کەمن ئەوانەی لە سەلمان روشدی گەیشتوون!

0

شاسوار هەرشەمەیی
سەلمان ڕوشدی، تەنیا و تەنیا بە بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی (ئایەتە شەیتانییەکان) لە دنیای ئیسلامدا، وەک فیگورێکی دژە ئیسلام ناسێندرا، کە بەهۆکاری نەخوێندنەوە و تێنەگەیشتن، سەدان هەزار نیمچەخوێندەوار و ئەو خوێندەوارانەش کە ناخوێننەوە، هەروا تێگەیشتوون ڕۆمانەکە دژی ئیسلام نوسراوە.
چیڕۆکی ئایەتە شەیتانییەکان، زووتر و بۆ پێش ڕۆمانەکە دەگەڕێتەوە. ڕوشدی، یەکەمین جار ڕۆمانی (منداڵەکانی نیوەشەو)ی بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە شەوی لەدایک بوونی خۆی لە شاری زەبەللاحی (مۆمبای) دەکات، کە هاوکات بووە لەگەڵ شەوی سەربەخۆیی هیندستان. لەو ڕۆمانەدا، ڕوشدی، پەلاماری توند دەباتە سەر (خاتوو ئەندێرا گاندی)، کە لە ساڵانی حەفتا و هەشتای سەدەی ڕابردوو، سەرۆکی حکومەتی هیندستان بوو.
ڕۆمانەکە لە هیندستان قەدەغە کرا، بەڵام لە پاکستان و ئێران بازاڕی باشی هەبوو.
دوای ئەمە، ڕۆمانی (شەرم)ی بڵاوکردەوە، کە پەلامار دەباتە سەر کۆمەڵگای پاکستان، لە کاتێکدا دایک و باوکی خۆی، تەنیا بەهۆی ئەوەی موسوڵمان بوون، بەناچاریی هیندستانیان بەجێهێشتبوو و ببوونە پاکستانی.
ئەو لەو ڕۆمانەدا، زولفەقار عەلی بۆتۆ و کچەکەی کردۆتە پاڵەوانی ڕووداوەکان. تەنانەت بە (بێنەزیر بۆتۆ)ی سەرۆکی ئەو کاتی حکومەتی پاکستان دەڵێت، ژنە دەرپێ ئاسنەکە. ڕۆمانەکە لە پاکستان قەدەغە کرا، بەڵام لە هیندستان و ئێران، بازاڕی باشی هەبوو. تەنانەت دوای ئەمە، سەلمان ڕوشدی، خەڵاتی باشترین کتێبی ساڵی وەرگێڕدراوی لە ئێران پێدرا.
ئیدی دوای ئەم دوو ڕۆمانە، ڕۆمانی (ئایەتە شەیتانییەکان)، لە ساڵی ١٩٨٨ بڵاوکرایەوە، باشە دوای هیندستان و پاکستان، نۆرەی کامە دەوڵەت دێت؟ ڕۆمانەکە باسی دوو پاڵەوانی زۆر ناسراوی (بۆلیود) دەکات، کە ڕۆڵی خودا زۆرەکانی هیندییان دەبینی.
دوو پاڵەوانەکە لە گەشتێکیان بۆ ئینگلستان، فڕۆکەکەیان لەسەر لەندەن دەکەوێتە خوارەوە، بەڵام ئەوان نامرن. ئیدی دوای ئەوە دەکەونە تەڵەی کێشە نەبڕاوەکانی نوسینگەی کۆچبەران و گشت ڕووداوەکانی دی ناو ڕۆمانەکە لێرەوە دەست پێدەکات.
خودی ناوی ڕۆمانەکەش، (ئایەتە شەیتانییەکان)، ئاماژەیە بۆ ڕووداوێکی دیاری ئیسلام بوونی ئیمام عومەر و گلەیی کردنی لە ئایەتێک کە پەسنی بتەکانی کەعبە دەکات. پێغەمبەریش دەڵێت ئەمە شەیتان بووە و لە شێوەی جوبرائیل، ئەم ئایەتەی بۆ هێناوم و لایدەدەم (تلك الغرانيق العلى وشفاعتهن ترتجى). ئەم بابەتە لە کتێبە کۆنەکانی ئیسلامیی هاتووە و هەموو مەلاکانیش دەیزانن.
جا خۆشیەکەی ئەوە بوو، کە ڕۆژنامەی (کیهان)ی تارانی، وەرگێڕدراوی فارسیی ئەم ڕۆمانەی بە زنجیرە بڵاودەکردەوە و هیچ سانسۆرێکیشی لەسەر نەبوو، چونکە دەستەڵاتدارانی ئاخوندی ئێران، لە دوو ڕۆمانەکەی دی ڕوشدی زۆر ڕازی بوون. ئەمە هەروا ڕۆیشت تا وەرگێڕانەکە گەیشتە ئەم بەشەی کە ناوی (عائیشە)یە. لێرەدا هەرایەکە دەستی پێکرد.
دیارە هەر خودی ناوی عائیشە لە فەرهەنگی شیعەدا، قێزەونە و بە دژە عەلی و سەرکردایەتی کردنی جەنگی (جەمەل) دژی عەلی ناسراوە و سەدان ناو و ناتۆرەیان بۆی دروست کردووە. جا بە ئەنقەست و ڕێک لەژێر ئەم ناوەشدا، ڕوشدی بەبێ ناوهێنان و هەر بە ئیمام ناوبردن، دەکەوێتە گێڕانەوەی هەوڵەکانی ئایەتوللا خومەینی بۆ هاندانی خەڵکی دژی شا، لە نۆڤل لۆ شاتۆی پاریسەوە، تا دەگەڕێتەوە تاران و دەستەڵات دەگرێتە دەست.
ڕادیۆی بی بی سی لەندەنی، هەموو ئێواران پەیامەکانی خومەینی، لە پاریسەوە بۆ خەڵکی بڵاو دەکردەوە و ڕوشدی لە ڕۆمانەکە، ناوی لە (بی بی سی) ناوە (بیلالی حەبەشی)، کە پەیامی ئیمامی لە نۆڤل لۆ شاتۆ ڕادەگەیاند.
ئیدی دوای ئەوە بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە لە ئێران قەدەغە کرا. زۆریشی نەبرد، ئیمام خومەینی فتوا ناسراوەکەی دا، کە سەلمان ڕوشدی سوکایەتی بە ئیسلام کردووە، بۆیە هەر کەسێک بیکوژێت، خەڵاتێکی گەورەی پێدەدرێت و دەچێتە بەهەشتیش. جیهانی ئیسلامی و کاربەدەستان و ڕۆشنبیرانیشی، بێ ئەوەی لە ناوەرۆکی ڕۆمانەکە تێگەیشتبن، لە ترسی کاردانەوەی خەڵک، پاڵپشتیان لەو فتوایە کرد و کتێبەکانیشیان قەدەغە کرد.
بێگومان کاتێک کە بە شێنەیی (ئایەتەکانی شەیتانیی) دەخوێنیتەوە، زوو تێدەگەیت کە پتر دژی جمهوری ئیسلامی ئێران و خودی ئیمام خومەینییە نەک ئیسلام. هەر وەک نمونە، پێش ئەم ڕۆمانە و دوای ئەمەش، سەدان کتێب و بابەتی زۆر زەقتر، بە فارسیی، عارەبیی و دەیان زمانی دی، لە دژی ئیسلام نووسراون و لەسەر هیچیشیان فتوا دەرنەکراوە.
کەواتە کاردانەوەی کاربەدەستانی ئێران و خودی خومەینیش بە فتواکەی، وەڵامدانەوەیەکی بێ هۆ نەبوو، بەڵام فریوخواردنی ملیۆنان مسوڵمان، بێ هۆ و تەنیا لە تێنەگەیشتن و کاردانەوەی خێراوە سەرچاوەی گرتووە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.