نا بۆ سزای لە سێدارەدان

0

لەهەر جێگایەکن و بەهەر شێوازێک کەبۆتان دەکرێت لەبەرانبەر بڕیاری لەسێدارە دانی ئەم چوار لاوە خۆپێشاندەرەی شارۆچکەی عەزیزیەی سەربە پارێزگای کوت دەنگ هەڵبڕن وناڕەزایەتی خۆتان دەرببڕن.

 

لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی٢٠١٩ ی خەڵکی ناڕازی عێراق کە سەرتاسەر شارەکانی عێراقی گرتوبوتیەوە،بەهۆی کێشەی بێ کارەباییەوە خەڵکی ناڕازی شارۆچکەی عەزیزیە بەخۆپیشاندان دەڕۆنەبەردەم وستگەی کارەبای شارەکەیان و دواتر بە هۆی کوژرانی ئەفسەرێکی پۆلیسی عێراق ئەم چوار لاوە خۆپیشاندەرە دەستگیر دەکرێن لە ڕۆژی ١٠\٣\٢٠٢٢ بەبێ بونی هیچ بەڵگەیەکی مەلموس بەهۆی ئەوەی لەژێر ئازرو ئەشکەنجەیەکی زۆری جەسەدی ودەرونیدا دانپیانانیان لێوەردەگرن و بڕیاری لەسێدارەدانیان بەسەردا ئەسپەێنن.

 

ئەمە لەکاتێکدایە کەدەیان گەنج ولاو پیر و ژن وکچ ومنداڵ لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا بەدەستی هێزە میلیشیا چەکدارەکانی سەربەئێران و هێزە ئەمنی وسەربازیەکانی عێراق کوژراو بریندار کراون وهیچ کەسێکی لەو بارەیەوە ڕوبەڕوی دادگا نەکراوەتەوە!

 

بڕیاری لەسێدارەدان کوشتنی بەئەنقەست ونەخشە بۆداڕێژراوی دەوڵەتیەو دەبێت هەڵبوەشێتەوە،هیچ دەسەڵات وهێزێک بۆینیە بەناوی یاسا وە ژیان لە مرۆڤەکان وەربگرێتەوە و بیانخاتە ژێر ئەشکەنجەو ئازاری دەرونیەوە،توانباران ئەبێت سزای تاوانەکانیان وەربگرن و لەجێگایەکدا زیندانی بکرێن کە بارودۆخێکی ئینسانی وەهایان بۆ بخولقێنن کە نەک هەر لە تاوانەکانیان پەشیمان ببنەوە بەڵکو تاوانکردنیشیان لەبیر بەرنەوەو وەک ئینسانی ئاسایی وبەرپرس بەرانبەر ژیان وکەرامەتی ئینسان لەکۆمەڵگەدا بڕێنەوە باوەشی کۆمەڵگە.

 

نەک لەزیندانیشدا لەناو بارودۆخێکیدا بیان هێڵنەوە کە پڕبێت لە ئەشکەنجەی دەرونی وجەستەیی ودەرگایی باندومافیای مادەهۆشبەرەکان وگروپە ئینسان کوژەکانیان لەبەردەمدا ئاواڵە بکرێت ودواتر لەجیاتی پەشیمانی لەتاوان وەک باندی تاوان وئینسان کوژی بگەڕێنەوە ناوکۆمەڵگە یان لەزیندان ژیان بەسەر بەرن وەک ئەوەی کە ئێستا لەزیندانەکان دەگوزەرێت.

 

لێرەوە بانگەوازی هەموو ئازادیخوازان وئینسان دۆستان دەکەم لەهەر جێگایەکی ئەم دونیایەن،بەدەنگ هاواری ئەم چوار لاوەو خێزانەکانیانەوە بچن وبەهەر ڕێگایەک کەبۆیان دەکرێت ناڕەزایەتی لە دژی ئەم بڕیارە دەببڕن.

 

ڕاستیەکی تریش ئەوەیە ئەم بڕیارە تەنها تایبەت نیە بەم چوارکەسە ئەمە خۆی لەخۆیدا گێڕانەوە جارێکی تری ڕژێمی پەت وسێدارەی بەعسەو بۆ چاوترساندنی خەڵکی ناڕازی عێراق وکوردستانیشە،هەربۆیە ئەرکی هەموو ئازادی خوازانی کوردستانیشە کە بەجدی وبەتوندی ئەم تاوانەی دەسەڵاتدارانی عێراق سەرەکۆنەو مەحکوم بکەن ولەبەرانبەریدا بوەستنەوەو دەنگیان بخەنە پاڵ دەنگی خێزانی ئەم چوار لاوەو خەڵکی ناڕازی عەزیزیە و ڕێکخراوی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە عێراق و ئەو کەمپینەی کە بۆ بەرگری لەم لاوانە ڕایان گەیاندوە.

 

نا بۆ سزای لە سێدارەدان لەسێدارەدان تاوانە نەک سزا هەر بۆیە دەبێت بەزوترین کات هەڵوەشێتەوە ئازادی دەست بەجێ ئەم چوار لاوە .

کاوە عومەر

یەكیک لە زیندانیە ڕزگاربوەکانی ئەمنەسورەکەی سلیمانی ساڵی ١٩٩١

٢٥\٣\٢٠٢٢

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.