ئاسۆ

0

ئاسۆ

بەرگەی چی بگرم پشت چۆن نەچەمێ
وەک ئاوی ڕووبار هەر ڕۆژ لە چەمێ
گاه کۆڵێ خەم و گاه بارێ ستەم
شانم لەتاوا بۆی دادەچەمێ
ڕۆژم تاریکە و ڕێگەشم نادیار
ڕەنگە تەمەنێک بژیم بە بێ یار
ڕۆژانە پەڕەی ئومێدێک بدڕم
لەتاو حەسرەت و ستەمی ژیار
لەجیاتی بۆنی خۆشی گوڵاڵە
تامی ڕۆژگارم وەک ژەهری تاڵە
بۆنی ئارەقە و غاز تێکەڵ بەیەک
لووتکەی ئاواتم وەک بنی چاڵە
ئیتر تێک شکام جەوانیم فت چوو
خۆشم نازانم قەدەر بۆ وابوو
لەبری خۆشی یاری و پێکەنین
کوێرەوەری هات یەک یەک و دوو دوو
بەڵام هەر دەبێ هەڵبێ خۆری ڕوون
ڕووناک بێتەوە شەوەزەنگی توون
وەک ئینسان بژین ..دادپەروەری خۆی
سێبەر کات بەسەر سەرجەم ژین و بوون
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
کانوونی یەکەمی ٢٠١٥

Leave A Reply

Your email address will not be published.