چەند پەیڤێک لە یەکی ئایاردا

0

وەلید محەمەد

ساڵانە بە بۆنەی یەکی ئایار، ڕۆژی هاوپشتی و پشتگیری چینی کرێکارانی جیهان، لایەنە چەپەکانی هەرێمی کوردستان، بەیاننامە بڵاودەکەنەوەو باس لە خەبات و تێکۆشانی کرێکاران دەکەن و پشتیوانی خۆیان بۆ باشکردنی بژێوی کرێکاران و ڕەنجدەر و هەژارانی کوردستان دووپات دەکەنەوە و خۆیان بە پێشەنگی ئەو خەباتە دەزانن، بەڵام بەداخەوە زۆرینەی سەرکردەی ئەو حزبانە بۆ خۆیان ژیانێکی شاهانەیان هەیە، منداڵەکانیان لە هیچیان کەم نییە و لە کۆشک و تەلاری ڕازاوەدا دەژین، کەچی فرمێسکی تیمساحاوی هەڵدەڕێژن.

ڕاستییەکەی هیچ پێویست ناکات کە ئەو لایەنانە بەیاننامە بڵاوبکەنەوە و ڕۆژی هاوپشتی کرێکاران بە جەژن وێنا بکەن و خۆیان لەپێش کامێراکان نمایش بکەن، چونکە یەکی ئایار جەژن نییە و ڕۆژی هاوخەباتی و پشتگیری خەباتی چینایەتییە.

ئەو بەناو سەرکردانە لە ڕۆژی یەکی ئایاردا باس لە خەباتی چینی کرێکاران و بژێوی ستەمدیدە و هەژارانی کوردستان دەکەن کەچی خۆیان و منداڵەکانیان لەخۆشترین ژیاندا دەژین و تەنها ئەم ڕۆژە بۆ خۆدەوڵەمەندکردن و پارێزگاریکردن لەژیانی شاهانەیان بەکاریدەهێنن.

واتە ئەوان خۆیان بەشێکن لەو ستەم و زۆردارییەی کە بەرانبەر چینی کرێکار و هەژارانی کوردستان دەکرێ. ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە هۆپ لەو لایەن و سەرکردانە بکرێ و داوایان لێ بکرێ یان بگەڕێنەوە ڕیزی چینایەتی و بەکردەوە پشتگیری کرێکاران و ڕەنجدەران بکەن یان چیتر چەواشەکاری نەکەن و خۆیان وەک پێشەنگ و ڕێبەری خەباتی چینایەتی پێشان نەدەن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.