لە خواست و ویستی داواکاری و دروشمی (نان، کار، ئازادی) خەڵکی سادە و ئازادیخوازی کۆمەڵگاوە

0
ڕیڤان جاف
لە خواستی ژیان و خۆشگوزەرانی چینی کارگەر و ڕەنجبەر و جوتیار و سەپان و کارمەند و کرێکارانەوە.
لە میکانیزمی بەگژداچوونەوەی ناکۆکی و چەوساندنەوەی چینایەتی، ڕێگەگرتن لە هزری توندڕەوی و تاک ڕەوی زەبر و ستەمەوە.
لە ساڵڕۆژی دیاریکردنی بەهای مرۆڤایەتیەوە.
لە جەژنی ئیرادە و خەباتی جیهانی کرێکارانەوە.
لە ڕۆژی پیرۆزکردنی کۆششی زەحمەتکێشانەوە.
لە یادی سەختی کۆڵبەران و ڕەنجی ڕەنجدەرانەوە.
لە بەرزی هیمەت و غیرەتی پاچ و بێڵی جوتیار و پاڵەوە.
لە گوڕوتینی کۆڵنەدان، هێز و بازووی چەکوش بەدەستانەوە
لە ڕۆژی جیهانی سەلامەتی و تەندروستی شوێنی کارەوە.
لە نەبوونی هیچ بیمەیەکی بێکاری و تەندروستی و ڕێنمایی و مۆڵەت و مەرجەکانی سەلامەتیەوە.
لە نا ئەمنی شوێنی کار و قەرەباڵغی بێشوماری کارخانە و فشاری نالەباری دۆخی ژنانی کرێکار وکارگوزارەوە.
لە ئازار و ناڵەی بەشەریەت و ئاهوناڵەی منداڵ و کەمئەندامی کرێکارەوە، کاسپکاری کەم دەست و بێنازەکانەوە.
لە فشاری تۆمەتباری و گێچەڵ و دەستدرێژی سەرکار و خاوەن هێزەوە.
لە قۆرخکردنی کارەسات و بەرلێگرتنی زیادبوونی قوربانیانەوە.
لەدۆخی ناجێگیر و ناڕێک، ڕۆژگاری دژوار و ناهەمواری کارگەر و گڕوبڵێسەی ماف خوراوانەوە.
بۆ بەدەستهێنانی سەرەتایترین مافەکانی ژیان و گۆڕینی سیستەمی کۆمەڵایەتی هەموو چین توێژە بەشخوراوەکان، بۆ بەرەنگاربوونەوەی دۆسیە و دۆخی ناهەقی و نابەرابەری، کە بەشێوەیەکی نالەبار و تراژیدیی سەرکوتکەر دووبارە دەبێتەوە.
بۆ ڕووخاندنی ئەم دیواری جیاکارییە، پیویستی بە شەڕی( فیکری و ویژدانی و ئینسانی) هەیە.
پێویستی بە بەرنامەی پوختی داڕێژراو و بەکاربراو، بە بزوتنەوەی دامەزراویی یەکڕیز و یەکدەنگی هۆشیار، پێویستی بە ڕێکخراوکردنی کرێکاران و زەحمەتکێشانە، بە پێکهاتنی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزارە، ئەو خزمەتگوزارییانەی بە خەبات و تێکۆشانی بزوتنەوە و هەڵسوڕانێکی کرێکاری و جەماوەریی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕەکان بە دەست دەهێنرێت، کە بانگەشەیەکی قووڵ و جەوهەری بۆ مافی مرۆڤ، مافی چینە پەراوێزخراوەکان هەبێت، ئەم واقعە لە ڕەگ و ڕیشەوە بگۆڕێت بە بوونی کەسانی ڕادیکالیست و ویستی گۆڕانکاری، دروستکردنی دونیایەک کە دادپەروەری چەقی بەڕێوەبردنی بێت، دونیایەکی تر وێنابکرێتەوە تا توانای ئەفراندن و خولقاندن و داهێنانی خۆیان بدۆرنەوە.
لە نێو پانتایی و چەقی مێژووەوە، لە دەروازەی مێژووی کارو کرێکارەوە، لە بنەما کۆمەڵایەتیەکانی چینەکەی خوارەوە بە مەبەستی گەشەپێدانی هەژاران و چینە ڕەش و ڕووتەکەی کۆمەڵگەوە، ڕەوش و ژینگەی کار و ژیانی چینە سەرەکیەکانی کار و کۆمەڵگە،ئەو چینەی چەرخی سوڕێنەر ئابووری و پیشەسازین، ئەو چینەی داینامۆی پەرەپێدان و پێشکەوتن و داڕمانی ئابوورین چینی کرێکاران و زەحمەتکێشان بەسەرئەکەینەوە.
بە مەبەستی پاراستنی ژیان و چینەکانی تری کۆمەڵگا هەر لە گەنجی بێ داڵدە و پاڵپشت و خوێندکاری بێ بیمەی خوێندنەوە، ژنانی کرێکاری تەنیاباڵ و ستەملێکراو و چەوساوەی دەستی ڕۆژگاری سەخت و سیستەمی خەمسارد و بێ باک و بێپەروا و بێ مروەتی نالەبار کە لە ژێر فشاری تاقەتپڕووکێنی مانەوەی کار و سەخڵەتیەکانی، هەڵاوساوی بێکاریی و کێشەکانی بژێوی ژیان بە ئیفلاس و نزمبوونەوە و نەمانی بەها ئەخلاقیەکان، بە معەوەقی مێشک و هزری سەرمایەداری چاوچنۆکی خاوەن کار و پیشە، بەرپرسی نابەرپرسی بێ متمانە کە بە چاوی کەمتەرخەمی و لاموبالاتی و بێهەڵوێستی تەماع و جەشعەوە زۆر بێ بەزەییانە دەکەونە بەر پەلاماردان و سوکایەتیکردن، زۆڵم و زۆرداری دەروونی و ئەخلاقی و جەستەی، هەر بە زۆری زۆرداری ماچی سوکایەتی بە بەرائەتی ڕووخساریاندا دەکرێت. ئەو کرێکارانەی لە تاقەتی زۆری بەرگەگرتن بوون بە تاکێکی ئاوێتە و قاڵبدراوی نێو ڕەوتی ئاگایی و تراژیدییای ئازارەکان، هەر بە زۆری زۆرداری سنگی هەژاریی و بێتاوانیان دەکەنە نیشانە و خوێن ڕشتن و پێخۆری گورگ، لە کۆتای دەهۆڵی سزا و ناوزڕاندنیان بۆ دەکوتن و غەرقی دەیان و سەدان کێشە و تەنگەژەی ئابوری و کۆمەڵایەتی دەبنەوە کە کۆی مافەکانیان تێدا زەوت و فەرامۆشکراوە.
لە ڕوانگەی پەرەسەندنی هێزی کار و بیر و بازووەوە
نا بۆ داڕمانی دادی کۆمەڵایەتی و زوڵم و زۆرداری و ستەمکاری چینایەتی، ڕەزالەت و زیلەتی چەوساندنەوە و نابەرابەری و دزی و گەندەڵی.
نا بۆ تەنگەژە ئابووری و سیاسی و داراییەکان کە دۆخی چینی هەژارانی بەرەو خراپتر و ناقۆڵاتر بردووە، ڕەنجی کرێکار و ڕەنجبەرانی بە هەدەر بردووە.
نا بۆ چەواشەکردنی خەڵک و دابین نەکردنی ژیانێکی ئاسایی و تەندروست دوور لە سیستەمێکی چەوسێنەری ستەمکار و مشەخۆری کاسەلێس.
نا بۆ ژیانی مەمرە و مەژی ژێر هێڵی هەژاری و بێکاری و حاشیەنشین و پەراوێزنشینی دوور لە شەفافیەت و سیستماتیکی خزمەتگوزاری.
نا بۆ لارسەنگی و نا یەکسانی زەق و بەرچاوی کار و دیموکراس ژیان، دەستەبەرنەبوونی مافەکان و نیوەناچڵی مووچە و لووشکردنی حەقدەستی کرێکاران.
Leave A Reply

Your email address will not be published.