لە پەراوێزی جەنگ و هەژموونخوازیی ڕووسیا و ئۆکرانیا؛ گەڕانەوێک بۆ تێگەیشتنەکانی “لینین” لەسەر جەنگ!

0
هەروەک ڕوونە بابەتی گەرمی ئێستای ڕۆژەڤ داگیرکردن و پەلهاویشتنی ڕووسیایە بۆ ئۆکرانیا. دەشزانین لە میدیا و سۆسیال میدیادا هەواڵەکان بە گەرمیی و ڕاستەوخۆ دەگات بە جیهان، میدیایەک کە هەر لایەن و کەسێک بەپێی ویست و ئەجندای خۆی بابەتەکان ئاراستە دەکات.
بۆیە گرینگە خۆمان لەوە بپارێزین بکەوینە ژێرکاریگەریی میدیاوە، بەڵکوو پێویستە بە شێوەیەکی لۆژیکانە لێکدانەوە بۆ جەنگ و لێکەوتەکانی بکەین. بۆ بەبیرهێناوە بە قسەی شرۆڤەکاری سیاسیی میدیای کوردیی بووایە دەبوو دوای ڕیفراندۆم ئێمە خاوەنی دەوڵەتی کوردیی بووینایە. بۆیە گوێڕادێران بۆ ئەم چەقەچەق و شرۆڤەبازیییە، ڕەنگە لە کات کوشتن زیاتر هیچ بەرهەمێکی تری لێ نەدروێتەوە.
بەهەرحال، بابەتی ئێمە وەیە بگەڕێینەوە بۆ تێگەیشتنەکانی لینین وەک سیاسیی و شۆڕشگێڕێکی ژیری مارکسیست کە لە زۆر شوێن لەسەر جەنگ دواوە و چەند نامیلکەیەکی تایبەتی لەسەر جەنگ و ئیمپریالیزم نووسیوە.
لەسەرەتادا باسی میدیامانکرد کە زۆر جار بە ئاگایی و نا ئاگایی دیوی دووەمی جەنگ لە بینەر و بیسەر دەشارنەوە. یانیش سادەی دەکەنەوە و لە ڕێگەی جوڵاندنی سۆز و بەزەییەوە پرسیارە گرینگ و جەوهەرییەکان لەبیر خەڵک دەبنەوە.
لینین لەسەر ئەم پرسە لە نامیلکەی “جەنگ و شۆڕش”دا دەنووسێت: «بەڵام وا بۆم دەردەکەوێت کە گرینگترین شتێکی پەیوەست بە پرسی جەنگەوە لە بەرچاو نەگیرابێت لە باسەکاندا، پرسێکی کلیلیی کە بایەخی تەواوی پێ نەدرابێت، پرسێک کە بەبێ ئەوە پێدەچێت بەرەو مشتومڕی ناپێویست و نائومێدکەرمان بەرێت، ئەویش پەیوەستە بە تایبەتمەندیێتی و خاسیەتی چینایەتیی جەنگ: کە خۆی لەمانەدا دەبینێتەوە (چی بووە هۆی جەنگ، کام چینانەن کە جەنگیان هەڵگریساند، کام هەلومەرج و دۆخی مێژوویی یان ئابووریی-مێژوویی ئاگری جەنگەکەیان خۆشکرد)؟» (لینین، جەنگ و شۆڕش؛ ل٤٦) ئەم هەڵە تێگەیشتنە و نەپرژانە سەر چەقی پرسە گرینگەکانی جەنگ لینین دەبەستێتەوە بە ناڕوونیی، ناواقیعیی و زمان، کە زۆر جار بە زمانێکی ناتواو و ناڕوون لەسەر جەنگ دواون.
ئەوەی لینین وەک مارکسیستێک دەیکرد لێکدانەوەکانی بوو بۆ جەنگ بە تێگەیشتن و میتۆدی ماتریالیستیی و شۆڕشگێڕییانەی پەیوەست بە پرسی چینایەتیی، هاوکات ئەو پێی وابوو کە جەنگ دابڕاو نییە لە دۆخی پێش جەنگ بەڵکوو درێژە پێدەری هەمان دۆخە.
واتا جەنگ درێژکردنەوەی سیاسەتە بە ڕێگەیەکی دیکە و شێوازێکی تووندتر. بۆیە لینین دەنووسێت: «لە گۆشەنیگای مارکسیزمەوە، کە سۆسیالیزمی زانستیی مۆدێرنە، کێشەی سەرەکیی لە وتووێژەکاندا لە لاین سۆسیالیستەکانەوە بۆ هەڵسەنگاندنی جەنگ و کام هەڵوێست لەو بارەوە بگرینەبەر بریتییە لەمە: بۆچی ئەم جەنگە هەڵگیرساوە، کام چینانە هەڵیانگیرساندووە و ئاراستەیان پێداوە.
ئێمەی مارکسیستەکان سەر بەو کاتیگۆریی و گروپە نین کە ڕکابەری نەشیاو و نەشارەزای هەموو جەنگن. ئێمە دەڵێین: ئامانجمان بەدەست هێنانی سیستەمێکی سۆسیالیستییە بۆ کۆمەڵگە، ئەوەی کە دابەش بوونی مرۆڤایەتیی بەسەر چینەکاندا هەڵدەوەشێنێتەوە و کۆتایی پێدەهێنێت، ئەوەی کە هەموو جۆرە چەوساندنەوەیەکی مرۆڤ لەسەر دەستی مرۆڤ و نەتەوەیەک لەسەر دەستی نەتەوەیەکی تر دەسڕێتەوە، کە بە دەر ئەنجامێکی خۆلێلانەدەرانە ئەگەری جەنگ لە ڕیشەوە لەناو دەبات.» (لینین، جەنگ و شۆڕش؛ ل٤۷) ئێستا بە شێوەیەکی گشتیی ڕوونە کە لینین چۆن لێکدانەوە بۆ جەنگ دەکات و پشگیریی لە کام جەنگ دەکات.
هەموو سۆسیالیستێک دەبێت لە جەنگی “دوژمنکارانە” و “بەرگریکارانەدا” لە دژی داگیرکاریی و چەوساندنەوەدا پشگیریی گەلی زوڵملێکراو و چەوساوەی دەستی دەوڵەتێکی مەزنی ئیمپریالیست بن. لینین لە نامیلکەی “سۆسیالیزم و جەنگ” لە بەشی “جەنگی دوژمنکارانە و جەنگی بەرگریکارانە”دا ئاماژە بەوە دەدات کە هەموو سۆسیالیستێک ئاواتەخوازە دەوڵەتە چەوساوە و ناسەربەخۆکان براوە بن لە دژی ئەو دەوڵەتە گەورە چەوسێنەر و خاوەن کۆیلە و تاڵانچییەکاندا کە لە هەمبەریاندا مافێکی ئەوتۆیان نییە. لەدیدی لینیندا ئیمپریالیزم چەوساندنەوەی گەلانی جیهانە بۆیە خەباتکردن لە پێناو شۆڕشێکی سۆسیالیستیی جیهانیی دژی ئیمپریالیزم بەبێ داننان بە مافی چارەی خۆ نووسینی گەلان ئەستەمە.
ئەمەش بە پشت بە ستن بەو گووتەیەی “مارکس و ئەنگلیس” کە دەڵێت: ئەو میللەتەی میللەتی دیکە دەچەوسێنێتەوە ئازاد نییە. بۆیەشە لینین جەخت لەسەر مافی چارەی خۆنووسین دەکاتەوە و ئەمەشی بە پراکتیکیی لە کاتی دەسهەڵاتدارییەتیی خۆیدا جێبەجێکردووە.
هەر لەسەر ئەو بابەتە لەمەڕ هەڵوێستی پرۆلیتاریاوە دەڵێت: «ئەگەر پرۆلیتاریاش بە بچووکترین کردەوە لەو کردەوە دووژمنکاریانەی گەلەکەی دژ بە گەلانی تر بەژدار بێت، ناتوانێت سۆسیالیست بێت.» (لینین، هەڵبژاردەیەک لە نووسینەکانی لینین؛ ل۱۱٨) بەڵام لینین ئەمەی لە بیرنەکردووە کە پێمان بڵێ بۆرژوازیی خەریکی خەڵەتاندن و فریودانی گەلانە لە ڕێگەی پرەنسیپی نیشتیمانیی و بەرگریکردن لە نیشتیمان لەژێر هەژوونی ناسیۆنالیزمی کوێرانەی بۆرژوازیی کە هەمووکات ئامانجی قازانجخوازیی خۆی پێش هەموو پرسێک دەخات و ڕێگە خۆشکردنە بۆ کۆیلایەتیی و زیاتر بەکۆیلەکردنی پرۆلیتاریا.
هەر بۆیە لەسەر ئەمە نوونەیەک دەهێنێتەوە و دەنووسێت: «بیهێننە بەرچاوتان خاوەندارێک خاوەنی سەت کۆیلەیە، جەنگ لە دژی خاوەندارێکی تر بەرپاکات کە خاوەنی دووسەت کۆیلەیە، بۆ دابەشکردنیەوەی کۆیلەکان بەشێوەیەکی “عادیلانەتر”.
ئیدی ئاشکرایە جێبەجێکردنی بیرۆکەی جەنگی “عادیلانە” و “بەرگریکردن لە نیشتیمان” بەسەر ئەم جۆرە حاڵەتانەدا ساختەکردنی مێژووە و چەواشەکردنی خەڵکی عەوام و وردە بۆرژوا و خەڵکی نەفامە لە لایەن خاون کۆیلە فریودەر و فێڵبازەکانەوە. هەر بەم ڕێگایە بۆرژوازیەتی داگیرکاری ئەم سەردەمەیە.» (لینین، هەڵبژاردەیەک لە نووسینەکانی لینین؛ ل٨۹) ئەمە وا دەکات چاوکراوەتر لە دۆخ و ئامانجی پشت جەنگەکان بڕوانین.
لینین لە نامیلکەی “ئیمپریالیزم باڵاترین قۆناغی سەرمایەداریی”دا ئیمپریالیزم شیدەکاتەوە و تیشکدەخاتە سەر ئەوەی سەرمایەداریی ناتەوانێ بەبێ داگیرکاریی گەشەبکات و کڕۆکی مانەوە و گەشەسەندنی سەرمایەداریی پەیوەستە بە ئیمپریالیستبوونەکەیەوە، کە ئەمەش باڵاترین قۆناغیەتی.
لینین لەم نامیلکەیەدا دەنووسێت: «مادام باسەکەمان لەسەر سیاسەتی کۆڵۆنیاڵە لە سەردەمی ئیمپریالیزمی سەرمایەدارییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین سەرمایەی دارایی و سیاسەتی نێودەوڵەتیی هاوشانی، کە بریتییە لە ململانێی زلهێزەکان بۆ دابەشکردنی جیهان لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە، کۆمەڵێک فۆڕمی ڕاگوزەر لە پاشکۆیەتیی دەوڵەت دروست دەکات. ئەوەی ئەم سەردەمە جیادەکاتەوە تەنها بریتی نییە لە دوو گروپی سەرەکی وڵاتان: خاوەن موستەعمیرەکان و موستەعمیرەکان، بەڵکو بریتییە لە سەرجەم فۆڕمە جیاوازەکانی وڵاتانی پاشکۆ، کە لە ڕووی سیاسییەوە بەفەرمی سەربەخۆیە بەڵام بە عەمەلی کەوتۆتە نێو تۆڕی پاشکۆیەتیی دارایی و دیپلۆماسییەوە.» (لینین؛ ئیمپریالیزم باڵاترین قۆناغی سەرمایەداریی؛ ل۱۱٨) دەتوانین لە ژێر تیشکی ئەم تێگەیشتنەدا لە هەمبەر ئیمپریالیزم، باشتر لە جەنگی ئێستای ڕووسیا و ئۆکرانیا بگەین.
لینین ئاماژە بەوە دادەت کە سەرمایەی دارایی و سیاسەتی نێودەوڵەتیی هاوشانی، کە بریتییە لە ململانێی زلهێزەکان بۆ دابەشکردنی جیهان لە ڕووی ئابووریی و سیاسیییەوە، کۆمەڵێک فۆڕمی ڕاگوزەر لە پاشکۆیەتیی دەوڵەت دروست دەکات. هەوەک دەزانین ئەم جەنگەی ئێستا بەردەم ماڵی ئۆکرانیای گرتووە بەدەر لە ڕەهەند و فاکتەرە مێژوویییەکانی بەشێکی زۆری بەهۆی پاشکۆیەتیی و جەمسەرگیریی ئۆکرانیا بوو بۆ ناتۆ و ئەمریکا کە وایکرد خۆی لەبەردەم هێزێکی تری جیهانیی ببینێتەوە و تووشی جەنگ و داگیرکاریی ببێت. ڕووسیا وەک دەوڵەتێکی سەرمایەداری خاوەن هێزی سەربازیی و دارایی و مێژوو و دەسهەڵات بەدەر لە خۆپارێزیی دەیەوێت هەژموونی جیهانیی خۆشی بەدەست بهێنێتەوە. ببێتە جەمسەرێکی خاوەن بڕیاری جیهانیی و چیتر دەوڵەتانی تری ئیمپریالیست ژێرپێی بنکۆڵ نەکەن، کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوڕوپای هاوپەیمانیەتی، چونکە ڕووسیا بەبەراورد بەم بلۆکە ئیمپریالستە لاوازترە، بەڵام بەهۆی شەڕخوازیی و جۆشدانی ناسیۆنالیزمی ڕووسیی پۆتین دەیەوێ گەشە بە هەژموونی سەرمایەداریی ڕووسیا بدات. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە ئۆکرانیا بەهۆی حوکمەتی لیبڕاڵیی خۆی و ئاواتەخواز بە چوونە باوەشی ئەوڕوپا و پاڵپشت بە ئیمپریالیزمی ئەمریکیی گەلەکەی خستە نێوان بەرداشی وڵاتە زلهێزەکان.
ئەوەی زەرەرمەندی یەکەمیش دەبێت گەلی ئۆکرانیایە. هەموو سۆسیالیستێک دەبێت دژی ئەم جەنگە بێت، چونکە ئەم جەنگە بەهۆی دەسهەڵاتخوازیی و پاوانخوازیی دوو بلۆکی ئیمپریالیست درووست بووە، بە هیچ شێوەیەکیش ئەمە جەنگی “چەپ” و “ڕاست” نییە.
بەڵکوو جەنگی وڵاتانی سەرمایەدارە. ئەم جەنگە چینی بۆرژوازیی دەسهەڵاتخواز هەڵیگرساندووە، لێدوان و میدیاکانیان ئاگری جەنگەکەیان خۆشکرد. دەرئەنجامەکەشی ئەو جەنگەیە کە گەلی ئۆکرانیا زەرەرمەندی یەکەمە تێیدا.
| ئاسۆس ساڵح
ـــــــــــــــ
سەرچاوەکان:
ــ هەڵبژاردەیەک لە نووسنەکانی لینین و دەربارەی لینین،
ن: لینین، ئەنتۆنینۆ نێگری، ساڤاس مایکل و …ئەوانی تر.
و: کۆمەڵێک وەرگێڕ. چاپی یەکەم، ۲۰۱۷، چاپخانەی کارۆ.
ــ جەنگ و شۆڕش، ن: لینین، و: کارزان عەزیز، چاپی یەکەم، ۲۰۱۹، چاپخانەی کارۆ.
ــ ئیمپریالیزم باڵاترین قۆناغی سەرمایەداریی، ن: لینین،
و: ناجی ئەفراسیاو، لە بلاوکراوەکانی ناوەندی کۆمۆن.
Leave A Reply

Your email address will not be published.