پشتیوانی کرێکاران یان ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکان

0
ئاوات (عبدالرحمن رسول)
زۆرینەی کۆمەڵگە زیاتر پشتگیری و پشتیوانی لە بوون بە ئەندام پەرلەمان و وەزیر کردووە لە هەڵبژاردنەکان دەنگی پێداوە دواتریش بە ناوی نوێنەرایەتی خەڵکەوە لەپەرلەمان و حکومەت قسەی کردووە بەبێ ئەوەی قسەو بیروڕاکانی سوودی بۆ خەڵکی کۆمەڵگە بەگشتی و ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی هەبێت و ژیانیان بەرەو باشتر بگۆڕێت، تەنها ژیانی خۆیان وەک وەزیرو ئەندام پەڕلەمان و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان باشتر کردووە بەکردار نەک ژیانی خەڵکی کۆمەڵگە.
بەردەوام سەرۆکی حکومەت و پەرلەمان و وەزیرو ئەندام پەرلەمانەکان درۆو دزیشیان کردووە زۆرینەی خەڵکی کۆمەڵگەش پێیان دەڵێت دزو درۆزنن، کەچی هەر باوەڕییان پێ دەکەن بە بەڵێن و وەعدە درۆینەکەیان فریودەخۆن. کرێکاران بەهێزو بیرکردنەوەو چالاکی کارکردنیان کۆمەڵگەیەکی جوانترو باشترییان بنیادناوە و بەردەوامیش لەخەمی کاری جوانترو بەرهەمهێنانی بەرهەمی باشتردان، کەچی وێڕای ئەمە خەڵک زۆرینە پشتیوانی لەئەندام پەرلەمان و وەزیرەکان کردووە، بەڵام بۆ کرێکاران ئەم جۆرە هەڵوێستەیان نەبووە لەکاتی قەیران و کێشەکانیاندا پشتیان تێکردوون و بەتەنها جێیان هێشتوون لەتێکوشان وچالاکی دا هەر ئەمەشە وای کردووە کە کۆمەڵگە بەرەو کۆمەڵگەیەکی نووێترو باشتر نەگۆڕدرێت، بەڵکو ساڵ لەدوایی ساڵ قەیران و کێشەکانی خەڵکی کۆمەڵگە زیاتر بکرێت و بەبێ چارەسەر کۆمەڵگە بەرەو قەیران وکێشەی گەورەتر ملبنێ.
دڵنییابن هەر بەم جۆرەش کۆمەڵگە وەردەرچەرخێت لەناو کێشە و قەیرانی زیاترو گەورەتر هەتاوەکو خەڵکی کۆمەڵگە ئاو بە ئاشی دەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەرو کۆنەخوازدا بکات هەر ئەمە بەشی دەبێت لەناو نەبوونی خزمەتگوزاری و هەبوونی بێکاری و نەبوونی هەقدەستی کار و موچەی شایستە بە جۆری کارکردنیان، نەخشە ڕێگا دروستە ئینسانییەکە ئەوەیە کە ڕاستگویانە و دڵسۆزانە پشتیوانی لە ڕێکخراوبوونی چینی کرێکارو چەوساوەکانی کۆمەڵگە بکرێت بۆئەوەی کۆمەڵگە لەلایەن خەڵکەوە بەڕێوە ببرێت وئیدارە بدرێت.
کرێکاران هێزی نوێبونەوە و بەرهەمهێنان و جوانییەکانی کۆمەڵگەن. گرینکی وبایەخی کرێکاران بەگشتی و کرێکارانی ژینگە زۆر زیاترە لەگرینگی هەبوونی وەزیرو ئەندام پەرلەمان و بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری ناوچەو بەڕێوەبەری شارێک لەبەرئەوەی ئەگەر چەند ڕۆژێکیش ئەو وەزیرو ئەندام پەرلەمان و بەڕێوەبەرە گشتییانە کاریش نەکەن هەرچەندە تێیاندا هەیە لەم بەرپرسانە بە مانگ لەوڵاتانن لەگەشت وگەڕانن، بەڵام هیچ کاریگەری نەرێنی وخراپی نەبووە، چونکە ئەوان لەئەساسدا بێ کاریگەرو جوڵەی کردارین کە بتوانن خزمەت بە کۆمەڵگە بکەن.
ئەم وەزیرو پەرلەمانتارانە زیاتر خزمەت و سوود بەخۆیان و حیزبی بنەماڵەکەیان دەکەن هەربۆیەش بەهەبوون ونەبوونیان هیچ لەژیانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و هاوڵاتی ناگۆڕێت، ئەگەرچی نەبوونیان زۆر باشترە بۆ خەڵک. ئەگەر ئەو پەرلەمان و بینای حکومەتە بکرایە شوێنی بەخێوکردنی مەڕو مانگا و بزن زۆر باشتر بەرهەمی دەبوو لەو وەزیرو ئەندام پەرلەمان و بەڕێوەبەرانەی حکومەت لەماوەی چەندە ساڵ لەدەسەڵاتیاندا. لەهەریەکە لەوڵاتانی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و لە کوردستان و ئێران و عێراق و تورکیا بەتایبەتی.
هەموو لایەک بەگشتی و جوتیارەکان بەتایبەتی شارەزان ئەگەر مەڕو بزن و مانگا وماڵات بەهەبوونی ئالیک و خواردنی باش و شوێنی خەوتنی باش، دواتر دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی بەرهەمی زۆرباشی گۆشت و شیر و پێستەکەیان، دەتواندرێت لەڕێگای بازرگانەکانەوە ئەم بەرهەمانە بنێردرێتەوە دەرەوە و داهاتی ناوخۆ و بەرهەمی کار زیاد دەکات و بێ کاریش زۆر کەم دەبێتەوە، لەبەرئەوەی دەتواندرێت بە بەرهەمی بزن و مەڕو مانگاکان چەندین کارگەی جۆراوجۆر دابمەزرێندرێت گەنجانیش کاربکەن و چیتر ئاوارەی وڵاتان نەبن لەدەریاکان نەبنە خواردنی قرش و ماسییەکان.
ئەزیزانی خوێنەر خۆتان بەراوردێک بکەن لەماوەی دەسەڵاتدارێتی ئەم حیزبانە کە وەزیرو ئەندام پەرلەمانیان هەیە خواردن و شوێنی خەوتنی زۆر باشیان بۆ دابینکراوە، بەڵام ئایا بێ سوودتر نین لە بزن و مەڕو مانگاکانی جوتیارەکان؟! بەبڕوای من زۆریش بێ سوودتر و بێ کەڵکترن لەبەرئەوەی ئەوانە خۆیان تێرو تەوەزەل لێی دانیشتوون و دەخەون و دەخۆن و سێکس دەکەن بەدڵی خۆیان گەشت و سەفەری وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی جوان وپێشکەوتوو دەکەن، نە گۆشتەکەیان سوودی هەیە و نەپێست و بیرکردنەوەو عەقڵیان. ئەم وەزیرو ئەندام پەرلەمانانە لەدوای ئەوەی بەدەنگدانی خەڵک بوونە ئەندام پەرلەمان و وەزیر یەکەمین کاریان ئەوەیە لەهەر شارو وڵاتێک کە حەزو ئارەزووییان لێیە ژن بهێنن و دواتریش مەلاکان بەگەنجەکان بڵێن ئەو گەنجانەی ناتوان خێزان دروست بکەن بێ پارەن باشترە بەڕۆژوو بن بیر لەژن هێنان نەکەنەوە، خۆشیان لەمینبەری مزگەوتەکانەوە لەجیاتی بەرگری و پشتیوانی بکەن لەماف وهەقدەستی کرێکاران و لەپشتیوانی لەناڕەزایەتی کرێکارانی لەسەر کار دەرکراو بۆئەوەی بچنەوە سەر کارەکانیان مەلاکان بی باکانە دێن باسی گرینکی چوار ژن بۆ پیاوێک دەکەن، داواش دەکەن کە یاسا وشەرعی ئیسلام جێبەجێ بکرێت کە ئەوانەی پارەدارو سەرمایەدارن، بیکەنە دووژنە و سێ و چوار.
ئەوەتا وێڕای هەبوونی بێکاری و هەژاری و بێ خانەلانەیی زۆر حکومەتی عێراقی یاسای فرە ژنی دەکاتە ئیجباری. کەواتە ئەم جۆرە دەسەڵات و سیستەمە جگە لەماڵوێرانی و خوڵقاندنی بێمافی زیاتر و چەوسانەوەی زیاتر هیچ سوودی تری بۆ خەڵک نییە.
خەڵکی کوردستان و عێراق بەگشتی زۆرینەی لەناو کێشەکانی هەبوونی بێ خزمەتگوزاری ولەناو هەبوونی گەشەی بێکاری و برسێتی وهەژاری وبێ موچەو بێ هەقدەستی کارکردن و بێ ماف لەناو کێشەکانی نەخۆشی و گرفتەکانی زیادکردنی باج و سەرانەیەکی زۆردا ڕاگراوە، ئەمەیە خێرو سوودەکانی هەڵبژاردنی ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکانی حیزبەکان کەباس کرا.
با بیربکەینەوە هەریەکەمان سەرنج بدەین ئەگەر تەنها ڕۆژێک کرێکارانی ژینگە پارێز پێکەوە یەکبگرن و کار نەکەن و مان بگرن هەریەکەمان دەزانن و دەبینین کە ژینگەی گەڕەک و شار وێران دەبێت، هەریەکەمان بێزار دەبین لەبۆنی ناخۆشی زبڵ و پاشماوە کۆن و فڕێدراوە پیسییەکانی ماڵ و خەڵک، ئەگەری بڵاوبوونەوەی میکرۆب و نەخۆشی زۆری لێدەکرێت، ئەوە بەتەنها ڕۆژێک نەچوونە سەر کاری کرێکارانی ژینگە پارێزە ئێمە هەریەکەمان بێزارو دڵ توند وناخۆش دەکات.
من دڵنییام هەریەکە لەئێوەی خوێنەر ئەوە باش دەزانن کە بەهۆی کارکردنی بەردەوامی ڕۆژانەی کرێکارانی ژینگە پارێزەرەوەیە شارو گەڕەک و خیابان وشەقامەکانمان جوان و خاوێنن.
هەریەکەشمان ئەوەش باش دەزانین کە چەند ڕۆژێک کرێکارانی ژینگەپارێز کار نەکەن شارو خیابان و کوچەکان دەبنە چ وێرانەیەک لەکۆبونەوەی زبڵی و پیسی پاشماوەکانی خەڵک. بەڵام کاتێک بێ ماف دەکرێن و سوکایەتیان پێدەکرێت لەلایەن خاوەن کۆمپانیاکانەوە ئەم وەزیرو ئەندام پەرلەمانانە بێ دەنگ و بێ هەڵوێستن، کەسیان ویژدانیان ناجوڵێت دڵسۆزانە پشتیوانی خواست و داواکارییە هەق و ڕەواکانی ئەم مرۆڤە پاک وجوانانەی کۆمەڵگە بکات.
لەماوەی چەندین خولی پەرلەماندا پڕۆژە یاسایەک گفتوگۆی لەسەرنەکرا و کەدواتر لەلایەن حکومەت و کۆمپانیاکانەوە جێبەجێ بکرێت کە لەبەرژەوەندی کرێکاراندا بێت، چیتر هەقدەستەکانیان دوانەکەوێت و لەسەر کارەکانیان دەرنەکرێن و ژیانێکی شایستە کە ئاسوودە بژین لەگەڵ ئەندامانی خانەوادەکەیاندا و لەکاتی نەخۆشی دا بتوانن چارەسەری نەخۆشییەکانیان بکەن زەمانەتی تەندروستی و بیمەی سەلامەتیان بۆ دابین بکرێت.
بەڕاستی کارەساتە لێ بگەڕێن کە مرۆڤ جوان و سوودبەخشانەی وەک کرێکاران بێکار بکرێن و دواتر لەبەر هەژاری و بێ پارەیان کرێی خانوویان پێ نەدرێت وخاوەن خانوو هەڕەشەی دەرکردنیان لێ بکات لەخانووەکەیان بەهۆی پێنەدانی کرێی خانووەکانیان.
بەڕاستی شەرمەزاریی یە بۆ هەریەکەمان کە بێ هەڵوێست بین و بێ دەنگ بین لە ئاست پەرتەوازەیی ئەو هێزە جوان و بنیادنەرەی کۆمەڵگە و بەتەنها جێیان بهێڵین.
چارەسەر :
ئێمە دەزانین تەواوی کۆمەڵگەی کوردستان زۆرینەی ناڕازییە لەو جۆرە سیستەم و دەسەڵاتە ملهوڕە چەوسێنەرو دزوگەندەڵە، بەڵام کێشەی ئەساسی تەواوی خەڵکی ناڕازی ئەو پەرتەوازەیی یە لە شێوازو جۆرو ئامانجی تێکۆشاندا. کە هەریەکە لەبەشەکانی ناڕازی وەک (مامۆستا و فەرمانبەرو کرێکارو شوفێران و نانەواخانە و جوتیارەکان) بەجیا، لەشێوە و جۆری گرووپی چەندین کەسی ناوچەیی دەست دەبرێت بۆ تێکۆشان وچالاکی.‌
ئەرکی هەریەکەمان ئەوەیە لەخەمی یەکبوون و بەیەکەوە بەستنەوەی ئەم هێزە ناڕازییانەی کۆمەڵگەدا بین.
خودی ئەنجامدانی کەمپینی جۆراوجۆر بۆ پشتیوانی کرێکارانی دەرکراو بۆئەوەی لەژێر فشاردا بچنەوە سەر کارەکانیان زۆر پێویست و گرینگە، بەڵام لەمەشیان گرینگترو پێویستر ئەوەیە ئەم هێزەی کرێکاران ڕێکخراوبکرێت لەچوارچێوەی بەرژەوەندی و سوودی کرێکاراندا، پێویسته بەهەموو جۆرێک کرێکاران خۆیان دووربگرن لە دەستەمۆ و ملکەچ بوونیان بۆ کەسانی حیزبی کە دەیانەوێت بێ مافی کرێکاران وبێکار، کردنی کرێکاران بۆ بەرژەوەندی دەنگدان و هەڵبژاردن بەکار بهێنن .
ئەگەر کرێکاران خۆیان ڕێکخراو بکەن لەناو ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیاندا هێزی چالاکی و وشیارییان بەهێزبکەن بەدڵنییایی دەبنە ژیلەمۆی گۆڕانکاری ژیانی خۆیان و هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتر. هەربۆیە پێویستە هەریەکە لە من و لەئێوە و لە ئەوانی تر کە کەخاوەن هەر دین ونەتەوە و بیروباوەڕێکی جیاوازیش بین، بەڵام پێویستە بەیەکەوە دڵسۆزانە و ڕاستگۆیانە لەخەمی ڕزگاری چینی کرێکاردا بین لەخەمی هێنانەدی ژیانێکی باشتر بۆ کرێکاراندا بین لەبەرئەوەی هەبوونی ژیانێکی باشتر بۆ کرێکاران بەدڵنییایی دەبێتە هۆکاری هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی نوێتر و باشترو جوانتر بۆ هەریەکمان بەبێ جیاوازی هەستی پێ دەکەین و دەی بینین کە ژیان و کۆمەڵگە ئارام و جوانتر دەبێت، بەگەشاوەیی خۆی نوێ دەکاتەوە، کەواتە چارەسەری کۆتایی ڕزگاری تەواوی کومەڵگە بەندە بە ڕزگاری چینی کرێکارانەوە و خۆش بەختی وئاسوودەیی کرێکارانەوە، نەک باشی کۆمەڵگە پەیوەندی هەبێت بەهەبوونی ئاسوودەیی ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکانەوە لەبەرئەوەی وەزیر و سەرۆکی حکومەت وسەرۆکی پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانەکان بەردەوام لەخەمی هەبوونی بەردەوامی ژیانی شەهانەی خۆش بەختی وئاسوودەیی خۆیاندان لەپێناوی مانەوەشیاندا درۆی زیاتر وجوانترو ڕازاوەتر و دزی زۆرترو سەرکوت وچەوسانەوەی زیاتر درێژە پێدەدەن. تۆی خوێنەریش ڕاستگۆیانەو ونەترسانە بەرگری بکە لەهێنانەدی ژیانێکی باشتر بۆکرێکاران.
سەرکەوتووبێت خەباتی یەکگرتووانەی چینی کرێکار بۆ هێنانەدی نان کار ئازادی و ئیدارەدانی شورایی…
٭ئەگەر هاوڕای بەم بابەتە و هاوڕایی کە ژیانی کرێکاران و هەژاران باشتربێت تکایە! ئەم بابەتە شێربکەو بیگەیەنە بەهاوڕێ کانت .
٭تێ بی نی ئەم بابەتە بڵاوکراوەتەوە لە ڕۆژنامە وبڵاوکراوەی بۆپێشەوە لە ١-٦-٢٠٢٢
Leave A Reply

Your email address will not be published.