ئاش لەخەیاڵێک و ئاشەوان لە خەیاڵێک!

0
عەلی مەولود
لە کۆبوونەوەی ئەمدواییەی نێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێم و نێردراوی ژمارەیەک لە ناوەندەکانی راگەیاندن، بەروونی دەرکەوت کە حکومەت و سەرۆکەکەی بەرنامەو پرۆژەو ئەجیندای جیاواز لە مەبەست و خواست و چاوەڕوانی خەڵک و کۆمەڵگایان هەیە، درووست وەک ئەو پەندەکوردەواریەی کە دەڵێت: ” ئاش لەخەیاڵێک و ئاشەوان لە خەیاڵێک!”
حکومەتی هەرێم و سەرۆکەکەی، بەپێچەوانەی خواست و ئاراستەی خەڵکەوە، توندترکردنی پرۆسەی قۆرخکردنی داهات و سامانی گشتی کردووە بە کارنامەی خۆی و هەوڵدەدات و بەرنامەڕێژی بۆ ئەوە دەکات بەشی خەڵک کەمتر و کەمتر بکاتەوە، باجەکان و رسوماتەکان و جۆرەکانی پارە دەرکێشان لە گیرفانی هاوڵاتیان زیادبکات، نرخی کاڵاکان بەرێتە سەر، کەرتی حکومی نابودبکات و تەواوی ئابووری رادەستی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانی حیزب و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان بکات و خزمەتگوزاریە گشتیەکان بکات بەسەرچاوەی قازانج و داهات، ئازادیەکان لەقاڵب بدات و … ئەمەشی ناوناوە (چاکسازی).
واتە چاکسازی لەستراتیژی حکومەتی هەرێمدا، زیادکردنی داهات و سەرمایەو دەوڵەمەندتربوون و بەدەسەڵاتتربوونی کۆمپانیاکانە، نەک دابینکردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان و باشترکردنی ژیانی هاووڵاتیان. بەڵام ئەوەی خەڵکی کوردستان دەیەوێت و بەمافی رەوای خۆی دەزانێت و بەرەنگاری و خۆپیشاندانی بۆدەکات و وەک چاکسازی دەیبینێت، دادوەرییە لە دابەشکردنی داهات و سامانی گشتی و بەشداری زیاترە لە پرۆسەی سیاسی و ئاواڵەبوونی مەودای ئازادیەکانە.
لەقسەکانی سەرۆکی حکومەتدا کەمکردنەوەی ژمارەی موچەخۆران وەک هەمیشە زەقکرایەوە، ئەو بەڕاشکاوی یەکێک لەگرفتە گەورەکانی هەرێمی کوردستانی بە زۆری ژمارەی موچەخۆران دانا، ئەوە لەکاتێکدا پێویستەو راستەکەشی ئەوەیە کە هەموو کەسێک موچەی هەبێت، ئەوانەی کاردەکەن شایستەی کارەکەی خۆیان پێبدرێت و ئەوانەی کاریان دەست ناکەوێت بیمەی بێکاری وەربگرن و مناڵان و گەورەساڵان و ئەو خاوەن پێداویستیانەی توانای کارکردنیان نیە، ژیانیان لەبودجەی گشتی دابینبکرێت.
ئەمە دوو ئاراستەی جیاوازو پێچەوانەی یەکترە هەم لەخواست و مەبەست و هەم لەتێروانین و جیهانبینی، ئاراستەیەک بۆ قوڵترکردنەوەی جیاوازی ژیان و ئاراستەیەک بۆ دابەشکردنەوەیەکی عادیلانە، بەبێ دیتنی ئەم دوو ئاراستەیەو ناسینەوەی ئەجیندای دەسەڵات و دۆزینەوەو دابینکردنی هێزو ئامرازی گۆڕین و کەنارخستنی ئەو ئەجیندایە، ناڕەزایەتی و بەرەنگاری خەڵک لە نارۆشنی و پەرشوبڵاوی و رشتەیی بوون رزگاری نابێت و سەراسەری نابێتەوە، بەڵام بینینی وێنە راستەقینەکە ( کە لێکدابڕان و جیابوونەوەی دوو ئاراستەکەیە) ململانێی نێوان خەڵک و دەسەڵات دەباتە ئاستێکی ترەوە، کە دەتوانرێت وەک ئاسۆی سەرکەوتن لێی بڕوانین.
Leave A Reply

Your email address will not be published.