فێستیڤاڵی عەشیرەتەکان

0

شوان جه‌لال
ئەم دونیایە ھەموو ڕۆژ لە پەرەسەندندایە، ئەڵمانەکان سەرقاڵی لێکۆڵنەوەی بەستنی ئەو پەنجەیەن کە بە پەنجەی “دۆشاو مژە” ناسراوە، بە کۆمپیوتەرەوه، لەکاتی سەرکەوتنی ئەو لێکۆڵینەوە، ئەو کات لە ڕێگەی کۆمپیوتەرەوە فایل نەقل دەکەیت بۆ مێشک، یا دەتوانیت ھەندێ فایل و یادەوه‌ری لە مێشکدا بکوژێنیتەوە، لەم کاتەی ئەڵمانەکان سەرقاڵی ئەم لێکۆڵینەوەن، ھەندێ خەڵکی لای ئێمە، سەرقاڵی سازکردنی فێستیڤاڵی عەشیرەت و خیڵن!
#واز لەم بازرگانییە کەم قیمەت و بێناوەڕۆکە بھێنن، حیزبەکانیشتان بەم کارانە نەگەورە دەبێ، نەئایندە مسۆگەر دەکات، ئەگەرچی بەکورتبینیتان پێتان وایە ئەمە دەستکەوتە بۆ حیزب.
#مناڵەکانتان فێری زمان بکەن، کەشێکی باشی و لەباری خوێندنیان بۆ دروست بکەن، سەفەریان پێ بکەن، بە دونیایان ئاشنا بکەن، فێری مایکرۆسۆفتیان بکەن، باوەڕ و متمانە بوونیان لا دروست بکەن، ھەر لە منداڵیەوە، لەبەستنی زنجیری پاڵتۆکانیان، ھەستی قیادەکردنیان و بەڵێ ئەتوانم، لە ناخیاندا، لە ھزریاندا بچێنن.
#حیزب نابێ بە کۆبوونەوەی ئەو کوتلە بەشەرەییەی بەنێوی عەشیرەت و لەو بەھارەی کە خەڵک زیاتر دێت بۆ ھەڵپەڕکی و بینینی نمایشی ئەسپەکان تا شتی تر دڵی خۆشبێ، خیڵی شمەر ژماره‌یان دەگاتە ئاستی ژمارەی دانیشتوانی ھەموو ھەرێمی کوردستان، ھەموو جارێک سەرۆک و “پیاوماقوڵ!!” و “ڕیش سپییەکانی!!” شمەر دەچوونە لای صەدام و وەلائی خۆیان بۆ “سەرۆک صەدام!” دوپات دەکردەوە، کەچی صەدام لەنێو ئەو ملیۆنان کەسە بەرگەی ٢٥ ڕۆژی نەگرت!
#کەسێک بەپارە بکڕیت، ئەوا دڵنیابە بەپارەیەکی زۆرتر نەک خۆی بەڵکو تۆش دەفرۆشێت.
#خیڵ، پێکھاتێکە خوین و خزمایەتی پێکەوە دەیانبەستێت، حیزب، یەکێتیەکی ئارەزوومەندانەیە بەرنامەیەکی سیاسی و فیکر و ڕوئیایەکی ھاوبەش پێکیانەوە دەبەستێت. یانی دوو کایەی جیاوازن، ھەڵبەت بەمانا مۆدێرنەکەی.
Leave A Reply

Your email address will not be published.