سەرگەردانی سیاسی یان تێکۆشانی چینایەتی

0
ئاوات (عبدالرحمن رسول)
ئەم جارەیان لەهەبوونی چەند هەواڵێکەوە دەچینە ناو باسکردنی بابەتەکەمان کرێکارێکی پاککەرەوەی لەبەردەم کامیرەی تەلەفیزیۆنەکاندا فرمێسک بەچاویدا دێتەخوارێ و دەڵێت پارەی کڕینی ژەمێک گۆشتم نییە دواتر لەکەناڵێکی تر کرێکارێکی تر دەڵێت بەهۆی پێ نەدانی هەقدەستی مانگانەوە، سێ مانگە پارەی کرێ خانووم نەداوە و خاوەن خانووێکە پێی گوتم پارەی کرێی خانووم پێبدە یان بڕۆ دەرەوە لەخانووەەم ،دواتر لەکەناڵێکی تر دەبیندرێت زڕدایکێک مناڵێکی سەربڕیووە دواتر باسی هەواڵی دواتر دەکات کە ژنێک کوژراوە ،لەکەناڵێکی تر باسی مردنی دیسان خانەنیشن دەکات لەکاتی وەرگرتنی موچەکەی دا بەهۆی زۆری خەڵک و خەراپی لەکارگێڕی دابەشکاری دا .
لەکاناڵێکی تر ژنێکی تەمەن ٩٤ ساڵی ئۆکراینی لە دراوسێکەی دەپرسێت: جەنگ کۆتایی هاتووە کاتێک پێی دەڵێن کۆتایی نەهاتووە، دەست بە گریان دەکات لەبەرئەوەی ئەو پێی وایە جەنگ کۆتایی هاتووە چیتر خەڵک ئاوارە و ناکوژرێت.
ئەو ژنە دوای ماوەیەک لە دیارنەمانی لەو شوێنەی خۆی حەشاردابوو چووەتە دەرەوە و دراوسێکەشی ئەو خواردنەی پێدەدات کە پێی دراوە، هەرچەندە ژنە تەمەن ٩٤ساڵەکە خواردنەکە رەتدەکاتەوە، بەڵام دراوسێکەی سوورە لەسەر پێدانی خواردنەکە خواردنەکەی پێدەدات ئەم هەواڵە زۆریک لەتەلەفیزیۆن و ڕادیۆ وڕۆژنامەکاندا بڵاو کرایەوە.
لەوڵاتی ئۆکرانیا لەدوایی دامەزراندنی دەوڵەت وسەر بەخۆی بەدەستهێنانی خەڵکی ئۆکرانیا گوێ بیستی ئەم جۆرە هەواڵانە و چەندین هەواڵی ناخوش وناخه هەژێنی وەک بەکۆمەڵ کوشتن و وێران کردنی باخچە و قوتابخانە و خانوو پرد و ڕێگاکان و شوێنە گشتی یەکان لەجیاتی بەردەوامی دانی خوێندن بەڵام مامۆستایان وقوتابیان ئاوارەدەبن و نەخوشی بەساڵاچوو و نەخۆشی نەخۆشخانەکان بەناچاری ئاوارەدەبن .
لەکوردستانیش گوێ بیستی هەواڵی زۆر ناخ هەژێنی وەک گیان لەدەستدانی خانە نشینان لەکاتی وەرگرتنی موچەی خانەنیشیان دەبین کە پاش لێبڕین و دواکەوتن ئەو مرۆڤە بەساڵاچاوانە لە کاتی وەرگرتنی موچەکانیان بەهۆی زۆری خەڵک و دواکەوتنی موچە و خەراپی دەستەی گارگێڕی دابەشکاری موچەوە گیان لەدەست دەدەن.
لەوەش پڕتراژیدی تر ئەوەیە دەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەر زۆر بێبکانە لەجیاتی چارەسەر بۆئەوەی لەکاتی خۆیدا و باشتر موچەکانیان پێبدات ، دەچێتە ئوتۆمبیلی فیریاکەوتن و ئیسعاف ڕەوانەی شوێنی دابەشکردنی موچەی خانەنشینی دەکات،لەمەش وێرانتر ئەوەیە خەڵک بەگشتی و ڕاگەیاندنەکانی کوردستان بەتایبەتی تەنها وەک گوێ بیستی هەواڵێکی ڕۆژانە سەیری ئەم ڕووداوە مەرگە ساته دەکەن،لەوەش کارەسات تر ئەوەیە شەقامەکان بێ دەنگن لەئاست ئەم هەواڵە پڕ مەرگەساتانە وخەم هێنەرەدا .
ئەم جۆرە ڕووداوانە تەنها دەبنە گەرمە هەواڵی ڕاگەیاندنەکان بۆ ڕاکێشانی بینەری زیاتریان نەک هاندانی خەڵک بۆ بەگژداچوونەوەی تاوان و هۆکاری خوڵقێنەری ئەم جۆرە تاوانانە.
لەڕاگەیاندنەکانی کوردستانەوە ئەم هەواڵە وڕووداوانە زۆر ئاسایی تێدەپەڕێت بەبێ جوڵەی شۆڕشگێڕی سەرشەقامەکان .
هەروەک درێژەدانی بەهەواڵەکانی ژن کوشتن و خۆکوشتن و سووتاندن و سەربڕینەکانی تر لەگەڵ هەبوونی بەناو حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی لیبراڵ و ئیسلامی و هەبوونی بەناو چەندین ڕێکخراو و حیزبی شیوعی و کۆمۆنیستی بەناوی جیاوازەوە ئەمە نیشانەی هەبوونی سەرگەردانی سیاسی یە چونکە سەرجەم جوڵەشۆڕگێڕە چینایەتی یە جەماوەری یەکان خامۆشن لەناو بەرژەوەندی زاڵبوونی خۆپەرستی و حیزبایەتی ئیرادەیان تێکشکاوە وزیاتریش بە بەرنامەی دەسەڵاتی چەوسێنەر ئیرادەی مرۆڤە هەژارو کرێکارەکان تێکدەشکێندرێت و هاندەدرێن کە لەسەر کەناڵە تەلەفیزیۆنەکان بگیرێن و پاڕێنەوە دواتر بەناوی گرووپ و ڕێکخراوی خێرخوازی یەوە خێریان پێبکەن،
لەکاتێکدا سەرجەم پارەی ڕێکخراو و گرووپە خێرخوازەکان پارەی دزراوی خەڵکە دواتر وەک خێرو سەدەقە بەخەڵک دەدرێت ئەمە دەرئەنجامی هەبوونی دەسەڵاتێکی کۆنەخوازی چەوسێنەرە کە جۆرە ئۆپۆزیسیۆنێکی تێکشکاو و بێ هەرجوڵەیەکی شۆڕشگێڕی وبەدەر لەبەرژەوەندی چینایەتی چینی کرێکارو چەوساوەکان بەرهەم هاتووە لەبەرئەوەی لەپاشخان و هێلکەدانی هەمان سیستەمی کۆنەخوازو چەوسێنەرەوە دەیەوێت نەشونمایی بانگەشەی ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆیان بکەن.
ئەوەی لەکوردستان ڕوودەدات جیاکراوەنییە لە سیستەمی زاڵمانی سەرمایەداری جیهانی ،کە چۆن خەڵکی ئۆکرانی و ڕووسیا باجی هەبوونی دەسەڵاتێکی چەوسێنەروزاڵم دەدەن لەدوایی هەبوونی چەند هەڵبژاردنی پەرلەمانی تووشی ئاوارەیی وکۆمەڵکوژی و شەڕ بوون ،وێڕای هەبوونی بێکاری و هەژاری و بێخانەلانەیی ئەوا لەکوردستان و عێراق و ئێران و تورکیاش گیرۆدەی قەیران وکێشەی هەبوونی بێکاری و هەژاری برسێتی بەشیدەدتربوونەتەوە.
هەموو ئەمانەش کە بەرهەمی سیستەمی سەرمایەداری یە کە بەناوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و دیموکراسی یەوە خەڵکی گیرۆدەی ئەم شەڕوئاوارەیی وبێکاری وهەژاری وبرسێتی و ناخۆشی یەکردووە لەپێناوی بەدەست هێنانی قازانجی ماددی و زالبوونی دەسەڵاتی سیاسی دا.لەلایەک دەوڵەتی ڕووسیا فاشیزمانە هێرش دەکاتەسەر ئۆکرانیا بەرەدەوامە لەم قەسابخانە جەنگی یە لەلایەکی تریشەوە دەوڵەتانی بانگەشەکەری دیموکراسی وەک نەتەوەیەکگرتووەکان ویەکێتی ئەوروپا بێ هەڵویستن لەئاست گەشەدان بەئاشتی دا بەردەوام بەشێکبوون لەگەشەدانی شەڕ لەپێناوی بەرژەوەندی سەرمایەداریی خۆیان .
بابەتی ئێمە زیاتر قسەکردنە لەجەنگ وهۆکاری جەنگ نیە بەڵکو قسە کردنە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یە کە بەهیچ جۆرێک ناتوانێت ببێتە ئەلگویەک و سەکۆیەک بۆ هێنانەدی مافەکانی چینی کرێکارو چەوساوەکانی کۆمەڵگا .کە هەرگیز ناتوانێت چارەسەری قەیران و کێشەکانی کۆمەڵگا بکات خەباتی پەرلەمانی .
لەبەرئەوەی ئەو جۆرە هەڵبژاردنە لەواقیعدا بەئامانجی چارەسەر کردنی کێشەوقەیرانەکانی خەڵکی بەگشتی و خەڵکی کرێکارو زەحەتکێش وهەژار نی یە بەڵکو زیاتر بە ئامانجی بۆیاخکردن و ڕوپۆشکردنی هەمان سیستەم و دەسەڵاتی خوڵقێنەری کێشە وقەیرانەکانی خەڵکە. کە گەشەدانە بە جیاوازی یە چینایەتی یەکان.
بۆ زیاتر تێگەیشتن باشترە باسی وڵاتی فەرەنسا بکەین:
ڕۆژی یەکشەممەی ٢٤-٤-٢٠٢٣ لە هەڵبژاردنی دەوری دووهەم لە فەرانسە ”ماکرۆن” بە %٥٨ دەنگەکان بە سەر ”مارین لۆپێن” کە %٤٢ی دەنگەکان هێنا سەرکەوت و بۆجاری دووهەم وبۆ پێنج ساڵی دیکەش بۆوە بە سەرۆک کۆماری فەرانسە.
خەڵک یان دەبوا دەنگ بدەن بە ماکرۆن،یان دەنگ بدەن بە لۆپێن و یان هەر دەنگیان نەدابا.
لە هەموو خەڵکیش ڕوون بوو کە ماکڕون کێیە چۆن پشتیوانی سەرمایەدارو بازرگان وپارەدارەکانی وڵاتی فەرەنسا دەکات کە چۆن لەساڵانی سەرۆکایەتی دا هەوڵی دەدا چەند یاسایەک لەدژی خانەنشینان و کرێکاران و خەڵکی لەئاست مام ناوەند دەربکات . بەئاشکرا هەوڵی دەدا کە تەمەنی خانەنشینکردن گۆڕانکاری تێدا بکات بۆئەوەی کرێکارو فەرمانبەران زیاتر کاربکەن دواتر خانەنشین بکرێن ئەمەش ڕاستەوخۆ لێدانە لەبەرژەوەندی کرێکاران و پشتیوانی یە لەخاوەن کۆمپانیاکان بۆئەوەی زیاترپارە بەدەستبهێنن .
هەروەها سەبارەت بە مارین لۆپێن یش! هەموو خەڵک دەزانێت لۆپێن ڕاستوخۆ بەرگری لەگەشەدانی رەگەزپەرەستی و ناسیۆنالیستی دەکات زۆر ڕاشکاوانە دژایەتی هەبوونی پەنابەران دەکات لەفەرەنسا ، تەنیا بیر لە رەگەزی فەرەنسایی دەکاتەوە و دژایەتی ناتۆیە و باوەڕیشی بە ئۆرووپای یەکگرتوو نییە. پارەشی بۆ ڕیکلامی هەڵبژاردنی حیزبەکەی لە بانکەکانی ڕووسیای وەرگرتووە.
بەگشتی خەڵک ماکرۆنیش دەناسن کە خاوەنی کەسایەتێکی لیبراڵ -دیموکراتە، هەر وەک دیارە پشتیوانی زیاتر لەسسەرمایەدارە ملیۆنەرەکان دەکات بەناوی نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی ”فەرەنسە” وە، باوەڕی بە فەرانسەیەکی بە هێزی ئابووری هەیە لەهەمانکاتیشدا پێشیوایە ئەوە لە ڕێگەی ئۆرووپایەکی بەهێز و یەکگرتوو و هەروەها ;ناتۆیەکی بە هێز بەدی دەێت .ئەگەرچی لەژێریشەوە پەیوەندی یەکانی لەگەڵ ڕووسیادا درێژە پێدەدات ناڕاستەوخۆ .
ئەوا ئەم جارەش ماکرۆن توانی سەرکەوتوو بوو بەپشتیوانی ڕاستەوخۆی حیزبە چەپ و کۆمۆنیست و کرێکاری یەکانی فەرەنسا.
دەرئەنجام داهاتوویی فەرەنسا تووشی چەند قەیرانی نوێ تر دەبێتەوە کە بۆ ماکرۆن زۆر قورس و پڕ سەر ئێشە دەبێت .لەلایەک سەرمایەدارو ملیۆنەرەکان فشاربۆسەر ماکرۆن دەهێنن کە ئەو بڕیاروبەڵێن وهەنگاوانەی ڕابردوو کاری لەسەرکردووە کە ئەوانیش زیاد کردنی باج لەسەر چینی ناوەندو دەستکاری کردنی تەمەنی خانەنشینکردن و چەندین هەنگاوی تر لەلایەکی تریشەوە فشاری هێزەچەپ و حیزبە کۆمۆنیست و کرێکاری یەکان کە لەکاتی هەڵبژاردن بەڵێنیان بەخەڵکی کرێکاروزەحمەتکێش دەدا بۆ باشتر کردنی ژیانیان دواتریش بانگەوازیان کرد کە خەڵک دەنگ بدەن بە ماکرۆن ئەمەش بۆ فشارێکی زۆر جدی دەبێت بۆسەر حکومەتی نوێ فەرەنسا .
لەبەرئەوەی بەهەموو پێوەرەکان وتوێژینەوەکان ڕەوتی بزوتنەوەی گەشەی چینایەتی لەڕووی جەماوەری یەوە بەرەو هەڵکشان چووە ،ئەگەر بێ عاقڵی و سەرگەردنی حیزبە چەپ وکۆمۆنست وکرێکاری یەکانی فەرەنسا نەبایە ئەوان بەیەکەوە یەک کاندیدیان هەبایە بەیەکەوە دەنگیان بۆ میلانشۆ دابایە ،بەدڵنییایی سەرکەوتوو دەبوون لەم هڵبژاردنەدا چەپەکان دەیانتوانی حکومەتێکی بەهێز دروست بکەن و ئاراستەی داهاتوو فەرەنسا بەرەو نوێتر وباشتر لەهێنانەدی ماف وئازادی یەکان وەربچەرغێنن بەڵام بەم کەلەڕەقی و خۆپەرستی یەی حیزبایەتیان ئەنجامەکان بەجۆرێکی تر دەرچوون .
هەر بۆیە داهاتووی فەرەنسا ڕوبەڕوویی گەشەی ناڕەزایەتی جۆراو جۆرو بزوتنەوەی جەماوەری چینایەتی دەبێتەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی گەورەو بەهێز ئەگەری هەیە لەشارەکاندا.
دەرئەنجامی ئەم باسە :
ڕێگای ڕزگاری کۆمەڵگا هیچ پەیوەندی نیە بە تێکۆشانی پەرلەمانی ،ئەبینین لەکوردستان و عێراق و ئێران وتورکیا و فەرەنسا و ئۆکرانیا و وڵاتانی تر دوایی چەندین هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڵام کۆمەڵگا بەردەوام دەرگیرە بە گەشەدانی قەیران وکێشەکانی بێکاری وئاوارەیی و شەڕو هەژاری وبرسێتی زیاتر و زۆرتری بەردەوام .کاتێکیش هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام دەدرێت زیاتر بۆ ڕوپۆشکردنی هەمان سیستەم ودەسەڵاتی کۆنەخوازوچەوسێنەرە کە زیاتر جیاوازی چینایەتی و هەژاری وبێکاری و دزی و گەندەڵی بەرهەم دەهێنێتەوە .
کەوایە ڕێگای دروستی ئینسانی ئەوەیە دوور بکەوینەوە لەخەبات و تێکوشانی کلاسیکی و محافیزکاری و حیزب پەرستی چونکە دیسان کۆمەڵگا ڕاپیچی ململانێی گۆشەگیری و جوڵە تێکشکێنەری ئیرادەی ئینسانی دەکات .دەرئەنجامی ئەم جۆرە تێکۆشانەیە نووسینگە و بارەگا حیزبی یە بەناو کۆمۆنیستی و شیوعی و کرێکاری یەکان تەنها بوونە شوێنێک بۆ قاوە خواردنەوەو گێڕانەوەی چیرۆکی پاڵەوانێتی ڕابردوویی سەرکردەکانی حیزب کەدواتر لەلایەک دەبێتە کاریگەری داهێنانی ئەندێشەوخەیاڵات وبیرکردنەوەی ئەفسانەیی بۆ گوێگران وخوێنەرانی چیرۆکەکانی حیزبەکانیان ولایەکی تریشەوە زیاتر ئەو دیمەن وێنانە هیچ ڕاچڵەکێین و جوڵەیەکی شۆڕشگێڕی ناخوڵقێنێت کە لەشاشەی تەلەفیزیۆنەکانەوە گوێ بیستی دەبێت وسەیری دەکات کەدەبینێت چەند کرێکار بەهۆی نەدانی هەقدەستەکانیانەوە فرمێسک بەچاوەکانیانەوە دێتەخوارێ و باسی نەدانی کرێ خانووو نەبوونی جل بەرگ و نەخواردنی گۆشت و جیابوونەوە لەژنەکەی دەکات دواتر گوێ بیستی هەواڵی خۆکوشتن و ژن کوشتن و سووتان و خانەنیشن مردن لەکاتی وەرگرتنی موچەکان دەبنەوە.
بۆ بەیانی کادرو ئەندامانی هەمان حیزب و ڕێکخراوی چەپ و کۆمۆنیست وشیوعی یەکان دیسان دەچنەوە نووسینگە و بارەگاکانیان بۆ چا و قاوە خواردنەوە و گێڕانەوە و خوێندنەوەی چیرۆکەکانی ئەفسانەی حیزبەکەیان کە ئێوارەش دەگەڕێنەوە دیسان هەمان هەواڵی دوێنی و پێری ومانگی و ساڵی ڕابردوو ناخ هەژێن دەبیستنەوە وسەیر دەکەن ئەمەیە سەرگەردانی سیاسی حیزب و ڕێکخراوە کۆمۆنیست و شیوعی و چەپەکانە کە بۆیە ناتوانن خۆیان نوێ بکەنەوە و هەنگاو بەرەو نوێ بوونەوە بنێن .
لەکاتێکدا هەریەکەیان دەنووسن کرێکارانی جیهان یەکگرن لەهەمان کاتدا خۆیان لەدۆڵ وشیوێکدان و خەڵکی کرێکار وزەحمەتکێشیش لە دۆڵ وشیوێکی تردایە لەلایەک و لەلایەکی تریش هەریەکە لەم گرووپ و ڕێکخراو کۆمۆنیست وشیوعی یانە بەجۆرێک پەرتەوازەن کە خۆشیان تووشی شۆکێکی بێ ئاگایی کپکراوبوون.
٭دوا بزماری چارەسەر :
ئەگەر خەڵکی ناڕازی ڕاستگۆیانە پشتیوانی بکەن لە هێنانەدی ماف و خواست وداواکاری یە ڕەواکانی کرێکاران و بێکاران و برسی وهەژارانی کۆمەڵگا ئەوا دەتوانن کۆمەڵگایەکی نوێ ترو باشتر بەدی بهێنن.
هیچ خۆپیشاندان وناڕەزایەتێکی خەڵک بەبێ ڕێکخراو بوون لەناو بزوتنەوەی جەماوەری چینایەتی دا سەرکەوتوونابێت،حیزبەکان هێزی بێ ئومێدکردن و چمانەوەی زیاتری خەڵکی کۆمەڵگەن لەبەردەم یاسا و سیستەمی چەوسانەوەودزی و گەندەڵیدا. پێویستە ئەمەبکۆڕدرێت بە هێزی گەڕانەوەی ئیردەی تێکۆشانی شۆڕگێڕی لەناو بزوتنەوەی جەماوەری چینایەتی دا بەئاراستەی ڕێکخراوکردنی ناڕەزایەتی یەکان بۆ گەشەدانی بزوتنەوەی جەماوەری شورایی بەیەکەوە هەموومان بەیەک دەست ڕابەربین بۆ هێنانەدی ئیدارەدانی شورایی …
٭تێ بی نی :ئەم بابەتە بڵاوکراوەتەوە لە ١ی ئایاری ٢٠٢٢ لەڕۆژنامەو بڵاوکراوەی بۆپێشەوە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.