من و ماریا و هەشتی مارس

0
تارا احمد
پیرۆزە هەشتی مارس لە هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی دنیا بە گشتی و بە تایبەتی لە ژنانی کوردستان، کە ڕۆژانە تیرۆردەکرێن و دەسوتێنرێن و سەرکوتدەکرێن و بێدەنگدەکرێن.
لە دوێنێوە هەواڵی تیرۆرکردنی تۆم بیستوە ماریا گیان، هەموو گیانم بۆتە ڕق بەرامبەر بەو شەمشەمەکوێرانەی کە کوشتیانیت و بە دەستی خۆشیان ناشتیانی .
بە ڕاستی هەست بە جەرگسوتاوی خۆم دەکەم . هەستدەکەم پارچەیەک لە جەرگم بۆتەوە، چونکە تۆ بێدایک بویت. دایک چۆن دڵی دێت کچی خۆی ئاوا ئاسان ببینێت، کە دەکوژرێت . مەگەر دایکیشت سەرکوتکرابێت بۆیە ئەو کچە ئاوا کوشتنی ئاسانبووە.
کچەکەم ، من سەیری یەکە بە یەکە ڤیدیۆکانت و وێنەکانتم کرد. هیچ شتێکی نائاسای تێدانەبوو. تەنیا لابردنی لەچکەکەت و جارجار جگەریەک بە دەمتەوە و باسی ئازادی مرۆڤەکان و چەوساندنەوەی ژنان لە کۆمەڵگایەدا کە مێگەلی کۆنەپەرست و کۆنەخوازی کوردستان دەکەیت.
من دڵنیام ئەگەر تۆ بە دڵی ئەوان جلت لەبەربکردایە و بێدەنگبوویتایە و ببویتایە بە مەکینەی منداڵ دروستکردن ، ئەویش مەکینەکە تەنیا کوڕی بەرهەمبهێنایە و کەیبانویەکی باشبویتایە ، لەوانەیە نەیانکوشتیتایە. زۆرێک لەو کچ و ژنانە کە دەکوژرێن یان دەسوتێنرێن زۆر بە بێدەنگی لەناو دەچن .
کوشتنی تۆ تەنیا لەبەرئەوەی دژی عەقڵی خێڵەکی و ڕەگەزپەرەستیبوویت و نەفرەتت لە شەرەف و کلتوری باو کرد.
ئەم عەقڵە چەقبەستوە ناهێڵن کە تۆ کۆتا ژنبیت هەر وەک تۆ یەکەم ژنیش نیت،
ئەبێت بەیانی سەرەی چ ژنێکیتربێت کە بکوژرێت یان بسوتێنرێت یان زۆری بۆ بهێنن کە خۆی بکوژێت لەو عەقڵی کاولستانی و جەنگەڵستان و بیابانەدا کە گۆڕستانیان بۆ ژنان دروستکردووە،.
پیاوان ئەوانەی خۆیان بە ئازادیخواز دەزانن وەرنە پاڵ ژنانەوە ، ئازادی بە خوشک و کچ و دایک و ژنەکەت بدە و بە ڕەوای بزانە و وەک مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵدا بکە، با پێکەوە هاوار بکەین و بڵێین نابێت ئیتر ماریاکان تیرۆر بکرێن.
Leave A Reply

Your email address will not be published.