردا.
لەهەرکۆمەڵگایەکدا کە ڕۆژانە کرێکاران بێ ماف کران و ژنان کۆمەڵکوژی کران پێویستە شۆڕشی ڕزگاری بۆ ڕوخانی دەسەڵات و هێنانەکایەوەی دەسەڵاتی خەڵک و کۆمەڵگایەکی باشتر ئەنجام بدرێت.ئەوەی لەکوردستان ڕوودەدات بۆ درێژەدانی بێکاری وهەژاری وچەوسانەوە وبێ مافی یە پێویستە خەڵکی ناڕازی بەپشتێوانیکردنی ماف و داواکاری ڕەواکانی کرێکاران و مامۆستایان و خەڵکی بەگشتی بەرەو ڕێکخراوبوونییان لەبزووتنەوەیەکی جەماوەری دا هەنگاوی چالاکانە بنێین بۆ گۆڕانکاری لەدەسەڵاتی ئیدارەدان و هێنانەدی نان کار ئازادی لەڕێگای دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی شوراکانی خەڵکەوە.
٭ئەم بابەتە بڵاوکراوەتەوە لە بۆپێشەوە لە ١٥/٢/٢٠٢٢
Leave A Reply

Your email address will not be published.