ئەحزابی دەسەڵاتدار چی دەچێنێ ؟

0
هۆشیاری عەبدولعەزیز
لەگەڵ گەشەكردنی هۆشیاری كۆمەڵایەتی و گۆڕانكاری ئابووری دەوڵەتدا فۆرمی سیاسەت وەك پرسێكی بەڕێوەبردن و دەوڵەتداری سەریهەڵداوە، لە هەموو سەردەمەكانی دەوڵەتداریشدا بەشێوەیەكی گشتی‌ و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی دواكەوتوودا ئەم پرسە كردەیەكی نوخبەوی بووە، گرووپ یان هێزێكی سیاسی بەنوێنەرایەتی كۆی كۆمەڵگە بەكاری دەوڵەتداری و سیاسەتكردنەوە سەرقاڵ بووە.
واتا سیاسەت بەرهەمی دەوڵەت نییە وەك ئەوەی دەگوترێت، بەڵكو لە بنچینەدا بەرهەمی خودی كۆمەڵگایە. بەمەش دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە ئەركی دەوڵەت وەك پرۆسەیەك بۆ ڕێكخستنی كۆمەڵگا میكانیزمەكانی دەسەڵات بەرجەستە دەكات و هۆكارێكی بەهێزیشە بۆ ڕێكخستنی كۆمەڵایەتی.
دەستنیشان كردنی پایەكانی فۆرمەڵەكردنی سیاسەتیش ڕەنگدانەوەی ئیڕادەی كۆی كۆمەڵگایە و دەشێ لە ڕێگەی دەوڵەتەوە بخرێتە روو، ئەمەش وەك ئامرازێكی جێبەجێكار و پرۆسەیەكی زیندوو چاوی لێدەكرێت. واتا كاتێك دەوڵەت دەكەوێتە دەستی هێز و گرووپی نوخبەوە دەوڵەت وەك چوارچێوەیەكی عەقڵانی و كراوە قورسایی خۆی لە دەست دەدات و دەبێتە دەستكەلای تێگەیشتنێكی وابەستە بە حزب و سەركردە و ئەوانەی كە كاریگەری مەترسیداریان هەیە لە سەر كۆی پرۆسەی سیاسی.
بەمەش نەك كۆمەڵگا و دەوڵەت لەیەكتر دادەبڕێت بەڵكو تێگەیشتن لە خودی دەوڵەتداریش دەسڕێتەوە و دەبێتە فاكتەری ئیلغاكردنەوەی كۆدەنگی لەسەر سروشتی دەوڵەت و ئالیاتەكانی و وادەكات كە نەتوانرێت سیاسەت بە شێوەیەكی دروست مومارەسە بكرێت و بكرێتە سەرچاوەی یاسا و ڕێساكانی دەوڵەتداری.
لەم دەروازەیەشەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە لە كۆمەڵگای كوردیدا و بەتایبەت لە لایی ئەحزابی حوكمڕان سیاسەت وەك جۆرێك لە هونەری فێڵكردن و تەڵەكەبازی دەبینرێت لە پێناو بەهێزكردنی دەسەڵات و كۆنترۆڵكردنی سیستەمی حوكمڕانی و نایانەوێ‌ سیاسەت ‌ وەك پرۆسەیەكی بەردەوام گرەو لەسەر هاووڵاتی بوون و سەرچاوەی دەسەڵات و شەرعیەتی فەرمانڕەوایی بكات، چونكە ئەو جۆرە هەنگاوە پرۆسەیەكی كردەییە لە پاراستنی چوارچێوەی كۆمەڵایەتی نەك پێچەوانەكەی وەك ئەوەی كە لە كۆمەڵگای كوردیدا دەبینرێت.
لێرە ئەحزابی فەرمانڕەوا لە بری بەهێزكردنی ئیرادەی كۆمەڵایەتی و پاراستنی ئازادی بیروڕا و ئازادی بیركردنەوە و پاراستنی شكۆی كۆمەڵگا و بایەخدان بە زانست و ڕووئیای ئازاد و نوێگەری لە سێكتەرەكانی پەروەردە و ڕۆشنبیری و ڕەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ خۆشگوزەرانی، گرنگی بە تاڵانی و ڕاوو ڕووت و دەمكوتكردن و بێ ئیرادەكردن و بێكاری و برسێتی و نەبوونی خزمەتگوزاری دەدرێت و وەك خوویەكی مەترسیدار بەردەوام تۆوی شكستی ئەقڵی و كۆنەپەرستی و خێڵگەرایەتی و توندكردنەوەی عەقیدەیی ئاینی و ئایدۆلۆژی دەچێنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا نەبوونی كار و زەمانەتی گوزەرانی خەڵك و بەرزبوونەوەی نرخ و كاڵاكانی بازاڕ و كەمی مووچە و داهاتی مانگانەی خەڵك دۆخەكەی هێندەی تر ئاڵۆز كردووە، لەلایەكی تریشەوە لە جێگەی چەسپاندنی‌ دیموكراسی‌ و دابەشكردنی‌ سەروەت ‌و سامان لەنێوان هەموواندا، بە شێوەیەكی هاوسەنگ ‌‌و ڕەخساندنی‌ هەلی كار ‌و دەستەبەركردنی ماف ‌و داخوازییەكانی خەڵك،
مووچەی مانگانەی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكەی و پەرلەمانتاران و سەرۆكی حكوومەت و وەزیر و گزیر و بریكار و بەڕێوەبەرە گشتییەكان ئاستی ئاسایی تێپەڕاندووە و مانگانە نزیكەی سێ ملیار دیناری عێراقی مووچە وەردەگرن، كەچی لە پای سیاسەت و پاراستنی پایەكانی سیستەمی دیموكراسی و پرۆسەی دەوڵەتداریش هەر خەریكی بازرگانی و بزنسی ئابڕووبەرانەن و بوونەتە سەرچاوەی ئافات و نائومێدی بە سەر دڵی خەڵكەوە و لە بەرانبەریشدا بە ئەنقەست كۆمەڵگایان كردۆتە كەلاوە و بە كەیفی خۆیان یاری بە چارەنووس و بەهای دەسكەوتەكانەوە دەكەن كە هەزاران قوربانی لە پێناودا بەخشراوە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.