خەوتن وەك مردن

0

ڕێبوار سیوەیلی

1. دەزانم زانست شتێكی دیكەمان پێدەڵێت. ئەمەش بۆ مرۆڤ نوێیە، چونكە ئەو لەو بووەوەرانەیە، كە لەسەرەتای سەرەتاوە زۆر كەم خەو بووە. ئەو دەیویست لەداییك ببێت و بێتە بوونەوە، ئێتر چۆن سەرەتاكانی بەخەوتن دەست پێكردووە، بخەوتایە دەبوو بە ژێر لافاوەوە، یان ئاگر دەیسووتاند و دڕندە دەیانخوارد.
2. خەوتن جۆرێكە لە مردن، جۆرێكە لە نەمان و لێرەنەبوون. مرۆڤ بە هەر شێوەیەك لێرە نەمێنێت، یان ئامادە نەبێت، وەكئەوەیە مردبیت. لەسەردەمی پێش مۆدێرندا ئەمە جیاواز بوو. مرۆڤ كە دەمرد لە یادوەرییدا دەهاتەوە و یادی دەكرایەوە. یادكردنەوە، هێنانەوەپێشچاو و وێناكردن، هەموویان ئەو بەشەن لە چالاكییەكانی مێشكی ئێمە كە پەیوەستن بە بیركردنەوە و خەیاڵ و جەستەمانەوە. لە دنیای مۆدێرندا، كە دەمریت ئیتر مردوویت، كە لێرەنیت هەر مردوویت، كە نادیاریت و دەرناكەویت، هەر وەك مردوو وایت و لە ماوەیەكی كورتیشدا ئەگەر فەیسبووكەكەت دابخەیت، بیر دەچییەوە.
3. بۆچی كاتێك لە ئێستادا دەمرین، یان دیارنامێنین، یاخود ئامادەنین، زوو بیر دەچینەوە؟! لەبەر ئەوەی ئیتر خەیاڵ، یادوەریی و وێناكردن و هێنانەوە پێشاو و فەنتازیای ئێمە، ئەوەندە بە وێنەی ساختە و زیادە بۆمباران دەكرێت، توانای چالاكییە سرووشتییەكانی خۆی نەماوە. بۆیە لە ئێستادا ئەوەندەی مێشكی ئێمە، خەیاڵی ئێمە، بیرەوەریی و یادگەی ئێمە بە هێرشی وێنەكان و شاشەكان كاریگەربوون، سەرقاڵبوون، ئەوەندە توانایی بۆ داهێنان لە فەنتازیا لێدان بەوانیترەوە، كە ئەزیزمان بوون و ئیتر دیار نیین، نەماوە. ئێمەش خۆمان بە هەمان دەرد دەچین. ئەوەی دیار نەمێنێت، بخەوێت، ئامادە نەبێت، مردووە.
4. بەمجۆرەش مردن هەر ئەوە نییە پیریی دەیهێنێت، یان جەنگەكان و خەم،.. بەڵكو مردن لە هەر ساتێكدایە كە ئێمە تیایدا دەمرین. لە مردنیشدا داهێنان، شوێندانان و هونەر و بیركردنەوە و كار و كاسپی و گەشت و.. نامێنێت. خەوتنی بە لێشاو، درەنگ هەستان، زووخەوتن، هەمان مردنن.
5. لە ئێستادا دیاردەی زۆر خەوتن كۆمەڵگەی ئێمەی داگیرکرووە. ناوێری تەلەفۆن بۆ هاوڕێیەكت بكەیت و دەبێت بیر لەوە بكەیتەوە: خەوتووە. بەیانیی پەیوەندیی دەگریت و پاشنیوەڕۆیەكی درەنگ وەڵام دەدرێیتەوە، چونكە خەوتبوو.. خەوتن مەرگێكی گشتێنراوە و ئێمە لەسەردەمی خەوتندا دەژین: من دەخەوم، كەواتە هەم!
6. بەڵام مردنێکی دیکە هەیە مرۆڤ تیایدا چاوی هەڵێناوە، تەماشا دەکات و نابینێ. بێدارە و بێ هەستە، نیگا دەکات و تێناگات.. وەک ئەوەی بە زیندوویی مردبێت و بێداربێت و لە خەوێکی قووڵدا بێت.. ئەمەیان مەترسیدارترینیانە.. ئێمە خەریکین ئەمەیان ئەزموون دەکەین…
تابلۆ: ڤانكوخ، 1890
Leave A Reply

Your email address will not be published.