تا نەمرد كەس قەدری نەزانی؟!

0

ئیسماعیل خالید گەڵاڵی 

دوو رۆژە ئەو قسەیە لە سۆشیەڵمیدیا بوویتە باو، گوایە دكتۆر عەزیز گەردی تا نەمرد كەس قەدری نەزانی، ئەو قسانە رەنگە لۆ بەروبازاڕی لایك و كۆمێنتان باش بێ بەڵام لە واقیعدا وا نەبوو.
مامۆستا بە شایەدی هەموو ئەوانی نێزیك یان دوور دەیناسن، هەرگیز كاری بۆ ئەوە نەكردووە كەس پێی بزانێ یان یەكێك شاباشێك یان سوپاسێكی موجامەلەی بكا. پیاوی گەورە كە دەبەخشێ، باكی بەوەی نیە كێ بەو بەخشینەی دەزانێ یان نا، رەنگە زۆرجاران وەدووخستنی ناوو ناوبانگ و خستنە بەر تیشكۆی شۆرەت قەڵس و بێزاریشی بكا.
عەزیز گەردی چەند پڕ بوو هێندەش خاكی، كە پێی لە خاكی دەشتی بەڕانەتی دادەنا سەری لە كەشكەڵان دەسووی، نەدەچووە دەركی دەرباران، بەڵام سەدان كەس ئیكلامیان لۆ دەكێشا تا دەرگەیان لێوەكا، چ ئەوانی خۆیان بە شاگردی دەزانی و دەروێشئاسا بە قوتبی مەداری خۆیان تێیاندەڕوانی و چ ئەوانەش كە بابای ئەوەیان بوو لە سێبەری پڕ نەزاكەتی وی راوەستن و لەبەرچاوان خۆیان بە جوانیەكانی وی ئارایشدەن.
مامۆستا باوەڕی بە كۆڕو كۆبوونەوەو ئەو شتانە هەر نەبوو، كەچی هەرچی سەروسەوادێكی لەگەڵ دنیای نووسین و خوێندەوەدا هەبوو، تەمەننای دەكرد ساتەوەختێك لەگەڵی كۆببێتەوە.
لەگەڵ ئەو خاكەرایی و لاچەپگرتنەشی هێشتا هەموو دنیا دەیناسی و كەس نەبوو جورئەت بكا رێزی نەگرێ. سەرەڕای ئەو هەموو زانست و بەرهەمەی، گەورەیی عەزیز گەردی لەوەیدابوو خۆی خاوەنی خۆی بوو، خۆی بڕیاریدابوو چۆن بژی و ئاواش دەژیا كە دەیویست. نە منەتی كەسی دەزانی و نە زلەقەسەری كەسی لە چاوان دابوو.
ئاگادارم تا دوا هەناسە، تەنانەت ئەو یارمەتیانەشی رەتكردەوە كە لە كەسایەتی بەجێ و ماقوڵیشەوە بۆی رادەنران.
عەزیز گەردی لەسەردەمی تاریكی خاڵێكی رۆشن و لە جەمعی گرگنە رەنگهەڵبزڕكاوەكان، قامەتێكی بەرزو سپی بوو.
عەزیز گەردی ئیشی بەو شتانە نەبوو، شایەك بوو شای بە سەپان نەدەزانی، كێ ئازایە با رەسمێكم لۆ بنێری كە بە دروداو لۆ رەسمگرتنێ راوەستابی و شایی پێهاتبێ.
Leave A Reply

Your email address will not be published.