ژن لە ئەدەبی سۆشیالیستەکاندا

0

ژن لە ئەدەبی سۆشیالیستەکاندا

/ کارل مارکس و ڕۆزا لۆکسمبۆرگ

لە ئەدەبی سۆشیالیستەکاندا، ژن بابەتی کارو دەستی کارە، بابەتی کاڵای فرۆشتنە لە بازاڕی سەرمایەداریدا وەک هێزی کاری هەرزان بۆ ڕکابەری پیاو، ئەمە هەروەک چۆن بابەتی خەباتگێریە دژ بە چەوساندنەوەی ئینسانی، نەک بابەتی ژنی مۆدێل یان ژنی بەر تەباخ کە میدیاکانی کوردستان، کردوویانەتە بابەتی سەفسەتەو شەڕە قسە. کاتێک کارل مارکس باس لە ژن و مناڵ دەکات وەک هێزی کار، دەڵێت: “ئامێر کرێکاری شارەزا دەخاتە جێی نەشارەزاکان، ژن دەخاتە جێی پیاو، مناڵ دەخاتە جێی گەنج، وە هەر بەمەیش، بە کۆمەڵ، کارگەر فڕێدەداتە سەر شەقامەکان” (کارل مارکس، کاری کرێگرتەو سەرمایە). دووبارە دەڵێت: “پیشەسازی چنینی ئینگلیزی ١٩٦٨١٨ ئافرەت بەکار دەهێنیت، ئەمە لەکاتێکا ١٥٨٨١٨ پیاو بەکاردەهێنێت. لە پیشەسازی لۆکەدا لە لانکشەر، بەرامبەر هەر ١٠٠ پیاو ١٠٣ ژن … لە پیشەسازی کەتاندا لە لیدز، بەرامبەر ١٠٠ پیاو ١٤٧ ژن … لە پیشەسازی چنینی ئینگلیزیدا کە بە هەڵم و ئاو کاری دەکرد، لە ساڵی ١٨٣٥ دا، ٢٠٥٥٨ مناڵ کاریان کردوە کە تەمەنیان لە نێوان ٨ و ١٢ ساڵاندا بووە … پاشان دەڵێت: کار کاڵایە … نرخی کاریش وەک کاڵا هەمیشە لە دابەزیندایە. ئەمەیش ڕکابەری نێوان سەرمایەداران و کرێکاران و نێوان کرێکاران خۆیان دەسەپێنێت. دانیشتوانە کرێکاریەکەیش -فرۆشیارانی کار- لە کۆتاییدا هەر ناچار دەبن بە قبوڵ کردنی کەمترین بەش لە بەرهەم. کەواتە ئایا تیۆری کار وەک کاڵا، هیچ شتێکی تر هەیە جگە لە تیۆری کۆیلایەتیەکی ماسک کراو؟ … مارکس بەردەوام دەبێت و دەڵێت: فابریکە گەورەکان، کڕینی کاری ژن و مناڵیان پێ باشترە، چونکە کەمتر دەکەوێت لە سەریان لەچاو کاری پیاواندا … دواتر دەڵێت: شکسپیر زۆر جوان شێوەی ڕاستەقینەی نەختی وێنا کردووە … ئەو شتەی دەتوانم بیکەمە هی خۆم بەهۆی پارەوە – واتە ئەو شتەی دەتوانم دەفعی پارە بکەم بەرامبەری (ئەو شتەی پارە دەتوانێت بیکڕێت)- ئەو شتە منم، خاوەن پارە. ئەوە سنووری هێزی نەخت و سنووری هێزی منە. سیفەتی نەخت، سیفاتی من و هێزە جەوهەریەکەی منە –سیفاتی خاوەنەکەی و هێزی خاوەنەکەیەتی. هەر بەوجۆرە، من و توانای من، فەردیەتی خۆم دیاری ناکەن. بۆ نموونە من ناشیرینم، بەڵام ئەتوانم بە پارە جوانترین ژن بکڕم (کارل مارکس، The Economic and Philosophic Manuscripts of 1844). ئا ئەو ژنە چەوساوەیە چۆن شۆڕشگێر هەڵناکەوێت کە وەک باوکی و براکەی و هاوسەرەکەی دەکەوێتە ژێر هەمان ستەمی سەرمایەداری؟ ئا ئەو ستەمە چۆن دەیان ژنی وەک عائدە یاسینی هاوسەرو هاوڕێی بەهادین نوری دروست ناکات کە کەس نەیزانی چۆن لەژێر شکەنجەدا گیانی بەخشی و لە کوێ نێرژرا، چۆن چەندان ژنی وەک ڕۆزا لۆکسمبۆرگ دروست ناکات کە سەرکردەی شۆڕشی ئەڵمانی بوو. لە سەردەمی زیندانیشدا لە ١٩١٨، لە نامەیەکیدا بۆ سۆنیای کچی لیبکنختی هاوڕێی، ڕۆزا دەنووسێت: “ئەمە سێهەم ساڵە لە زیندان بەسەری دەبەم .. لە بەندیخانەکەمدا، لەسەر ڕاخەرێک ڕادەکشێم وەک بەرد وایە .. هەر لەوە دەچێت لە گۆڕدا بیت .. بەڵام سەرباری هەموو شتێک لەسەرخۆو گەش بین و دڵخۆشم. ژیان ئاوایە، سەرباری هەموو شتێکیش، هیچمان لەسەر نیە قبوڵ کردنی نەبێت، ئازایانەو بە زەردەخەنەوە”. لە ١٩١٩، بۆ ڕزگار بوون لە دەست ئەو شۆڕشگیرانە، ڕۆزاو لیبکنخت لە دەوڵەتی ئەڵمانیەوە تێرۆر دەکرێن و تەرمەکانیان فڕێ دەدرێتە ڕووباری بەرلینەوە.

ئەنوەر نەجمەدین

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.