ڕەوایەتی ئاو

0

ڕەوایەتی ئاو

تەواو نابێ

هەڵکشانیی ساقەتەی دەستم بەرەو خۆر

خوێنخەریکە لە ژێر پێستی تەوێڵمدا

دەکوڵێ

هاڵاوی خرۆشیی وردە ڕەگەکانی

ڕوومەتم

ڕەنگی چۆڵستانت دەهەژێنێ

بە بەرۆکی هەرێمی ئەم هەڵدێرەوە

چنگ لە بنجی پەیڤەکان دەگرم

هەڵ دەکشێمەوە ڕێکایی

گەردەلولێک بەرەو ڕووم ڕادەکەی

لمی بیابانی ڕۆحم بڵاوە دەکا

زەڕەکانم لە سەر لێواری ئاسنینی شار

دەنیشێتەوە

بە دەربیجە شکاوەکانی وڵاتەوە

لەتکە خوێن گۆرانیدەچڕن.

: زیندووم کەوە

زیندووم کەوە

لە مەرگی خۆم پەشیمانم

ببە بە گیان…

دەستم

بە مۆغەرەی پشتتەوە

هەڵدەپێکم

سەرم

حەوا دەخەم

بەرەو ئاوەدانی نیگات

ئاسمانیی پشت هێڵە سوورەکان

سوورەکان.

سوورەکان.

سوورەکان.

شین و ئێوارەیی ن

 هەوڵی هەڵکشانمە بەرەو نوختەیەک

بگاتە جیهانی مەرگ و بێدەنگی

میم

ئەلف

چێ

ڕایەڵێک

لە ئێمەوە باڵا دەکا

سوورایی مەوداکان دەتەنێ

لاڵ دەڕوێم لە کەناری شەپۆلەکانتدا

وشە دەکەیتە پێخەف و ناهێڵی تەڕ بم

لەم ئینفرادییەدا

جگەرە نامێنێ بە دیار کاتەوە

نەشڵەژابێتیت

وشە نامێنێ ڕۆحم هەڵنەتەکێنییت

گۆرانی نامێنێ

گرێم نەدا بە مۆسیقای لێوارەکانتەوە

لە ئەگەردا پەنگ دەخۆمەوە

لە ئان و ساتی مردندا

زەریا هەڵدەکێشی لە خۆت

دەیڕژێنیتە دەمارەکانمەوە

ئیعتراف دەکەی

بە زیخەڵانییەکانی ژێر پێستت

بە سوورایی ماسییە هارەکانی نێو ڕۆحت

ئیعتراف دەکەی بە ئینسان کە دەتوانێ

نیشتمان بێ

چاو ئەبڕمە خۆم لە ئاوێنەتدا

تەمەنێک وەڕەزیم

دراوم بە کۆڵی نەریتا

بێ بزاڤیی ئایینەکان سەرەڕۆترم دەکەن

خودا بە ئایەتەکانیەوە بە سەرمەوە

وێستاوە

ڕژان حەڵاڵ دەکرێ

خەنجەر پێناسەیە بۆ هەڵکۆڵینیی برینم

لەتکە خوێن .

لەتکە خوێن .

لەتکە خوێن .

“ببە گڕی خوێنی سڕم

خرۆشی نێو دەمارانم”

پەرە دەستێنێ نیشت و خێزت لە لەپی دەستمدا

تەڕاییم لەم بیابانی سەردەمە

ژیر دەکەیتەوە.

ئیعتراف دەکەم کە سەردەمت

لەم دۆزەخی ئێنسانەدا ئەمڕفێنێ لە من

و ئەمداتەوە بە خۆم.برینەکانی تەوێڵم

خۆش دەکاتەوە.

وەک چۆن کتێب وشەکانی خۆی

دەپارێزێ

ئێعترافێکی گەورەم ئەمێستا بۆ

وشەکانم

چۆڵستانی ئەم هەرێمە سوورەش

تەنیا بە ئەستێرە پڕ دەبێتەوە …

لە جەنگەڵی جەستەمدا

دار بەڕووەکان سەوز دەکەیتەوە

دەپچڕێ هەناسەی تاریکی بە بەرۆکی

چراکانەوە

چۆلەکەکان لە گەرووی تینوومانەوە

ئەجریوێنن بۆ ڕەوایەتی ئاو…

هەڵاڵە_سۆهرابی

Leave A Reply

Your email address will not be published.