پەیامی سوهەیلا حجاب(بەندکراوی سیاسی/بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان)

0
بۆ چالاکان و بەندکراوانی سیاسی و مەدەنی و بنەماڵەی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و سەربەرزیی ئێران
سڵاوم پێشکەشتان بێت؛ لە کرماشان شاری پاڵەوانە نەمرەکان و تاقوەسان مەنزڵگەی پاشا دادوەرەکان وەکوو خوسرەو پەرویز، لە بێستون نیشتمانی پڕسۆز و ئاهی ئاشقانی دونیا، شیرین و فەرهاد، لە باخی شار کە بە بەهەشتی ئێران ناسراوە، لە پەرستگای ئاناهیتای کەنگاوەر، لە پاوە و جوانڕۆ و سەلاس باوەجانی، لە شائاباد و کرندی غەرب و داڵاهۆ کە هەر کامەیان مێژوویەکی پڕ لە شانازی تۆمار کردووە و ئەم سڵاوە گەرمەم پێشکەشی هەموو داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی، بەندکراوانی سیاسی لە بەندیخانەکانی ژێر دەسەڵاتی خامنەیی دەکەم.
و کۆرنش دەبم بەرامبەر بە خۆڕاگری و ئیرادەی ئەم مرۆڤگەلە، بەهەر جۆر بیرکردنەوە و حزب و لایەنێک، ئەوە کە بەرانبەر بە زۆڵم و تاڵان و گەندەڵی ئەم ڕژێمە وەستاون بۆ رێزگرتنیان بەسە.
سڵاوی من، پێشکەش بە دایکی بەندکراوە سیاسییەکان و جەرگسوتاوانی ڕێگەی ئازادی کە دوێنێ بێشکەیان جووڵاندووە و ئێستا ویژدانی ئازادیخوازانی دونیا دەهەژێنن. ئەم چەند ساڵەدا کە لە بەنددام و هەڕەمەکی ڕاگیراوم هەستم بەوە کردووە دەبێ ڕاپۆرتێک بۆ جاوید ڕەحمان (نوێنەری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان) بنێرم
نووسینێک کە مێژوویەکە کە خەریک تێدەپەڕێت و بەچاوی خۆمان هەوراز و نشێوەکانی دەبینین، لە خۆ بگرێ.
ئەمە پەڕۆش و هەراسێکە بۆ هەموو ئازادیخوازانی دونیا لە هەر گەل و میللەت و ئایین و ڕەچەڵەک و بە تایبەت خەڵکی و نەوەی تازەی وڵاتەکەم، نەوەیەکی تازەپێگەیشتوو و پڕلەوزە کە ئەیەوێ ئەم کەشتییە شکاوە بگەینێتە کەنارێکی ئەمان، بەڵام کۆیلەکانی ئیستعمار چ ئاشکرا و چ نهێنییەکانیان بە ترس و تۆقاندن و دەستبەسەری و ئەشکەنجە و کۆمەڵکۆژی ڕێگەی ئازادی و سەربەرزیان گرتووە.
گەنجانی وڵاتم لەنێوان بومبارانی هەواڵ و گروپە جیاوازەکان گیریان خواردووە و من خۆشەویستی بۆ نیشتمان لە نێویان دەبینم.
گەنجی ئێرانی ئەگەر مێژووی پڕ لە دەردی و ڕەنجی وڵاتەکەی نەناسێ چون چیرۆکی ئایندەی ئێران بخۆڵقێنێت؟
هەموو ڕۆڵەکانی ئەم خاک و نیشتمانە، نیشانەی ڕەسەنایەتی و مێژووە بەرزەکەی ئێرانن.
بزووتنە سیاسیەکان لەم دواییانەدا، نەوەی نوێ بەو ئاگاییە گەیاند کە ببینێت هێشتا خوێنی ڕژاوی مەشرووتە بێ ئەنجامە و ئازادی وێڵە.
کێشەی هەرە گەورەی ئێمە ئەوەیە لە کاری حیزبی و تەشکیلاتی دەترسین و بەرگەی دەنگی دژی خۆمانمان نییە و هەوڵ دەدەین کپی بکەینەوە.
ئەمەش یانی هەموومان لە بەرانبەری یەک داین و لەجیاتی یەکگرتنەوە پەرتەوازە ین و متمانە بەیەک ناکەین.
هەر کەسێک هیوای گۆڕینی دەسەڵاتی هەیە و ئەیەوێت هەنگاوێک بۆ نیشتمان هەڵێنێت دەبێ هەموو بیروباوەڕەکان ببیستێت و بزانێت تەنیا بە یەکگرتنەوەیە ئینقلاب ڕوودەدات، نەک بە پەرتەوازەیی و خۆویستی.
Leave A Reply

Your email address will not be published.