حزبی کۆمۆنیستی ئێران نامەیەکی کراوە بۆ (ئیبڕاهیم عەلیزادە) دەنێرێت

0
ئەوەی خوارەوە دەقی نامەکەیە :
نامەی سەرئاواڵە بۆ ئیبڕاهیم عەلیزادە
سێشەممە ۱۳-۰۲-۱۴۰۱ | 03-05-2022
شەیر
وێڕای سڵاو!
پەیامەکانی پڕ لە هەڕەشەی ئێوەمان لەلایەن نوێنەرەکەتان جەماڵ بۆزۆرگپوور، بەرپرسی دەبیرخانە، لەڕێکەوتی ٢٥ی ئەپریلدا بەشێوەی زارەکی پێ گەیشت.
بەپێی ئەزموون و زانیارییەک کە لەسەر ئێوە و پێگەی تایبەتیتان وەک ”دەبیری ئەوەڵ” هەمانە، لەم دەورەی دواییەشدا هۆکاری سەرەکیی تەسفییەی سیاسی نەیاران لە ئۆرگانە حیزبییەکان، ئاکاری تێکدەرانەی ناوخۆیی تەشیکیلات و سەرەنجام ڕێکخستنی کۆنگرەی جناحی کۆمەڵە و ڕێگریکردن لە بەشداری گشت ئەندامانی باڵی چەپ لەو کۆنگرەیە و مسۆگەر کردنی جیابوونەوە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی، بە ئاکامی پیلان و نەخشەی داڕێژراوی هەنگاو بە هەنگاوی شەخسی ئێوە دەزانین.
لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە حاڵێکدا کە ئێمە باسمان لە پێکەوەژیانی دیموکراتیکی دوو باڵی حیزب دەکرد و جەختمان دەکردەوە کە هەر دوو باڵ دەبێت بەنیسبەتی قورساییەک کە هەیانە لە کۆنگرەکانی حیزب و کۆمەڵەدا بەشدار بن و بەنیسبەتی قورساییان لە ئۆرگانەکانی ڕێبەری و ڕێکخراوەییدا بەشداری بکەن و بەشێوەی هاوبەش چالاکییەکانی حیزب بەڕێوەبەرن، ئێوە لەژێرناوی ئەوەکە جناحبەندی بە فەرمی ناناسن، نەخشەیەکی قۆناغ بە قۆناغ و بەپێچەوانەی پرەنسیپەکانی ئەساسنامەتان بۆ تەسفییە و پاکتاوکردنی باڵی چەپ و داگیرکردنی ئۆرگانە تەشکیلاتییەکان بەکردەوە دەرهێنا.
لەم نامە سەرئاواڵەدا ڕووی قسەمان لە تۆیە بەهۆی ئەوەکە بۆ ئێمە ڕوون و ئاشکرایە کە تەنیا تۆ دەتوانی ئەمجۆرە بڕیار و فەرمانانە دەربکەی و جێبەجێ بکرێت. بێگومان ئەمجۆرە هەڕەشانە لەدرێژەی سیاسەتی داسەپاندنی گوشار و زەختی زیاتر بۆسەر ئێمە وەک نەیاری سیاسی بەئامانجی ڕێگریکردن لە چالاکیی کۆمۆنیستی و بەهرەمەندبوونمانە لە ئۆردووگا و ئیمکاناتی پێویست لەم بوارەدا.
بەکورتی دوایین پەیام و ئۆڵتیماتۆمی ئێوە بۆ ئێمە،ئەم چەند خاڵە بوو:
١ . “بەرلە هەموو شتێک ئێوە نابێت لە ئۆردووگا بمێننەوە و دەبێت بڕۆنە شوێنێکی تر.”
٢ . “هاتنی ئەندامان و پێشمەرگەکانی ڕێکخراوی ئێوە بۆ ئۆردووگای زڕگوێز مەمنووعە و بە هیچ کەس بەهەر پێشینە و پێگەیەکی حیزبیەوە رێگەیان پێینادەین بێننە ناو ئۆردووگا.”
٣ . ” هاوڕێیانی ئێستای دانیشتووی ئۆردووگاش لە ئەگەری سەفەرکردنیان بۆ دەرەوە و گەڕانەوەی دووبارەیان بۆ کوردستان ڕێگەی هاتنە ژوورەوەیان پێ نادرێت”.
٤ . “مافی نیشتەجی بوون بۆ کەسانێک کە لە باری سیاسییەوە لایەنگری ئێوەن و دانیشتووی سلێمانین، وەرناگرین و لە حکوومەتی هەرێم داوای درێژکردنەوەی مۆڵەتی ئیقامەکەیان ناکەین.”
٥ . “یەکێک لەو ماڵانەی کە پێشمەرگەیەکی ئێوەی تێدایە، لێتانی وەردەگرینەوە.”
دەرکردنی ئەم فەرمانانە لەلایەن ئێوەوە لەحاڵێکدایە کە پاش ڕوودانی جودایی، ئێمە پێداگریمان لەسەر ئەوە کرد کە بەشێوەی شارستانییانە و هاوڕێیانە، دوو لێژنە دیاری بکەین تا ڕاستەوخۆ و بەبێ نێوبژیوان لەسەر هەموو پرسەکانی پێوەندیدار بە جودایی و لەوانە دابەشکردنی ئیمکاناتی تەشکیلات گفتوگۆ بکەین.
چونکە هەموو ئەمواڵ و داراییەکان و لەوانە ئۆردووگاش، بەرهەمی چالاکیی هاوبەشی هەموومانە و ئێمەش بەش بەحاڵی خۆمان کەڵک وەرگرتن لە ئۆردووگا و داراییەکانی ڕێکخراوەکەمان بۆ بەرەوپێشبردنی ئەرک و خەباتمان بە مافی ڕەوای خۆمان دەزانین. ئێمە ڕامانگەیاند کە بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکتر دەتوانین هەر لایەنێک لە بەشێک لە ئۆردووگا جێگیر بین و درێژە بە چالاکیمان بدەین. ئۆردوگایەک کە جێگای چەند هێندەی دانیشتووانی ئێستای هەیە.
بەڵام لەبەرامبەردا ئێوە چوونەدەرەوەی ئێمە لە ئۆردووگاتان کردە پێشمەرجی هەر گفتوگۆیەک و بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوانمان، ئێمەتان حەواڵەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد. ئەم کارە بەکردەوە ئەنجام درا. بەڵام بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم لە ناوچەکە سەرەڕای بەڕەسمی ناسینی مافی ئێمە بۆ مانەوە لە ئۆردووگا و ئەنجامدانی کارێکی ئیداری، تا ئێستا هەنگاوێکی کردەوەیی دیکەیان لەم بوارەدا هەڵنەگرتووە.
ئێستا پرسیار ئەوەیە، تۆ کە خۆت سوور بووی لەسەر ئەوەیکە مانەوە و یان نەمانەوەی ئێمە لە ئۆردووگا بە بڕیاری بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بسپێرن و خۆتان ئەم پڕۆسەیەتان وەڕێخست، بۆچی چاوەڕوانی بڕیاری ئەوان نابن؟ بۆچی دوای بەڕێوەچوونی گۆنگرەکانی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە شەپۆلێکی دیکەتان لە هەڕەشە و خەت و نیشان کێشان دژبە هاوڕێیانی ئێمە خستۆتە ڕێ؟
ئێوە سەرەڕای هەوڵی هەتا ئێستای ئێمە حازر نەبوون بۆ دابەشکردنی سامان و دارایی حیزب لەگەڵ ئێمە بکەونە وتووێژ. ئێمە بۆ جارێکی دیکە ڕایدەگەیەنین کە سامان و دارایییەک کە بەرهەمی هەوڵ و خەباتی هاوبەشی هەموومان لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەدا بووە، هی هەموومانە، بەڵام ئێوە لە پڕۆسەیەکی چەند ساڵەدا دەستتان بەسەر هەمووی داگرتووە و هەمووتان زەوت کردووە.
گەڕانەوە بۆ سوننەت و نەریتی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەم بوارە و ڕەفتار و مێتۆدی دیموکراتیکی شیاوی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیی ئێران، پێمان دەڵێت کە لە دوای دابڕان و جیا بوونەوە لەناو هەر حیزبێک دا دەبێ گشت سامان و دارایی ئەم حیزبە لەنێوان دوو لایەندا دابەش بکرێت. بەڵام ئێوە بەشێوەی یەکجار نادیموکراتی و پاوانخوازانە بەو خەیاڵەوە کە دەتوانن لە درێژەی کار و چالاکیمان ڕێگری بکەن، دەستتان بەسەر هەموو داراییەکانی ئەم حیزبەداگرتووە.
لە کاتێکدا کە هێشتا ئۆردووگا دابەش نەکراوە، ئێوە فەرمانی قەدەغەکردنی هاتنەژووری هاوڕێیانێک بۆ ئۆردووگا دەردەکەن کە زیاتر لە چل ساڵە پێ بە پێی ئێوە خەباتیان کردووە.
چوار مانگ پاش جیابوونەوە، ئێستاش بێجگە لە دابەش نەکردنی ئۆردووگا، لە دابەش کردنی ئیمکاناتی دیکەی حیزبی (بەڵگە ئەرشیڤ­کراوەکان، سامان و دارایی و کەلوپەلی نیزامی) خۆدەپارێزن.
فەرمانی قەدەغەکردنی هاتنەژووری ئۆردووگا بۆ کەسانێک دەردەکەی کە خۆیان لە دامەزرێنەران و خاوەنانی ئۆردووگا بوون و ساڵەها بەڕێوەیان بردووە.
لەماوەی ئەم چوار مانگەدا هاوڕێیانی ئێمەت خستووەتە ژێر گوشار و ئاستەنگی ئیمکاناتی بژێو و گوزەران؛ ئینترنتت لێبڕیون؛ ئیزنی هاتووچۆ و هەڵسووکەوتی ناو ئۆردووگات لێ بەرتەسک کردوونەوە؛ لەحاڵێکدا بەقسە، باس لە یەکسانی و ئەخلاقی سیاسی و شۆڕشگێڕانە دەکەیت کە خۆت لە هەموو ئیمکاناتی تەشکیلات بەهرەمەندی، بەڵام هاوڕێیانی حیزبی چل ساڵە و کادرە ناسراوەکانی ڕێبەریی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە سەرەڕای مەترسیی ئەمنییەتی لە ناوچەکە، بە ئۆتۆمبێلی کرێ هاتووچۆ دەکەن.
ئێستا کە تۆ وەها ئینشعاب و جیابوونەیەکی ڕێکخراو و سازمان دراوت بەسەر حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە و هەموو ئەو مرۆڤانەدا سەپاندووە کە دڵیان بۆ بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لێ­دەدات، ئێمە پێداگرتر لە ڕابردوو پێبەند بە درێژەی خەباتمان لەپێناو وەدیهاتنی بەرنامە و ستراتێژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەین.
دەبێ بزانن کە هەڕەشەی دیکتەکراوی “دەبێ ئۆردووگا جێ بهێڵن” و ناردنی بۆ ئێمە بەهۆی نوێنەر و بەرپرسی دەبیرخانەکەتان و کەسانی دیکە بە هیچ کوێ ناگات و ئێوە نین کە چارەنووسی ئێمە و ئۆردووگا دیاری دەکەن. دڵنیا بن کە بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێران و کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانیش کە کۆمەڵەیان بە ئیعتباری ڕەوتێکی کۆمۆنیست لە داوێنی خۆیاندا پەروەردە کردووە لەم ڕەفتارە پاوانخوازانەیەی ئێوە خۆش نابن.
کەوایە لە وڵام بە هەڕەشەکانتان جارێکی دیکە پێداگری دەکەینەوە کە ئێمە شەخسی تۆ، بە بەرپرسی ڕاستەوخۆی ئەگەری پێکهاتنی هەرجۆرە ئاژاوە و نائەمنی و ئاکامەکانی لە ئۆردووگا دەزانین.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٠ی گوڵانی ١٤٠١
٣٠ی ئەپریلی ٢٠٢٢
وەرگیراو له ماڵپەری کۆمەڵە- رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
Leave A Reply

Your email address will not be published.