دەستی ماندو لەسەر سکی تێر نیە!

0

کاوە عومەر

سەرنجێک لەسەر ئەو بابەتانەی میدیای(ئازاد) ئەیورژێنن
تەواوی کۆمەڵگە لەسەر شانی وەستا وکرێکارەکان بنیات نراوە،تائێستا نەمبینی کەناڵێک ڕیپۆرتاجێک لەسەر ژیانی یەکێک لەو ئینسانانە بکات،چونکە دەزانێت،دەستی ماندویان لەسەر سکی تێر نیە!
چونکە دەزانن کە ڕۆژانە لەگەڵ گزنگی بەیان دەڕۆنە سەرکار هەتا خۆرئاوا کەچی حەق دەستەکەیان بەشی سفرەیەکی ڕازاوەی ئێوارەیەکیان ناکات ناتواننپارەی جلوبەرگی منداڵەکان وپێداویستی خویندنیان بۆ دابین بکەن سەرپەنایەکیان نیە،بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکەی نەبونی کرێ خانودا دەژین.بۆچی نایان دوێنن هەتا بزانن ئەوانە لە تەمەنی چەند ساڵیەوە ڕەوانەی بازاڕی کار کراون بزانن لەو هەموو ساڵی کارکردنەدا بەپارەی کار چەند سەیرانیان ئەنجامداوە چەند سەفەری دوبەیی وتورکیاو ئەردەن وئیرانیان کردوە ئەوە باسی ئەوروپا و ئەمریکا ناکەم.
بپرسن بلێن ئەی بۆچی دەڵێن دەستی ماندو لەسەر سکی تیرە،ئەی بۆچی دەڵێن هەمومان کوردین ئەبۆچی دەڵێن هەموان موسڵمانین وئەبۆچی دەڵێن نیشتیمان هی هەموانە؟.بۆچی لە ژنانی کارگوزاری قوتابخانەو نەخۆشخانەو کارگەو پەناو پاساری شەقامەکان ناپرسن ڕۆژی چەند کاتژیر کاردەکەن و کارەکات بەشی چی دەکات.
منداڵەکانیان بدوێنن بزانن هێشتا بڕستی چونە قوتابخانەیان ماوە پاش دەستفرۆشی وشاگردی ناوبازاڕی کار.بزانن کام مۆدێلی تەلەفۆنیان بەپارەی کارەکانیان کڕیوە کام مۆدێلی سەیارەو بۆ کام وڵات و جەزیرە ڕۆشتون بەسەفەر.
ئیوە یان دەرؤن ئینسانەکان لەکاتی بێدەرانیدا بە چاوی پرگریانەوە لەسەر شاشەکان نمایش دەکەن هەتا خەڵک بەزەی پییاندا بێتەوەو خێرێکیان پێ بکات،بیرتان دەچێت کە مرۆڤ جێگەی ڕێزە نەک بەزەیی بیرتان دەچیت دەسەڵات ولایەنەبەرپرسەکان وەک بەرپرسی ئەو نەهامەتیە نیشان بدەن وباسی ئەوە بکەن کە ئەوە تەنها کەسێکە کە زومی کامێرەی کەوتوەتە سەر حاڵی زۆر بەی کۆمەڵگە لەوە باشتر نیە.
نیشانی بدەن ئەو ئەوە درۆیەکی گەورەیە کە دەڵێن هەمومان کوردین و هەمومان موسڵمانین ونیشتیمان هی هەموانە.ئەی مەگەر نابینن ژیانی سەرۆک وسەرکردەو منداڵ ونزیکەکانیان چۆن دەژین لە کوی دەخۆن و لەکوێ دەخوێنن ولەکوێ چارەسەر وەردەگرن
چ مۆدێلستی سەیارەو دیڤایزو جلوبەرگێک بەکار دەهینن،ئەی مەگەر ئەوان کاردەکەن ئەی مەگەر ئەوان بەناوی کوردایەتی وئیسلامەوە ئەو پلەو پێگەیان بەدەست نەهێناوە.
ئەی مەگەر تۆ قوربانیت نەداوە کوڕو مام وخاڵ وهاورێی وکەسی نزیک لەدەست نەداوە ،ئەیی تۆ بۆ هیچت نیەو لەهەموو ئەوانەش خراپتر ئەوەیە کە ئیوە لە ناڕازی ترین حاڵەتدا هەروەک کۆڵەکەی ژیرباڵی ئەو ئەزمونە پڕتاوان وترژیدیایەی یەکێتی وپارتی دەر ئەکەون.
ئیوەش هەمێشە نمایشی کەسان ولایەنی هەلپەرست دەکەن،لەکاتیکدا ئەوەی مێژووی شاخ وشاری یەکیتی وپارتی بزانێت دەزانێت ئەو دوو هێزە بە دەنگدان ناگۆڕدرێن ،ئەو دوو هێزە چەندن شەڕی ناوخۆو ٣١ئاپ و١٦ ئۆکتۆبەریان پشت سەرناوە هێزی چەکدارو قوتی خەڵیان بەدەستە چۆن بەدەنگدا دەتوانن بیان گۆڕن.
کەچی ئیوە نەک هەر مینبەرەکانتان خستوەتە سەرپش بۆ ئەمانە بەڵکو خۆشتان زۆربەتان کەوتنە ناو ئەو زەلکاوەو لولی کردن و ئیستاش پاش ئەو هەموو خۆپیشاندان و بایکۆتەی خەڵکی کوردستان هێشتا دەهۆڵی هەڵبژاردن دەکوتن،لەلایەکی تریش هەموان دەبینین ئیسلامیەکان جگەلە مزگەوتو قوتابخانە دینیە ڕەسمیەکان دەیان مینبەری ڕەسمی وناڕەسمی بینراو بیراویان لەبەردەستدایە،کەچی بانگخوازێک چوار قسەی هەلەق ومەلەق لەدژی ژنان وشانۆو گۆرانی و هتد دەکات پێشبڕکێی هێنانە سەر ساشەی دەکەن.
کەچی ساڵانە دەیان کرێکار بەهۆی نەبونی سەلامی شوینی کاراوە گیان لەدەست ئەدەن ئەگەر وەک هەواڵێک لەپەراویزی هەوڵی تیڤی وڕۆژنامەکانتاندا بلاویان بکەنەوە وادەزانن کارێکی گەورەتان کردوە لەکاتێکدا ئەو کارە پێوستی بەیەک دنیا بەدوادا چون هەیە.
ئەو بارودۆخە دەبێت بگۆڕدرێت.
Leave A Reply

Your email address will not be published.