نەفرەت لە جەنگ، لە هەڵگیرسێنەران و ئاگر خۆشکەرانی، بەڵێ بۆ ئاشتی و ئازادی و خۆشگوزەرانی

0

عەلی محەمەد ئەمین

تەنانەت پاش زۆرێک لەو شەڕانەش کە پێمان دەووت ڕەواو بەپەرۆشەوە بەشداریمان تیادا دەکرد، زانیمان ئاش لە خەیاڵێک دابوو، ئاشەوانیش لە خەیاڵێک، زانیمان ئەوەی خەڵکی زۆرلێکراو بۆی تێدەکۆشا، سەرکردەو دەسەڵاتداران و ئاغانیان بۆ شتی تر هەوڵیان ئەدا، خەڵک بۆ ئازادی، بۆ نان وکار وگوزەرانێکی شایستە، قوربانی ئەداو ڕەنجی دەکێشاو خوێنی دەڕشت، بەڵام سەرکردەو دەسەڵاتداران بۆ پاراستن و زیادکردن و فراوانکردنی دەسەڵاتیان ودەسکەوتنی پشکی زیاتر لەسەروەت و سامان و داهاتی ووڵات کاریان دەکرد و لە بەرژەوەندی ئاغاکانیان هەرچی لەدەسیان بهاتایە دەیانکرد.
بەهەرحاڵ، لەم پێشەکیە خۆماڵیەوە، دەپەڕمەوە بۆ باس و خواسێکی کورت لەسەر شەڕێکی نێودەوڵەتی ، نەک ناوخۆیی و ناوچەیی نێوان ڕووسیاو ئۆکرانیا، بۆیە دەڵێم نێودەوڵەتی، چونکە گەرچی شەڕەکە بەڕواڵەت لەنێو ڕوسیاو ئۆکرانیادایەو ئۆکرانیا بووەتە گۆڕەپانی تائیستای پەلامارو هێرشەکانی ڕوسیاو ئەو هەموو زەرەروزیانە زۆرو زەبەندە گیانی و مادیە دێتە ئەنجام، بەڵام ئەم شەڕە ئاکامی چەند شەڕی یەک لەدوای یەکی ئابوری سەربازی و سیاسی.
نێوان بەرەی ڕۆژئاوا، بەتایبەت ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی و ڕووسیاو لایەنگرەکانیانە، شەڕی ڕوسیا بۆ پاراستنی دەسەڵات و نفوزێتی لە ناوچەکەو جیهان دا، بۆ فراوانخوازیە، بۆ سنوردانانە لە بەرامبەر هاتنەپێشەوەی هەرچی زیاتری بەرەی ڕۆژئاوا، بۆ ئەمریکاو هەموو ئەو وڵاتانەی کە هاو پەیمانن لە پەیمانی ناتۆدا وئەوانەشی کە دەشێ لە ئایندەیەکی نزیک و دووردا پێوەی پەیوەستبن، ڕۆژئاواش دیسان لە شوێنی خۆی سەرەڕای پڕوپاگەندەی بۆ پاراستنی سەربەخۆیی ووڵاتان و مافی مرۆڤ و ئاشتی لە جیهان دا، بەڵام ئەویش دیسان دۆسیەی کارو پلان و شەڕو شۆڕو دەستێوەردانە کانی لێرەو لەوێ دەیسەلمێنن، کە بەردەوام لە هەوڵی پاراستنی دەسەڵاتی یەک لایەنەیەتی بەسەر جیهان دا، لە هەوڵی دەرنەکەوتنەوەی هەر دەوڵەت و هێزی ترە لە بەرامبەریان دا، بۆ هەرچی زیاتر لەیەکترازانی ڕیزەکانی لایەنی بەرامبەرە، کە ڕوسیایە، تا نەبێتەوە ئەو هێزەی هەڕەشە لە بەرژەوەندیەکانیان بکا و ڕێگری لە پلانەکانیان بکاو لانی کەم بخوازێ شەریکە بەشی دابەشکردنەوەی جیهان بێت لەگەڵیان دا.
چاودێری هوشیار لەم شەڕو کێشانە تێدەگا، کە ڕۆژبە ڕۆژ ڕیزبەندی لایەنە دژبەرو شەڕخوازو بەرژەوەندیخوازەکان دەردەکەوێت و بەرجەستەتر خۆدەنوێنێ، لە دەنگدانەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوەیەکگرتووەکانیش دا، بەڕوونی ئەم ڕیزبەندیە خۆی نواند.
لێرەوە، وەک زۆرێکی تریش، دەبێ ئێمەو مانانیش بڵێین، ئەم شەڕە بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەی لایەنە شەڕکەرەکان، شەڕی ئازادی و ئاشتی و سەربەخۆیی خەڵک و نیشتمان و زێدی باوو باپیران نیە ، بەڵکو شەڕی بەرژەوەندیە بنەڕەتیەکانیی خاوەن سەرمایەو دەسەڵاتەکانە لە ناوچەکەو جیهان دا، جێگای داخ و نیگەرانیەکی زۆرە کە خەڵکی سڤیل ومەدەنی و بێ دیفاع باجەکەی ئەدات، جگە لە گیانلەدەسدانی هەزارەها کەس، ملیونەهاش گیرۆدەی ژیانێکی مەمرەو مەژی ونامرۆڤانە دەبنەوە.
نەفرەت لە جەنگ و هەڵگیرسێنەران و ئاگر خۆشکەرانی …بەڵێ بۆ ئاشتی و ئازادی و خۆشگوزەرانی
٤ / ٣ / ٢٠٢٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.