ئەوەی کە دەبێ لەخەڵکی سریلانکاوە فێربین یەکگرتوویی یە !

0
عبدالرحمن رسول
هەمیشەیەکگرتوویی تێکۆشانی کرێکارو چەوساوەکان بۆ هێنانەدی ماف و ژیانێکی باشتر کاریگەری ئەرێنی وئیجابی هەبووە بۆ سەرتەواوی کۆمەڵگە خۆیان، زۆرجار کاریگەری هەبووە بۆسەر تەواوی جیهان. تێکوشانی چینی کرێکار بۆ دیاریکردنی مافی کرێکاران و دیاریکردنی ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار کە یەکی ئایارە بۆ خۆی گەورەترین دەستکەوتو و بەرهەمی پڕکاریگەری ئەرێنی هەبوو بۆسەر جیهانی مرۆڤایەتی.
تێکۆشانی یەکگرتووانەی خەڵکی پاریس لە کۆمۆنی پاریس دا بۆخۆی چەندین ماف و دەسکەوتی گەورەی بەدەست هێناوە لەگەڵ ئەوەی تەمەنی کەم بوو، بەڵام ئێستاش کاریگەرییەکەی هەر بەسەر خەبات وتێکۆشانی کرێکاران هەرماوەتەوە بەشێوەی ئەرێنی هەروەها شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ڕووسیا و چەندەها و تێکۆشانی هاوخەباتی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش لەوڵاتانی جیهان خاوەن بەرهەمی ئەرێنی زۆربوون. هەربۆیە ناکرێت ئەم تێکوشان و خەباتە جەماوەرییەی خەڵکی چەوساوەو کرێکاری سریلانکا بەکەم سەیر بکرێت، بەڵکو گرینگی زۆری هەیە چونکە بەیەکگرتوویی جەماوەری توانیان قەڵای سیستەمی زاڵمانەی بنەماڵەی دز وگەندەڵ و چەوسێنەر بڕوخێنن.
هۆکاری سەرەکی ڕاماڵین:
گەشەی ناڕەزایەتی خەڵک بەهۆکاری هەبوونی چەندین کێشە وگرفت وقەیرانی چەند بارەبووەی کۆمەڵگەوە بووە، کە بەردەوام لەبۆنەکان و کۆبوونەوەکانی بەرپرسانی دەسەڵات بە خەڵکیان ڕاگەیاندووە چارەسەری سەرجەم کێشەو گرفت و قەیرانەکان دەکەن، ئەوەی بۆیان بکرێت درێغی ناکەن، چاکسازی و ڕیفورم دەکەن، پێویستە خەڵک ڕێز لەیاساکان بگرێت و سەروەری یاساکان بپارێزێت ئەم قسە و بەڵێنە درۆیانە و هیچانە نەک تەنها قسەی بنەماڵەکانی زاڵم و دزو گەندەڵی دەسەڵاتی سریلانکا بووە، بەڵکو قسەی بنەماڵە چەتەو دزەکانی بارزانی وتاڵەبانی و ئیسلامییەکان و بزووتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ بووە لە کوردستان. لەئێرانیش مەلادرۆزنە ئاخوندەکانی ئیسلامی زیاتر لە چل ساڵە هەمان ئاواز و بالۆرەی فرێوکاری دووڕوویی و درۆزنی لێدەدەن و لە عێراقیش بنەماڵە زاڵمەکانی قەومی ودینی هەمان بالۆرە بەگوێ خەڵکی ناڕازی وچەوساوەدا دەدەن و لە تورکیا وئەردەن وسووریاش هاوشێوەیە، تەواوی وڵاتانێک کە سیستەمی دەسەڵاتیان کۆنەپارێز و کۆنەخوازە هەر ئەم جۆرە فێڵباز و درۆیانە دەکەن، بەڵام بەرپرسانی دەسەڵات نەیان توانیووە خۆیان پابەندی یاساکانی خۆیان بن و بەردەوام کێشە و گرفت و قەیرانەکانی بێکاری و هەژاری و بێ خانەو لانەیی و چەندین کێشەی وەک هەبوونی بێکاری وهەژاری و قەیرانی غازی ماڵان.
بەپێی سەرچاوەکانی بڵاوەکراوەکان حکومەتی سریلانکە کە ماوەیەکی زۆرە لە لێواری مایەپووچیدا بووە کە نە نەوت و نە بەنزین و نە گازۆیل و نە دەرمان و نە کارەبا و نە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، هیچ کام لەمانە دەست خەڵک نەدەکەوت و صندوقی دراوی نێودەوڵەتیش هەر دەستی دەستیان بە سەرەک کۆمار و ئیدارەکەی دەکرد لە دانی قەرزێكدا کە بتوانرێت قەیرانەکە بۆ ماوەیەك برەوێنێتەوە .
ئەگەر ئێستا ڕاستگۆیانە وردبینی لە کوردستان و ئێران و عێراق بکرێت هەمان پەتایی کوشندەی هەیە، خەڵک لەنەبوونی خزمەتگوزاری و ماف و ئازادی دا. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە هەر دەسەڵاتێک پشت بە خەڵکی خۆی نەبەستێت ناتوانێت سەرکەوتووبێت لەئیدارەدانی کۆمەڵگەدا، هەر ئەمەش وای کرد کە بەردەوام ئەم کێشانە گەورەتر بوون هەر گەورەتریش دەبن لەجیاتی چارەسەر کردن.
بەگوێرەی زانیارییە باوەڕ پێکراوەکان سریلانکا سەختترین قەیرانی ئابوری بەخۆوە دەبینێت کە لە ساڵی ١٩٤٩وە وێنەی نەبووە، وڵات بەدەست نەبوونی سوتەمەنی، کارەبا، خۆراک و دەرمانەوە دەناڵێنێت، ئەم دۆخە ناڕەزایەتی خەڵکی تەقاندەوەو سەرۆکی وڵاتی ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە کرد. دوورگەکەی ئۆقیانوسی هیندی سریلانکا کە دانیشتوانەکەی ٢٢٠٠٠٠٠٠ ملیۆن کەسە لە ژێر سایەی فشاری توندی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانیدا تێدەکۆشن کە پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک سوتەمەنی و خۆراک و دەرمانی سنووردار کردووە، ئەمەش وای کردووە بارودۆخی ژیانی خەڵک زۆر خراپ بێت.
بارودۆخی خەڵکی کوردستان و ئێران وعێراقیش ئەگەر خراپتر نەبێت چاکتر نییە ڕۆژانە خەڵک لەمیدیاکان و شەقام و کۆبونەوەی خێزانی وگەڕەک و هاوڕێیەتیدا بەردەوام خەڵک باسی ئازارو چەوسانەوەکانی خۆی دەکات ،کەناتوانێت کرێی خانوی بۆبدرێت وخاوەن خانوو دێتە سەری پێی دەڵێت دەبێت دەرچیت لەخانوەکەم یان پارەی چارەسەر نەخۆشی خۆی و خانەوادەکەی نییە، پەنا دەباتە بەر فرۆشتنی ئەندامانی جەستەیی وبانگەوازی بۆ فرۆشتنی دەکات!!
بارودۆخی خەڵک لەڕوویی نەبوونی خزمەتگوزاری گشتی و سووتەمەنی گازو بەنیزین و غاز و خراپی ڕێگابان و وێران بوونی بەشی گشتی (تەندروستی و خوێندن وپەروەردەو فێرکردن و …هیتد) هەرچی پارەی فرۆشتنی نەوت وگازو غاز و وەرگرتنی باجی خەڵک بنەماڵەی دەسەڵات بەئارەزووی خۆیان تەخشان و پەخشانی دەکەین .
هەروەک کارڵ مارکس دەڵێت بەردەوام ململانێی چینایەتی گۆڕانی بەسەردا دێت بەپێی ئاستی گەشەی وشیاری چینایەتی. کاتێک دەسەڵاتی چەوسێنەر چارەسەری کێشە و قەیرانەکانی ئابووری نەکرد بەدڵنیایی کێشەکان گەورەتر دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵاوسانی زیاتر. لەوڵاتی سریلانکا بەرزبوونەوەی هەڵاوسان کە لە مانگی شەش دا گەیشتە 54.6%ی پێوانەیی و پێشبینی دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا بگاتە 70%، فشار و سەختیەکان لەسەر دانیشتووانی ئەو وڵاتە تا دەهات زیاتر و زیاتر کەڵەکە دەبوو. هەژارو بێکارو کرێکاران بارودۆخی ژیانیان بەردەوام سەختترو ناخۆش دەبێت. لەهەمان کاتدا حکومەت ناتوانێت قەرزەکانی حکومەت بداتەوە ئەم قەرزانەش کەوتۆتە سەرشانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش کە بۆتە هۆکارێک کەژیانیان زۆر ناخۆشتربێت.
ناڕەزایەتی خەڵک بەرەو ڕاماڵێن :
دوایی ئەوەی بنەماڵەی ئاغازادەکانی دەسەڵات بەهۆی خۆپەرستی ولوت بەرزی خۆیانەوە دانیان بەشکستە ئیدارییەکانی خۆیاندا نەدا و نەشیان توانی ژیانی خەڵک بەرەو باشتر بەرن. خەڵک دەستی بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان کرد. ماوەی دوای سێ مانگ لە ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانی لەدوایی ئەوەی چەندین جار هاتنە سەر خیابان و شەقامەکان لە ئەنجامدا، بنەماڵەی دەسەڵاتداران گوێیان بە ناڕەزایەتی خەڵک نەدا، هەر بەڵێنەکانیان دیزە بە دەرخۆنە دەکرد هەروەک بنەماڵەکانی بارزانی و تاڵەبانی، بەڵام خەڵکی سریلانکا وەک خەڵکی کوردستان ئارامی نەگرت و فریوی نەخوارد بە حیزبە دینی و قەومییەکان بەناوی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە، بەڵکو خەڵکی تێکۆشەری سریلانکا بەکردار لەدژی نەبوونی خزمەتگوزاری و نەبوونی سووتەمەنی و لەدژی خۆشگوزەرانی دەسەڵات، خەڵک بەردەوام بەرەو یەکگرتوویی زیاتر هەنگاوی دەنا. لەگەڵ هەر پروپاگەندەیەکی درۆینەی حکومەت و بنەماڵەو حیزبەکان خەڵکی ناڕازی بەهێز تر دەبوو، هیچ بەڵێنێکی درۆینە پەرتەوازەی نەکردن بۆیە دواجار دەسەڵاتی بنەماڵە و حکومەتی ئەو وڵاتەیان ڕووخاند .
هاوڵاتێکی تێکۆشەر لەبەردەم کەناڵی تەلەفیزیۆنی بی بی سی:
زۆر بەجوانی تیشکی خستە سەر ناوڕۆکی هۆکاری ڕاماڵینی دەسەڵاتی چەوسێنەرو گەندەڵی سریلانکا گوتی :
سەرۆکی وڵاتەکەمان شەوانە لە کۆشکی ملیۆن دۆلاریدا ئەخەوت، بەناچاری و بە ماندووبوونی زۆرەوە ئێمەش سێ رۆژ لەسەرەدا ئەوەستاین بۆ بتڵێک غاز. دواجار بەیەکەوە بڕیارماندا ئەو جۆرە لە دەسەڵاتە و ژیانکردن بگۆرین. ئەمەش بۆ ئەوەی کە جیھان پێمان نەڵێ: سریلانکیەکان خەڵکانی ترسنۆک نا ھۆشیارن. ئێستا ئێوە بەچاوی خۆتان دەبینن کە ھەموو سەرکردەکانی وڵاتی سریلانکا لەژێر پێماندا ھەڵدێن. دەیبینن کە خەڵکی سریلانکا گەلێکە ستەم لە ھیچ زاڵمێک قبوڵ ناکات. دواجار هێزی خەڵک بەجۆرێک بەهێزبوو کە زۆر بەئاسانی دەسەڵاتی چەتە و دزو مافیاکانی بنەماڵەی ڕووخاند، ڕۆژی شەممە ٩/٧/٢٠٢٢، خەڵکی تێکۆشەری سریلانکا لوتکەی سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، پاش ئەوەی کە بە سەدەها هەزار کەس کەوتنە سەر شەقامەکان بەیەکگرتوویی لە پایتەختی سریلانکەدا کە کۆڵۆمبۆیە، بەیەکەوە گەنجان و لاوان و کرێکارو جوتیار ومامۆستا و فەرمانبەران و خەڵکی تێکۆشەر هێرشیان کردە سەر کۆشکی سەروک کۆماری و دەستیان بەسەردا گرت و سەرۆك کۆمار بە پەلە ڕای کردووە و لەترسان ئێستا خۆی شاردۆتەوە .
خەڵکی تێکۆشەر لەدوایی ئەوەی دەستیان بەسەر کۆشکی سەرۆکدا گرت، بە ئارەزووی خۆیان کەوتنە مەلە کردن لە ناو مەلەوانگەی کۆشکدا. هەروەها خەڵکی ناڕازی دەستیان بەسەر ماڵە تایبەتییەکەی سەرەك وەزیراندا گرت و ئاگریان تێبەردا.
یەکێک لەهەنگاوە جوانەکانی تری خەڵکی سریلانکا ئەوەبوو کە بە پێی هەواڵی تەلەفیزیۆنی کەناڵی فەرەنسا ٢٤ و رۆژنامەی (دەیلی میرور) ی بەریتانی، بڵاویکردەوە کە وێڕای خەڵکی خۆپیشاندەرانی سریلانکا مەلەیان دەکرد لەناو مەلەوانگەکانی سەرۆکدا، لەهەمان کاتدا پارەیەکی زۆریان لە سەرۆکایەتی کۆماری وڵاتەکەیان دۆزیوەتەوەو پاشان رادەستی ھێزە ئەمنییەکان کردووە.
ئەوەش نیشانەی دەست پاکی و ئەمینی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشە کە ناتوانن پارەیەک موڵکی گشتی بێت بۆخۆیان دابەشی بکەن. هەروەها بزوتنەوەی ناڕەزایەتی سریلانکا لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە ناوی (gotagogama) نوسیویەتی، ئەو پارەیەی کە لە ماڵی سەرۆک کۆماردا دۆزراوەتەوە بڕەکەی (١٧ ملیۆن و ٨٥٠ ھەزار) روپیە واتا (٤٩ ھەزار) دۆلار بووەو رادەستی پۆلیس کردووە .
ئەوە کە پێویستە لە تێکۆشەرانی سریلانکاوە فێربین :
ئیتر بەسە باچیتر فریو نەخورێت و ئەوە زۆر باش بزانین کە بەڵتەچییەکانی بنەماڵە هەرگیز ویژدانیان ناجوڵێت بۆبێکار و هەژار و کرێکاران، بۆیە یەکگرتوویی بێکارو هەژار و کرێکاران پێۆیستە بۆئەوەی قەڵاکانیان بەسەردا بڕوخێندرێت. ئەم بنەماڵەی دەسەڵات جیاوازییان نییە لەنێوان بارزانی و تاڵەبانی کوردی و سەدرو مالیکی و سەدام حسینی عەرەبی و خاتەمی و خامەنی ئاخوندی ئیسلامی ئێرانی و ئەردوغانی تورکی ئیسلامی ئەمانە هەموویان سەربە بنەماڵەی فاشیزمن دزی و تاڵانی دەکەن هەتا لەدەسەڵاتدابن خۆش دەژین و خەڵکیش هەژارو برسی دەکەن.
خەڵکی شۆڕشگێڕی سریلانکا، ئەوەی سەلماند کە هێزی خەڵکی کرێکارو بێکارو هەژارو زەحمەتکێش و نەداری وەگیان هاتوو لەسەرو هەموو هێزێکی دەسەڵاتدارو سەرکوتکەرەوەیە ئەو هێزە شۆڕشگێڕە ئینسانییە هیچ هێزێک ناتوانێت لەبەردەمیدا خۆی ڕابگرێت، ئەگەر یەکگرتووبن لە تێکۆشانیاندا بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتی دزو چەوسێنەرو کۆنەخوازان. سەردەمی تاکە کەسی بنەماڵەیی و سەرۆکی حیزبی وتاکە سەرۆک و سەرکردەی کاریزما ئیتر باوی نەماوە، سەردەمی حیزبی بنەماڵە و شێخ و ئاغاوات و حیزبی دایک و حیزبی قائید بەسەرچوو، ئەوەی گرینگترە ئەوەیە کە سەردەمی هەڵبژاردن ودەنگدان و پەرلەمانی بازرگانی بەسەرچوو، هەروەها لەوەش گرینگتر لەژێر ناوی بریقەداری ئایینی و قەومی و سەردەمی ئۆپۆزیسیۆنی ساختەچی بەسەرچووە، کە بانگەوازی درۆینەی بکات بۆ بەشداری هەڵبژاردن کەگۆرانکاری لەژیان وگوزەرانی خەڵکی چەوساوە و کرێکاردا بکات و ڕیفۆرم و چاکسازی لەسیستەم و دەسەڵاتی بنەماڵەی مافیایی و دزو گەندەڵدا بکات .
ڕێگاچارەی دروستی ئینسانی لێرەوەیە :
ئەوا ئەم جارەش لە مێژوودا خەڵکی شۆڕشگێڕی سریلانکا سەلماندیان کە تەنها هێزی بێکارو هەژارو چەوساوەو کرێکار خۆیان دەتوانن ببنە ئەو هێزەی کەگۆڕانکاری لەژیان و گوزەرانی نەک خۆیان، بەڵکو تەواوی کۆمەڵگە بکات و کۆمەڵگەیەکی باشترو نوێتر بەدی بهێنێت و دەسەڵاتی بنەماڵەیی چەتەیی و دزەکان لەسەر حوکم لاببات.
بە ووردبوونەوەیەک بۆ ژیانی ئێستای خەڵکی ئوکرانیا بکەین کە لەسایەی دەسەڵاتی خۆسەپێن و بنەماڵەیی هاوپەیمانەکانی ئەمریکاو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ملهوڕی و داگیرکاری دەوڵەتی سەرمایەداری ڕووسیادا تووشی چ ماڵوێرانی و قوربانێک بۆتەوە بەهۆی شەڕی کۆنەپەرستانەوە، ئەگەر جەنگیش بوەستێت ئەوە بۆ چەندەها ساڵی تر ناتوانێت ئۆکرانیایی وێران بوو بگەڕێنێتەوە هەمان ئۆکرانیایی پێش جەنگ. هەموو ئەم نەهامەتی و کێشانە بەهۆی سیاسەتی دژە ئینسانی ململانێی نێوان ناتۆ و ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ڕووسیایی دا .
ئەم جەنگەی ئۆکرانیا نەک بۆ خەڵکی ئۆکرانیا، بەڵکو بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەریتانیاو وڵاتانی تری جیهان کاریگەری نەرێنی هەبووە لەزۆرێک لەوڵاتەکان بەرهەمی خۆراک و سووتەمەنی نرخەکەی بەرزبۆتەوە ئەوەش زیانی بۆ سەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی ئەو وڵاتانە دەبێت.
ئەگەر سەیری هەریەکە لەوڵاتانی میسرو لیبیا و عێراق و سووریا بکەین بەهەمان شێوە خەڵک باجی خۆش خەیاڵیان بە ئەمریکا و ڕووسیایە کە ڕزگاریان بکەن لەدەست دەسەڵاتی بنەماڵە تاڵانچی و مافیاکانی شێخ و مەلا و ئاغاکانی خۆیان، بەڵام لەدوایی گۆڕانی دەسەڵاتی فاشیزمی دەوڵەتەکەیان جارێکێ تر کەوتە ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی خێڵگەرا و دینی و قەومییەکانەوە کە هەرچی داهات و سامانی ژێر زەوی و سەرزەوەی هەیە بۆخۆیانیان دزی و تاڵان کرد و خەڵکیش لەناو کێشەکانی بێکاری و هەژاری وبێ خزمەتگوزاری گشتی دا ڕاگرتووە .
چەند مانگێکە خەڵکی جوتیارو کرێکارو زەحمەتکێشی سریلانکیا لە دەربڕینی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی سەر خیابان و شەقامەکان و بەردەوامە. جارجار پشوییەکیان وەرگرتوە و لەگەڵ پشوودان بەخۆیان لەناو خۆیاندا باشتر خۆیان ڕێکخراو کردووە، دواتر تاج و دەسەڵات و ڤێلاو باڵەخانەی پڕ لە پۆلیس و چاودێریان بەسەردا ڕووخاندن و بەناچاری هەڵاتن ئەگەرچی جاری وا هەبووە کە چەند ڕۆژێك خامۆش و بێ دەنگ بوون، بەڵام زۆر وشیارانە بەیەکەوە بەیەک دەستی پۆڵاین لە پڕێکدا بە دەیەها هەزار کەس لەسەر شەقامەکان بوون بەرەو دەست بەسەرداگرتنی کۆشک و تەلاری چەتەکانی بنەماڵەی ملهوڕی دز.
خەڵکی ناڕازی لەئێران و کوردستان و عێراق چەندین ساڵە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ئەنجام دەدات و لەدوای بەڵێندان دەچنەوە ماڵەکانی خۆیان کاتێک دەسەڵاتی درۆزن و ساختەچی چەند بەڵێنێکی بریقەدار بەخەڵک دەدات .
کەوایە ڕێگا دروستە ئینسانییەکە دەبێت هەنگاوی بۆبندرێت ئەویش خەڵک لە هاتنە سەرخیابان وشەقامەکان بەجۆرێک خۆی ڕێکخراو بکات لەبزووتنەوەی چینایەتی جەماوەری دا کە ئەڵتەرناتیڤی باشتر و ئینسانی لەخۆ بگرێت.
هێز لە ڕێکخستنی چینی چەوساوەو کرێکاردایە لەبزووتنەوەی چینایەتیدا کەئامانجی لەگۆڕنانی سیستەمی چەوسانەوە بێت دواتر خەڵک خۆیان لەڕێگای ئیدارەدانی شورایی بەجۆری هەرەوەزکاری کۆمەڵگە بەڕێوەبەرن و چاودێری بەڕێوەبردنشی بکەن .
کە دژی سیستەمی بنەماڵەیی بین دەبێت لەهەمان کاتدا تێکۆشان بۆ هێنانەدی ئەڵتەرناتیڤی ئینسانی بکەین، ئەمەش بۆ ئەوەیە ڕیسەکەمان وەکو چینی چەوساوەو کرێکارو زەحمەتکێش نەبێتەوە خوری!!.
چەندەها نمونەمان هەیە کە دەتواندرێت سوودییان لێ وەربگرین بۆ ئەوەی هەڵەکان چەندبارە نەکرێتەوە! ڕژێمی پاشایەتی لەئێران لەلایەن خەڵکی ناڕازی ئێرانەوە ڕووخا، بەڵام بەهۆی ئەوەی کرێکاران و چەوساوەکان لەگەڵ تێکۆشانی ڕووخانی ڕژێمی چەوسێنەری شادا نەخشە ڕێگایەکی ئینسانی وەک ئەڵتەرناتیڤێکی ئینسانی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لەخۆ نەگرتووە، بەڵکو داهاتوویان بەحیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی باڵە جیاوازەکان سپارد، دواتر لەلایەن ئیسلامییەکانەوە بەزۆر دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت. ئەم ئاخوندە ئیسلامییانە زۆر خراپتر کۆمەڵگەیان بەرەو وێرانتر برد، بەهەموو هێزیانەوە ڕەگی فاشیزم و کۆنەخوازییان لەکۆمەڵگە و دەسەڵاتدا بەهێز کرد. دواتر خەڵکی چەوساوە و کرێکار جارێکی تر کەوتنەوە دەست مەکینەی فاشیزمی ئیسلامی ڕۆژانە بێماف و سەرکوت دەکرێن .
لە عێراقیش بەهەمان شێوە خەڵکی عێراق و کوردستان بەدەستتاڕی دەسەڵاتی فاشیزمی بنەماڵەیی و نەتەوەیی و دینی دەهاڕدرێن و بێماف دەکرێن و سەرکوت دەکرێن .
ئەم لافاوەی ڕاپەڕین و ڕاچڵەکینەی خەڵکی کرێکارو هەژارو چەوساوە لەکاتێکدا دەسەڵاتی بنەماڵەیی ڕووخاندووە، ئەگەر ڕیشی خۆیان تەسلیمی حیزبە دینی و قەومی و بۆرژوازییەکان نەکەن و خۆیان بەرگری لەئەڵتەرناتیڤی ئینسانی بکەن کە خۆیان لەڕێگای شوراکانیانەوە‌ لەدوایی پاککردنەوەی کۆمەڵگە لە مافیا و دزو چەتەکانی بنەماڵەیی خۆیان وەک خەڵک دەسەڵات بەڕێوەبەرن. ئەگەر ئەم هەنگاوه نەنێین دیسان ڕیسەکەیان دەبێتەوە خوری!
جاریکی تر هێزو حیزبەکان دەسەڵاتی خۆیان دەسەپێنن کە دواتر خەڵک دیسان باج و قوربانی دەبێت بدات. بۆیە ئەوە زۆر گرینگ و پێویستە لەگەڵ هەبوونی ناڕەزایەتی لەدژی چەوسانەوەو بێ مافییەکان لەهەمان کاتدا گرینگە نەخشە ڕێگای ئینسانیش هاوتای تێکۆشانەکان کاری لەسەربکرێت وەک ئەڵتەرناتیڤێکی باشتر بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بەرگری لێ بکرێت و بانگەشەی جەماوەری بۆبکرێت. کە خەڵک بەئیرادەی بەهێزی ئینسانیان خۆیان لەڕێگای شوڕاکانیانەوە حکومەتی شوایی دابمەزرێنن…
٭ تێ بی نی:ئەم بابەتە لە بڵاوکراوەی بۆپێشەوە ١٥-٧-٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە
Leave A Reply

Your email address will not be published.