مانەوەی قەیرانەکان زاڵبوونی بنەماڵەکانە !!

0
ئاوات (عبدالرحمن رسول)
هەتا بنەماڵە دزو گەندەڵکان لەدەسەڵاتدابن ئەم قەیران و کێشانەش بەردەوام دەبن .بۆیە ئەگەر بمانەوێت نەبینە قوربانی زیاتر ڕێگا چارە لە ڕاماڵینی دەسەڵاتی بنەماڵەکانەدایە و دادگایی کردنیانە لەلایەن دادگایی خەڵکەوە. نەک سەرکەوتنی بنەماڵەیەکی فاشیزم بەپشتیوانی دەوڵەتانی کۆنەپەرست بەسەر بنەماڵەدزو فشیزمەکانی تری دەسەڵات .
ئەمەی ئێستا لەعێراق ڕوودەدات دەرکەوتەی کێشەی دەوڵەتانی ناوچەکە و دەوڵەتانی زلهێزە ،ئەمە ململانێیانە زیاتر لەدوایی ڕوودانی شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کاریگەری ئەو جەنگە گواسترایەوە بۆ ململانێی دەوڵەتان لە ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست و لەئێستاشدا لەناو شێوازی دەوڵەتداری عێراق دا بەڵام شێوازی ململانێی بنەماڵەکان نیشان دەدرێت.ڕاستەوخۆ لەو ململانێیانەدا دەوڵەتانی تورکیا و فاشیزمی ئیسلامی ڕۆڵی گەورە دەبینێت لە ژێرەوە بۆ گەشەدانی ئەم ململانێ یانە کە شێوازی جەماوەری بەخۆوە بینیووە.
کاتێک خەڵکی ناڕازی لەدژی هەبوونی دەوڵەتانی ئێران و تورکیا دروشمیان دەدا لەشەقامەکان داوایی دەرکردنی سوپا دەوڵەتان و دوورکەوتنەوەی دەوڵەتان لەتەدەخول کردنی ئیدارەدانی عێراقییان دەکرد . خەڵکی ناڕازی بە دژی میلیشیاکانی سەربە ڕێژیمی ئێران دروشمیان بەرز دەکردەوە . بەپەلە ئیسمائیل قائانی، فەرماندەی سپای تێرۆریستی قودسی ڕێژیم، بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخەکە سەردانی شاری بەغدای کرد بەڵام سەردانی ناوبراو هیچ گرینگییەکی نەبووە و خۆپیشاندەرانی زۆرتر تووڕە کردووە.
فشاری ئێران بۆ سەر خەڵکی ناڕازی زیاتر بۆ داتەکاندنی ڕوحێتی بزووتنەوەی جەماوەری چینایەتی یە لەناوچەکەدا لەبەرئەوەی بزووتنەوەی چینایەتی لەشارەکانی ئێران لەگەشەکردندا بەرەو ڕێکخراوبوونی جەماوەری ملدەنێ لە عێراقیش خەڵکی ناڕازی لەزۆریک لەشارەکانی عێراق هێزی خۆیان لەناڕزایەتییەکان نیشاندا ساڵانی ڕابردوو دواتریش کاریگەری ئیجابی یەکانی دەرکەوت کە خەڵک لەکاتی هەڵبژاردندا لەسەدا ٪٨٠بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەکرد ئەمەش بەمانایی ڕەتکردنەوەی سیستەمی دینی وقەومی و پەڕلەمانی یە کە خەڵک داوای ڕێگا چارەی ئینسانی دەکات کە ژیانیان باشتر بکات.
ئەم جارەی ناڕەزایەتی هێزی مەزهەبی سەدر بۆ داتەکاندنی بنەما و خواستەچینایەتی و شارەستانی یەکانە ،وانیشان دەدات وەک ڕابەرو کارێزمایەک کە ئەو دەتوانێت پێشەوایەتی کۆی گشتی خەڵک بکات بەڵام خۆشی ئەمە باش دەزانێت کە وانییە چونکە زۆرینەی خەڵک بەشداری هەڵبژاردنی نەکرد .
ئەتوانم بڵێم هەروەک نۆشیروان مستەفا و دواتریش شاسوار عبدالواحید سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان بوون لەپێناو بەرژەوەندی یە سیاسییەکانی خۆیان موقتەدا سەریش لەئێستادا هەر ئەوە دەکات بە جوڵاندنی هەستی سۆزی دینی و قەمی و نیشتیمانی یەکانی .ئەگەر بە ووردی سەیری ململانێ کان بکەین زۆر جیاوازە لە ناڕەزایەتی یە جەماوەری یەکانی ساڵانی ڕابردوو.ئەم جوڵانەوە جەماوەرییە زیاتر لەژێر هەیمەنەی ڕابەرایەتی سەدر بەڕێوە دەچێت بۆئەوەی داواکاری وخواستەکانی خۆی زاڵ بکات کە بریتی یە لە
١- دوورخستنەوەی محمد شياع سودانی لە کاندید بوونی بۆ سەرۆک وەزیران .
٢- هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئیستاو دووبارە ئەنجام دانی هەڵبژاردن بەهەمان سیستەمی پێشوو. کەوایە سەدر هیچ کێشەیەکی لە جۆری یاساکان و سیستەم دا نییە کە چۆن ڕێگا خۆش دەکات بە گەشەدانی چەوسانەوە و نایەکسانی و سەرکوتی زیاتر بەڵکو زیاتر ئەوە ئامانجێتی کە بەرژەوەندی یەکانی بنەماڵەی سەدر بپارێزێت نەک شەڕی ماف و باشبوونی ژیانی گشتی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بکات. ئەگەر بۆی بچێتە سەر هەروەک خومێنی گۆڕ بەگۆڕ بەزۆر خۆی دەکات بە دیکتاتۆری عێراق وفتوا و نەفیرعام لەدژی هەر ڕەوتێکی ئازادیخواز ویەکسانیخواز دەدات .
سەدر زیاتر کار لەسەر هەست وسۆزی دینی دەکات کە هەروەک چۆن بنەماڵە بارزانی وتاڵەبانی کار لەسەر هەست وسۆزی نەتەوەیی دەکەن سەدریش کار لەسەر هەست وسۆزی دینی دەکات .
٣- هەڵوەشاندوەی دادگای فیدڕاڵی. ئەمەش زیاتر لەژێر فشاری ناڕاستەووخۆی پارتی دیموکراتی کوردستانە بەڵام لەلایەن سەدرەوە دەردەبڕدرێت . لەبەرئەوەی حکومەتی عێراق چەندین دۆسەیەی لەدژی بەرپرسانی حکومەتی کوردستان وبەتایبەتی، بەرپرسەکانی پارتی کە تایبەت بە نەوت و گاز کاری لەسەرکردووە لەدادگاکانی ناوخۆ ودەرەوە لە وڵاتی فەرەنساش ئەو دۆسەیەی جوڵاندووە دەوێت بیکاتە دۆسەیەکی تایبەت کەلەڕوویی نێودەوڵەتی یەوە زیاتر کاری لەسەربکات بەئەم هەنگاوەی حکومەتی عێراقیش بەرپرسانی پارتی و حکومەتی کوردستان زیاتر ڕیسواوشەرمەزاری نێودەوڵەتی دەبن .
پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی بارزانی ڕێکەوتنی پەنجا ساڵەی نەوتی لەگەڵ دەوڵەتی فاشیزمی تورکیا بەبێ پرس کردن بە حکومەتی عێراق کردووە لەکاتێکیش حکومەتی تورکیا بەسوپا و تەیارە و بۆمب هێرش دەکاتە سەر خاکی عێراق هاوڵاتیانی کورد وعەرەبی عێراقی دەکوژێت ، بە درێژایی چەندین ساڵە چەندەها بنکەی سەربازی لەناو خاکی عێراق داناوە لەئێستا ئەمە بۆتە جێگەی ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵکی عێراق هەربۆیە پارتی دەیەوێت سەرنجی گشتی کۆمەڵگا لەسەر ئەمە لابدات .
زۆر بەئاشکرا پارتی چۆتە پاڵ حەلبوسی بۆ لایەنگری باڵی سەدر هەروەها یەكێتی نیشتیمانیش بەئاشکرا لایەنگری باڵی مالیكی دەكات. ئەوەش ڕوونە کە باڵی پارتی-حەلبوسی-سەدر لە توركیا و ئیماراتەوە و باڵی یەكێتی-مالكی-عامری لە ئێرانەوە نزیكن. کەوایە زۆر ئاشکرایە بۆ خەڵک کە ھەردوو باڵەكەش بە بنبەست گەیشتوون ناتوانن چارەسەری قەیرانەکانی عێراق و کوردستان بکەن .
دوای ئەوەی موقتەدا سەدر لەبارودۆخی ئێستادا زۆر بێ ئومێدە لەوەی کە بتوانێت کازمی لە دەسەڵات بهێڵێتەوە و، فشارەکانی ئیسرائیل-تورکیا-ئیمارات لەسەری دوو هێندە بووە، بۆیە هێزە چەکدارەکانی دەنێرێتە سەر شەقام بۆ نمائیشی سەربازی زەنگ لێ بدات بۆ کۆدەتایەکی سەربازی بەسەر چوارچێوەی هەماهەنگی سەربە ئێران.
فاشیزمی ئیسلامی ئێرانیش لەڕێگای بنەماڵەکانی سەربەخۆی بەرگری لەدەسەڵاتی مانەوەی بکات لەعێراق دواتر ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی ناوخۆی بنەماڵەکانی دەسەڵات ڕووبدات کە ئەوە ئامانجی کۆتایی ئیسرائیل-تورکیا-ئیماراتە ئەمەش ڕاستەوخۆ بۆ لێدان لە هەژمونی دەسەڵاتی ئێران لەعێراقە .
ئیسرائیل و تورکیا وئیمارات، هەر یەکەو ئامانجێکیان هەیە، بەڵام لە کۆتادا دەیانەوێت ئێران لە عێراق لاواز بکەن.
باسەرنج بەرینە سەر سەردەمی شەڕی بنەماڵەکانی تاڵەبانی وبارزانی لە سەرەتای ١٩٩٤، بارزانی و تاڵەبانی بە فەرمانی ئێران وتورکیا شەڕێکی خوێناوییان تووشی خەڵکی کوردستان کرد، بەهەزارەها کوڕە کرێکارو کوڕە،جوتیارو خەڵکی زەحەمەتکێش بوونە قوربانی ، زۆرێک لەقوربانی یەکان تائێستاش بێ سەروشوێنن چارەنووسیان نادیارە .کە تا ئێستا کاریگەرە پڕ لە نێگەتیڤەکانی لەسەر خەڵکی کوردستان ماوەتەوە .
ئەمەی لەشاری بەغداد ڕوو دەدات شەڕی نێوان باڵە جیاكانی نێو ماڵی شیعە بەتەنها نییە بەڵکو نا ڕاستەوخۆ بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیش بەجۆرێک لەناو یاری یەکەدا بەشدارن . لەدوایی ووتاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمدا داوا لەلایەنە ناکۆکەکانی عێراق دەکات کە بچنە شاری هەولێر لەوێ گفتوگۆی چارەسەری کێشەکان بکەن .
هەروەکو ئەوە وابێت کوردستان شامی شەریف بێت !!خەڵکی کوردستان ئاسوودە و ئازادبێت !!
بێگۆمان ئەمەش بۆئەوەیە کە حکومەتی هەرێم بەسەرکەوتوو نیشان بدەن لەکاتێکدا خۆیان نقومی گەندەڵی و فەسادی ودزین . خەڵکی کوردستانیان لەناو چەندین کێشە وقەیرانی ئاگراوی بێ خزمەتگوزاری و بێکاری و برسێتی و هەژاری وچەوسانەوەدا ڕاگرتووە .
ئەوەی لەعێراق وکوردستان هەیە هەمان کێشەوقەیرانی چینایەتی یە کەڕۆژانە گیانی زەحمەتکێش و هەژارەکان بەیاساکانی بنەماڵەی فاشیزمەکان هەڵدەللوشێت و چەوسانەوەوبێ مافی یەکان درێژەی پێدەدرێت بەهۆی ململانێی فاشیزمی بنەماڵەکان.
بەکورتی و کوردی ئەوانە شەڕی بەدەستهێنانی دەست کەوتی زیاتر لەپارە و دەسەڵاتی زیاتر دەکەن ،شەڕی بەرگری لەمانەوەی جۆری دەسەڵاتی فاشیزمی بنەماڵەیی خۆیان دەکەن بە هاوکاری و پشتیوانی دەوڵەتانی کۆنەپەرست و فاشیزمی ناوچەکە.
بۆیەسەرۆکی بنەماڵەکان بەلایانەوە هیچ گرینگ نییە کە چۆن و بە چ شێواز وجۆرێک خەڵکی کرێکارو هەژارو زەحمەتکێش بکرێتە قوربانی و خوێنی جەستە و هێزی بازوویی بەفیڕۆبچێت.
هێنانەدی کۆمەڵگایەکی باشتر ونوێ تریش لەسەرکەوتنی هێزی بنەماڵەیەکدا نییە کە هەریەکە لەبنەماڵەکانی دەسەڵات چ لە عێراق و چ لەکوردستان لەکارگەی فاشیزمی خێڵگەراوە لەدایک بوون بەڵام لەبەرگی نەتەوەی و دینی خۆیان نمائیشی سیاسی درۆزانە وفێڵبازانە دەکەن .
ڕزگاری کۆمەڵگای عێراق وکوردستان بەئیدارەدانی خەڵک مەیسەر دەبێت:
کەوایە: هەر شەڕ و ماڵوێرانێک ڕوو بدات ئەوا بنەماڵەکانی دەسەڵات هەمووییان بەبێ جیاوازی تاوان باران ، پێویستە هانی گەنجان و لاوانی ناڕازی بدەین کە بەهیچ جۆرێک بەشداری شەڕی نێوان بنەماڵەکانی دەسەڵات نەکات ، لەدژی بێ مافی و چەوسانەوە و شەڕەکانی بنەماڵەکانی دەسەڵات بێتە مەیدانی تێکۆشان لەناو بزووتنەوەی جەماوەری چینایەتی دا خۆی ڕێکخراوبکات . ئەوەی ڕوودەدات لەبێ مافی وچەوسانەوە هۆکاری نەبوونی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی چینایەتی یە لەکۆمەڵگادا. هێنانەدی کۆمەڵگایەکی نوێ ترو باشتر لەیەکگبوونی تێکۆشانی چەوساوەکاندایە لەناو بزووتەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەری چینایەتی دایە بۆنەمانی دەسەڵاتی چەوسێنەروکۆنەخوازی بنەماڵەکان لەعێراق و کوردستان ئەرکی هەر مرۆڤێکی بەویژدان و ئازادیخوازو مرۆڤ دۆست ویەکسانیخوازە کە دڵی بۆ هێنانەدی کۆمەڵگایەکی نوێترو باشتر لێدەدات هەنگاوی کرداری بنێت بۆ گەشەدان و ڕێکخرابوونی بزووتنەوەی جەماوەری چینایەتی لەسەرجەم شاروشارۆچکەکانی عێراق وکوردستان بە ئامانجی لەگۆڕنان و ڕاماڵینی تەواوی سیستەم و دەسەڵاتی بنەماڵەکانی چەوسێنەرودزوگەندەڵ لەعێراق وکوردستان . دواترخەڵک لەجیاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی خۆیان لەگەڕەکانەوە شوراکانیان هەڵبژێرن و کۆمەڵگا بەڕێوەبەرن .
٭تێ بی نی : ئەم بابەته لە بڵاو کراوە و ڕۆژنامەی بۆپێشەوە لە ١-٨-٢٠٢٢ بڵاو کراوەتەوە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.