ترس، دوژمنە گەورەکەی مرۆڤ. ترس، دۆزەخە دڵڕەقەکەی مرۆڤ

0

ڕێڤان جاڤ

ترسی مرۆڤ لە فەوتان و لەناوچوون، ترس لە پیریی و زەلیلی، ترس لە شەڕ و پەتا و کارەساتە سروشتیەکان، ترس لە غەریزە بێڕەحم و نادیارەکانی ناوەوەی مرۆڤ، ترس لە ئازار و تەنهایی درێژخایاند، ترس لە ناعەدالەتی و نابەرابەریی ژیان، ترس لە پیسیی و نالەباری سیاسەت و ئایدۆلۆژییا و چەوتی بەکارهێنانی میدیا و تەکنەلۆژیا، ترس لە بایکۆن و گەمارۆ و پەککەوتنی باری ئابووری، ترس لە تێکچوونی سیستەمی دارایی، کە گەورەترین بەرهەمهێنەری ترس و وەسوەسە و گومان و ڕاڕاین، ترس لە خواستی خۆ وێرانکردن کە دەرگای نامۆبوون و پەراوێزکەوتن و بێ بەشی لە بەردەمدا دەکاتەوە، ترس…. ترس…. هەموو ترس و سامەکان، هەموو مۆتەکە دەروونیەکان ناوەکین و لە ناوەوەی مرۆڤ خۆیەوە هاتوون، کە ئارامی و ئاسایش و ئۆقرەممان لە بەر دەبڕن.
ترس هەستێکی نادڵنیایی و ناسەقامگیرییە لە ناخی مرۆڤدا هەر لە منداڵیەوە کەم تا زۆر چەسپاوە، بەڵام لە ڕێگەی ترسە باوەکان و کۆسپ و نەریتە سەپاوەکان زیاتر بەرچاوە واتا بە گشتی لە کۆمەڵگەی نەرتیی و داخراودا هەر لە پەروەردەی نادروستیی پڕ لە ئەفسانە و چیرۆک و بەیت و بالۆرەی کۆمەڵایەتی غەمبار دوور لە بنەمای فکریی و لۆجیکی، ترس دەبێتە مۆتەکەیەکی ڕووخێنەر و شکاندنی ئیرادە و دەستەمۆکردن و لاوازکردنی زیاتر و خولقێنەری شپرزەیی و شەرمێکی نائاگایی و شاردراوە و دڵەڕاوکێی بەردەوام.
ترس غەریزەیەکی سروشتی یە وەک سیستەمێکی پاراستن و بەرگری مرۆڤ تا ئەو کاتەی سنوری خۆی تێنەپەڕێنێت و کار و کاردانەوەی خراپی لەسەر دەروون و جەستە نەبێت و نەبێتە هۆکاری گۆڕان و شێواندنی فسیۆلۆجی و جەستەیی هەر لە ( شڵەژان و گرژبوونی دەمار و ماسولکەکان، سەرئێشە و لەرزین و ئارەقکردنەوە و نزمبوونەوەی ئاستی ئاگایی و تەرکیز……. لە ئەنجامدا هەستکردن بە بچووکی و شەرم و لە دەستدانی متمانە و بڕوا بەخۆبوون.
ترس بە هەموو جۆرەکانیەوە بە هەموو خاڵە نەرێنیەکانیەوە هەر لە ترسی کۆمەڵایەتی، ترس لە سەرکەوتن و پلە و پایەیی بەرز، ترس لە شکست و دۆڕان، ترس لە هەنگاو و داهاتوو، ترس لە ئاژەڵ و ترس لە بەرزی و نزمی، ترس لە گاڵتەجاڕیی و لاقرتێ و تانە و تەشەر و تیر و توانج و تەوس و پلار کە باگاوین بە ئاراری بچووککردنەوە، ترس لە قسەکردن و بیروبۆچوون گۆڕینەوە، ترس لە پەیوەندی گرتن و هاوسەرگیریی و جیابوونەوە……. ئەمانە هەر هەموویان یەکێکن لە بەربەست و ڕێگرە سەرەکیەکانی گەشە و پەرەسەندنی مرۆڤ کە ژیان ئیفلیج و چەقبەستوو دەکەن.
ترس بە شێوەیەکی گشتی هۆکاری ساردبوونەوە و ونکردن و وێرانکردن و ڕووخێنەری مرۆڤە کە ئاسەواری زۆر خراپ و کاریگەری نەخوازراو لەسەر هەڵسوکەوت و ڕەفتار و بیرکردنەوە بەجێدەهێڵێت. مرۆڤ دەکات بە مرۆڤێکی کز و دەستەمۆ وملکەچ و ڕامکراو، دەبێتە مرۆڤێکی تەعریفکراو بە دەستەپاچەیی و شێواویی و خۆشباوەڕی و دواکەوتوویی، کە بە شاراوەیی مەڵاسدراویی و شەرمنانە لە نێو کار و کردارەکاندا دەردەکەون و لە بیرکردنەوە و ورەی داهێنان و بەرەو پێش چوون زەندەقیان دەچێت، دەرەنجام هەنگاوەکانیان زڕ و بێبەر و نەزۆک دەردەچن.
بەداخەوە ژمارەیەکی ژمارەیەکی زۆر خەڵک هەن لە دۆزەخی ترسدا دەژین، بە جۆرێک بە نێو قووڵایی نادڵیاییدا ڕۆچوون کە ناتوانن ماهیەتی خۆیان دەستنیشان بکەن چونکە زۆر پەیوەستی ئەحکامی ترسە باوەکانی کۆمەڵگا و کەلتوور و داب و نەریتە سەپێنراوەکانن کە ڕەنگە بارگرانی و چڕبوونەوە و تەشەنەکردن و هەڵکشانی ترس و شڵەژانی بەردەوام و ترازانی باری دەروونی ببنە خاوەن سروشتێکی دژ و ناکۆک و گۆڕانی ترسی سروشتی و ئاسایی بۆ ترسێکی سەختتر و تێکچوونی سیستەمی بەرگری لەش کە دەبێتە پاڵنەرێکی ترسناکی گرفت خوڵقێنەر بۆ پەرت بوون و پەرتەوازەیی زیاتر و ئاڵۆزی کەسایەتی، بەرداومی ئەم جۆرە ترسانە دەبێتە ترسێکی لە ڕادەبەدەری ترسناک و دەچێتە حاڵەتی تۆقێن( فۆبیا) کە ترسێکی نالۆژیکی و زیادە ڕۆییە، بە شێوەیەکی ناعەقڵانی لە شتەکان و هەنگاو و بارودۆخەکان دەڕوانێت و توانای خۆ کۆکردنەوە و خۆ کۆنترۆڵکردنی کەم دەبێتەوە یان نامێنێت. ئەمەش نەک هەر بە هەڵچوونی دەروونی، دەروون دەشێوێنێت بگرە بە تەواوی کاریگەری نەرێنی فیزیکی و جەستەیی دیار بەرهەم دێنێت، کە بەرەو دوا گۆشەی تاریکی و کونجی گۆشەگیریی و خۆبەندکردن و خۆوێڵکردن و خۆدوورگرتن و پەناگرتن ڕاییاندەماڵێت.
تاکە چارە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ترس، بۆ ئەوەی مۆتەکە و تەوقی ترس لەناوبەرین و بەرەنگار و ڕێگری ببینەوە، بۆئەوەی قەوارە مرۆڤانە و بایەلۆژییەکەی خۆمان ڕادەستی ترس نەکەین، بۆ بەرگری لە ژیان و مرۆڤبوونی خۆمان، ت ترس پانتاییەکی فراونتر لە هەست و دەروون داگیر ناکات و نەبینە ڕەمزێک بۆ ترس، ئەبێت ترس پشتگوێ نەخرێت و بە ئاگایی و هۆشیاریی و پتەوکردنی دەروونێکی هاوسەنگەوە بچینە ناو قووڵایی و چەق و ناوەڕاستی ژیانەوە بە هەموو کۆسپ و تەگەرە و ناخۆشیی و خۆشیەکانیەوە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.