ژن وەک: ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی حەز و ئارەزووەکان

0
ژن وەک: ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی حەز و ئارەزووەکان
ژن وەک: مرۆڤێکی ناکامڵ و پاشکۆ و پلەدووی پیاوان
ژن وەک: نەنگی و شەرم و تەریقی شەرمەزارییەکان
ڕێڤان جاڤ
نازانم کەفوکوڵی هەوڵ و هیمەت و تەقەلام بەشی سەرکۆنەکردنی هەموو ئەو کەلتور و نەریتانە ئەکەوێت کە دوور لە دەرفەتی ئارامی و ئاشتەوایی، هەمیشە بە عەقڵیەی سزا و تۆڵەسەندنەوە نوقمی ئەندێشەکانی باڵادەستی نێرسالارین و واز لە ڕەگی گولی ستەم و چەوساندنەوە و زۆرداری ناهێنن. هەموو ئەو کەلتور و نەریتانەی کە هەمیشە بە جۆشی شەڕەنگێزییەوە غەرقی مەراقە تراژیدیاکان و کانگای زەبر و زەنگی سەرکوتکردن و ڕک و کینەن و پرەنسیپەکانی ئازادیی و یەکسانی تاکیان پێشیلکردوە!؟
نازانم جۆش و خرۆشی ئەو هەموو حەوسەڵە و پشوودرێژیی و توانایە لە کوێ بهێنم تا ڕەنجان و زویری و شکانی دڵیان ئاشت بکەمەوە. خەمە ناقۆڵاکانی دڵی لەت لەت و پارەپارەییان، ڕوخساری ژاکاو و زەردهەڵگەڕاوییان بەسەربکەمەوە کە هەموو ڕۆژێکیان بە قیامەت کراوە و دەکرێت!؟
نازانم نهێنی و ئەفسانەیی هێز و خۆڕاگری و ورەم، سنوری ئاهو و حەسرەتی ڕەنجی بابردووی هەموو ئەو چیرۆکانە ئەبڕێت کە نە سەرەتاییان هەیە و نە کۆتای، تا خەمە ناقۆڵاکانی دڵی لەت لەت و پارەپارەییان، ڕووخساری ژاکاو و زەردهەڵگەڕاوییان بەسەربکەمەوە کە هەموو ڕۆژێکیان بە قیامەت کراوە و دەکرێت!؟
نازانم کەڵکەڵەی بوێری و جەسارەت و حەماسەتم، بەرگەی حوزن و نەغمەی تازییەبارییان دەگرێت. هەروەک بڵێی هەرچی میراتی غەم و ئازار هەیە بەسەر ژناندا دابەشکرابێت!؟
نازانم چۆن فریای ژیرکردنەوە و دڵنەوایی ناسۆر و برینی شکستەباڵ و شەکەتی وێرانەحاڵییان بکەوم و بە تروسکەی هیوا خامۆش و هێورییان بکەمەوە!؟
ژن واتا ژیان کە بەردەوامی و زیندوێتی و مانا بە ژیان دەبەخشێت، بونیادنەر و ڕێکخەر و ڕاگری سەرەکی سروشتی کۆمەڵگەیە، ژن لە ڕووی فیزیکیی و پێکهاتەی جەستەوە پەیوەندی و ڕایەڵەیەکی نەپچڕاو و نەبڕاوەیی هەتا هەتایی بە سروشتی بەڕێوەبردن و بەردەوامی ژیانەوە هەیە. بۆئەوەی سروشت بە زیندوێتی بمێنێتەوە، تا بوون و ڕۆڵ و سروشتی ژن لە تاریکیدا گەمارۆ نەدرێت و لەناو بازنەیەکی داخراودا قەتیس نەمێنێتەوە،(ژن دەبێت بە خۆی ئاشنابێتەوە، ژن دەبێت خۆی بناسێتەوە) دوور لە عەقڵیەتی زێدەڕۆییانەی چەواشەکاری نێرسالاری، تا ژنێکی کۆیلە، دایکێکی کۆیلە بەرهەم نەهێنێتەوە، تا مناڵێکی کۆیلە نەخاتەوە، تا نەوەیەکی کۆیلە پەروەردەنەکاتەوە.
تا بنەماکانی مۆدێرنە بە ڕێبازی مەعریفی دەسەڵات و پەروەردە و هۆشیاری و دادپەروەری جێگیر و دامەزراوەوە بکەینە بنەماخوازی پەیڕە و پلانی ڕۆژانەی مرۆڤایەتی و سیما و سیفەت و خەسڵەتە مرۆیی و بە بەهاکانی کۆمەڵگەی تەقلیدیش لە دەست نەدەین و بگەینە کۆمەڵگایەکی مرۆیی لە نێو سیستەمێکی هاوجەرخی مەدەنیەت و شارستانیەتی پێشکەوتوو بە پاراستنی کەرامەت و بەدەستهێنانی ئازادی و مافەکان و چارەسەرکردنی هەموو پرس و کێشە هەڵواسراوەکان کە پێناسەیەکی شکۆداریی پڕ سەروەری هەردوو ڕەگەزی لە خۆی گرتبێت.
هەموو مێژووی مرۆڤایەتی، هەموو جیهان، هەموو سیستەم قاندراوە بە هەموو جۆرەکانی ستەم و نادادی کە دیاردەیەکی شاراوە و نادیار نییە.
کۆمەڵگەی ئێمەش کە کۆمەڵگەیەکی سادە و دەستەمۆ و کورتبین و لێکترازاویی ڕاگوزەرە، لە کۆمەڵگەیەکی تەقلیدیەوە بۆ مۆدێرنە هەنگاو دەنێت، تا ئاست و ئەنجامێکی زۆر هەڵکشان و داکشان و پەرتەوازەبوون، ونبوون و سەرلێشێواوییەکی چاوەڕواننەکراو و مەترسیداری بە خۆییەوە بینیوە و دەبینێت. ئەم مەملەکەتەی ئێمەش تا ئاستی هەناسە و پرزەلێبڕان بێبەش نیە لە زۆرداری و بێ ویژدانی، ناهەقی و نابەرابەری بەڵام ژنان لە نێو ئەم هەموو ستەم و نادادیی و نایەکسانیە پشکی شێریان بەرکەوتووە و بەردەوام ڕووبەڕووی زوڵم و جیاکاری جێندەری بوونەتەوە.
هەروەک بڵێی لە ئەزەلەوە هاتنی ئەم ڕەگەزە لەسەرچاو و لەبەر دڵان نەبێت، حاشا و نکۆڵییان لێکرابێت، مەڵاشووییان بە ستەم و دەستەمۆکراویی هەڵدرابێتەوە، بەخت و چارەیان بە خەڵوز نوسرابێت، هەردوو چاوییان بۆ تۆزقاڵێک هیوا داغدەکەن، بەجۆرێک خەمێکی قووڵ لە چاوانیان دەڕژێ. لەوەتەی ژیان و مرۆڤایەتی هەیە، شەرمەزارانە پەڵەی خوێن و ژان بە جەستەی ژنەوە نەخش دەکرێت.
بە هۆی نەبوونی پشتیوانی یاسا و بەرپرسیارێتی دەوڵەت و هۆشیاری تاک کۆمەڵگەیەکی تەندروستەوە هەناسەیان پڕە لە هاواری کپکراو و سەرکوتکراو، ئەم سەرکوێرکردن و کپکردنە جگە لە سەپاندنی تاکڕەویی و شکاندن و پەراوێزخستن و پلەدووی پرزەلێبڕاو و کەسایەتی پاسیڤ و لاوازکردن نەبێت هیچی تر نیە. بەجۆرێک دەچەپێندرێن و بەزۆر دەخرێنە قاڵبی چەپاندن و مالیخولیای هەستەکان و نیگەرانی دەروونی و ترسەوە کە نەک هەر بەتەنها مەیل و حەز و ئارەزوو و بیروبۆچوونەکانیان وەلادەنرێن و سەرکوتدەکرێن بگرە سوکایەتیی و هێرش بە ڕۆح و جەستەشییان بەردەوامە، زەبروزەنگی ئەم کەبتکردنە هۆکار و پاڵنەرە بۆ تێکچوون و ڕووخانی باری دەروونییان هەر لە خەمۆکی و گۆشەگیری و ڕەنگە خۆکوژیی و قوربانی هەتاهەتای.
دەبێت ناهەقی ئەم بێدەنگییە بشکێنین، (ئەو بێدەنگییەی وەک ژیلەمۆی ژێر ئاگر قرچەقرچ دەخزێتە ناو ڕۆحیانەوە.)
دەبێت ئەو مەنتالیتایت و ئەقڵیەتانە تێکبشکێنرێت، ئەو پارادۆکس و دووڕوویی و جیاوازییانەی ڕووییان لە دەسەڵات و ئاین و ئادیا و سیاسەت و بیروباوەڕ کردووە کە شیاوی قبووڵکردن نین و قبووڵ نەکرێن.
لە کاتێکدا دەنگممان بڵند بڵندە بۆ یەکسانی مافی ژنان، دروشم و بانگەواز و پانگەشە و پڕوپاگەندەمان ڕووی لە دونیایە بەڵام بەداخەوە زۆربەی کات تەنیا بە زمانی وەعز و خوتبە و ئیرشاد و نووسین، فریوی شەوارەی قسە و تیۆرییان خواردووە، (ژنان لەناو ژانی هەموو نەهامەتیەکانی گێچەڵ و سووکایەتی و کوشتن و هەڕەشە و ناوزڕاندنا ئەتلێنەوە.)
لە تولەڕێی چیرۆکە ناخهەژێن و کارەساتبارەکانەوە، لە کوتەکی زوڵم و زەواڵەوە، لە ڕووی بێ دەرەتانی و ناچارییەوە، لە سفرە و خوانی خاڵیەوە، لە ناعەدالەتی بژێوی ژیانەوە، لە گەمە و ئاکامی سیاسەتی نامرۆڤانەوە، لە نەبوونی دەرفەی کاری گونجاوەوە، لە نەبوونی سیستەمی دادوەری ژیانەوە، (لە کەم و کورتی قووتی ڕۆژانەی مەمرە و مەژی ژیانەوە.)
ئەبم بە شانشینی ژان و ئەشکەنجەی مێردەزمەی خەونەکانیان، بە مەملەکەتی سوتماک و کەسەری خەیاڵەکانیان، تفت و تاڵی مووچڕکەکانیان، کسپە و کزەی دڵی پڕ ئاهو و ناڵە و حەسرەتیان، دەنگ و هەناسەی پڕ مەراق و زووخاوی ناڕەزاییان، ئەبمە شانشینی نهێنی هەموو ئەو ڕاز و نیازانەی بە نەریتی داڕزاوەوە بوونەتە هەلاهەلای ڕۆح و دڵ و ئابڕووییان، هەموو ئەو هەنسکانەی بە دەم بەرەژانی نوزە و زایەڵەیەکی قورس و کپکراوەوە هەڵدەوەرێ، ئەبمە شانشینی هەزارەها دزە نیگای پڕ تیغ و زامی شۆک و ترسیان کە وەک ورشە و گرشەی ئەستێرەیەکی تێکشێنراو، پرشنگی شەرمیان لێدەتکێ.
هەرهەموویان، بە چیرۆکی تراژیدیایی نەوەیەکی خێر لە خۆ نەدیوەوە، بە دڵی شکاوی هەزاران تاکی بێ بەشەوە……. هەرهەموویان تا نەبنە ئامرازێک بە دەست قۆڵبڕینی چەوتی سیاسەت و ئایدیا و بیروباوەڕەوە، ستەمی توندوتیژی و قوربانیی خۆشباوەڕییەوە، بە پەروەردەیەکی دروست و سەردەمیانە هاوشانی مافەکانی مرۆڤ بۆ گەشتن بە کۆمەڵگایەکی لێبوردە و ئازاد و سیستەماتیک بە پەیڕەو و پرۆگرامی گەشە و پاراستن و پەرەپێدانی ڕەوت و مێژوویی مرۆیی.
هەرهەموویان، شەقام بە شەقام تەی دەکەم بە کون و قوژبنی کوچە و کۆڵانەکانی تروسکەی هیوا و ئومێدا ئاشنا و ئاشتیان دەکەمەوە.
هەرهەموویان دەپارێزم تا لە ژێر باری خەمی خەونە دوور و نیوەناچڵ و بەدینەهاتووەکان، خەیاڵە نیوەمردوو و پەرتەوازەکاندا نەتلیسێنەوە. تا نەبنە کاڵایەکی مادی و بێ گیان، ئازادی و کەرامەت و کەسایەتییان زەوت بکەنەوە.
هەرهەموویان دەپارێزم تا نەکەونە ژێر چنگ و چڕنووکی بێ ڕەحمی حوکمی قامچی و بێ ویژدانیەوە.
هەرهەموویان دەپارێزم تا کەڵبەی دڵ ڕەقیی و غەدر ڕادەستی چارەنووسێکی بێبەزەیی ڕۆح و جەستەییان نەکاتەوە.
نزا و پاڕانەوەیان، خەیاڵ و خەونی هەرهەموویان هەڵدەبڕم بۆ ئاسمان بۆ مرۆڤایەتی بۆ ویژدان تا موعجیزەیەک هەموو کێشە و قەیران و ئافاتەکانی ئەقڵیەتی نێرسالاری و هێزی خێڵەکی ، جەور و ستەمی چەوساندنەوە و چینایەتی بەرەو نەمان و قڕکردن، بەرەو بنەبڕکردن و ڕاماڵین تا تەواو تەواو بپوکێنەوە.
با جارێکی تر،
بە زیندوویی ویژدان و ڕاچڵەکاندنی دڵەوە، ببینە هاوکار و پاڵپشت و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، گەڕانەوەی شکۆ و سەنگ و بەهای ژنان، دابینکردنی ژیان هاوبەش و یەکسان و ڕاستکردنەوەی هاوکێشەکانی ژیان.
با جارێکی تر،
بە زمانی گفتوگۆ و لۆژیکەوە، هەموو عەقڵ و ڕوانینە نالەبار و داخراوەکان وەلانێین و لە خۆمانی دابماڵین، هەموو کایەکانی خزمەتی مرۆڤایەتی و کاری شارستانی زیندووبکەینەوە، توندوتیژی ڕووداوەکانیش لە ڕێڕەوی ڕۆژگار داببڕین.
با جارێکی تر،
بە هەنگاوەکانی چاکسازیی و پیاچوونەوە بکەوینە نەمان و بنبڕکردنی هەموو ئەو بەربەست و دیاردە و تاوانە ناشارستانیانەی کە مایەی شەرم و شەرمەزارین.
با چیتر لە بەرامبەر ئەو ڕووداوە جەرگبڕانە، لە ئاست داڕمان و کاولکاری تاک و کۆمەڵگە، تەنها سەیرکەرێکی بێ لایەن و دەستەوەستان نەبین کە (ئەمەش کارەساتبارترین دۆخە.)
تابلۆ/ مامۆستای بیرۆکە و هێما و سیمبولەکان
مامۆستای زۆر بەڕێز و قەدرگران م.” عومەر دەروێش”
Leave A Reply

Your email address will not be published.