گەمەیەکی ئەبەدی،” گەمەی گومان و دڵنیایی”، گەمەیەکی هەتاهەتایی و بێ بڕانەوە

0
ڕێڤان جاڤ
دڵنیایی چەندە سەخت بێت!
بەڵام مرۆڤ بە دید و بۆچوونی( هیچ گەڕان و هەوڵێک بێهودە و مەحاڵ نیە.) هەمیشە وەک عەوداڵ و سەوداسەر لە دوای دڵنیایی دەگەڕێت کە یەکێکە لە خولیاو و کەڵکەڵە گەورە و بەرفراوانەکانی مرۆڤ. واتا پەیبردن و دۆزینەوەی حەقیقەت هەمیشە لە هەناو و ناخی هەموو هەوڵ و هەنگاوەکانی مرۆڤدایە.
گومان چەندە ئاڵۆز بێت!
بەڵام مرۆڤ بە دید و تێڕوانینی( لە گومانەوە دەست پێبکەین دەگەینە دڵنیایی) هەمیشە بە تەفسیرە گەورە و جۆراوجۆرەکانیەوە، بە بیرکردنەوە دڵڕەق و پەرێشان و بێبەزەییەکانیەوە لە دوای خاڵە نادیار و تاریکەکانی گوماندا لە گەڕاندایە بۆ دۆزینەوە و بەدەستهێنانی دڵنیایی کە گەورەترین دەرفەتە بۆ گەیشتن به هێزی تێگەشتن و؟خودناسی و کانگای زانین و وەرچەرخان و نەزمی ژیان.
کەواتە کەسانی فامیدە و عەقڵزادە هەر لە ئەزەلەوە بۆ خۆقوتارکردن لە دۆخی نالەبار وناجێگیریی پەشێو و شێواو، دوور لە جیهانێکی ناماقوڵ و بێلۆژیک لە ڕێگای عەقڵ و ئەزموونەوە بە سروشتێکی ئاگامەندانە و دیدی فکری و جەوهەری یاخیبوون و هەڵبڕینی دەنگەوە، بە توانایەکی هۆشیاریی قووڵ و ئاوەزداری ناوەکی بۆئەوەی مرۆڤایەتی خۆی نەدۆڕێنێت، بەردەوام لە دروستکردن و وێرانکردن و گۆڕین و دەستکاریکردنی هەموو ئەو سنور و بەربەست، کۆسپ و ڕێگر و ڕێچکانەیە کە دەیباتەوە سەر گومان و دڵنیایی. واتا هەروەک چۆن عەوداڵ و شەیدای بە دەستهێنانی دڵنیایی و ونکردن و دۆزینەوەیەتی، ئەوەندەش لە هەوڵ و هەڵوەدای گومان و نەهێشتن و جڵەوگرتنێتی.
هەروەک بڵێی دوانەیەکی لێکدانەبڕاو و تەواوکەری یەکتربن لە پرۆسەی بەڕێوەبردن و پێکەوە ژیان و چارەی کێشەکان و زامنکردنی مافی مروڤ.
بە خۆمان بزانین یان نا، بە ویست و ئیرادەی خۆمان بێت یان نا، بە ئاگایی و نا ئاگایی لە گەڕان و پەلکێشان و باڵکوتان بە دوای گومان دڵنیایدا بەردەوامین، بە دەستێوەردانی نەرانین بە زانین بەردەوامین بۆ پەیبردن بە مانا و ڕەمز و مەغرای ژیان تا لە جوانی سیماکانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست سەردەربکەین، تەواو ڕۆبچین بە نێو هەموو پێکهاتەکانی بیرکردنەوە و ڕۆڵ و کاریگەری لەسەر شێوازی بیرکردنەوە، لەسەر کەس و ڕووداو و ئەو سیستمە کۆمەڵایەتیانەی لە دەوروبەرماندایە، دەبێت بە ویستگەکانی گوماندا تێپەڕبین چونکە بە نەزانین و خۆ غافڵکردن لە گومان نە حەقیقەت دێتە دی و نە دەتوانین بگەینە کانگای دڵنیایی و ئاسوودەیی.
واتا لە گەشەپێدانی مرۆیی و دروستبوونی لێکتێگەیشتن و بنیادنانی ژیانێکی کۆمەڵایەتی دروست ئەگەر گومان نەبێت بە دوای ڕاستیەکاندا وێڵ نابین ناگەینە یەقین، بە هیچ شێوەیەک هاوتەریبی ڕاستیەکان نابینەوە و کێشی تای تەرازووی نێوان گومان و ڕاستی یەکلایی نابێتەوە.
“هەرچەندە نە گومانی ڕەها و نە حەقیقەتی ڕەها بوونیان هەیە” بەڵام بە بوونی گومانێکی باش و گونجاو و دروست لەسەر بنەمایەکی ژیربێژیی و بنەمای پێوەر و پێوانەی عەقڵ ئەویش بە شەن و کەوکردن و بژاردە و تەتەڵەی شیاو و نەشیاویی گومان و گەڕان بە دوای پاڵنەرێکی دروست تا بیکەین بە مەحەکی بەڵگە بۆ بەرجەستەکردنی دڵنیایی زیاتر.
بە گومانی ئاوەزگەرایی و ژیرانە و دروستکەر، بە ئاکار وشێوازی ئارام و هێمن دوور لە توندوتیژیی و خۆ وێرانکردن و بەرهەمهێنانەوەی ئەزیەت و ئازاردان و شێواندن، زووتر و زیاتر بە حەقیقەت و کۆی بیرکردنەوە و هەنگاوەکانی چاکسازیی تاک و کۆمەڵگا و نا دروستی سیستەم و نادادیی یاسا و ڕێسا و گۆڕین و چارەسەری دۆخە ناهەموارەکان و لێکەوتە نەرینیەکان بۆ ئەرێنی ئەکەوین.
هەروەک دێکارت دەڵێت “من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم”
واتا “من گومان دەکەم کەواتە من هەم.”
Leave A Reply

Your email address will not be published.