گرینگی و پیرۆزی لەهەبوونی ماف دایە!!

0
ئاوات (عبدالرحمن رسول)
مرۆڤ کە هاتۆتە سەرزەوی بۆ ئەوە هاتووە کە ئاسوودە ودوور لەئازاردان و چەوسانەوە بژی .گرینگ ئەوە نییە چۆن مرۆڤ دروست بوووە و چۆن هاتۆتە سەرزەوی و چۆن زەوی بۆ مرۆڤ ئامادەکراوە ئەمانە بابەتی مێژوویی و زانستین ئەکرێت خودی مرۆڤ بەردەوام بەگەشەدان بە ئەندێشەی بیرکردنەوەکانی لەبارەی دروست بوونی زەوی و مرۆڤەوە هەنگاوی باشتربنێت بە گفتوگۆ و پرسیارو گەڕان بەدوایی وەڵامەکاندا.
لە هەموویی گرینگتر ئەوەیە کە مرۆڤ برسی نەکرێت و بێکارو سەرکوت نەکرێت ونەچەوسێتەوە وبێ ماف نەکرێت و بەشێوەیەکی یەکسان دەستی ڕابگات بەسەرجەم داهات و سامانە ماددی ومەعنەوییەکان کەلەکۆمەڵگاکەدا هەیە .
مێژوویی مرۆڤایەتی ئەوە دەسەلمێنێت کە هەمیشە بەدوای ژینگەیەکی خۆشگوزەران و ئاسوودە وئارام کۆچ کردووە بۆ مانەوەی لەژیان. لەسەردەمێک لەمێژوودا لەناو ئەشکەوت و دارستانەکان ژیانی کردووە دواتر بەهۆی گەشەی ووشیاری شوێنی شێوەو جۆری ژیانی گۆڕانی بەسەردا هاتووە ، کشتوکاڵی کردووە ودواتر کارگەی داهێناوە وبەرهەمی جۆراوجۆری بەرهەم هێناوە .
هەموو ئەمانەش بەهۆی گەشەی ووشیاری مرۆڤەکانەوەبووە کە بەرهەمی بیرکردنەوەی باشتربووە.
کەمنین ئەو مرۆڤانەی کە بەهۆی سەرکوت چەوسانەوە ونایەکسانی بیروباوەڕی دینی و قەومی وڵاتەکانیان بەجێ هێشتووە نەک تەنها خۆیان بەڵکو کوڕو نەوەکانیشیان لە وڵاتێکی جیاواز لەشوێنی لەدایکبوونیان دەژین کە لەگەڵ نەتەوە و ئایین و ڕەنگی پێستی جیاوازدان بەڵام ئاسوودە وئارام و ئازاد و خۆشگوزەرانن لەژیان .نەوەکانیان هەرگیز بیر لەگەڕانەوە بۆ نیشتیمانی باوک وباپیریان ناکەنەوە چونکە نایانەوێت وەکو باوک وباپیرانیان جارێکی تر ئاوارەبن.
ئەگەر مناڵێک برسی بێت بیروباوەڕودین و نەتەوە هیچ نرخی نییە ،کاتێک مرۆڤێک لەتکەنانێکی دەداتێ هەرگیز مناڵەکە ناڵێت ئەم نانە هی چ نەتەوە و ئایین و بیروباوەڕێکە لەبەرئەوەی ئەوەی بەلاوەگرینگە پاراستنی سەلامەتی ژیان و بەردەوام بوونی ژیانێتی بەئاسوودەیی نەک جۆری بیروباوڕودین ونەتەوە .
بەدڵنییایی مرۆڤایەتی هەربەم جۆرەش هەنگاوی ناوە کە هەمیشە بەجۆری ئەندێشەو بیرکردنەوە و تێڕامانەکانی لەبواری زاست و زانیاری وزەوی ناسی باشتر و جوانتر هەنگاوی ناوە مرۆڤایەتی .
بەڵگە بەرجەستەکان باشتر ئەوە دەسەلمێنن کە هێزی مرۆڤ لەبیرکردنەوە و داهێنانی سوودبەخش و زانست و زانیاری باشتر هیچ کات وساتێک ناوەستێت ،ڕۆژانە و ساڵانە لە ڕاگەیاندنەکانەوە گوێ بیستی هەواڵی نوێی زانستی و ئەستێرە ناسی و زەوی ناسی و مرۆڤ ناسی دەبینەوە کەوایە گەشەی شەپۆلی فێربوون هیچ کات ناوەستێت هەمیشە ئێمە مرۆڤ بە زانیاری و زانستی نوێ سوود بەخش دەکات دەرئەنجامی ئەمەیە کە پێویستە ئێمەی مرۆڤ هەرگیز لە فێربوونی زانست وزانیارییەکان نەوەستین بۆ ئەوەی سوودمان زیاتر بۆ ژینگەو مرۆڤایەتی هەبێت.
خوێنەرەرانی ئازیز ئەمەوێت بە پرسیارێک بچینە ناو بابەتەکەمانەوە بۆئەوەی تەنها وەک خوێنەرێک بابەتەکە نەخوێنیتەوە بەڵکو هەر یەکەمان بیرکردنەوەمان ئاراستە بکەین بە وەڵامی پرسیارێک ئەویش ئایا مرۆڤ گرینگترە یان ئامێرەکان؟ ئایا مرۆڤ گرینگترە یان بیروباوەڕەکان؟ ئایا مرۆڤ گرینگترە یان ژینگە ؟ یەک پرسیاری تر کە کۆی پرسیارەکانی تر بەرەوڕووی خۆی ئاراسته دەکات ئەویش ئایا کە مرۆڤ نەبێت لەژیان ئەمانە (بیروباوەڕەکان و دینەکان و ژینگە و ئامێرەکان نرخ بەها و گرینگییان چی یە ؟ کەوایە وورتر با بیربکەینەوە پێکەوە کە وەڵامێکی ئەرێنی و سوودبەخش بۆ مرۆڤایەتی بدەینەوە.
لەشوێنی خۆمان لەماڵین یان لەکار با سەیریکی ژینگە و شێوەی ژیانمان بکەین ئەوجا وورتر دەرک بەوەڵامە دروستەکە دەکەین .ئەو ژینگە شێوەی ژیانەی هەمانە بۆ مانەوەی ئێمەی مرۆڤە ،هەرکاتێک ئێمە لەشێوەی ژیان و جۆری ژینگە نەمان توانی ئاسوودەبین کەوایە دەبێت بیربکەینەوە بۆئەوەی هەنگاوبنێین بۆئەوەی جۆری ژیان وشێوەی ژیانمان بگۆڕین بەرەو باشتر ئەمەش لەبەرئەوەی خودی خۆمان وەکو مرۆڤ بەلاوە گرینگ و بەبەیاخە.
هەروەک نموونەی مناڵە برسی یەکە ئێمەش کە ژیانمان ناخۆش بێت و پێویستە تێکۆشان بۆ باشتربوونی ژیانمان بکەین لەگەڵ هاوچارەنووسەکانمان دەستی یەکتری بگرین بەبێ ئەوەی سڵ لەهەبوونی جیاوازی دینی و نەتەوەیی و بیروباوەڕبکەینەوە.
مرۆڤ کاتێک لەژینگەیەکدایە نائارام و مەترسی لەسەرژیانی هەیە ناچارە هەنگاوبنێت بۆ ئەوەی ژینگەکەی ئارام بکاتەوە بەڵام ئەگەر نەی توانی زیاتر مەترسی یەکانی زیاتربوو بەناچاری ڕێگای کۆچ دەگرێتە بەر بۆ ژینگە و شوێنێکی ئارام وباشتر .
لەلایەکی ترەوە خودی ئاستی ژیری وووشیاری مرۆڤ ڕۆڵی گرینگ دەبینێت بۆ هەست کردن بەرپرسیارێتی لە پاراستنی ژینگەی جوان و مرۆڤایەتی .
سەرنجتان ڕادەکێشم بۆ بەرنامەیەکی بەپلان لەلایەن دەسەڵاتە ملهوڕەکانی سیستەمی سەرمایەداری کەلەهەر گۆشەو کەنارێکی ئەم جیهانە تووشی قەیران و کێشەبوون پەنا بۆ زیندووکردنەوەی بیروباوەڕە ئەفسانەیی و کۆنەخوازییەکان دەبنەوە ،بەئامانجی دابەشکاری و سازکردنی کێشە وململانێی لەنێوان هاوڵاتیانی کۆمەڵگا ، لەهەر کۆمەڵگایەو بەجۆرێک نمائیش و کاری لەسەر دەکەین .
لە عێراق و ئێران و کوردستان وتورکیا زیاتر دەسەڵاتە ملهوڕەکان کار لەسەر نمائیشە مەزەهەبی و سۆزە دینی ونەتەوایەتی و خێڵایەتی یەکان دەکەن . واتە بەجۆرێک کە ئامانجیان ئەوەیە یەکگروویی ناڕەزایەتی یەکان بەرامبەر دەسەڵاتیان پەرتەوازە بکەن ئاراستەی ململانێێ ناوچەیی و دینی و فکرە کۆنەخوازییەکانیان بکەن .
کاتێک دەپرسن فڵان شارە یان ناوچەیە بەبەیاخترو پیرۆز ترە لە فڵان ناو چەو وڵات؟ ئەو پرسیارە زۆر هیچ و بێ سوودە بۆ دەمەزەنکردنەوەی کۆنەپەرستی یە لەبەرئەوەی خودی پیرۆزکردنی شوێن هەرشوێنێک بێت کە مرۆڤ مافی پارێزراو نەبێت و ئازاد و خۆشگوزەران نەبێت بە مانایی گەمژەیی ونەزانینە . ئەمەش لەبەرئەوەیە مرۆڤ لەهەموو شتێک بەبەهاترو بەنرخترە کە مرۆڤ نەبێت ئەوانی تریش هیچ بەها و نرخیان نییە .
هەرگیز دەسەڵاتی چەوسێنەر بەگرینگی باسی کرێکارێکی ماندوو ناکات کە باش دەزانێت کاری کرێکارەکە کە لەهەربواروجۆرێکدابێت ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی گەشەدان بە کۆمەڵگا بەرەو ئاوەدانی و باشترو جوانی ،ئەزانی بۆچی دەسەڵات گرینگی بەکرێکار نادات ؟
لەبەرئەوەی کاتێک بە گرینگی باسی کرێکارێکی دەست وپەنجە قڵیشاوبکات ئیرادەی ئینسانی بەهێز دەبێت،دواتر دەرئەنجام بەگژ دەسەڵاتدا دەچێتەوە،هەرئەمەش هۆکارە بۆیە بەردەوام بەجۆرێک باسی کرێکار دەکات وەک زەلیل و بێ ئیرادەیەک لەژیان و کرێکارێکی فەقیرو نەزان،ئەمەش بۆئەوەی هەرگیز کرێکار هەنگاو بۆ ڕێکخراوبوونی نەنێت .
ئەگەر هەر هەنگاوێکیشی نا بۆ ڕێکخراوبوونی بەزوویی ڕێگری ولەمپەری بۆسازدەکات یان خۆی سەندیکایەکی بۆ دادەمەزرێنێت بۆئەوەی زنجیرەکانی پێی کرێکار بەهێزتر بکات وبێ دەنگ و زەلیلی زیاتری بکات.
با بە ویژدانەوە بەراوردێکی خێرا لەنێوان دوودەستدا بکەین یەکیان کە ئەم دەستەیەکە جوانييەكان دروست دەکەن و کۆمەڵگا ئاوەدان دەکەنەوە و تةنها بەهؤى ماندووبون و زەحمەتکێشی خۆیانەوە ژیان وگوزەرانی خۆیان بەڕێ دەکەن ئەمانە بریتین لەدەسته جوان و بەنرخ و پیرۆزەکانی کرێکار .
بەڵام دەستانێکی تریش هەن کە جگە لە تاڵانی و دزی و للوشدانی سامان و ئازاردانی مرۆڤەکان هیچی تریان لێ چاوەڕوان ناکرێت . ئەوەیە چەوسانەوە و نایەکسانی و نادادپەروەری.
بۆ ڕاگرتنی پایەکانی چەوسانەوە دەسەڵات دێت دمەزەندی کۆنەخوازی دەکاتەوە باسی پیرۆزی جۆری شوێن و ئاڵا ودین و نەتەوە بەگوێی خەڵکی کۆمەڵگادا دەدەن .ئەمەش بۆ داپۆشینی تاوانەکانیانە .
سەرجەم موبەلیخان وبانگەوازانی دینیش کەدەسەڵاتی چەوسێنەر پشتیوانیان دەکات بەردەوام بەرگری لە دەسەڵات دەکات دزی و گەندەڵی وتاوانەکانی دەسەڵات دادەپۆشن و بیانوویان بۆ دەهێنەوە ،بەڵام کەمترین پشتیوانی لە ڕێکخراوبوونی کرێکارانی ماندوون ناکانە کە بتوانن ژیانیان بەرەو باشتر بگۆڕن .ئەوانیش دێن زۆر بەزەلیلی و تێکشکاوی باسی ژیانی کرێکار دەکەن بۆئەوەی خەڵک خێروسەدەقەیان پێ بکات نەک پشتیوانی هێنانەدی ماف و دابینکردنی بیمەی بێکاری وسەلامەتیان بێت.
لەباشووری کوردستان خۆیان دەسەڵات ئازاری هەمان جۆر لەنەتەوە دەدەن و جیاکاری و چەوسانەوە و نایەکسانی لەبەرامبەر خەڵکی هەمان نەتەوە و زمان کە بەپیرۆزو گرینگی دەزانن گەشە پێدەدەن لەژێر هەمان جۆرئاڵا و ڕەنگ کە بەردەوام دەم دەکەنەوە بژی بژی بۆ ئاڵا و هەمان نەتەوە دەکەن کەچی سەیر دەکەیت زۆرینە خەڵک لەهەمان نەتەوە لەژێر هەمان ئاڵای و جۆری دەسەڵاتی نەتەوەیی کە بەپیرۆزی دەزانن دەچەوسێنەوە و ئازارو ئەشکەنجە دەدرێن و بەناچاری کۆمەڵگای کوردستان بەجێ دەهێڵن و ئاوارەیی دەگرنە بەر.
لەکوردستان خەڵک دەچەوسێنەوەودزی لەخەڵک دەکەن دواتر بۆئەوەی دزییەکە داپۆشن دەڵێن فڵان شار لەفڵان شار پیرۆزترە خەڵکیش لەجیاتی بیرلەڕزگاری لەدەست ئەم دزانە بکەنەوە!!
بێ ئاگایانە خەڵکی چەوساوە سەرگەرم بووەبە وەڵامدانەوەهیچەکانیان.
ڕاستی ئەوەیە هیچ لەوەڵامەکانیان ژیانیان باشترناکات!
خەڵکی ناڕازی دەبێت ووشیاربێت کە تەنها خۆی وەک مرۆڤ گرینگە و بەبەیاخە بۆیە پێویسته مافی خۆیەتی کە ژیانی باشتر بکرێت . چیتر بە دەهۆڵی نەزانانە هەڵنەپەڕێت ولە شایی لوغانی ناسیۆنالیستی و دینی سەرچۆپی نەگرێت .هیچ شتێک لە مرۆڤ گرینگترنی یە.
بۆیە پێویستەسەرجەم بەشەکانی تری کۆمەڵگا بۆ خزمەت وسوودی مرۆڤایەتی ئاراستە بکرێت و جوانی یەکان بپارێزدرێن .
ناکرێ وناگونجێ شوێن وپێگەو مەکانێک بەخۆشەویست وپیرۆز بزاندرێ بەڵام دزی وگەندەڵی و نایەکسانی و هەژاری وبرسێتی چەوسانەوە گەشەی پێبدرێت!
کەوایە چارەسەر ئەوەیە : گەورەیی وگرینگی و پیرۆزی تەنھا لەساغی ڕەفتاری مرۆڤەکانەوەیە بێ زیان گەیاندن بە مرۆڤەکانی تر کەهەنگاوی جوان و پیرۆزئەوەیە تێکوشانی جەماوەری لەدژی بنەماڵەدزو زاڵمەکان گەشەپێبدەین ، بە ڕاماڵینی ئەم زاڵمانە ژینگە و مرۆڤایەتی جوانترو پیرۆز دەکەین .
لەهەنگاوی دوایی ڕووخانی دەسەڵاتی بنەماڵەفاشیستەکانداگرینگی و بەیاخی مرۆڤایەتی بوون لەقبووڵکردنی جیاوازی یەکان وبەرگری یە لەئازادی وبەرابەری دایە.
بۆ سەرکەوتنی کاروانی ڕزگاری کۆمەڵگا لە دەست دزو چەتەکانی دەسەڵات ڕاستگۆیانە پێویستە پشتیوانی دەستە ماندووەکان بین نەک تەنها بۆئەوەی تەنها کاری تاقەت پڕوکێن بکەن بەڵکوبۆئەوەی ئیدارەی کۆمەڵگا بەڕێوەبەرن هەتاوەکو لەسەر دەستی ئەم مرۆڤە زەحمەتکێش و کرێکارە ڕاستگۆ وپاکانە کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان وبەرابەر بەدی بێت.
کەوایە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە شاباشی ناسیۆنالیست وئیسلامی سیاسی بۆ پیرۆزکردنی شوێن بەشێکە لەبت پەرستی،چونکە نەبیرکردنەوەیان هەیە نەجوڵەشوێنەکان.ئەرکی مرۆڤی ژیر شکاندنی بتەکانە نەک دروستی کردنی بتی نوێ.ئەوەی پێویستە نرخ وبەهای بزاندرێت تەنها مرۆڤەبۆ هەبوونی ماف و ئازادی وخۆشگوزەرانی..
٭تێ بی نی :ئەم بابەتە بڵاوکراوەتەوە لە ١٥-٨-٢٠٢٢ لەبڵاوکراوەوڕۆژنامەی بۆ پێشەوە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.