خواستە سەرەکیەکانی کارگەرانی کوردستان لە یەکی ئایاردا

0
عەبدوڵا مەحـمود
ڕێزگرتن و یادکردنەوەی یەکی ئایار دەمێکە بۆتە نەریتێکی جێکەوتووی بزوتنەوەی کارگەری لەسەراسەری دنیادا. ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کارگەری، ڕیکخراو سەندیکا و نەقابە کرێکارییەکان، تا دەگاتە حزبە چەپ و کۆمۆنیستەکان، هەموو ساڵێک بە ماوەیەک پێش یەکی ئایار خۆیان بۆ سازدانی مەراسیم و چالاکی جۆراوجۆر و کۆبونەوەو رێپێوان و ئاکسیۆنی گەورەو کاریگەر ئامادە دەکەن، نەخشە ڕێژی دەکەن و دەیانەوێ لەو ڕۆژەدا پەیامی چینایەتی خۆیان، خواستەکانیان، وە هێزی یەکگرتوانەی خۆیان لەپاڵ نەفرەتی قوڵی چینایەتیان لە نیزامی سەرەوخواری سەرمایەداری نیشان بدەن.
ئەم نەریتە لە کوردستانیش دەمێکە جێکەوتووە و هەموو ساڵێک ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کارگەری، حزب و رێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکان و ئەوانەشی بە ناحەق و بۆ فریوکاری ناوی چەپ و کۆمۆنیستیان لە خۆیان ناوە، خۆیان بۆ یەکی ئایار ئامادە دەکەن و بەرنامە ڕیژی و نەخشە، دادەنێن.
دیارە یەکی ئایار بەجیا لە ناوەرۆکە چینایەتیەکەی، و بەجیا لەوەی کە خۆی بۆتە نەریتێکی… جێکەوتووی کارگەران جیهانی بۆ نیشاندانی توانایەکانیان و هێنانە… مەیدانی خواستەکانیان و هەڵرشتنی نەفرەت لە نیزامی دیلهێنەری سەرمایەداری، بەڵام لەهەر ساڵێکدا لەدەوری چەند مەسەلە یان خواستی دیاریکراوی ئابوری یان سیاسیدا لە دەوری یەکتری کۆدەبنەوە. هەر یەکی ئایارێک بەجیا لەرووە جیهانییەکەی کە نوێکردنەوەی پەیامی هاوپشتی و هاوچارەنووسی کارگەرانە بۆ یەکتری بێگوێدان بە ناسنامەی قەومی و دینی و نەژادی و حزبی و رەنگی پێست و چوارچێوەی وڵاتی و زمان و دوورو نزیکیان لە یەکتری…
هاوکات چینی کارگەری هەر وڵاتەش خواستی تایبەتی و پەیامی دیاریکراوی خۆیان هەیە.
چینی کارگەر لە کوردستان، کە چینی بەرهەمهێن و مۆتۆری چەرخاندنی کۆمەڵگەیە. هەموو سەروەت وسامانی کۆمەڵگە، لەسەر شانی ئەو و بەهۆی ماندوبوون و کاری ئەوەوە بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام بێبەشترین چینە لە بەهرەمەندبوون لەو سەروەت و سامانە زۆرو زەوەندە کە بەرهەمی دەستڕەنجی خۆیەتی. لە هەلومەرجێکی تابڵێی نەخوازراودایە. کەمی کرێ، دواکەوتن و لێبڕینی موچە، سەعات کاری زۆر، خێرایی کارو کاری قۆنتەراتی، نەبوونی ئازادی رێکخراوبوون و کۆبونەوەو مانگرتن، جیاکاری نێوان کاری ژنان و پیاوان، هەڵاواردنی نێوان کرێکارانی” خۆوڵاتی و بیانی”، نائەمنی شوێنی کار، نەبوونی بیمە کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکان، بیمەی بێکاری بۆ بێکارانی ئامادەبەکار، نەبوونی دەرماڵەی پێویست و دەرماڵەی مەترسی کار، نەبوونی خانوبەرەی گونجاو، لەپاڵ گرانی بازاردا… تاد، لەو تایبەتمەندیانەن کە چینی کارگەریی کوردستانی خستۆتە مەوقعیەتیکی یەکجار سەختەوە.
چینی کارگەر لە کوردستان تەنانەت ناسنامەی چینایەتی خۆی لێ سەندراوەتەوە. بەپێی یاسای رژیمی بەعس بە فەرمانبەرکراون و دەسەڵاتی داسەپاوی بۆرژوازی کوردیش دەستی بەو یاسا سوک و سڕینەوەی ناسنامەی چینایەتی کریکارانی کوردستانەوە گرتووە.
بۆیە چینی کارگەری کوردستان، لەیەک کاتدا، هەم رووبەرووە بۆ گێرانەوەی ناسنامەی چینایەتی و حقوقی و یاسایی خۆی و هەم ڕووبەڕووە لەگەڵ ئەو هەلومەرجە سەخت و بێمافیانەی، کە چینی سەرمایەدار و دەسەڵاتی پاڕیزەری ئەو چینە تەوەزەل و کارنەکەر و مافیاییە، دایان دەسەپاندووە.
هاوکات چینی کارگەری کوردستان، لەگەڵ ئەوەدا بەرەوڕووە لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و چینی سەرمایەداری کورد، هاوکات بەهۆی چارەسەر نەبوونی پرسی سیاسی و حقوقی خەڵکی کوردستانەوە، گوشاری مەیلی ناسیونالیستی لەسەریان قورسایی دەکات. هەروەها بەکردەوە کۆتاییهێنان بەو گرفتەش کەوتۆتە سەرشانی چینی کرێکار و بەشی پێشرەوی ئەم چینە. دیارە بە کۆتاییهاتنی پرسی سیاسی و حقوقی خەڵکی کوردستان، و چارەسەربوونی پرسی کورد، هاوپشتی و هاوچارەنووسی لە نێوان چینی کارگەریی کوردستان لەگەڵ چینی کارگەریی عێراقدا، پەرە دەسەنێت و یەکێک لە کۆسپەکانی بەردەم یەکگرتووی چینایەتییان کۆتایی پێدێت.
ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بەشی پێشرەی چینی کارگەر، کۆمۆنیستەکان و چەپی کۆمەڵگە، ئەرکیانە لە پاڵ هێنانە مەیدانی خواستە دەستبەجێ ئابورییەکانیان بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هەر ئەمرۆی خۆیان و خێزانەکانیان، هاوکات ئەرکی هەڵوەشاندنەوەی یاسای بە فەرمانبەرکردنی کارگەرانی رژیمی بەعس، خستنە رووی بەدیلی سیاسی بۆ وەڵامدانەوە بە پرسی سیاسی و حقوقی خەڵکی کوردستان لە ئاستی عێراقدا… لەسەر شانە. بە واتایەکی تر چینی کرێکاریی و کوردستان و بەشی پێشرەوی ئەو چینە هەم پرسی ئابوری و ژیان و گوزەرانی ئێستای چینی کارگەریان لە ئەستۆیەو هەم وەڵامدانەوە بە پرسی سیاسی خەڵکی کوردستان… دیارە هەڵگرتنی هەنگاو لە پەیوەند بەو دوو پرسەوە ڕیگایەکی ناچاری و هاوکات کلیکی دەستکۆتاکردنی دەسەڵاتی بۆژوازی کوردیشە لە کوردستاندا، کە زیاتر لە سێ دەهەیە، کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی و چینی کارگەری بەتایبەتی لە بێبەشی و دۆخێکی تابڵێی خراپدا ڕاگرتووە.
دیارە یەکی ئایار ڕۆژێکی دابڕاو لەخەباتی بەردەوام و نەپساوەی بەردەوامی چینی کرێکار نییە، ئاکسیۆنەکانی ئایار، ناتوانێ بێ پێشینە و بێ داهاتوو بێت. ڕۆژی یەکی ئایار ڕەمزو سومبلی چینی کرێکاریی جیهانییە، لەدڵی خەباتێکی نەپساوەو و بەرامبەرکییەکی کۆمەڵایەتی بەردەوامدا. رابەران و هەڵسوڕاوان و بەشی پێشرەوی بزوتنەوەی کارگەری لەگەڵ حزب و رێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکاندا، ناکرێ و نابێت مامەڵەی یەکی ئایار، وەکو رۆژێک و تەنها رۆژێک بکەن و دایببڕن لە خەباتی هەمیشەیی و بەردەوامی چینی کارگەر… کە تا سەرمایە و سەرمایەداری بچەرخێت، لە ئارادایە.
رژێمی هاری سەرمایەداری لە سەراسەری دنیادا، خوازیاری ئەوەیە کە بزوتنەوەی کارگەری و تیکۆشانی ئەو چینە، لە قاڵبی تەنها یەکی ئایاردا کورت بکاتەوەو دایببڕیت لە خەباتێکی بەردەوام و هەمیشەیی. کۆمۆنیستەکان و چەپ و بەشی پێشرەوی چینی کارگەری کوردستان، بۆئەوەی بتوانن پەیامی واقعی چینی کارگەری کوردستان لە یەکی ئایاردا نمایش بکەن و خواستەکانیان بخەنەروو، توانایی و ئاستی خەباتی نیشان بدەن، پێویستە یەکی ئایار وەکو تەنها رەمز و سمبولی لێکهەڵپێکراو لە خەباتی بەردەوام و نەپساوەی چینی کارگەردا، ببینن و مامەڵەی لەگەڵ بکەن.
خواستی نان و کار و ئازادی و خزمەتگوازری، سەرەکیترین خواستەکانی ئێستای چینی کریکاریی کوردستانە، کە پێویستە چینی کریکار لە کۆبونەوەو ئاکسیۆنە ئایارییەکاندا، بەدەستیەوە بگرن، خەبات بۆ ئەو خواستانەش جیاناکرێتەوە لە خەبات بۆ راماڵینی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، کە بۆتە خواستێکی سەراسەری لەکوردستاندا. دیارە بە ئاکام گەیشتنی ئەم خواستە سەراسەریەش، بە بێ رۆڵی رابەری و ریکخراوی چینی کرێکار، بە مەنزڵی خۆی ناگات… بۆیە ئەرکی بەشی پیشرەوی چینی کرێکارە بۆ ئەم نەبەردە ئامادەبێت.
بژی یەکی ئایار، ڕۆژی هاوپشتی و هاوچارەنووسی جیهانی چینی کارگەر…
Leave A Reply

Your email address will not be published.