یادی فەرزاد کەمانگەر” و هاوبەندەکانی

0
گوڵاڵە مەعروفی
” شیرین عەلەم هولی”، “فەرهاد وەکیلی”، “عەلی حەیدەریان” و” مێهدی ئیسلامیان” کە ڕژیمی ئیسلامیی، لە بەرەبەیانی ڕۆژی ١٩ی مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٨٩ لە زیندانی ئێوین ئێعدامی کردن.
ئێعدامی جەنایەتکارانەی ئەم تیکوشه رانه لە بارودۆخێکدا بەڕێوەچوو کە شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی لە ئاستی ئێران و جیهان لەدژی حوکمی ئێعدامیان کەتبووە ڕێ.
ئەگەرچی کۆماری ئیسلامیی گوێی نەدایە ئەم ناڕەزایەتیانە، بەڵام لەهەمان ڕۆژی ئێعدام کرانیانەوە کەوتە ترس و وەحشەتی کاردانەوەی خەڵکەوە و پەیکەرەکانیانی قەت نەدایەوە دەست بنەماڵەکانیان. چوار ڕۆژ دوای ئەم ئێعدامانە بوو کە مانگرتنی گشتی خەڵکی کوردستان لە ناڕەزایەتی بە ئێعدامی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێكانی شکڵی گرت.
ڕژیم بە خەیاڵی خاوەی پێی وابوو کە ئێعدام کرانی ٥ کەس لە تێکۆشەرانی سیاسیی که ش و هه وای ترس و وەحشەت پەرە پێئەدات و خەڵکی کوردستان چاوترسێن و بێدەنگ دەکات. بەڵام مانگرتنی گشتی ڕۆژی ٢٣ی گوڵان، وڵامی خەڵکی کوردستان بوو بەم خەیاڵە خاوه ی سەرانی ڕژیم.
لە ناڕەزایەتیی بەم ئێعدامە جەنایەتکارانەیه‌ کوردستان یەکپارچە تەعتیل کرا. کرێکارانی کارگا و ناوەندەکانی خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنان مانیانگرت، کاسبکاران دوکانەکانیان داخست، کارمەندانی ئیدارە دەوڵەتی و خوسوسیەکان نەچوونە سەر کار، دانش ئاموزان و خوێندکاران، مۆعەلیمان و مامۆستایان، کلاسەکانی دەرسیان داخست.
ئەم حەرەکەتە گشتییە نیشانیدا کە ئێعدام کردنی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانی نە تەنها خەڵکی کوردستانی چاوترسێن نەکردووە، بەڵکوو ئیرادەی گشتی بۆ خەبات لەدژی ئەم ڕژیمە پتەوتر کردوە.
فەرزاد کەمانگەر لە ساڵی ١٣٥٥ لە شاری کامیاران لە دایک بوو. دوای وەرگرتنی دیپلۆم بۆ ماوەی ٤ ساڵ سه‌رقاڵی دەرس وتنەوە بوو لە ئاواییەکانی دەوروبەری کامیاران.
دواتر لە بواری ڕەوانشناسیدا لە زانکۆی ” پەیام نوور”ی شاری سنە درێژەی بە خوێندن دا و دوای کۆتایی خوێندن دیسان گەڕایەوە بۆ کامیاران و دەستی کردەوە بە وانه وتنه وه به منداڵان کە ئەویندارانە هۆگری بوو. فەرزاد لە پوشپەڕی ساڵی ١٣٨٥ لە سەفەرێکدا بۆ تاران گیرا و تا کاتی گیانبەختکردنی بەردەوام لەژێر ئەشکەنجە و ئازاری جەستەیی و رۆحیدا بوو لە گشت قۆناغەکانی بازجویی و ئەشکەنجە کردنیدا قارەمانێکی خۆڕاگر بوو.
ئه و ته سلیمی پروه نده سازی و تومه ته کانی رژیم نه بوو نامە. نووسراوەکانی لە زینداندا کە دەنگدانەوەی وره ی پڕاوپڕ لە هیوا و هومیدی ئەو بوون، لە دەستکەوتە بەنرخه کانی ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕانەن.
ئەو هەر بەو ڕادەیەی کە دڵی لە گرەوی منداڵانی بێبەشی ئاواییە کانی، کوردستاندا بوو، لەبیری منداڵانی پێپەتی دەوروبەری شارەکانی ئێران و منداڵانی سه‌رشه‌قامی وڵاتانی بڕێزیل و هێند و کچانی قوربانی باندەکانی بازرگانی سێکس لە ئیمارات و تایلەند و فیلیپینیشدا بوو. فەرزاد کەمانگەر لە کوردستان لە دایک ببوو و خوی تەرخانی بێبەش ترین منداڵانی کوردستان کردبوو، بەڵام بە ئەندیشە بەرزەکانی و ئەو هیواو ئاواتە گەورەی هەیبوو بیری لە هەرشتێک کە ناوی ستەم و چەوسانەوە بێت و لە هەر گۆشەیەکی ئەم دنیایەدابێ دەکردەوە.
” فەرهاد وەکیلی”، لە دایک بووی شاری سنە باوکی ٣ منداڵ و جێگری پێشوی ئیدارەی جیهادی کەشاوەرزی لەمشارە بوو. ئەو لە مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٨٦ گیرا و چەندین مانگ لە زیندانەکانی سنە، کرماشان و تاران لەژێر ئەشکەنجەدا بوو. فەرهاد وەکیلی لە نامەیەکدا کە لە زینداندا نووسیبوی دەڵی لە بێداگایەکی ١٠ خولەکیدا بە ئێعدام مەحکوم کرام، بەڵام ئەگەر ڕۆژێ ١٠ جار ئێعدام بکرێم و دیسان زیندوو ببمەوە دیسانیش هاوار دەکەم ئازادی.
” عەلی حەیدەریان”، لە دایک بووی شاری سنە بوو. هاوکات لەگەڵ فەرهاد وەکیلی گیرا و خرایە ژێر توندترین ئەشکەنجکانەوە و ئەویش لە دادگایەکی ١٠ خولەکیدا لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٦ بە تاوانی ئەندام بوون لە ریکخراوی پ ک ک بە ئێعدام مەحکوم کرا. ” شیرین عەلەم هولی ئاتەشگا”، لەدایک بووی ١٣ ی مانگی جۆزەردانی ١٣٦٠ لە ئاوایی ” دێم قشلاق”ی نزیک ماکۆ بوو.
شیرین لە ساڵی ١٣٨٧ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە گیرا و دوای ٢١ ڕۆژ گوازرایەوە بۆ ئەشکەنجەگای تاران. ئەو دوای تێپەڕ کردنی ساڵێک و ٩ مانگ زیندان لە گرتوخانەی ئێوین، ڕۆژی هەشتی مانگی سەرماوەز بە تاوانی ئەندام بوونی لە ڕێكخراوی “پژاک” دا بە ئێعدام مەحکوم کرا.
” مێهدی ئیسلامیان”، خەڵکی شیراز بوو. ئەو لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٨٧ دا گیرا. ئەو بە هۆی ئەو تاوانانەی کە لە بنەڕەتدا درابوونە پاڵ برا گیانبەخت کردوەکەی ” موحسین ئیسلامیان” بوو، کەوتە بەر غەزەبی قازی و لە بێدادگای کۆماری ئیسلامیدا بە ئێعدام مەحکوم کرا.
یادی فەرزاد کەمانگەر و یارانی کە قارەمانانە لە بەرانبەر دوژمنێکی هار و وەحشیدا خۆڕاگریان کرد و گیانی خۆیان لە پێناو ئەم خۆڕاگرییه‌ دانا، ڕیز لێدەگرین و سڵاو و درودی بێ پایانیش ئاڕاستەی خەڵکی ئەمەک ناسی کوردستان دەکەین کە بە مانگرتنی یەکپارچە و شکۆداریان لە ناڕەزایەتیی بەم جەنایەتەی ڕژیم یادی خۆشەویستانی گیانبەختکردوی خۆیان ڕێز لێگرت.
Leave A Reply

Your email address will not be published.