نامەى فەرزاد کەمانگەر بۆ قوتابییەکانى

0
بۆ قوتابییەکانم
منداڵان سڵاو :
دڵم بۆ هه‌مووتان ته‌نگ بووه‌، لێره ‌شه‌و و ڕۆژ به ‌یاد و بیروه‌رییه‌کانی ئێوه‌وه‌، شێعری ژیان ده‌هۆنمه‌وه‌، هه‌موو ڕۆژێک له‌ بری ئێوه ‌ڕۆژباش له ‌گه‌ڵ خۆردا ده‌که‌م، له ‌په‌نای ئه‌م دیواره ‌به‌رزانه ‌‌له ‌ته‌ک ئێوه‌دا له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستم، له ‌ته‌ک ئێوه ‌پێده‌که‌نم و له‌ ته‌ک ئێوه‌ش ده‌نووم. بڕه‌ جارێك “شتێک وه‌ک دڵته‌نگی” هه‌موو گیانم داده‌گرێ.
ئای که ‌ده‌کرا‌ وه‌ک جاران ماندوو له‌ گه‌ڕێک که ‌ناوی “گه‌ڕی زانستی”یمان لێنابوو، ماندوو له ‌هه‌موو هه‌راوبه‌زمه‌کان، تۆز و عاره‌قه‌ی ماندوویه‌تیمان به ‌چوونه ‌سه‌ر کانییه ‌ڕوون و بێگه‌رده‌که‌ی گوند له ‌بیر کردبا، خۆزگه ‌وه‌ک جاران ده‌کرا گوێمان به‌”ده‌نگی پێی ئاو” و له‌شمان به‌ لاوانه‌وه‌ی گوڵ و گیا ده‌سپارد و هاوڕێ له ‌گه‌ڵ سێمفۆنیای جوانی سرووشت پۆلی وانه‌مان داده‌نا و کتێبی حه‌سێومان به ‌هه‌موو ونبووه‌کان “مه‌جهووله‌کان” ده‌خسته ‌ژێر به‌ردێک. چوونکه ‌کاتێک بابه ‌نانێکی نییه ‌که‌ بیخاته‌ سه‌ر سفره‌، ئیتر چی ده‌گۆڕدرێ که ‌پی سێ مومه‌یز چوارده‌یه ‌یان سه‌د مومه‌یز چوارده‌یه‌، ده‌رسی “زانسته‌کان”مان به ‌هه‌موو ئاڵووگۆڕە ‌شیمیایی و فیزیکییه‌کانی جیهان ده‌نایه ‌لاوه‌و به ‌هیوای گۆڕانێک له‌ ڕه‌گه‌زی “ئه‌ڤین و مۆعجیزه‌” په‌ڵه‌کانی هه‌ورمان له‌ ئاسمان، وێرای شنه‌ی با ڕه‌وانه ‌ده‌کرد و له‌ چاوه‌ڕوانی ئاڵووگۆڕێک ده‌ماین که ‌کوورشی هاوپۆلی پڕ وزه‌تان له ‌پۆله‌وه ‌نه‌چێته ‌کرێکاری و له ‌مێرمنداڵیدا له ‌سه‌ر بینایه‌کی به‌رزه‌وه‌، هه‌ڵوه‌دا به‌شوێن ناندا، به‌ر نه‌بێته‌وه‌و به ‌یه‌کجاره‌کی به‌جێمان نه‌‌هێڵێ، چاوه‌ڕێی گۆڕانێک که‌ له‌ جێژنی نه‌رۆزدا جووتێک پێڵاوی نوێ و ده‌ستێک جلووبه‌رگی جوان و سفره‌یه‌کی پڕ له ‌نوقڵ و شیرینی بۆ هه‌موومانی به‌دواوه‌ بێت.
ئا‌ی خۆزگه‌ دیسان به ‌دزی و نهێنی و دوور له‌ چاوی چاوه‌دێری تووڕه ‌و تۆسنی قوتابخانه ‌ده‌وره‌ی ئه‌لفووبێی کوردیمان ده‌کرد و به ‌زمانی دایکی بۆ یه‌کتری شێعر و گۆرانیمان ده‌گوت و دواتر ده‌ست له‌ نێو ده‌ستی یه‌کتری هه‌ڵده‌په‌ڕین و هه‌ڵده‌په‌ڕین و هه‌ر هه‌ڵده‌په‌ڕین.
ئا‌ی خۆزگه ‌دیسان له ‌نێو کوڕانی هاوپۆلی، پۆلی یه‌که‌مدا، ده‌بوومه‌ گۆڵچی و ئێوه ‌له ‌بیری ڕۆناڵدۆ بووندا، گوڵتان له ‌مامۆستاکه‌تان ده‌کرد و یه‌کتریتان له ‌ئامێز ده‌گرت، به‌ڵام مه‌خابن نازانن که ‌له ‌وڵاتی ئێمه‌دا، خه‌ونه‌کان و هیواکان پێش له قاپی وێنه‌کانمان تۆزی بیرچوونه‌وه ‌ده‌گرن. ئا‌ی خۆزگه ‌جارێکی دیکه ‌ده‌بوومه‌ ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی بازنه‌ی “مامه‌ی زه‌نجیر هۆنه‌ره‌وه‌” (عمو زنجیرباف)ی پۆلی یه‌که‌می کچانه‌، هه‌ر ئه‌و کچانه‌ی که‌ ساڵانێک دواتر له‌ گۆشه‌ی ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ریه‌کانیاندا ده‌نووسن خۆزگه‌ وه‌ک کچ له ‌دایک نه‌ده‌بووین. ده‌زانم ئێستا گه‌وره‌ن، مێرد ده‌که‌ن به‌ڵام بۆ من هه‌مان فریشته‌ی پاک و بێخه‌وشن که ‌هێشتا “جێگه‌ی ماچی ئاهورا مه‌زدا” به ‌نێوچاوانی جوانییانه‌وه ‌ده‌بیندرێ.
راستی کێ ده‌زانێ که ‌ئه‌گه‌ر ئێوه ‌فریشته‌گه‌لی زاده‌ی هه‌ژاری و ڕه‌نج نه‌بوون، کاغه‌ز به ‌ده‌ست بۆ که‌مپیه‌ینی ژنان واژۆتان کۆ نه‌ده‌کرده‌وه‌، یان ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌م سووچه ‌له ‌خاکی “له‌ بیرکراوه‌ی خودا” له ‌دایک نه‌ده‌بوون، ناچار نه‌بوون له ‌ته‌مه‌نی سێزده‌ساڵیدا به‌ چاوانی پڕ له ‌فرمێسک و خه‌م “بچنه ‌ژێر تۆڕی سپی ژن بوون” و بۆ دواجار ماڵئاوایی له ‌قوتابخانه ‌بکه‌ن و “چیرۆکی تاڵی بوون به‌ ڕه‌گه‌زی دووه‌م” به ‌هه‌موو بوونتانه‌وه ‌ببێته ‌ئه‌زموونتان.
کچانی وڵاتی ئه‌هوورا، کاتێک سبه‌ی ویستان له ‌داوێنی سرووشتدا بۆ منداڵه‌کانتان پونگه ‌بکه‌نن یان له ‌گوڵه ‌وه‌نه‌وشه ‌تاجه ‌گوڵینه‌یه‌کیان بۆ چێ بکه‌ن، ده‌بێ هه‌موو به‌سه‌رهاتی پاکی و شادی سه‌رده‌می زارۆکیتان بۆ وان وه‌گێڕن.
کوڕانی سرووشتی خۆر، ده‌زانم که‌ ئیتر ناتوانن له ‌ته‌ک هاوپۆله‌کانتان دابنیشن، بخوێنن و پێبکه‌نن چوونکه ‌پاش “کاره‌ساتی به ‌پیاوبوون” تازه ‌”خه‌می نان” به‌رۆکتان ده‌گرێ، به‌ڵام له‌ بیر مه‌که‌ن که‌ پشت له‌ شێعر، له‌ گۆرانی، له‌ لایلایه‌کانتان و له ‌خه‌ونه‌کانتان مه‌که‌ن، منداڵانتان فێر بکه‌ن که ‌بۆ وڵاته‌که‌یان بۆ ئیمڕۆ و داهاتوو، ڕۆڵه‌ی ڕه‌گه‌زی “شێعر و باران”بن.
ده‌تانسپێرمه‌ ده‌ستی با و خۆر، هه‌تا سبه‌ینێیه‌کی نه‌ زۆر دوور، وانه‌ی ئه‌ڤین و پاکی بۆ وڵاته‌که‌مان فێر بن.
فەرزاد کەمانگەر
١٩ى خەرمانان
Leave A Reply

Your email address will not be published.