ئێوە باشکردنی چۆنێتی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانتان پێ ناکرێ، ئیتر بەچ ڕوویەکەوە باس لە چاکسازی و سەربەخۆیی و ئیدارەی سەربەخۆو نوێبوونەوەو بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری هەرێم دەکەن؟!

0

عەلی محەمەد ئەمین

وا مانگێکی تر نوێبووەوە و سەرەی مووچەی مووچەخۆران و خانەنشینان هاتەوە، ئەمان دەست لەسەردڵبوون نەکا دیسان مووچە دواکەوێ و بەهانە دوای بەهانە ڕیزبکرێ و داهات کۆنەکرێتەوەو بەغدا پارە نەنێرێ و بانکەکان پارەی تێدانەبێ و گسکیان لێ درابێ ؟!
بەڵێ لە هەل و مەرجێکی ئاوای پڕ لە دڵەڕاوکەو نیگەرانی دا، مووچە دەستیپێکردەوەو گەیشتەوە خانەنشینان، ئەگەرچی چەند ڕۆژێک دابەشکردنی مووچەکانیان پێش خرابوو، بەڵام دیسان ڕووبەڕووی بێ سەرەوبەرەیی دابەشکردن و قەرەباڵغی وماندوویی بەرخۆرو بۆ چەندین سەعات بەپێوە ڕاوەستان بوون ، بۆ مانگێکی تریش ، خانەنشینان لە لێواری لەهۆشخۆچوون و مەرگی چاوەڕوانکراودا مانەوەو لە نێو پاڵەپەستۆی حەشاماتی خانەنشینانی بەساڵاچوو نەخۆش و کەنەفت دا، هەر خانەنشین بوو ئەپەستێنراو بۆ دواوەو بۆ پێشەوە شەپۆلی قەرەباڵغی ڕایدەماڵی، ئەوەی ئەم مانگە لە پارێزگای سلێمانی شتێ گۆڕابوو، گواستنەوەی زۆرێک لە خانەنشینان بوو بۆ تەلارێکی گەورە، لەسەروو نەخۆشخانەی بەخشێن لەسەر شەستیەکە، هاوکات لە یەکەم ڕۆژی وەرگرتنی مووچەدا ، بۆ بەرگرتن لە هوروژم و هەوڵی خانەنشینان بۆ گەیشتن بەناو بیناکە دەمانچەی کارەباییش بەکار هێنرا…
ئەگەر چارەسەرتان پێ نیە دەسەڵاتداران و بەرپرسان بۆ ئەم بارودۆخە نالەبارە، بۆچی بۆ تەنیا ساتێ گوێ لە داواکاری خانەنشینان ڕاناگرن، بۆ ڕۆژێ بەرپرسێکتان ڕوو ناکەنە ئەم بنکانەو بەچاوی خۆتان دایک و خوشک و باوک و باپیرو هاوڕێ و برادەرتان لەو هەل و مەرجە ترسناکەدا نابینن، بۆچی زۆربەی ئەم خانەنشینانە نەبوون تەمەنی گەنجی خۆیان لە پێناو ئێوەی خاوەن کورسی و سەروەت و سامان و دەسەڵات دا دانا، زۆربەی ئەم خانەنشینانە ئەوانە نەبوون کە ئێوە لە ڕابووردوودا ، بە درێژایی ساڵ ، هەمیشە چاولەدەستی هاریکاری و یارمەتی و دەنگ و ڕەنگیان بوون…
ئێوە کارێکتان کردووە ، هەر ئێستا خانەنشینان نەک رقییان لێتان دەبێتەوە و بێزارن لە ناوو و ناوبانگتان، بەڵو ڕقیان لە ڕابووردووی خۆشیان دەبێتەوە، ڕقیان لەو ساڵ و عەیامانەش دەبێتەوە کە خۆیان بەدڵ و بە گیان دڵسۆزیان دەنواندو خزمەتیان دەکردو نەوەی ئێوەیان پێ ئەگەیاند و شارو دێێان بە ئاوەدانی دەهێشتەوە، لەو ڕۆژانەش کە ئێوەیان بە ڕابەرو براگەورەو سەرکردەی ڕۆحی و فریاڕەس ناساند.
دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان بەڕێک و پێکی و لەکاتی خۆی دا، بۆ دەبێ هەر لەم بارودۆخە ترسناک سامناکەدا بگوزەرێ، بۆ لە جیاتی چارەسەر ی دروست و گونجاو خانەنشینانی بەساڵاچوو لەم دۆخە نالەبارو پڕ ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی دا ڕادەگرن، بۆناکرێ کارتی بانکیان بۆ بکرێ، بۆژمارەی بنکەکانی دابەشکردنی مووچە زیاد ناکەن و فەرمانبەری زیاتر و بە ئەزموونتر لە بنکەکان دانانرێن ، بۆ دەبێ هەر ڕوو لە چارەسەری ناڕیشەیی و نادروست و ناشرین بکەن و بەم هۆیانەوە بۆماوەیەکی دڕێژ خانەنشینان گیرۆدەی ڕاوەستانی چەند سەعاتەی بەرخۆرو هەڵمەت و هەڕەشەی پۆلیس و ماندووبوونی تاقەتپڕوکێن و لە هۆشخۆچوون و گیانلەدەستدان بکەن..
٢٤ / ٤ / ٢٠٢٢
May be an image of 1 person, standing and outdoors
Leave A Reply

Your email address will not be published.