تیرۆری بێ ناونیشان

0
هەتاو محمد
دەستڕێژیان لەباخ کردووە
یەکەم شەهید ناوی ترێیە
هەزار سەدەیە خوێنەکەی
لەبازاڕدا بەهەڕاج ئەفرۆشن..!
باخچەیان تیرۆرکردووە
شار پڕەلەتەرمی
بێ گوناهی شەوبۆ..!
هەڵاڵەیان بەکراسێکی تەنکەوە بینیوە
لەگەڵ با دا سەمائەکات
لەشکرێک سیسرکەی ڕەشیان ناردووەبەشوێنیدا
هاکا شەقام پڕبوو لە پەڕی هەڵوەریو..!
مێخەکیان بەخنکاوی لەناوخاشاکی شاردا
دۆزیوەتەوە
بوختانی بونخۆشکردنی
کۆڵانەکانیان خستووەتە ئەستۆی..!
گزنگیان لەدووتوێی
ڕۆژنامەیەکی ترسنۆکدا کفن کردووە
هەتاو بەدڵساردیەوە لەکۆڵانی بەیانیەکاندا
هەڵدێت..!
هۆرەیەکی دڵتەنگیان ڕەجمکردووە
هەرچی تەمبوری مەستە
بێ دەم و زمان کەوتوون..!
پاوانەیەکی دەنگخۆشیان لەباخەڵی شەودا گرتووە
سەدەیەکە مانگ لەهەیوانی
هیچ ماڵێکی شاردا سەرخەوناشکێنێت..!
گۆڕستانێکیان پڕکردووە لەجەستەی ژن
کێلەکانی تا ئەبەد
بێ ناوو نیشانن..!
بۆ ڕۆحی ئەو ژنانەی دوای مردنیش هەزار جاری تر ئەکوژرێنەوە..!
Leave A Reply

Your email address will not be published.