“ئاشتییمان دەوێت، چەپڵەش بۆ جەنگ لێدەدەین”

0
 هێرۆ خوسرەوی
ئەم وێنەیەی دەیبینن، لە نیوەڕۆی ١٩ی فێبریوەری ئەم ساڵ گرتراوە، کە کۆبوونەوە و دانیشتنی زیاتر لە سی پیرە پیاوی سپیپێستی ئەوروپی (خاوەن کۆمپانیاکان) لە نیوەڕۆخوانێکیان لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری مونشن نیشان دەدات، کە هیچ تاکە ژنێکی تێدا نییە.
لە ئێوارەی هەمان ڕۆژدا زۆرێک لە فێمینیستە لیبڕاڵەکان کەوتنە ڕەخنەگرتن و توڕەبوون، کە بۆچی لە مێزێکی ئاوادا هیچ ژنێک و دواتر هیچ ڕەنگێکی تر بێجگە لە پیرەپیاوی سپیپێستی ئەوروپی دانەنیشتووە، و لە ساڵی ٢٠٢٢ شدا هێشتا تەنیا یەک ڕەنگی پیاوی سپی پێست هەیە.
ئەگەر هەر کەسێک لە ئێمە کە لە گفتوگۆو ناوەڕۆکی ئەم دانیشتنە ئاگادار نەبێت، ڕەنگە یەکسەر بڵێت، ڕەخنەکەیان چ کێشەیەکی تێدایە یاخود ڕەخنەکەیان گونجاوە.
بەڵام ئەگەر باشتر لە ناوەڕۆکی ئەم کۆبوونەوەیە بکۆڵینەوە، دەبینین ئەم دانیشتنە بۆ قسەکردن بووە دەربارەی بەستنی گرێبەست و مامەڵەی چەک.
بەڵێ ڕەخنەی فێمینیستە لیبڕاڵەکان ئەوەیە کە ژنان هێشتا بەشێک نین لە تاوانکاران و مامەڵەکانی جەنگ، بە دەربڕینێکی دیکە، پێیان وایە ژنانیش دەبێت لەو سیستەمەدا کە داینەمۆکەی بە چەوساندنەوە و توندوتیژی و هەڵگیرساندنی جەنگەکان ئیش دەکات، جێگەیەک بۆ ژنان نییە و پێویستە ژنان یەکسان بکرێن بەو پیاوانە، کە ئەوانیش شان بەشانی ئەم پیرەپیاوە ئەوروپییە سپیپێستانە بەشداربن لە جەنگ و ئابووریی جەنگ.
لە ساڵی ١٩١٤دا کاتێک لە هەموو شوێنێک بانگەشە بۆ جەنگ دەکرێت و ڕەوایەتی پێدەدرێت، کلارا تسێکین دەڵێت، ئەم جەنگە بەهیچ شێوەیەک جەنگی بەرگری نەتەوەیی نییە، بەڵکو جەنگێکی ئیمپریالیستییە.
بەڵام گوتارە دژە-جەنگەکانی بە تۆنێکی فێمینیستی بەمشێوەیەی لای خوارەوە دەردەبڕێت:
“کاتێک پیاوان خەریکی کوشتنن، لەسەر ئێمە پێویستە بۆ هێشتنەوەی ژیان بجەنگین. کاتێک پیاوان بێدەنگیی هەڵدەبژێرن، ئەرکی ئێمەیە دەنگمان پڕاوپڕ بە ئایدیالەکانمان بەرزبکەینەوە”.
فێمینیزم وەک سیاسەتێک بۆ ڕزگاریی دەبێت بەشداربێت لە تێکشکاندنی ئەو پێکهاتانەی توندوتیژی بە هەموو فۆڕمە جۆراوجۆرەکانی درێژەپێدەدەن.
ئێستا لە دۆخێکی زۆر نەخوازراوی سیاسییدا خۆمان دەبینینەوە، وەک کورد گوتەنی ‘دارێکمان بەدەستەوەیە هەردوو سەری پیسە’. ناکۆکییە چەکدارییەکانی نێوان ئۆکراین و ڕووسیا دۆخێکی سەختمان بۆ دروست دەکات، کە نەتوانین لایەنێک بگرین و بەڵام ئەوەمان باشتر بۆ ڕووندەکاتەوە کە دژی چی بوەستینەوە.
هەڵوێستی دژەجەنگ بوونیش ئەگەرچی ئاسان نییە، بەڵام لەهەمان کاتیشدا بەمانای لایەنگیری لایەنێک نییە، بەڵکو بەشدارنەبوونە لە ڕەوایەتیپێدانی شەڕەکانی ئەو جۆرە لە پیرەپیاوانە، جا ئیتر پوتین بێت یاخود بەرەی ئەوروپا بێت.
چونکە هەر بەرگرییەک لەم جەنگە هۆکارێک دەداتە دەستی ئەو وڵاتانەی کە زۆر دەمێکە بازرگانی و ئابووریی جەنگییان پەرە پێداوە و ئێستا بەو هۆکارانەی جەنگ چەکەکانیان ساغبکەنەوە و سوپاکانییان گەورەتر بکەن.
باشترین نمونەش لە ئێستادا ئەڵمانیایە، کە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە و بەپێی ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان ڕێگەی پێنەدەدرا سوپاکە فراوان بکات و سنورێکی ڕێژەییان بۆ دانابوو، ئەمڕۆ (٢٧ی فێبریوەری ٢٠٢٢) بە بیانووی جەنگەوە بڕیاریان دا ‘سەد ملیارد یۆرۆ’ بۆ سەرمایەگوزاری و فراوانکردنی سوپای ئەڵمانیا خەرج بکرێت.
ئەگەر لەم بڕە پارەیە وردببینەوە و بەبەراوردی بکەین بە سێکتەرەکانی دیکە، دەبینین بۆ کەرتی تەندروستی (١٦،٠٣ ملیارد)، کەرتی پەروەردە و لێکۆڵینەوە (١٩،٣٦ میلیارد)، کەرتی بوژانەوە و خانووبەرە (١٨،٥٢ ملیارد)، خێزان، ساڵمەندان، ژنان و نەوجەوانان (١٢،١٦ ملیارد)، ئابووری و وزرە (٩،٨ ملیارد)، ژینگە (٢،٧ ملیارد)، گەشەسەندن و پێکەوەکارکردنی نێودەوڵەتی (١٠،٨ ملیارد)، و ئابووری کشتوکاڵ و خۆراک (٦،٩٨ ملیارد) یۆرۆ خەرج دەکرێت.
ئەم بڕی ١٠٠ ملیاردەی کە بۆ خۆپڕچەککردن و فراوانکردنی سوپا لە ئەڵمانیادا دابین کراوە، یەک بەشی ناو سی وڵاتانی دیکەی نێو ناتۆیە، کەواتە ئەگەر کۆی خەرجییەکانی هەر سی وڵاتەکانی نێو ناتۆ لەبەرچاو بگرین، دەبێت بپرسین ئایا ئەم هەموو خۆ پڕچەککردن و فروانکردنەی سوپایە بەرەو کوێمان دەبات. بەدڵنیاییەوە تەنها بۆ کۆتایی پێهێنان نییە بەو شەڕەی ئێستا لە ئۆکراین هەیە.
کەواتە پێویستە بە هۆشیارییەوە بزانین چۆن دژی جەنگ بین، نەک تەنها کوێرانە بەرگری لە ئۆکراین بکەین، کە مۆڵگەی زۆرترین فاشیست و میلیتانتە نیۆنازییەکانە، یاخود بەرگری لە پوتین بکەین، کە ئەویش جەنگێکی ئیمپریالیستی و فراوانخوازی بەڕێوە دەبات. وەک کلارا تسێتکین لە یەکێک لە گوتارەکانیدا لە سەرەتای ئازاری ١٩١٩ دەڵێت:
“نزیکەی چل ساڵ دەبێت خەبات دەکەم بۆ ئایدیالێکی سۆسیالیستی. تەمەنیشم هەر ئەوەندەیە – ڕەنگە ڕۆژانێکی کەمم لە بەردەمیشدا مابێت، بەڵام دەمەوێت ئەو کاتەی کە هێشتا دەتوانم تێیدا کاریگەرییم هەبێت، لەو شوێنەدا بوەستم و لەو شوێنەدا خەبات بکەم کە ژیانی لێیە، نەک لە شوێنێکدا کە وێرانیی و لاوازیی لە بەرامبەرمدا ئەبڵەق دەبن. نامەوێت ڕۆحی زیندووم بخەمە دەستی سیاسەتێکی مردوو.”
هەڵوێست و شوێنی ئێمەش دەبێت لە شوێنێک بێت، کە خواست بۆ ڕزگاری و ژیانێک بەبێ چەوساندنەوە و توندوتیژیی هەیە، ئەمەش نەک تەنها بۆ نوخبەیەک بەڵکو بۆ هەموو جەماوەر. خەباتی ئێمە خەباتێکی چینایەتییە، بە لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز(جێندەر) و ئێتنیکەکان و هەموو گروپ و چینە پەراوێزخراو و چەوساوەکان.
Leave A Reply

Your email address will not be published.