حیزب و دەسەڵات، دەسەڵاتی حیزب!

0

عەلی مەولود

حیزب و دەسەڵاتی سیاسی، پڕکێشەترین بابەتن لە پرۆسەی خەباتی سۆسیالیستەکان و بۆچوون و تێگەیشتنی جیاوازو جۆراوجۆر لەسەر خۆیان و پەیوەندی نێوانیان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار کراون بە تەواوکارو (لازم و مەلزوم)ی یەکتر، وەکئەوەی حیزب بەبێ دەسەڵات نەتوانێت بژی و دەسەڵات و بەڕێوەبردنیش بەبێ حیزب نوقسان و لاسەنگ بێت.

تەنانەت هەندێک پێیانوایە ” سۆشیالیزم یانی تەحەزوب و تێکۆشان بۆ دەسەڵاتی سیاسی” و ” هەرکۆمۆنیستێک باسی سیاسەت بکات و باسی دەسەڵاتی سیاسی نەکاتە ئامانجی هەموو رۆژەی خۆی، بەخۆی نەڵێ سۆسیالیست و کۆمۆنیست” وە حیزب بۆ دەسەڵاتی سیاسیی و جیاوازی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لەگەڵ بزووتنەوەی ریفۆرمیستی تەنها لە دەسەڵاتی سیاسیدا دەبینن*، لەکاتێکدا ( حیزب و دەسەڵاتی سیاسی) پێویستە سەربەخۆیی لەیەکتر وەرگرن.

حیزب یەکێک لە رەگەزە گرنگەکانی خەباتی سیاسی و ململانێی چینایەتیە، بەڵام درووستکردنی حیزبە سۆسیالیستەکان بەخەونی گەیشتن بە دەوڵەت و لەسەر شێوەی ئەو، وە خۆدانان بەبریکارو نوێنەری چینی کرێکاران، ئەو رۆڵە دەشێوێنێت و گرێیدەداتەوە بە نەریتی بۆرژوازی و جەماوەر(کرێکار) دەکاتە زەخیرەی بەدەسەڵاتگەیشتنی حیزب. سۆسیالیزم دەستپێکردن و درووستکردنی ژیانێکی نوێیە، ژیانی ئازادو هاوبەش، هەرەوەزی و خۆبەڕێوەبەر، کە لەدەرەوەی سیستەم و دەسەڵاتی سیاسی، خۆمان تیایدا دەستپێک و بکەر بین نەک نوێنەری ئەم بەش و ئەوچین، وە بۆ گەشەپێدان و کۆمەلایەتیکردنەوەی ئەزموونێکی وا، هاوکات لەگەڵ خۆڕێکخستنی سیاسی، پێویستمان بە کۆمەڵەکان و بزووتنەوەکان و تۆڕبەندیەکانیانە، ئەویش بۆ خۆبەڕێوەبردن، نەک بۆ دەسەڵات پەیداکردنی کۆمەڵێک بەسەر ئەوانی ترەوە.

چڕکردنەوەی ئەکتی بەرەنگاری لەحیزبداو کورتکردنەوەی ئەرکی حیزب لە گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسیدا، شێواندنی ئەرکی حیزب و خستنە ژێر پرسیاری هەرچەشنە بانگەشەیەکی سۆسیالیستیە. سۆسیالیزم شێوەیەکە لەژیان کە خاڵیە لە پلەبەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی، حیزب (پارت) یانی بەش، واتە بەشێک لەکۆمەڵگا، بەڵام سۆسیالیزم بۆ هەموو کۆمەڵگایەو تەنانەت لەسەر سرووشت و ژینگەو کۆی ژیانی دەوەوەی مرۆڤیش رەنگدەداتەوە، حیزب ئەگەر

لەشوێنی خۆی نەبێت و رۆڵ و ئەرکی لەخۆی گەورەتری پێبدرێت، دەبێتە دامەزراوەیەکی بانتر لە کۆمەڵگا، وە کردنی دەسەڵات بە ئامانجی سەرەکی حیزب و هاوتاکردنی سۆسیالیزم بە گەیشتن بەدەسەڵاتی سیاسی، واتە راگەیاندنی شەڕی نەبڕاوە لەنێوان حیزبەکاندا بۆ دەسەڵات (سۆسیالیزم) بەو پێودانگە شەڕ دەبێتە بنەمای سۆسیالیزم، وە دژبوون (ئەنتی بوون) دەبێتە شوناسی حیزب، دژ بە هەموو شتێک لە دەرەوەی خۆی، تەنانەت سۆسیالیستەکانی پەنادەستیشی، ئەو تەنها دژێک دەبێت بەرامبەر ئەوانەی هەیە، خۆی بەسەربەخۆیی نیە، بەڵام سۆسیالیزم لە خۆیەوە دەستپێدەکات نەک لەدژایەتیەوە، سۆسیالیزم ئەنتیتێزی سەرمایەداری نیەو لەدوای سەرمایەدارییەوە دەستپێناکات، بەڵکو پاکێجێکی سەربەخۆیەو بەدرێژایی مێژوو هەبووە، خۆی شێوەیەکی ترە لەکۆمەڵگاو لە ژیان و قسەی ئیسپاتی خۆی هەیە، کارو بەرهەمهێنان تیایدا لەپێناوی قازانج نیە، ژیان تیایدا ئازادانەیەو هاوبەشە، مرۆڤ تەنها بەشێکە لەسرووشت و کۆی ژیانێکی فراوانترو دەسەڵاتەکەی سەنتەر نیە، دەسەڵاتی مرۆڤ کە ئێستا لەدەوڵەتدا چڕبۆتەوە، سەرەتا لەپەیوەند بە موڵکایەتیەوە پەیدابووە، کە مولکایەتی نامێنێت ئەویش لەبەین دەچێت.

لەپێشینەدانان، (اولویەت)دانی، وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی لەچاو بونیادنانی سۆسیالیزم لەکۆمەڵگادا، پیرۆزکردن و هێشتنەوەی هەیکەلبەندی بۆرۆکراتی ئەم سیستەمەی ئێستایە، کە بەدەردی سۆسیایزم ناخوات و بگرە کۆمەڵگای سەرمایەداریش گیریخواردووە بەدەستیەوە. حوکمڕانی لەبنەڕەتەوە ستەمکاری هێناوێتی، سیستەمی ناچینایەتی هیچ پێویستی بەوە نیە، لەودا خۆبەڕێوەبەری هەیە نەک حوکمی کۆمەڵێک، سۆسیالیستەکان چەندی بۆیان دەکرێت دەبێت هەر لەئێستاوە دەسەڵات پەرتکەن و دابەشیبکەنەوە بەسەر کۆمەڵگادا.

بۆرژوازی لەڕێگای هەڵبژاردنەکانەوە خواست و نارەزایەتیەکانی خەڵک دەکاتە سندوقەکانی دەنگدان و دەیانباتە سەر رەفەی هۆڵەکانی پەرلەمان، هەمانشێوە خۆکوتان بۆ دەسەڵات ( بەرلەوەی سۆسیالیزم پایەدار بووبێت لەکۆمەڵگاداو دەسەڵاتی پەیداکردبێت) دەبێتە هۆکاری تێکشکاندنی تێکۆشان و سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەو تەواوی هەوڵە سۆسیالیستیەکانی جیهان لەم کەناڵەوە شکستیان خواردووە. بۆیە ئەرکی سەرەکی ئامادەکردنی سۆسیالیزمە وەک ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی، نەک ئامادەکردنی تیمی حکومەت بۆ جێگرتنەوەی دەسەڵاتی ئێستا.

بۆچی دەبێت گۆڕینی کۆمەڵگا لە گرتنی دەسەڵاتی سیاسیەوە دەست پێبکات؟ لەکاتێکدا هیچکام لە سیستەمەکانی تر وا درووست نەبوون، بۆچی ناتوانین هەرئێستاو لەخوارەوە جۆرێکی تر لە ژیان و بەڕێوەبردن دەستپێبکەین و کۆمەڵگا سۆسیالستیەکان پێکبهێنین لە هەر گەرەک و گوندێک و لەهەر فەرمانگەیەکدا، بەبێ ئەوەی گەیشتبین بەدەسەڵاتی سیاسی؟ حیزب رێکخستنێکی کارەبایییە کە وزە دەگەیەنێت بە ناوەندەکانی ژیانی خەڵک و کۆڕو کۆمەڵەکانیان، دەسەلاتی سیاسی و شێوەکانی دەسەڵات هی کۆمەڵگایەو ئەو دەبێت دیاریبکات نەک حیزبەکان، ئەو جیاوازیەی لەنێوان جۆری حیزبەکاندا هەیە هیچ لەو ماهییەتە ناگۆڕێت، کە دیاریکردنی دەسەڵات لەلایەن حیزبەوە سەرەنجام سەرکوت و چەوساندنەوەو جیاکاری لێ بەرهەم دێت.

ئەوانەی پێێانوابوو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی عێراق و کوردستان دوو کێشەی سەرەکی هەبوو: یەکیان نەبوونی حیزب و ئەویتریان نەبوونی ئامانجی گرتنی دەسەڵات، دواتر ئەوەیان بەچاوی خۆیان بینی کە درووستبوونی حیزب و قەتیسکردنی رۆڵی حیزب لە گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسیدا نەک هەر کێشە گەورەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی چارەسەر نەکرد بەڵکو سەرەنجام خۆیان بوون بەکێشەی گەورە، هەوڵ و تێکۆشانی نزیک بە دوو دەیەی کۆمۆنیستەکان و سۆسیالیستەکان بە پوختی و بەرێکخراوی، بەبێ ئەوەی پێوەی ماندوو بێت، کەوتە بەردەستی کۆمۆنیزمی کرێکاری، بەڵام تەنها شکستی چنییەوە، ئەو هەموو چالاکی و هەڵسوڕانەی کۆمۆنیستەکان، ئەو هەموو کادرو هەڵسوڕاوە، بەو هەموو دڵسۆزی و لەخۆبردوویی و ئامادەییەوە، ئەگەر رەوتێکی کۆمەڵایەتی پێشەنگایەتی بکردایە، بێگومان شانسی ئەوەی دەبوو لانیکەم ببێت بە بەشێکی جێگیر لەهاوکێشەی سیاسی، بەڵام بەکوێ گەیشت؟

حیزب لە ئامرازی خەباتەوە کرا بە تەوتەمێکی پیرۆز، کە مەرجەعیەت و موفتی و پاپاو حاخامەکانیشی نەدەبووایە رەخنەیان لێ بگیرێت، ٥ ساڵ دوای دامەزراندنی گۆنگرەی یەکەمی گرت ئەویش بە نەخشەیەک کە رابەرایەتی کۆن بەرهەمبهێنێتەوە، رابەرایەتیەک کە لەپرۆسەیەکی نادیموکراتی و بەپێی پشکپشکێنەی مەحفەلی سەپێنرابوو، لە هەموو جومگەیەکی ئەم بزووتنەوەیەدا نەزعەی دەسەڵاتخوازی رەنگی دایەوەو رەگی داکوتا، شەڕی مەحفەلی لەسەر دەسەڵات، بوو بە سەرەکیترین شەڕەکانی ناو رابەرایەتی، ئاکسیۆنیزم ئاوی کردە ژێر رێکخستنەکان و رێکخراوەکان، بەپێچەوانەی “بانگەشەی دەسەڵات“ەوە پەیتا پەیتا کادرەکانی رەویاندەکرد بۆ دەرەوەو بەشێک لە کۆمیتەناوەندی و مەکتەب سیاسیەکەی بە سەردان رێیاندەکەوتەوە ئەم وڵاتەو بەگوێرەی بەرژەوەندی کەسی

(نەک سیاسی) شوێنی ژیانی خۆیان دیاری دەکردو حیزبی دایکیش هەر لەسەرەتاوە وەک حیزبی ( خارج کشوری) درووست بوو، سەرەنجام (حیزب و دەسەڵاتی سیاسی) کۆمۆنیستەکانی لە ئێران و عێراق کرد بە ئاردی ناودڕک، وتوویانە: چاکی مەکە باخراپ نەبێت.

حیزب و دەسەڵاتی سیاسی بوو بە سەرەکیترین باس و زۆرترین خەون و سەرگەرمی کۆمۆنیستی کرێکاری، بەڵام نەبوو بە واقعیەتی سیاسی‌و ڕێكخراوەیی و ئەم بزووتنەوەیەی نەکردە خاوەنی توانایەکی وا کە ململانێ بکات بۆ گۆڕینی دەسەڵات، لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی بوو بە درووشم خوێندن و لەسەر ئاستی حیزب و رێکخراوەکانی دەوروبەری بوو بە بۆرۆکراسیەت و سەرکوتی موخالفین، لەبنەڕەتیشەوە ئامانج لە باسەکە بەهێزبوونی حیزب بوو( حیزب بزووتنەوە حیزب)، بۆ ئەوەی حیزب ببێت بەهێزی یەکەملەڕێگای خستنە سەرجادەی سەرمایەی ئینسانی و کایەکردن بە ئومێدی مرۆڤەکان بۆ رزگاری، بە ئامانج و خولیای ئەوەی حیزب کۆمەڵگا قوت بدات.

ئێمە ئەرکمان بوو، هەوەک ئێستاش ئەرکمانە، سۆسیالیزم بونیادبنێین هەم لەناو حیزبداو هەم لەکۆمەڵگادا، وە بەشدارییەکی رێکخراوبکەین لە پرۆسەی ئامادەبوونی کۆمەڵگا بۆ ئاڵوگۆڕی ریشەیی بەئاقاری ئازادی و یەکسانی، گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی بەشێکە لەم پرۆسەیە نەک هەمووی. ئەویش ( بەبێ ئامادەکردنی زەمینەکانی گۆڕینی کۆمەڵگا لەچینایەتیەوە بۆ کۆمەڵگای ئازاد) لەباشترین حاڵەتدا دەبێت بە ریفۆرم، ریفۆرمیش رێگایەکە بۆ بەشداری لەدەسەڵاتی سیاسی، جیاوازی نێوان شۆڕشگێڕی و ریفۆرمیزم ئەوەیە کە یەکەمیان بۆ بەرهەمهێنانی شێوەیەکی دیکەی ژیانە کە حوکمڕانی و بەرژەوەندخوازی کەمینەی تێدا نەبێت و دووەمیان بۆچەکوشکاری کردنی سیستەمی ئێستایە، دەسەڵاتخوازی سەربەوەی دووەمیانە، خاوەنەکانی هەر ئیدیعایەکیان هەبێت، ئەوپەڕی کارەکەیان چەپاندنی سەرمایەداری دەبێت.

درووستکردنی حیزب بۆ هەر بەشێک لە کۆمەڵگا، بەبێ ئامادەبوونی خۆی، کارێکی فەوقی و بریکارانەیە، چین و توێژەکان ئەگەر خەباتەکەیان گەیشتبێتە ئەو ئاستە، حیزب یان رێکخراوەکانی خۆیان درووست بکەن، پێویست ناکات کەسانێکی تر بەوەکالەت ئەوکارەیان بۆ بکەن، وە پێویستیش نیە کۆمۆنیستەکان حیزبی خۆیان ناوبنێن حیزبی کرێکاران و نوێنەری پرۆلیتاریا، حیزبی رێچکەیەکی سیاسی مەرج نیە حیزبی چینێکی کۆمەڵایەتی بێت، ئەوە لەلایەکەوە ناحەقییە لەو

چینە کە بەبێ ئامادەبوونی خۆی بەناوی ئەوەوە کار بکەیت و لەلایەکی ترەوە ناحەقییە لەخۆت پشت بەهێزێک ببەستیت کە ئامادە نیە، ئەم کرێکاری بوون و نەبوونە، بۆ کۆمۆنیستی کرێکاری نەک هەر بەکردەوە نەبووەتە هەوێنی هێزو یەکڕیزی، بەڵکو بووەتە مایەی لاوازی و ناکۆکی و لێکترازان و خانەگومانی لەیەکترو بەو پاساوە هەرماوەجارێک دابەشبوون و هیچیشیان بەکردەوە نەیانتوانیوە ببن بە حیزبی کرێکاران و ئەسڵەن زەمینەیەکی وا لەئارادا نەبووەو بۆ قەرەبووی ئەوەش کرێکارگەرایی کراوە.

سەرمایەداری بەگوێرەی گۆڕانکارییەکانی خۆی کۆمەڵگای بەجۆرێکی تر لەقاڵبداوەتەوە، بەشێکی مرۆڤەکانی لەگەڵ خۆی گونجاندووەو بەشی زۆرینەشی خستۆتە پەراوێزی ژیان، ستەمکاری لە چەوساندنەوە فراوانتر بووە، ئەمەش جیابوونەوەو دابڕان دەخوازێت لەو بەرنامە سیاسیە باوانەی بۆ گەیشتن بە دەوڵەت و ئەنجامدانی گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی لەسەرەوە، ئامادە دەکران.

راپەڕین و خۆپیشاندانەکانی ئەم چەند ساڵەی رابردووش نیشانیداوە کە حیزبە نەریتیەکان نابن بە هێزو رەگەزی کاریگەر تیایانداو خەڵکی راپەڕیوو نارازیش وزە و ئیلهام لە جۆری تری رێکخراوبوونی خۆیان وەردەگرن، مەسەلەکەش ئەوەیە کە حیزبە نەریتیەکان سەربەخۆ لەوەی چۆن دەڕواننە خۆیان، هێزی کۆکردنەوەو رێکخستنی جەماوەری فراوانیان نەماوەو کەوتونەتە حاڵەتی داچوونەوەو پێشکەوتن و گۆڕانکاریەکانی دوو دەیەی رابردوو شێوازێکی نوێ لە خۆڕێکخستن دەخوازێت و ئەبێت ژانی لەدایکبوونی جۆرێکی نوێ لەحیزب و رێکخراوی سیاسی بمانگرێت.

بەگشتی هەلومەرجی نوێی جیهان، پێویستی بە لێوردبوونەوەی زیاترەو لەپەیوەند بەمەشەوە پیداچوونەوە بە سیستەمی سەرمایەداری و حیزب و دەسەڵاتی سیاسی، بووە بە پێویستی و بیردۆزەکان وردبینی کردن و نۆژەنکردنەوە دەخوازن، بەڵام بەداخەوە هێشتا ئەم ئەرکە گرنگە وەکو پێویست نابینرێت و هێشتا کارکردن بە شێوەی نەریتی، خوێن ساردانە جەختی لەسەر دەکرێتەوە.

* ئەم وتانە لە نوسینێکی رێزدار سەمیر نووری وەرگیراوە، لەبەرئەوەی بابەتەکە گشتگیرترە، بەباشم نەزانی بەناوی ئەوەوە لەسەری بدوێم.

Leave A Reply

Your email address will not be published.