” کاتێ چەک دەکرێتە دەسەڵات بۆ سەر خەفەکردنی ئەندێشە! “

0
هەڵاڵە سۆهرابی
( ئەنجومەنی ژنانی پێشکەوتووی کورد ماوەی یەک سەدە پێش ئێستا واتە ساڵی ۱۹۱۹ وەک ڕێکخراوەیەکی فەرمی / مەدەنی و وەک یەکەم ئەنجومەنی مودێرنی فێمێنیستی کورد ، لە لایەن کۆمەڵێک ژنانی پێشکەوتووخواز و ڕووناکبیر ی ڕۆژاوا دامەزراوە و لە ژمارەی بیستەمی گۆڤارێک بە ناوی ” ژین ” دەسپێکی چالاکی خۆی بەم جۆرە ڕاگەیاندوە، کە ئەم ئەنجوومەنە بە هیوای دابین کردنی هەل و دەرفەت بۆ ئامادە کردنی بەربڵاوی ژنانی کورد لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دامەزراوە.
واتە ژن هاوشانی پیاو بێتە ناو کۆمەڵگا و بێ هەڵاواردنی ڕەگەزی بیر لە سیاسەت بکاتەوە و ئیزنی ڕادەربڕین و بیروڕاگۆڕینەوەی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر ببێ و بەشداری هاوتەریبی بێ لە سیاسەتدا.
ئەو ئەنجومەنە ماوەیەکی دیاریکراو بۆ ئاگایی بەخشین بە ژنی کورد تێکۆشاوە و یەکەمین ئەنجومەنی فێمێنیستی ژنانی کورد بووە. بەڵام دوای ڕووخانی ئێمپراتووری عوسمانی و هاتنە سەرکاری جمهووری تورکییە و سەرکەوتنی ناسیۆنالیستەکان، ئەنجومەنەکان کەوتوونەتە ژێر گوشار و کۆکراونەتەوە و ئەندامەکانیان دەسبەسەر کراون. و گۆڤاری ژین تێکڕای گۆڤار و ڕۆژنامە ئیعترازییەکانی تر چوونەتە بایگانییەوە و مۆرکی مەحرەمانەیان لێ دراوە. )٭
ئەوە لە حاڵێکدایە کە دوای تێپەڕ بوونی یەک سەدە لەو ڕووداوە گرنگ و مێژووییە، هەر چەن باروودۆخی ژنان گۆڕانکاری بەرچاوی بە سەرداهاتووە و ڕێی خۆیان لە ناو کۆمەڵگا و سیاسەتدا خۆش کردووە بۆ داهاتوو، بەڵام هێشتا بیرۆکەی تاکی کورد دژی تاقمێک لە ژنانی پێشکەوتووخواز و بە تایبەت دژی وشە و ڕەوتی فێمێنیستە و بە توندووتیژی و هەڕەشە و سووکایەتی پێکردن بە کەرامەتی ئینسانییان، بەرەنگاریان دەبێتەوە.
لێرەدا ناتوانین ئینکاری ئەوە بکەین بزووتنەوەی فێمێنیستی لە درێژەی چالاکیی خۆیدا لە سەرانسەری جیهان بە تایبەت لە کوردستان تووشی گۆڕانکاری هاتووە و ڕەنگە بە هۆی تاسیر وەرگرتن لە سیستێمی سەرمایەداری جیهانی خۆی وەک کۆیلەی ڕەگەزی و ئامێرێکی سێکسیی نمایشت کردووە و بە تەواوەت بە لاڕێدا چووە. بەڵام ئەوە لە قیزەونی و ناڕەوایی ئاکاری ئەو ژن و پیاوانەی لە ژێر ناوی کوردایەتی ئیسلامی، سووکایەتی بە ڕەگەزی ژن دەکەن کەم ناکاتەوە.
کۆمەڵگا هێشتاکە و ڕەنگە بۆ هەمیشە پیاوسالار هەیە و دمێنێتەوە و کەرامەت و شۆناسی ژنان بە تایبەت ژنانی تێکۆشەر و یەکسانیخواز بەردەوام پێشێل دەکرێ. و لە هەمان حاڵدا بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێ بە ڕوانگەیەکی ڕەگەزیی و وەک ئامێرێکی سێکسی لە ژن بڕوانێ.
لاوازی ئەندێشەی جەماوەری عەوام، بیری تۆخی پیاوسالاری لە توێیە ئاشکرا و شاراوەکانی بنەماڵە و پەروەردەدا توندووتیژی بەرامبەر بە ڕەگەزی مێ ساز دەکا. تێپەڕین لەم قۆناغە مەترسیدارەی سەردەم بێگومان ئیشی بنەڕەتی تاکی پێویستە کە لە گەشبینانەترین حاڵەتدا، ڕەنگە لە درێژخایەن مسۆگر بێت.
بە درێژایی مێژوو هەموو ئایینەکان و داب و نەریتە هەڵەکان و فەرهەنگی لاوازی جەماوەریی و پەروەردەی پیاومەزنی، بوونەتە هۆی دواکەوتوویی کۆمەڵگا و لە ئێستای جیهانی مودێرنیشدا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە هزری تاکدا نابیندرێ.
تەنانەت ئەو ژنانەی وەک گەورەی بنەماڵە و عەشیرەی خۆیان دەسەڵاتیان بە دەستە کە زیاتر لە ناوچەی موکریان دەبیندرێ، لە ژێر ناوی ژن سالاری هەمان ئاکاری ڕادیکاڵی پیاوسالاری دووپات دەکەنەوە و جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان ئەو دیاردەدا نابیندرێ. کاتێ ئایینی ڕادیکاڵ زاڵە، کۆمەڵگا بەردەوام بەرەو دواوە هەنگاو دەنێ.. ژنان ، ڕووناکبیرانی ژن و نووسەرانی ڕووناکبیر لە ژێر گوشاری بیری ناسیۆنالیستی ڕادیکاڵ و کۆنەپەرستیدا بێدەنگ دەکرێن و هەڕەشەی کوشتنیان لێ دەکرێ.
بیری چەق بەستووی ناسیۆنالیستی ئیسلامی ڕادیکاڵ هەموو کۆمەڵگای لە ژێر هێژمۆنی زاڵی خۆیدا پێ پەسەندە و چوارچێوە بۆ بیر کردنەوەی نووسەر و هونەرمەند دادەنێ و دخاڵەت لە تاکەکەسیترین بەشەکانی ژیانی شاروومەندانا دەکا.
لە شارێکی وەک سنە و سەقز و … پەرە بە دامەزرانی ئەنجوومەنی ژنانی تەکیەیی و ئایینی ئەدرێ و ژنانی دایرەبەدەستی چەماوە لە بەرامبەر شێخ و مەشایخدا ڕوویان لە زیاد بوونە… لەم ناوەدا ئەگەر ئەنجومەنێکی ژنان ڕێگەپێدراو بێت سەربەخۆ نییە و چوارچێوەی بۆ دادەندرێ.
دەمکوت کردنی پێنووس و خەفە کردنی نووسەرانی ڕووناکبیر و سەربەخۆ تەنیا لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری و سەروەریخواز دەوەشێتەوە و دەبێتە هۆی پەراوێز خستنی تاکی داهێنەر و کوژرانی بیری داهێنەرانە و هونەر و ئەدەبیاتی پێشکەوتوو…لە هەل ومەرجێکی وەهادایە چەک دەبێتە ئەسڵەحە! و لە سەرمان ڕادەگیرێ… شۆڕشگێڕ لەگەڵ دەسەڵاتدار جێگۆڕکێ دەکات و مانای حەقیقی خۆی دەدۆڕێنێ. ( کە باشترین نمونە بارودۆخی باشووری کوردستانە و هەڵسووکەوتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتە …)
شۆڕشگێڕ تا ئەو کاتە مانای حقیقی خۆی پاراستووە کە چەکی بۆ شۆڕش لە شان کردبێ و دژ بە دەسەڵاتی داگیر بێ، ئەگەر خۆی بوو بە دەسەڵات، زیندان و سێدارەی ڕێکخست.
دژی ئازادی ڕا دەربڕین و دژی ڕۆشنبیران و نووسەرانی وڵاتەکەی وێستا و چەکی لە سەر ڕاگرتن و ڕەوانەی شێتخانەی کردن ( نمونەی زیندووی ئەم ڕۆژانە فەرهاد پیرباڵە) چیتر شۆڕشگێڕ نییە، بەڵکو بەشێک لە سیستێمی دەوڵەت دەسەڵاتی دیکتاتۆرییە کە بۆ بەرژەوەندی سیاسی و هێزداری خۆی و سەرۆکەکەی تێدەکۆشێ… هزری دیکتاتۆرییەتی فاشیستی چ عەرەب بێ چ فارس بێ چ تورک هەموومان کوردێکی سیاسی بووین و هەین. بەڵام ئەگەر دیکتاتۆرییەتی فاشیستی، کورد بێ چی؟ ئایا ئێوە نووسەران و ڕووناکبیرانی ڕۆژهەڵات بە جورئەتەوە ئەڵێن کە وەک تاکێک یان نووسەرێکی کورد، هزرم دەچێتە خانەی سیاسییەوە و دژ بە دیکتاتۆرییەتی فاشیستی لە قەبارەیەکی بچووکیشدا لە ژێر ناوی هەر زمانێکدا بێت دەوەستم؟ ئایا ئەو هێژمۆنییەی چەوسێنەرە و بچووکترین سووچەکانی مێشک دەپشکنێ بۆ خەفەکردنی بیریێکی نوێ، وەردەگرن؟
Leave A Reply

Your email address will not be published.