بریارێکی دژە کرێکاریی کە پێویستە ڕیسوا بکرێت!

0
عەبدوڵا مەحمود
وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بە بەنووسرواێک کە بەرواری ٣١/١/٢٠٢٢ لەسەرە، بڕیاری داوە کە کەمترین موچەی مانگانەی کرێکارانی لە کەرتی تایبەت ( ٣٥٠٠٠٠ ) سێ سەدو پەنجا دینار کەمتر نەبێت و بۆ هەر سەعات کارێک (٢٥٠٠) دوو هەزار و پینجەسەد دیناری دیاری کردەووە.
کرێی کرێکاران لەهەموو گۆشەو کەنارێکی ئەم دنیایەدا، بەپێی بەڕێوەچوونی ژیان و گوزەرانی خێزان و زامن بوونی لانی کەمی پێداویستیەکانیان، دیاریدەکرێت. هاوکات لەگەڵ چوونەسەری نرخێ شتومەک و هەڵاوساندا، کرێی کرێکارانیش دەبرێتە سەرەوە.
بەشێوەی گشتییش لەسەرجەم وڵاتەکانی دنیادا یاسای کار هەیە، یاسایەک کە لانی کەمی خۆشگوزەرانی ئاسایش و ماف و ئەرکەکان و هەلومەرجی کرێکاران لەبەرچاو دەگرێت. دیارە ئەو ئاستەش لە خۆشگوزەرانی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سەلامەتی شوێنی کار و ماف و ئەرکەکان، تا دەگات بەلانی کەمی موچە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا رەنگدانەوەی خەبات و ئاستی هوشیاری چینی کریکار و بەرهەمی خەباتی ئەو چینەیە، نەک خێر و سەدەقەیەک کە بۆرژوازی دانی پیا نابێت.
لە زوربەی زۆری وڵاتانی دنیای ئەم سەدەمەدا دیاریکردنی لانی کەمی کرێ و چوونەسەری ئاستی ساڵانەی کرێ لەڕێگای گفتوگۆی نێوان سەندیکا و نەقابە کرێکارییەکان لەگەڵ نوێنەرانی خاوەن کار و دەوڵەتدا بریاری لێدەدرێت.
لە کوردستاندا، باسێک لە یاسا کارێکی نوێ کە هەلومەرجی ئێستای ژیان و گوزەران و بەرەپێش چوونی کۆمەڵگەو چوونە سەری ئاستی چاوەروانیەکانی چینی کرێکار لەبەرچاو بگرێت نەک نییە، بەڵکو تا بەئێستا دەگات یاسای کاری سەردەمی بەعس، کە کرێکارانی گۆڕی بە فەرمانبەر بەڕێوەدەچێت. یاسایاک کە مۆرو نیشانی چەند دەهە پێشووی پێوەیە و بەهیچ پێودانگێک لەگەڵ هەلومەرجی ئێستادا ناگونجێت.
وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، بەوێنەی وەزارەتێكی کارتۆنی خزمەتکاری بۆرژوازی، لە کاتێکدا بریار لە موچەی کرێکاران بەگشتی و کرێکارانی کەرتی تایبەت، بەتایبەتی دەدات، کە خۆی لە دنیایەکی تەواو جیاوازی تەسەلدا ژیان دەکات، کە هەر سەعات کارێکی وەزیر و وەزارەتخانەکانیان، هاوشانی مانگێک موچەی کریکاران زیاترە بێ ئەوەی هیچ سودێک بە کۆمەڵگە بگەیەنن. ئەو وەزارەتخانەیە بەوێنەی هەموو وەزارەت خانەکانی تر و پەرلەمانە کارتۆنیەکەیان، نەک هەر زیادەن بەسەر کۆمەڵگەی کوردستانەوە، بەڵکو سەرچاوەیەکی دۆشینی بەری رەنجی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی کوردستان و داهاتی گشتی کۆمەڵگەن.
لانی کەمی کرێی کرێکاران و کارمەندان، دەبێت لەسەر بنەمای وەڵامدانەوە بەلانی کەمی پێداویستی ژیان و گوزەرانی خێزانێکی پێنج نەفەری بێت، و لەگەڵ هەڵاوسان و گرانی بازار و چوونە سەری خواست و پێداویستی ژیاری، ئەو کرێیەش بە راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی کرێکاران و رێکخراوە کرێکارییەکان بڕیاری لێبدرێت. بۆ کەسان و دەزگاو وەزارەتێک ئەگەر بە زیندووی هەبن، دیاریکردنی ٣٥٠ هەزار دینار بۆ مانگانەی کرێکارێك، لە هەلومەرجی ئێستای کوردستاندا، نەک هەر کرێ نییە، بەڵکو سەدەقیەکی ڕەزیلانەیە، بۆ کەسانێک کە گەدایی دەکەن… بۆیە ئەوە بەڕاستی سوکایەتیەکی ئاشکرایە بە کرێکاران.
کرێ خانوو، کرێی ئاو و کارەبا، کرێی هاتووچۆ، کرێی خەستەخانەو خوێندن، جل و بەرگ و خواردن و خواردنەوە، کرێی موەلیدە، کرێی زبڵ فرێدان، کرێی سەفەر….بە چ پێوانەیەک نەک بە ٣٥٠ هەزار بەڵکو و٧٥٠ هەزاریش، بەشی مانگانەی خێزانیکی پێنج نەفەری دەکات؟ بەتایبەت کە باسێک لە بیمەی بێکاری و خزمەتگوزارییەکان نەبێت. وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کە دوورو نزیک ئاگاداری ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و خێزانەکانیان نییە، گرانی بازاڕ و پێداویستییەکانی ژیان، دەستیان ناگەزێت و هەستی پێ ناکەن، بۆیە زۆر بێ شەرمانە و بێ گوێدانە بازار و پێداویستەکانی ژیانی خێزانە کرێکارییەکان، بریاری دژە ئینسانی لەدژی کرێکاران بەسودی کۆمپانیا و سەرمایەدارە چاوچنۆکەکان دەدەن.
دیارە نەک تەنها ئەو بەشە لە کرێکارانی کەرتی تایبەت، کە یاسای کار و وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ئاگاداری ژیان و گوزەرانیان نییەو بێبەشن لەسەرەتاییترین ماف و هەلومەرجی گونجاو بۆ ژیان و ژینگەیەکی تەندروست بۆکار، بەڵکو تەواوی چینی کرێکارو و کارمەندان، رووبەرووی کەمی موچەو نائەمنی شوێنی کار، کەمی ماف و خزمەتگوزارییەکانن. لەوانەش زیاتر بە پاساوی پوچی بەردەوام، موچە دەبڕدرێت، دوا دەخرێت و مانگەکان درێژ دەکرێنەوە.
ئەو بڕیارەی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، هێندە دژە کرێکاریی و نائینسانییە، هیچ لێکدانەوەیەک هەڵناگریت، ئەوە نەبێت کە ئەم وەزارەتە و بەرپرسانی هەڵگری ویژانێکی مردون و پێویستە لەلایەن چینی کریکار و رێکخراوە کریکاریی و پێشکەوتنخوازەکان و تەواوی جەماوەری ستەم دیدەوە، ئەم بریارەو ئەم وەزارەتە ویژدان مردووە، توڕ بدرێت.
ناوەڕاستی فێبریوەری ٢٠٢٢
Leave A Reply

Your email address will not be published.