بەلای مالتۆسەوە ژمارەی دانیشتوان خێراتر زیاد دەکات لە بەرهەمهێنان، بۆیە خۆراک بەشی مرۆڤ ناکات و برسێتی دادەکەوێت

0

ئەنوەر نەجمەدین 

مالتۆس ئا بەم چاویلکە ژەنگاویەوە دەکەوێتە ووردبوونەوە لە کۆمەڵگای مۆدێرنی سەرمایەداری و دواین دەرئەنجامیشی دەربارەی ناکۆکی ژمارەی دانیشتوان و ئاستی بەرهەمهێنان، ئەوەیە کە گوایە: پارسەنگ گرتنی نێوان دانیشتوان و پێداویستیە ئینسانیەکان، بە جەنگ و کۆمەڵکوژی دەکرێت. لە بیری برجوازیانەی مالتۆسدا، هێزی دانیشتوان لە وەچەخستنەوەدا گەورەترە لە هێزی زەوی لە بەرهەمهێنانی خۆراکدا. گوایە مرۆڤ هەر ٢٥ ساڵ جارێک، بە زەبتێکی ماتماتیکی بەمجۆرە زیاد دەکات:
٤-٨-١٦-٣٢-٦٤-١٢٨. بەڵام بەرهەمهێنان بەمجۆرە زیاد دەکات: ١٠-٢٠-٣٠-٤٠-٥٠.
بۆیە لەم عەقڵە بەرتەسکەدا دەبێت هێزێکی تر هەبێت کە بە کەم کردنەوەی ڕێژەی زیادبوونی دانیشتوان، پارسەنگ بەم دوو هێزە بگرێتەوە، وەک:
دیاری کردنی ڕێژەی مناڵ بوون (وەک چین کە ئەم مالتۆسیەتە بە سیاسەتی یەک مناڵ پراکتیزە دەکات)، کەم کردنەوەی مووچە بۆ ئەوەی بەرزبوونەوەی ئاستی ژیانی کارگەران هاندەر نەبێت بۆ هاوسەرگیریی بەزوویی، پاشان جەنگ و کۆمەڵکوژی.
بەپێچەوانەی ئابووریی سیاسی برجوازیەوە، سۆشیالیستەکان، بەتایبەت کارل مارکس، لە گەڕاندا بەدوای هۆکار و چارەسەری یاسای دانیشتواندا، لە تاقیگەی مێژووییدا بەو دەرئەنجامە دەگات کە:
برسێتی لە دەوڵەمەندی و سامانداریی جیهانی مۆدێرنی سەرمایەداریەوە دروست دەبێت نەک لە نەبوونی شتومەک و پێداویستیەکاندا.
بەپێی دەرئەنجامە تاقیگەییەکانی کارل مارکس: لە جەمسەرێکی کۆمەڵگادا سەرمایە و سامان کەڵەکە دەبێت و لە جەمسەرەکەی تریدا هەژاری.
قەیرانی ئابووریش هەمیشە دەرئەنجامی زیادەیە لە بەرهەمهێناندا نەک بەپێچەوانەوە. چارەسەریش لە لای سۆشیالیستەکان سیستمێکی بەدیلە نەک ڕێژەی مناڵ بوون و کۆمەڵکوژی، سیستمێک کە تێپەڕی کاری کرێگرتە دەکات.
خۆ ئەگەر بگەڕێینەوە ناو تاقیگە مێژووییەکان: جەنگی ڕوسیا-ئۆکراین وەک نموونە، ئەوا دەبینین خەرجی و وێرانکاریەکانی ئەو جەنگە، دەبێتە شاهیدی مێژوویی مارکس نەک مالتۆس: هەتا ناوەڕاستی مانگی ٤ / ٢٠٢٢، ڕوسیا ڕوژانە ٢٠ ملیار دۆلار خەرج دەکات بۆ جەنگەکەی.
وەزیرێکی ئۆکراینییش گووتی: تا ئێستا ٣٠% ی ژێرخانی ئابوورییمان وێران کراوە کە بە ٥٠٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
هەر تەنها بینا کردنەوەی پرد و بینا و ڕێگاوبان، زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلاری دەوێت. ئەوروپا و ئەمریکایش بۆ خۆشکردنی ئاگرەکە، بە ملیارات دۆلار و بە هەزاران تەن تەقەمەنی فڕێ دەدەنە گڕی جەنگەکەوە. هەر بەو ڕێگایەیش قۆنتەراتی دەیان ساڵیان مسۆگەر کردووە.
ئا ئەو هێزە تەکنۆلۆژی و مرۆیی و داراییەی لەو جەنگەدا بەکاردەهێنرێت، نیشانەی زۆریی سامانی کۆمەڵایەتیە نەک کەمیی سامانی سروشتیی. ئەوەی بەرهەم دەهێنرێت پێداویستیە ئینسانیەکان نین، بەڵکو پێداویستی کۆمەڵکوژی و وێران کردن و گرانی و برسێتی و بۆگەن پێکردنی ژینگەیە.
هەرکاتیش لە تاقیگە مێژووییەکەماندا تێگەیشتین هۆکار چیە، ئەوکاتە بە ئاسانی وەڵامی ئەو پرسیارەیشمان پێدەدرێتەوە:
  • چارەسەر چیە؟
کێ هەیە لەم ڕۆژگارەدا ئەوەی نەبیستبێت کە تەنها سەرمایەی سێ کەس لە سەرمایەدارە گەورەکانی جیهان، بەرابەری بودجەی دەیان ووڵاتی تازەگەشەسەندووە لە جیهاندا؟
ناکۆکی لە یاسای دانیشتواندا دەردێکە لە ئاژاوەی بەرهەمهێنانی نێو بازاڕی ئازادەوە سەرچاوە دەگرێت، چارەسەریشی خۆبەڕێوەبردنە لە سیستمێکی هەرەوەزکاریی کۆمۆنیدا کە تاکە ئەرکی پڕ کردنەوەی پێداویستیە ئینسانیەکان و گەشەی ئازادانەی مرۆڤە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.