دەیان هەزار مامۆستا دژ بە کەمی مووچە، بارودۆخی نەخوازراوی کارکردنی نێو خوێندنگاکان دەستیان دایە مانگرتن و رێپێوان

0
ئەڵتەرناتیڤی شورایی :
کامەران ئەحمەد 
سەرباری داخوازی حکومەت بۆ ئەنجام نەدانی چالاکییەکان ، سەرجەم مامۆستایان لە (NSW) سیدنی لە ڕۆژی ٣ی مەی ٢٠٢٢ بۆ جاری دووەم لە ماوەی شەش مانگدا دەستیان دایەوە مانگرتن و ڕێپێوان.
مامۆستایانی خۆپیشاندەر سەرەتا لە (Sydney’s Hyde Park ) گردبوونەوە، پێش ئەوەی بە ڕێپێوان بەرەو شەقامی (Macquarie) بەڕێبکەون. هەروەها ناڕەزایەتی هاوشێوەش لە چەند ناوچەی تری وەک (Dubbo) ، (Taree)، (Wagga Wagga) ئەنجام دران
حکومەت پێ‌ی وایە دانیشتنەکان لەسەر زیادکردنی مووچە دوابخرێن تاکو دەستخستنی میزانیەی نوێ لە مانگی داهاتوو هەربۆیە داوای لە مامۆستایان کرد چالاکیەکانیان تا ئەو کاتانە دوابخەن.
بەڵام فیدراسیۆنی مامۆستایان پێیان وایە حکومەت هەمیشە کاتی گونجاوی لەبەردەستدا بووە و لەبەردەستدایە بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی سەر مووچە، جگە لەوەی لە مانگی فێبریوەرییەوە لە دانوستاندان و بە دەرئەنجامێک نەگەیشتوون.
ئەگەرچی فیدراسیۆنی مامۆستایان پێشتر لەسەر ئەنجامنەدانی مانگرتن و ڕێپێوان هیچ جۆرە ڕاپرسییەکی لە نێو مامۆستایاندا ئەنجام نەداوەو سەربەخۆیانە ئەو کارەیان کردووە.
بەڵام ڕەزامەندی لەسەر دواین چالاکی تەنها لە ترسی لەدەستدەرچوونی ناڕەزایەتی و تووڕەییەکانی مامۆستایان بەڕێوە چووە پاش ئەوەی ژمارەیەکی زۆری مامۆستایان ڕایانگەیاند چیتر ئامادەی پێشوازیکردن لە بەرپرسە حکومەییەکان لە ناوەندەکانی خوێندندا نین.
ئەم ناڕەزایەتییانەی مامۆستایان لە جەرگەی هەلومەرجی ڕوولەسەری بزووتنەویەکی کرێکاری بەڕێوە ئەچێت، کە پەرستاران، کرێکاران و کارمەندانی تەندروستی و چاودێری بەساڵاچووان بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیان و کاریان ماوەیەکە خەباتی بۆ ئەکەن.
ناڕەزایەتییەکە بە بەشداری زیاد لە ٢٠ هەزار خۆپیشاندەر بەڕێوەچوو، قوتابخانەکان بە لافیتەو ناوی خۆیانەوە بەشداری ڕێپێوانەکان بوون، بەشداریی چەند ناوچەی ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوای سیدنی کە زۆرترین ڕێژەی کرێکاران تیایدا نیشتەجێن، چالاکانەو بەرچاوبوون، و ڕایگەیاند:
دواین جار ئەو بڕیارو چالاکییەی ئەبوو زووتر ئەنجام بدرایە بۆی هاتنە سەرشەقام و مەیدان.
لەکاتی گەیشتینان بە پەرلەمان خۆپیشاندەران دلێرانەو دەنگ بەرزانەتر چەند شیعاری سەرکۆنەکردنی حکومەت و داخوازی زیادکردنی ژمارەی مامۆستایان و کارمەندان، و پێدانی مووچەیەکی شیاوتریان ئەوتەوە.
ڕێژەی هەڵئاوسان گەیشتووەتە 5.1% و نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان ڕۆژ بە ڕۆژ کێوئاسا لە هەڵکشاندان، حکومەتیش تەنها بە نیازی قەتیسکردنەوەی زیادکردنی مووچەیە بە بڕی 2.5% .
Leave A Reply

Your email address will not be published.