بانگه‌وازی شۆڕه‌سواره‌كه‌ بۆ خۆپیشاندان!

0
جه‌مال موحسین
٢ ی ئۆگه‌ستی ٢٠٢٢
ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه‌ به‌ ڕێنمایی و بانگه‌وازی موقته‌دا سه‌در خۆپیشاندان ده‌ستی پێكردووه‌ و ناوچه‌ی سه‌وز و په‌رله‌مان له‌لایه‌ن ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌. دوای ئه‌وه‌ی سه‌در په‌یتا په‌یتا په‌یامی كردنی چه‌ند ڕكایه‌ت نوێژ و ناوبردنی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ به‌ شۆڕش زیاتر فووی پێداكرد، جگه‌ له‌ به‌غداد له‌ چه‌ند شارێكی تری خوارو و ناوه‌ڕاست و هه‌تا موسڵیش خه‌ریكه‌ ده‌ست ئه‌به‌ن بۆ ئه‌و كاره‌.
ناوبردنی ئه‌م هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌ی خه‌ڵك به‌ شۆڕش پێش هه‌ر شتێك گاڵته‌كردنه‌ به‌ شۆڕش (هه‌تا به‌ مانا گشتیه‌كه‌شی) و هه‌وڵێكیشه‌ بۆ بردنه‌پێشه‌وه‌ی ئه‌جێندای پوختی خۆی له‌ ناڕه‌زایه‌تی واقعی خه‌ڵكدا دژ به‌ نه‌بوونی و گرانی و نه‌بوونی بژێوی و خزمه‌تگوزاریه‌كان.
ئه‌مه‌ی ئێستا له‌سه‌ر شه‌قامه‌ هه‌مان ناڕه‌زایه‌تیه‌كه‌ی هه‌ستانی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٩ نییه‌.
ئه‌مه‌ هه‌ستان و خرۆشان و ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری برسی و ماندووكراوی عێراق نییه‌. ئه‌وه‌ چوارچێوه‌ی ململانێی باڵه‌ جیاوازه‌كانی شیعه‌ و ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب و هاوبه‌شه‌كانیانه‌ له‌ ناسیۆنالیزمی كورد و ئیسلامیه‌ هاوه‌ڵه‌كانیان. ئه‌وان به‌ هه‌موویان كه‌ خۆیان نوقمی قه‌یرانی ئابوری و سیاسی و ئیداری بوون و هیچ وه‌ڵامێكیان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ و كێشه‌كانی پێ نییه‌، نه‌ به‌ چه‌سپی دوو قلوی ئێرانی و نه‌ سوپه‌ر گلوی ئه‌مریكی و غه‌ربی پێكه‌وه‌ نالكێنرێن.
سه‌در ئه‌یه‌وێ له‌ڕێی لایه‌نگر و موچه‌خۆر و میلیشیا مه‌زهه‌بی و چه‌كداریه‌كانی خۆیه‌وه‌، جه‌ماوه‌ری ناڕازیش بپێچێته‌ ژێر هه‌مان عه‌باوه‌. عه‌بایه‌ك كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ڕوخانی ڕژێمی به‌عسه‌وه‌، خۆی به‌شێك بووه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و هه‌رجۆره‌ تاڵانی و گه‌نده‌ڵی و دزیه‌ك كه‌ له‌ جه‌ماوه‌ری بێبه‌شی عێراقی كراوه‌… زۆر مه‌سه‌له‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌توانرێ له‌سه‌ر ڕه‌وتی سه‌در دژ به‌ جه‌ماوه‌ی عێراق بووترێت، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كه‌ بڵێین له‌ ئێستاشدا په‌یامه‌كه‌ی بۆ سه‌رانی لایه‌نه‌كانی تر ئه‌وه‌یه‌ به‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌ و گوایه‌ تۆزێك له‌ مه‌ینه‌تی خه‌ڵك كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و شتی تری له‌م بابه‌ته‌.
ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ شۆڕش نییه‌، بگره‌ بۆ ده‌ربازكردنی نه‌زم و نیزامی خۆیانه‌ به‌ هه‌موو باڵه‌كانیانه‌وه‌ له‌ شۆڕشی واقعی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش، شۆڕشێك كه‌ هه‌موویان پێكه‌وه‌ ڕائه‌ماڵێ.
به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ سه‌در، كه‌ نفوزێكی په‌رله‌مانی هه‌یه‌ تا ئه‌و ڕاده‌ كه‌مه‌ی كه‌ خه‌ڵك به‌شداری كرد، ناتوانێ هیچ به‌ هیچ بكات و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش بچوكترین ئاڵوگۆڕ بكات، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هێشتا دۆخه‌كه‌ له‌مه‌ زیاتریش له‌ خه‌ڵك بشێوێنێ و ببێته‌ مایه‌ی شه‌ڕ و پێكدادانی ناوخۆیی.
به‌ تایبه‌تی له‌ كاتێكدا كه‌ هه‌ر ئێستا جه‌ماوه‌ری هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراوی سه‌ر به‌ مالكی و چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگیه‌كه‌شی به‌ ناوی خۆپیشاندانی دژه‌ خۆپیشاندانه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان. كه‌ ڕه‌نگه‌ پێكدادانی جه‌ماوه‌ریش یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌كان بێ و به‌داخه‌وه‌ له‌ حاڵه‌تێكی له‌م بابه‌ته‌دا ئه‌وان خۆیان له‌سه‌ره‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان پێكه‌وه‌ ئه‌به‌نه‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام له‌ خواره‌وه‌ جه‌ماوه‌رێكی هیلاك و ماندووركراو و برسی كراو ئه‌كه‌ن به‌ گژی یه‌كدا. واته‌ به‌سه‌ر كه‌لـله‌ سه‌ری خه‌ڵكدا جۆرێك له‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان جێگیر ئه‌كه‌نه‌وه‌.
شاسواری نه‌وه‌ی نوێش به‌ ئیلهام وه‌رگرتن له‌و پلانه‌ گڵاوه‌ی سه‌در گوایه‌ ئه‌یه‌وێ خۆپیشاندانی سه‌راسه‌ری له‌ شاره‌كانی كوردستان به‌رپابكات. ئه‌م شۆڕه‌سواره‌ی مه‌یدانی سیاسه‌ت كه‌ هه‌ڵقوڵای پاره‌خۆرییه‌ له‌ناو خه‌ڵكدا، ته‌نها جێگه‌ی گاڵته‌جاڕیه‌. دیاره‌ بیری چۆته‌وه‌ كه‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ئه‌م دواییانه‌دا كه‌وته‌ نه‌ر نه‌فره‌تی خۆپیشانده‌ران و به‌ هه‌ڵه‌داوان خۆی لێ ده‌ربازكردن.
شاسوار شۆڕه‌سواری پاراستنی سیستمی ئێستا و ده‌سه‌ڵات و قاڵبه ‌قێزه‌ونه‌كانی په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌. ته‌نانه‌ت له‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی ئێستاشیدا بۆ ’خۆپیشاندانی سه‌راسه‌ری‘ له‌پاڵ باسكردنی دابینكردنی خزمه‌تگوزه‌رانیدا له‌ژێرلێوه‌وه‌، داوای هه‌ڵبژاردن له‌ زووترین كاتدا ئه‌كات، هه‌ڵبژاردن بۆ كارتۆنێك كه‌ زۆر ده‌مێكه‌ خه‌ڵكی كوردستان دایان ناوه‌ بۆ خاشاك تیاكۆكردنه‌وه‌.
بانگه‌واز بۆ هه‌ڵبژاردن به‌ زووترین كات هه‌روه‌ك چریوه‌كانی سه‌در بۆ ئامۆژگاری پێكهاته‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ عێراقدا بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌ و ’كه‌مكردنه‌وه‌ی‘ جیاوازی و نه‌هامه‌تیه‌كانی خه‌ڵك وایه‌! نه‌ ناوچه‌وان گرژكردنه‌كه‌ی سه‌در و نه‌ ئاو و به‌نزین دابه‌شكردنه‌كه‌ی شاسوار نابێ ببنه‌ مایه‌ی فریودانی خه‌ڵك.
جه‌ماوه‌ری بێبه‌شی عێراق له‌ ساڵی ٢٠١٩ دا ڕیزی سه‌ربه‌خۆی خۆیان نیشان دا. جه‌ماوه‌ری بێبه‌شی كوردستانیش له‌ دژی ته‌واوی سیستمی سیاسی و ئابوری و ئیداری له‌ كوردستاندا هاتۆته‌ ده‌نگ، به‌ ئه‌حزابی سه‌ره‌كی ده‌سه‌ڵات و به‌ناو نه‌یاره‌كانیانه‌وه‌ كه‌ گۆڕان و ئیسلامیه‌كان و ئێستاش نه‌وه‌ی نوێیه‌. بۆیه‌ خه‌ڵكی ناڕازی كوردستان نه‌ك نابێ به‌پیر بانگه‌وازه‌كه‌ی شۆڕه‌سواره‌وه‌ بچن، بگره‌ پێویسته‌ به‌ وێنه‌ی به‌شێك له‌ سیستمی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ كوردستان بیخه‌نه‌ به‌رده‌م نه‌فره‌تی خۆیان.
چاری خه‌ڵك خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی سه‌ربه‌خۆیه‌ له‌ ڕیزێكی یه‌كگرتوو و ڕێكخراودا كه‌ ئاسۆی خۆی له‌ هه‌ریه‌ك له‌و هێزانه‌ جیاكردبێته‌وه‌. خه‌ڵكی ناڕازی له‌ به‌شێك له‌ شاروشارۆچكه‌كان ئه‌وه‌ی نیشان داوه‌ كه‌ باره‌گای هه‌موویان نیشانه‌ی ئاگربارانی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ریه‌.
ماوه‌ته‌وه‌ به‌دیلی خه‌ڵك، ده‌سه‌ڵاتی بنیاتنراو له‌سه‌ر ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆ و ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵك، له‌ كۆنگره‌یه‌كی سه‌راسه‌ری نوێنه‌رانی شورا و ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ره‌كانی خۆیدا بێته‌ مه‌یدانه‌وه‌.
Leave A Reply

Your email address will not be published.