یاسای ئێستای هەڵبژاردنی كوردستان یەكێكە لە باشترینی جیهان
عەلی مەحمود محەمەد
لە سەروبەندی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ئەوەی بیوتایە سەرۆكی هەرێم راستەوخۆ هەڵبژێردرێت بۆیان كفرێكی گەورە بوو, لە كاتێكدا سستەمە چاكەكانی جیهان ئەوانەن كە پەرلەمانین و سەرۆك راستەوخۆ هەڵدەبژێردرێت تێیدا, دواتر هەر ئەوانەی سوكایەتیان بە رای جیاواز دەكرد دەنگی دەنگدەرانیان بردە پەرلەمانەوەو لەسەر سینییەك زێڕینین پێشكەش پارتیان كرد, وەك بینیمان بەڕێز نێچیرڤان بەرزانی بە 82%ی دەنگەكان بووە سەرۆكی هەرێم, لە رێگەیەكی دیكەوە دەنگەكانیان بە پارتی فرۆشت, وا نەبوایە بۆ كاندیدی پارتی هێنانەوەی پەنجاو یەك لە سەد لە دوو خولیشدا ئەستەم بوو نەك 82%. سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە دەسەڵاتی زۆر زیاترە لە سەرۆكەكانی فینلەندا, نەمسا, پورتوگال, زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات كە بە هەڵبژاردنی راستەوخۆ دەگەن بە پۆستەكە لە چوارچێوەی سستەمی پەرلەمانیدا, تەنانەت لە سەرۆكی باشوری ئەفریقا كە بە سستەمی سەرۆكایەتی ناسراوە, تیایدا سەرۆك لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت, لێ پەرلەمان مافی گۆڕینی هەیە كەی خواستی بێت, وەك چۆن یاكوب زۆمای لە 15ی فیبریوەری 2018 لەسەر كورسیەكەی لادا, كە سەركردایەتی پارتەكەی دوو خول بۆ سەركەوتن كرد, تیایدا توانی” 69,69% و 65,90% ” دەنگەكان بهێنێتەوە.
ئەو ترسەی هەمان بوو لە سستەمە پەرلەمانیەكەی برادەران, كە بە نەڕەو دروشمەوە نەك بە عەقڵەوە بانگەشەیان بۆی دەكرد, تەخوینی نەیارانی فكری خۆیانیان دەكرد, خۆشیان جاهیل بوون بینینیان تەنها بەرپێی خۆیان بوو, گفتوگۆ لە گەڵ جاهیلدا خۆكوژییە, هەڵبژاردنی سەرۆك بوو لەناو پەرلەمان, پەیوەندی بە ئازادی و دیموكراسی و چاكسازی و حكومەتی یاساكەوە نەبوو كە ئیدعایان دەكرد, بەڵكە پەیوەندی بەوەوە هەبوو دەنگی پەرلەمانتارەكانیان لە هۆڵی پەرلەماندا مەزاد بكەن و لە بەرامبەریدا شتێك وەربگرن, ئاخر ئەوان ناتوانن دەنگی بنكە و دەنگدەر راستەوخۆ هەڕاج بكەن, ساناترین رێگا دەنگی پەرلەمانتارانە بۆ فرۆشتن وەك كردیان, ئەم قسەیەم پێنج سەڵ لەمەوپێش وتووە, لەسەریشی جوێن باران كرام. لە جیهان 45 وڵاتی كۆماری پەرلەمانی هەیە (زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا لەم تەرزەن) , لێرەدا سەرۆكی وڵات بە دوو جۆر دیاری دەكرێت, بەشێك راستەوخۆ لەناو خەڵك هەڵدەبژێردرێت كە زۆرینەن و باشترین و دیموكراسیترینیانن تەنانەت لە چاو سستەمەكانی دیكەی هەڵبژاردنیشەوە, بەشی دووەمیان لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن, بە هەردوولایانەوە كەمتر لە 25%ی وڵاتانی جیهان پێك دەهێنن. ئەوەی ئەمانە بیری لێدەكەنەوە بەرژەوەندی هەنووكەییە نەك پرۆژە بۆ جێكەوتنی دیموكراسی و نوێنەرایەتی زۆرینە و دیموكراسیەت و قازانجی داهاتووی پرۆسەی سیاسی, ئەم هەڵپەی گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەش بەو ئاقارەیا ئەنجامەكەی دەڕوات, دواتر وەك وتەنی زۆریان دەبێت كاڵەك بە ئەژنۆ بشكێنن, چونكە ئەنجام زیانی بۆ پەزەكانیان دەبێت.
دوو خاڵ جێگای سەرنجە ئاماژەی پێ بدەین, لە لایەك ئەوان خەڵكی كوردستان بە دواكەوتوو دەزانن, پێیان وایە كوردستان لە ئاست ئەو یاسایە نییە كە هەیە, لە كاتێكدا خەڵكی كوردستان هوشیاری زۆر لە پێش پارتە سیاسیەكانەوەیە, وە پێیان وایە گۆڕینی یاساكە ئەگەری زیادكردنی كورسی لێدەكرێت, لە كاتێكدا پێشەنگی سیاسی بیر لە دوارۆژ و كۆی پرۆسەكە دەكاتەوە نەك بەرژەوەندی هەنووكەیی كە لەوەشدا ئەگەری هەیە پێشبینییەكەیان پێچەوانە دەكەوێتەوە, بە تایبەت بۆ پارتە مام ناوەندییەكان” یەكگرتوو, نەوەی نوێ, كۆمەڵ, گۆڕان, لیستە نوێكان وا دێن”, چونكە لە ئەساسدا پارتی لەگەڵ سستەمی بازنەیی خۆ هەڵبژاردنی تاك بووە ” دیداری تەمەن- ل240.