کورتکردنەوەی دەستی حیزبەکانە لەژێر هەر ناو و دروشمێکدا بن و هەر ئامانجێکیان هەبێت زەروورە کە ڕێگایان لێبگیرێت

0

کۆمەڵگای کوردستان لە ناوچەندین کێشەوقەیراندا گیری خواردووە،ڕۆژ لەدوایی ڕۆژ بێکاری وهەژاری وبرسێتی سەرکوت وچەوسانەوە گەشە دەکات،لەبەرامبەریشدا بەردەوام خەڵکی ناڕازی لەسەرخیابان وشەقامەکان ناڕەزایەتی وخۆپیشاندان ئەنجام دەدات وقوربانی دەدات ،هەربۆئەو مەبەستە ماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی ئەم دیدارەی ئەنجام داوە لەگەڵ زۆر بەڕێز زاهیر باهیر کەتایبەتە بەنارەزایەتی  وخۆپیشاندانەکانی کوردستان و ڕێگاچارە بۆقۆناغی ئێستای کوردستان چەند پرسیارێکمان ئاراستە کردووە و وەڵامی پرسیارەکان دراوەتەوە بەوهیوایەی سوودی بۆئێوەی خوێنەر هەبێت. 

کردنی ڕیفۆرم لە هەر شوێنێکدا بوارێك هەبێت و بکرێت زۆر گرانە لە کوردستانا بکرێت نەك لەبەر ئەوەی کە بواری ڕیفۆرمکردن نییە بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە خودی دەسەڵات لە کوردستانا نایەوێت ڕیفۆرم بکات.

ئەنتەرناتیڤی شورایی :بارودۆخی ئێستای ناڕەزایەتی یەکانی کوردستان چۆنە ئایا بەم جۆرە سیستەم ودەسەڵاتەی قۆناغی ئێستا دەتواندرێت لەکوردستان چاکسازی وڕیفورم بکرێت؟ئەگەر ڕێفۆرم ئیمکانی هەیە ئەمە چۆن دەکرێت؟

زاهیر باهیر : لە کوردستاندا بۆ ماوەیەکی دوورودرێژە ناڕەزایی بەردەوامە بەڵام نارەزاییەکان شێوەی جیاوازی گرتبووە خۆ. لەسەرەتادا لە شێوەی گلەیی و قسە و باس و خواس و هاوبەشیکردنیان بوو لە نێوانی خۆیان و  دەربڕینی نگەرانیی بوو.  ئەمەش وای کرد کە ئەم ناڕەزایانە بگەیەنێتە پلەیەک یا دۆخێکی دیکە کە ئاشکراکردن و هاتنە سەر شەقامەکان و تەقینەوەیی بوو.

جێگای داخە کە دەڵێم ناڕەزاتییەکان کاریگەریان نییە و ڕەنگە بەزیانیش گەڕابێتنەوە کە بی وردەیی  و بێ متمانەیی و بێ ئومێدی لای خەڵك دروستکردبێت.گرفتەکەش ئەوەیە ناڕازاییەکان یەکلایەنانەیە و تەنها لە لایەن بەشێکی خەڵکەوەیە.  واتە زۆرینەی هاووڵاتیان بەشداری ناکەن. لە لایەکی تریشەوە ناڕەزاییەکان زیاتر لە شارێكن یا لە شارۆچکەیەکن و شوێنەکانی دیکە ناگرێتەوە هەر لەبەر ئەمەش ئەو هەژموون و کاراییەی نییە. سەرەڕای ئەمانەش ناڕەزاییەکان هەر شێوە تەقلیدیە کۆنەکەی وەرگرتووە و نەیتوانیوە بیگۆڕێ بۆ شیوەیەکی کارا و پاراستنی ژیانی خەڵکە چالاکەکان لە کوشتن و گرتن و ڕفاندن و بریندارکردن و تۆقاندنیان.  کە دەکرێت هاتنە سەر شەقام تەنها بە مەبەستی یەکتر بەخۆناساندن و کۆبونەوە و وەرکشۆپی گرنگ و بڕیاردان بە پەرەسەندنی ناڕەزاییەکان و بە کۆمەڵایەتیکردنی بێت .  واتە گەڕانەوە بۆ شوێنی سەرکار و قوتابخانە و دانشگا و گەڕەك و ڕێکخستنی خۆیان لە هەمو ئەو شوێنانە و پەیوەستکردنەوەی خۆیان بە یەکدییەوە بۆ چالاکی فراوانتر و کاریگەرانەتر.

ئەم خاڵە لاوازییە هەر تایبەت بە ناڕەزاییانی کورد لەوێ نییە بەڵکو سەراپای هەموو ناڕەزاییەکانی دونیا ئاوایە و نەیانتوانیوە ئەو سنورە کۆنە تەقلیدیە بشکێنن.  بە ڕای من هەتا ئەو سنورەش نەشکێنن نارەزایەتییەکان زۆر زەحمەتە بتوانن گۆڕانکاری گەورە بکەن .

لەبەشی دووهەمی وەڵامی پرسیارەکەتانا دەڵێم ،کردنی ڕیفۆرم لە هەر شوێنێکدا بوارێك هەبێت و بکرێت زۆر گرانە لە کوردستانا بکرێت نەك لەبەر ئەوەی کە بواری ڕیفۆرمکردن نییە بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە خودی دەسەڵات لە کوردستانا نایەوێت ڕیفۆرم بکات.

 لە کوردستانا دوو دەسەڵاتی سەرەکی هەیە، هەر یەکەیان لە بەشێکیدان، واتە زۆنی سەوز و زۆنی زەرد.  ئەمانەش هەر لە دێرزەمانەوە گرفتی نێوانیان هەیە و  بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیساسی و کۆمەڵایەتی خۆیان لە بەرانبەر ئەوی تریانا جۆرەها تاكتیكیان بەکارهێناوە و  بەکاردەهێنن. بۆ نموونە دڵنەواییکردنی دووژمنەکانی یەکدی بە دانی ئیمتیازات چ وەکو پلە و پایە چ وەکو پارە و موڵک و زەوی. دەبینین هەر یەکەیان کۆمەڵێك خەڵکانی خراپیان لە خۆیان کۆکردۆتەوە و بەو ئیمتیازاتانە ڕایانگرتوون .

 لە لایەکی دیکەوە بۆ ئەوەی حیزبەکانی تری وەکوە ” گۆڕان ” و ئیسلامییەکان نەبنە دژ بەو و بکەونە بەرەی ئەولا، ناچاربوون کە لەم بارەشدا سازشیان لەگەڵدا بکەن بۆ نموونە لەگەڵ ئیسلامییەکانا بە نەگرتنی ڕێگا لەبەردەم هەژموون و توانایانا وەکو ئەوەی کە دەیکەن کە کولتوریش لەگەڵ ولاتانی دەرو دراوسێدا کۆمەکیان پێدەکات.  سەبارەت بە ” بزوتنەوەی گۆڕان” گەرچی ئەمان ڕۆژ بە ڕۆژ لە پوکانەوەدان بەڵام یەکێتی، هەروەها پارتی-ش دەیانەوێت هاوسەنگییەکیان لە تەکدا بکەن.   لەمانەش زیاتر  ئەم دوو حیزبە کە دوو پایەی سەرەکین لە حکومەتدا جڵەوی سیاسەتی خۆیان لە دەست خۆیانا نییە ئەمیان بە دەست ئێرانەوەیە ئەوی دیکەیان بەدەست تورکیاوە.  هەر ئاواش حکومەتی مەرکەزیش و ئەمەریکا وڵاتانی ڕۆژائاواو  صندوقی دراوی نێودەوڵەتیش لە زۆر ڕووەوە فشاریان لەسەریانە.  دیارە ئەوان بەم بارودۆخەی کوردستان ڕازینین بەڵام ئەوان هەرگیزیش لەگەڵ ئەوەدا نین کە چاکسازییەکی ئاوابکرێت کە باری دارایی و داهاتی هاووڵاتیان لە کوردستانا زۆر بەرەو باشی بروات و لە دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتی ناوەند باشتر بێت.

سەرەڕای ئەمانەش لەناو یەکیێتش-دا لانی کەم سێ ئاڕاستە، باڵ هەیە،  ئەمەش یانی یەکێتیەکی بێ یەکێتیی ، یەکێتییەکی هەڵوەشاوە. ئەم پارچە پارجە بوونەی یەکێتش بۆ ئەوەی کە خراپتر نەبیت هەر هەموو بەرپرسان و پلەداران پشکێکی گەورەی داهات و پارە و موڵک و زەوی و جۆری جیاوازی بازرگانییان پێدراوە.  مەبەستمە بڵێم کە هەموو ئەمانەش دارایی  و داهات و موڵکی گەلن، کە ئەمان خاوەنی بەشێکی زۆری بن لە کوێوە دەکرێت چاکسازی بکرێت و کێیان ئامادەن دەستبەرداری ئەو سامان و داهاتە ببن . کەواتە سەروەت و سامان سنوردارە گەر بەشی زۆری لەدەستی دەوڵەمەندەکان و بەرپرس و پلەدارەکانا بێت شتێك نامێنێتەوە بۆ خەڵکی . بێ گومان پارتی –ش لەمان باشتر نییە، هاوکاتیس هیچ لایەکیشیان ئامادە نین دەستبەرداری شیرینی نەوت و داهاتی بازگە گومرگییەکان و پشکی بازرگانی و خاوەندارێتی بینا و موڵك و زەوی و بەخشینەوەی گرێبەست،  ببن.  

 ئەنتەرناتیڤی شورایی : کۆمەڵگای کوردستان گیری خواردووە بەچەندەهاکێشەوقەیران ،کە خەڵکی ڕاپێچی بێکاری وهەژاری وبرسێتی کردووە،ئایا چۆن دەکرێت کۆمەڵگای کوردستان لەو کێشەوقەیرانانە ڕزگاربکرێت ؟

زاهیر باهیر: کێشەی بێ کاری و هەژاری و برسێتی و هەندێك لە قەیرانەکانی دیکە هەر بە تەنها بە هەرێمی کوردستان تایبەت نییە.  ئەم کێشە و گرفتانە لە تەواوی وڵاتانی دوونیادا هەن و کێشەی سیسەتی لیبراڵ و نیولیباڵ و ئابوورییەکەیەتی.  بە کورتییەکەی کێشەی سیستەمەکەیە، بەڵام ئەوەی کە جیاوازە لە نێوانی ئەم وڵاتانەدا ئیدارەدانی کێشەکانە، پرسەکانە و چۆن دەتوانرێت و دەکرێت چارەسەرێکی وەختیانە بە هەبوونی هاوسەنگیەك لە نێوانی ئەو ژیانەی کە خەڵکی هەیەتی و لە نێوانی مانەوە و بەردەوامدان بە سیستەمەکە و هەموو ئەو گرفتانەیە کە لەسەرەوە وتمان .

ئاسان نییە  کۆمەڵی کوردستان  لەو کێشە و قەیرانانە رزگار بکرێت. وادەزانم هەندێك شتم لە وەڵامی پرسیاری پێشترا باس کرد کە تا ڕادەیەك وەڵامیشە بۆ ئەم پرسیارەشتان .

دەتوانم بەدیاریکراوی بلێم کە دەرچوون لەم بارودۆخە لە سای فرمانداران، حکومداران و ڕامیارانی ئێستای کوردستانا  ڕەنگە کارێکی مەحاڵ بێت.  هەر ئەمەشە کە ئەمڕۆ چەند سیناریۆیەك لە زۆنی سەوزدا دەبینیت لەوانە بە هەرێمکردنی پارێزگاکان، چونەوە پاڵ حکومەتی مەرکەزی ، بەشدارکردنی حکومەتی مەرکەزی لە بەڕێوبردنی پارێزگاکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی-دا بەو مەرجەی موچەی خەڵکی بدات.

 لە زۆنی زەرددا زیاتر چارەسەرەکان لە دەسی دەسیپێکردن و دروستکردنی رووداو و سیناریۆی نوێ و پەلکێشکردنی تورکیا بۆ کوردستان لە هێڕش بۆسەر پەکەکە و قسەکردن و یاریکرنی سیاسیانە لە شەنگال و زۆر شتی تردا، دەبینرێت.  پارتی ئاوا دەیانەوێت کە جەماوەر بخەڵەتێنن وبخەڵەفێنن بۆ ئەوەی چاویان لەسەر پێداویستییەکانی ژیان و  پرسە سەرەکییەکان هەڵگرن و چی تر سەرقاڵیان نەبن.  بە کورتی دروستکردنی ڕووداوی نوێ تاکو هاووڵاتیان ئەوانەی پێشتر لەبیربکەن . کەواتە ئەمان دەزانن خەڵکی چی دەوێت، بەڵام نایانەوێت بیکەن.

تەنها ڕێگایەك بۆ خەڵکی کە خۆی رزگار بکات متمانەنەکردنە بەو حیزبانەی کە لە دەسەڵات و لە دەروەی دەسەلاتن، خۆڕێکخستنی خۆیانە لە هەموو شوێنێکدا و گردبونەوەیانە لە گروپی ئاسۆیی لۆکاڵی هەمە  جۆرە و ڕێکخراوی جەماوەری ئاسۆیانە بۆ هەنگاوی ئایندەیان بۆ  پلاندانان تاکو بزانن لەم بارودۆخەی ئێستادا دەتوانن چی بەدەستبهێنن.  بەڕای من ئەوەش ئەرك و وەزیفەی  خۆیانە، نەك شتێك کە ئێمە بیسەپێنین بەسەریاندا، هاوکاتیش  دەکرێت ئێمەیەك کە لەدەرەوەی کوردسستانین هاوکار و هاوپشتییان لێبکەین .

   

 ئەلتەرناتیڤی شورایی :ئایا دەکرێت وئیمکانی ئەوە گونجاوە کەخەڵکی ناڕازی لەناوبزووتنەوەیەکی جەماوەری شورایی دا خۆیان ڕێکخراوبکەن، بۆئەوەی ئاراستەی ناڕەزایەتی یەکانی خەڵک لەبەرژەوەندی خەڵکی چەوساوەبێت نەک لەبەرژەوەندی حیزبێک یان خودی حیزبەکان بێت؟

زاهیر باهیر: لە ڕاستیدا وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بۆ من گرانە  چونکە من نازانم  ئەلتەرناتیڤی شورایی چییە و ئامانجی چییە و بەرنامەی کاری چییە؟ دوای ئەوەش گەر بزوتنەوەکە بزوتنەوەیەکی جەماوەری بێت، شورایی یانی چی؟ یانی هەر شوورای کرێکاران؟ ئەو شورایانە چۆن ڕێکدەخرێن؟ ئایا شوارایەکن لە شێوەی حیزبدان یاخود شورایەکی جەماوەریین و لە ڕێگای دیمۆکراتی ڕاستەوخۆوە هەڵدەبژێرێن ئایا هەردەمیش دەکرێت لاببرێن و خەڵکی نوێ بخرێنەوە جێگاکەیان لە کاتێکدا سنوری دیاریکراوی شووراکە دەشکێنن و دەبنە بەشێك لە دەرەوەی خواستی شووراکان.  ببورن کە من ناتوانم وەڵامێکی دروست بەم پرسیارە بدەمەوە .

ئەنتەرناتیڤی شورایی:ئایا خاڵی هاوبەشە هەیە بۆ کاروچالاکی گەشەدانی تێکۆشانی هاوبەشتی وهاوخەباتی چینی چەوساوەوکرێکارو خەڵکی ئازادیخوازویەکسانیخوازو کۆمۆنیست وشیوعی وسیکۆلارەکانی کوردستان بۆ هێنانەدی کۆمەڵگایەکی باشتر ؟

زاهیر باهیر: من باوەڕم بەوە هەیە کە دەبێت فکر جەماوەریانە بکرێتەوە، نابێت  فکر لە قاڵبی حیزبایەتی بدرێت ، فکر نە سنوری هەیە و نە چەسپاو و هەمیشەیی و جێگیریشە،  بۆیە هەردەم بە گوێرەی بارو دۆخەکە دەبێت ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت . بی گومان دەکریت و دەبێت هەمووان کە تۆ ناوت هێناون بەشداری بکەن لە خەبات و تێکۆشانی خەڵکانی کرێکار و هەژارانی کوردستانا بێ ئەوەی کە کۆنترۆڵیان بکەن و بەرنامەی خۆیانیان بەسەردا بسەپێنن و  بیانەوێت ببنە ڕابەر و سەرکردە و پێشڕەویان .

بەڕای من هەمووان دەتوانن لە قۆناخی یەکەمدا بە گوێرەی توانا و هۆشیاری خۆیان بەشداری بکەن لە گۆڕانکارییەکانا بەرەو کۆمەڵێکی باشتر. ئەوەی کە گرفتە ئەگەر کۆمەڵی ئایندە بنیاتنانی دەوڵەتێکی ، حکومەتەێکی نوێ بێت ئا لێرەدا گرفت دروست دەبێت چونکە خەڵکانی ئازادیخواز ، نا سولتەوی ، دژە دەسەڵات و دژە دەوڵەت چی دی پشتگیریی ئەو حکەومەتە ، دەوڵەتە تازەیە، ناکەن .  چونکە پێشوەخت ئەوان دەزانن کە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سای دەوڵەتی نوێ یاخود حکومەتی نوێدا روونادات .

ئەنتەرناتیڤی شورایی :تێڕوانینتان لەبارەی ئیدارەدانی شورایی (خۆبەڕێوەبەری خەڵک خۆی )لە کۆمەڵگا چۆنە لەڕوویی ئیدارەدانی کۆمەڵگاوە، کەبتواندرێت وەک بەدیلێکی باشتر تێکۆشانی بۆهێناندی بکرێت بەئامانجی ئەوەی کوردستان بەرەو کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو وەرچەرغێنێت وبگۆڕێت؟

 

زاهیر باهیر: بەبڕوای من هەر فکرێك یا قسەکردن لەسەر هەر پرۆژەیەك نەکەوێتە بواری کردنەوە، هەتا ماوەیەك بڕ دەکات، دواتر شکستدەخوات. 

من نازانم ئەو خۆبەڕێوەبەرییەی کە ئێوە باسی لێوە دەکەن چۆنە و چ شیوەیەك بەخۆیەوە دەگرێت، چونکە جاری واهەیە حیزبێك بە هەبوونی خەڵكێکی زۆر لە دەوروبەری خۆی بە حیزبی میللەت دەزانێت و کە حوکمیش دەکات دەتوانێت خۆی بە خۆبەڕێوەبەری ناوزەدە بکات.

خۆبەڕیوەبەری لای من بەشداریکردنی هەرە زۆرینەی خەڵکانی ئاساییە لەو خۆبەڕیوەبەرییەدا جا ئیتر ئەو بۆدییە ناودەنێییت شوورای خەڵکی ، ئەنجوومەنی خەڵکی یاخود ئەنجوومەنی شارەوانی … تد بەڵام ئەوەی کە خاڵی گرنگە لیرەدا هەر ناوێك لە خۆی بنێت دەبێت لە راستیدا، بە کەتواری ئازادیخواز بێت بە واتایەکی تر  شوورای ، یاخود ئەنجومەنی ئازادیخوازان بێت، دەربڕی ویست و ئامانجی ئەوان بێت و لە ڕێگای دیمۆکراتی راستەوخۆوە و ئازادانە پرسی هەڵبژاردن بکرێت و هەمیشەش ئەو ئەندامانەی ئەو لیژنەیە ، ئەنجوومەنە ، شارەوانییە،  شیاوی لێپێچینەوە و هەتا لابردنیش بن.  ئەو بۆچون و پرۆژانەش کە پێشکەشی سەراپای ئەندامانی ئەو بۆدییە  دەکرێن ، پرس و پرۆژەی خەڵکی بن بە بڕیاری خودی خەڵکەکە بێت، نەك ئەو بۆدییە  لەمێشکی یا گیرفانی خۆیەوە دەریانبێنێت.

خاڵێكی دیکە لێرەدا کورتکردنەوەی دەستی حیزبەکانە لەژێر هەر ناو و دروشمێکدا بن و هەر ئامانجێکیان هەبێت زەروورە کە ڕێگایان لێبگیرێت ، بەڵام هەمیشەش ئەندامان و لایەنگرانیان دەکرێن بێنە ناو دانیشتنە گەوەرەکانی ئەو بۆدییەوە و ڕاو بۆچوون و پێشنیاری خۆیان بخەنەبەردەم تەواوی بەشداربووانی کۆبوونەوەکانی خەڵکی .

ناکرێت ئەو بۆدییە لەژێر کۆنترۆڵی چینێك بۆ نموونە کرێکاران یاخود توێژاڵێکد بێت، چونکە ئەوە جۆرێکە لە دانی ئیمتیاز و دروستکردنی بیرۆکراتییەت و دەسەڵات لە لایەن ئەو چینە یا ئەو توێژاڵەوە. ئەمەش بناخەی دەسەڵاتێک یا حکومەتێك یاخود دەوڵەتێکی نوێ دادەمەزرێنێت.خاڵێکی   گرنگی تر  ئەم بۆدییە دەبێت کار لەسەر پێشکەوتنی بەرهەم و دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان و کارکردنی  هەرەوەزیانە.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.