من قەلەڕەشێکی تەنهام!!

0

بینەر میرزا 

من قەلەڕەشێکی تەنهام،
لە پڕێکدا کەوتمە نێو شارستانییەت.
ئێستەکانە لەنێو گێژاوی کۆتر و پشیلەی نێو زبڵدانەکان، واق وڕماوم.
من لە ناسۆری مرۆڤەکان تێناگەم، من بە شێوەیەکی سامناک دێمە بەر دیدەنییان،
من قەلەڕەشێکم بە گەردوونێک خولیای سپی.

لەم ڕۆژانە بە سەراونخوونی، لەنێوان کۆترە گەمژەکان، خۆم هەڵواسیبوو،
گوێم لە دوو سمێڵشۆڕ بوو، پێیان دەگووتم کە (ئەنارشیست)م،
من مێشکی بەرازە تۆپیوەکانم دەخوارد، شتێک لە جۆری (ئەنارشیست)ی تێدا نەبوو.
من قەلەرەشێکی (ئەنارشیست)م، لەنێو گیڤەی ترۆمبێلەکاندا.

بەهۆی بروسکەیەک ڕێم کەوتە ئێرە، ڕۆ‌حێکم پێبوو لەگەڵ خۆم دەمبرد بۆ (سێتا).
ناچار ڕۆحەکەم لەنێو کیسێکی ڕەش لە ئاسمانەوە فڕێدایە زبڵدانێک.
من قەلەڕەشێکی دووکەڵاویم کە ناتوانم بقیڕێنم،
هەفتەی پێشوو کۆترێک کە هێماکەیان لێ سەندبوو، دەیویست خۆیم لێ نزیک بکاتەوە
بەڵام هەرچۆنێک بێت من قەلەڕەشێکی سامناکترم لەوەی لەگەڵ کۆترێک لە پەیوەندیا بم.
هەندێکجار ڕێم دەکەوێتە گۆڕستانەکان و دەبینم
هەموو ڕۆحە پاک و پیسەکانیان، لەنێو گۆڕە تەزیوەکاندا قەتیس ماوە
دێم و دەچم، تەماشای مرۆڤەکان دەکەم
بە چەشنی ئەو مێرووانەی برووسکەیەک لە خواردنیان وەستاندمی،
لێرە ڕۆحکێشەکان کارێکیان نیە بۆ کردن،
هەر ڕۆحێک بە هۆکارێکی گاڵتەئامێز دەردەچێ.
چەند ڕۆژ لەمەوبەر، لەبان پردێک هەڵنیشابووم,
تەماشای ڕوانینی خۆمم دەکرد لەنێو ڕووبارەکە،
کەناریەک لە شێوەی زێڕ هاتە لام،
بەو مەبەستەی کە ئاوازێکی نوێی بۆ دابنێم
تاکوو لە قەفەزێکی گەورەتر و گەرمتردا گوێی لێ ڕادێرن
بەڵام ئەوڕۆکە هەواڵیان پێدام کە جێگەکەی لە فرۆشگایەکی ڕادیۆدا وە’چنگ خستووە.
منم قەلەڕەشێکی بێزراو، لە شارێکی بێ زماندا
کۆترە ووڕەکانی چواردەورم پێیان وایە من شکۆدارترم لە ڕەگەزیان،
ترسام کاتێک هاتمە ئێرە، چوون لە سروشتی خۆم سەرنگوم ببوم.
ئاخۆ بڵێی قاڵاوەکانی هاوزمانم خەمێکم لێ بخۆن؟،
یاخود هاوزمانێک لەم جەنجاڵیەدا پەیدا بکەم ؟.
ئەسڵەن سرووشت چیە لێرە ؟،
وەک پریشک ڕەت دەبم لە هەورە بۆگەنییەکانی ئێرە
ئەو هەورانەی چەندێکە دەژیم ترسمە بە سەرمەوە ببارن،
بۆچی بترسم؟، لەمە شوومتر نابێ بۆ من
هەرچەند دەکەم ناگونجێم، بە بێدەنگی و تەنیای ئێرە،
ڕایەکی دیکەش دەمهەوێ بقیڕێنم بەسەر خۆم و چواردەورمدا
بقیڕێنم بەسەر برووسکە و کۆتر و گۆڕ و ئاسماندا،
دوکەڵ قورگمی خەساندووە
پەلەکانم بە ڕووی ئەم ئاسۆ تەڵخەدا دەلەرزن،
من قەلەڕەشێکم ئەگەر ڕەشییەکەشم لاببەم، سەرمدەبڕن.

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.