لەئێران لەمانگی ژولای ٢٠٢٢دا ١٣ هاوڵاتی کورد لەسێدارە دراون و ٨١ هاوڵاتی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیرانەوە بێ بڕیاری دادگا دەستبەسەر کراون.

0

ئەڵتەرناتیڤی شورایی \

بەپێی ڕاگەیاندنی ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا تەنها لەیەک مانگدا ١٣ کەس لەهاوڵاتیانی کوردستان لەسێدارەدراون ٨١ کەسیش بەبێ ئاگادارنامەی دادگا دەست بەسەرکراون هەروەها لەیەک مانگدا٤١ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون.

هەروەها ئەم ناوەندە زیاتر دەنووسێت و وورتر بەم جۆرەی لای خوارەوە باس دەکات .کە بەپێویست وگرینگمان زانی وەک خۆی لێرە بڵاوی بکەیەنەوە .

 

هانا: ناوەندەی ئاماری مافی مرۆڤی هانا، راپۆرتێکی لە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ و پێشێل کردنی مافە سەرەتاییەکانی شارۆمەندان و خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران لەلایەن ناوەند و دەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە مانگی ژولای ٢٠٢٢دا ئامادە کردووە و بڵاویدەکاتەوە. (مەبەست لە کوردستان پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ)یە. لێرەدا پێویستە بڵێین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم راستییەی وڵاتی ئێران و کوردستان کەشێکی داخراوی هەیە و دەستڕاگەیشتن بە هەواڵ و رووداوەکان لە کەشێکی ئازاددا ئیمکانی نییە، ئەم ئامارە ناتوانێ هەموو پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەخۆ بگرێ. بەڵام هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بۆ کۆکردنەوە و ناردنی روودوا و راپۆرتەکان داوە و دوای دڵنیا بوونەوە لە هەواڵەکان تۆمار و بڵاوکراونەوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە مانگی ژولای ٢٠٢٢دا لانیکەم ٨١ شارۆمەندی کورد لەلایەن ناوەند و هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، ١٣ کەس لە سێدارە دراون، ٤١ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و بریندار بوون، ٣ کرێکار لە کاتی کار کردن بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لەدەستداوە، لانیکەم ٣ کەس بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون، لانیکەم ٢٠ کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و هەروەها لانیکەم ٤ شارۆمەندی ژن کوژراون.
بەندکراوان:
لە مانگی ژولای ٢٠٢٢دا لانیکەم ٨١ شارۆمەندی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیرانەوە سەرەڕۆیانە و بێ بڕیاری دادگا و بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کراون. گرتنی ئەو شارۆمەندانە لەلایەن ‌هێزەکانی ئیتلاعات، ئیتلاعاتی سپا، لیباس شەخسی، هێزی تایبەت و هەروەها داوا کردنیان لە رێگای تەلەفونەوە بەڕێوەچووە.
ناسنامەی هەموو ئەم ٨١ کەسە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاشکرایە و زۆربەیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها چالاکی کرێکاری، پیشەیی و مەدەنی دەستبەسەر کراون. بەپێی ئەم ئامارە لە کۆی ئەو دەستبەسەرکراوانە ٥٥ کەس بە تۆمەتی سیاسی، ٢٥ کەس بە تۆمەتی چالاکی پیشەیی و مەدەنی و بەتایبەت مامۆستایان گیراون و یەک کەسیش بە تۆمەتی ئایینی دەستگیر کراوە. لە کۆی ئەم ٨١ بەندکراوە، ٧٧ کەسیان پیاو و ٤ کەسیش ژن بوون.
سێدارە:
لە مانگی ژولای ٢٠٢٢دا لانیکەم ١٣ شارۆمەندی کورد بە تۆمەتگەلی کوشتنی بە ئەنقەست و مادە هۆشبەرەکان لە سێدارە دراون. لە کۆی ئەم ژمارەیە ١١ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ٢ کەسیش لە پێوەند لەگەڵ مادە هۆشبەرەکاندا لە سێدارە دراون. لە کۆی ئەم ١٣ کەسە ٢ کەسیان ژن بوون.
کۆڵبەران و کاسبکاران:
بەپێی ئاماری تۆمار کراوی هانا، لە مانگی ژولایدا ٤١ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون.
لە کۆی ئەم ژماریە ٤ کەسیان کوژراون کە ٣ کەس لەوانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران پێکراون و گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش دوای ئەوەی هێزە چەکدارەکانی حکومەت تەقەیان لە ماشێنەکەی کردبوو، ماشێنەکەی وەرگەڕابوو و لە ئاکامدا گیانی لەدەستدابوو.
لەم مانگەدا ٣٧ کۆڵبەر بریندار بوون. لە کۆی ئەم ژمارەیە ٢٥ کەس بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت بریندار بوون. زۆربەی ئاماری ئەو کۆڵبەرانەی بوونە قوربانی خەڵکی شار و ناوچە و گوندەکانی سەر سنووری کوردستانن.
ژنان:
لە مانگی ژولای ٢٠٢٢دا لانیکەم ٤ ژن لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کراون هەموویان بە تۆمەتی چالاکی پیشەیی، کرێکاری، سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی دەستبەسەر کراون.
کوشتنی ژنان:
بەپێی ئەماری تۆماری کراوی ناوەندی ئاماری هانا، لە مانگی ژولای ئەمساڵدا لانیکەم ٤ ژن لە پێوەند لەگەڵ بە ناو کێشەی بنەماڵە لەلایەن هاوسەر، باوک و برا یا کەسوکاری نزیکی بنەماڵە کوژراون.
خۆکوژی:
بەپێی ئاماری تۆماری کراوی ناوەندی ئاماری هانا، لە مانگی ژولای ٢٠٢٢دا لانیکەم ٢٠ کەس لە شار و ئاواییەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە بەداخەوە لەچاو مانگی رابردوو بە رادەیەکی بەرچاوە چووەتە سەر و ئامرەکەی زیادی کردووە. لە کۆی ئەم ٢٠ کەسە ١٦ کەسیان نێرینە و ٤ کەسیش مێیینە بوون. زۆربەی ئەو کەسانەی کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە، لاوان و تازەلاوان بوون. هەروەها زۆربەیان بە هۆی بێکاری، هەژاری و باری خراپی بەڕێچوونەوە بووە و هی واشی تێدایە بە هۆی کێشەی بنەماڵەوە بووە.
کرێکاران:
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراوی ناوەندی ئاماری هانا، لە مانگی ژوڵای ئەمسالدا، لە سنوورەکانی کوردستان کەسێک لە ئاکامی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماوی شەڕی ئێران و عێڕاق هەروها مینی تازە چێندراوی هێزەکانی سەر سنووری حکومەتی ئیسلامی ئێران کوژراوە و ٢ کەسیش بریدنار بوو و ٢ کەسیش بریندار بوون. لە کۆی ئەم ژمارەیە ٢ کەس لەوانە ژن و کەسێکیش پیاو بووە.
زۆربەی قوربانیانی مین کۆڵبەران، کاسبکاران و جوتیار و ئاژەڵداری کوردستان بەتایبەت ناوچەکانی سەر سنوورن.
منداڵان:
لە مانگی ژولای ٢٠٢٢دا ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان بوونە قوربانی بۆ نموونە ١٢ منداڵ و تازەلاوی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ تەنیا لەم مانگەدا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. هەروەها راپۆرتێکیش تایبەت بە ئازاری منداڵان بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە کە دەکرێ لەم جۆرە نموونەی زیاتریش روویدابێ. هەروەها بەشوودانی زۆرەملی منداڵان یەکی دیکە لە دیاردە و کێشەکانە و جاری وایە ئاکامەکەی دەبێتە خۆکۆژی و دوو دانە لەو قەتڵانەی کراون لە پێوەند لەگەڵ بەهاوسەرگرتنی منداڵان بووە.
ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
١ی ئاگۆستی ٢٠٢٢
تێ بی نی ئەم بابەتە لە ماڵپەڕی هانا بەسوپاسەوە وەرگیراوە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.