بەیاننامەی ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لەکوردستان بەبونەی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانی چینی کرێکارەوە!

0
هاورێیانی کرێکار!
ژنان و پیاوان هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاریی!
یەکی ئایار رۆژی هاوپشتی وهاوخەباتی جیهانی چینی کرێکار بەڕێوەیە.. ڕۆژی نارەزایەتی بەکۆمەڵی ئوردوی کار، بەدژی نەزم و نیزامی سەرمایەداری و حاکمانی پارێزەری ئەم سیتەم و نیزامە چەوسێنەرانەیە بەڕێوەیە.. لەیەکی ئایاردا ئێمەو هاوچینەکانمان لەسەراسەری دونیادا نمایشی هێزی چینایەتی خۆمان دەکەین.
چینی کرێکار لەسەراسەری دونیادا، لەم دونیای پێچەوانەی سەرمایەو لەسایەی نیزامی کاری بەکرێدا، یەك بەرژەوەند ویەک گرفتی هاوبەشیان هەیە، ئەویش خەباتی هاوبەش و ڕزگاربوونە لە ستمەگەری سەرمایەداری ودەسەلاتەکەی. تەنانەت مێژوو شاهیدی ئەوەیە کەئەو دەستکەوتانەی کە ئەم چێنە هەرلەسەرەتای سەرهەڵدانیەوە تائەمڕۆ بەدەستی هێناوە، تەنها و تەنها بەرئەنجامی خەباتی هوشیارانە وڕێکخراوی کرێکران خۆیان بووە. ئەو خواستو داوایانەشی کەتائیستا لەزۆرێك لە وڵاتانی جیاجیای دنیا بەدەست نەهاتووە و کرێکاران داوای دەکەن دیسانەوە هەر بەخەباتی یەکگرتووانە و ڕێکخراوی کرێکاران دەتوانرێت بەدەست بێن .
هاوڕێیان .. ژنانو پیاوانی کرێکاری ناوەندەکانی کار!
ئەی ئەوانەی بۆ بەدەستهێنانی نانی ڕۆژ ناچارن هێزی کار بفرۆشن!
سەرەرای ئەوەی کە لەم ساڵدا دەیان نارەزایەتی و مانگرتنمان لەدژی هەلومەرجی کارو ژیانمان بەرووی دەسەڵات و خاوەنکارەکاندا بەرێخست، سەرەرای ئەوەی کە چەندین جار خواستەکانمان لەدوتوێی بەیاننامەو یاداشتەکاندا دایە وە بەڕووی دەسەڵاتداراندا وپیداگریمان لەحورمەتو بژیوی خۆمانو خێزانەکانمان کرد، بەڵام هێشتا ساڵێکمان لە ستەمو چەوسانەوە وبێمافی تێپەرکردوە، ساڵێك ڕەنج وماندووبونی ئێمە دیسانەوە سەرچاوەی زیاتر کەڵەکەی سەرمایەو داهاتی چینی سەرمایەداران وبەرپرسان وحکومەتەکەیان بووە. قەیرانە بێکۆتاییەکانی سەرمایەداری بەردەوام بەڵاو موسیبەتەکانی شانی چینی کرێکار دەگرێتەوە و لەیەکساڵی رابردوشدا قەیرانی کۆرۆناو ئاسەوارەکانی زەربەیەکی توندی داوە لەچینی کرێکار وبەدەیان هەزار کرێکار، لەکوردستان بیکار بوون و ژیانیان ڕووبەروی هەژاری لەڕادەبەر کراوەتەوە. لەلایەکی ترەوە ئەم هەلومەرجە سەختە ئەو بیانوەشی داوەتە دەستی چینی سەرمایەدار و دەسەڵاتەکەیان، کە زیاتر پێشێلی مافی کرێکاران بکەن ودەستدرێژ بکەن بۆ سەر سفرەی بێرەونەقو خاڵی کرێکاران وبەتەواوەتی شانی خۆیان لە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بەژیانی کرێکاران وجەماوەری زەحمەتکێش خاڵی بکەنەوەو بۆ چەندین مانگ دەست بەسەر موچەو حەقدەستەکانیاندا بگرن، وەیا لێی بگرنەوە. ئەو کرێکارو فەرمانبەرانەشی کە لەپرۆژە ودامەزراوەکانی کەرتی تایبەتدا کاردەکەن، جگەلە کەمی موچە وسەعاتکاری زۆر، بەردەوام لەژێر هەرەشەی دەرکردن لەسەرکاردان و بەگرێبەستی کاتی و نایاسایی بێبەری کراون لەهەرجۆرە بیمەو ئیمتیازاتێک، کەمافی سەرەتایی هەر کرێکارو فەرمانبەرێکە.
هاورییانی کرێکار.. جەماوەری بەشمینەت!
ئەم وەزعە چیتر قابیلی قوبوڵ نییەو ٣٠ساڵ لەدەسەڵاتی حزبی چەکداری بزوتنەوەی کوردایەتی، ئەو راستیەی سەلماندووە، کەئەوانە ئەحزابی چینی دارای کۆمەلگان ودەسەلاتەکەشیان لەقازنجی سەرمایەدارنو خاوەنکارەکاندایە وکۆمەڵگا لەسەربنامەی نابەرابەریو دابەشبوونی چینایەتی و نیزامی کاری بەکرێ بەڕیوە دەبەن، کە تییدا نەک هەر مافەکانی ئێمەی کرێکاران بەتەواوی پێشێل دەکرێ، نەک هەر خۆیان بەبرپرس لەژیان وبژێوی ئێمە نازانن بەڵکو لەپێناو گیرفان پڕکردنو کۆکردنەوەی هەرچی زیاتری سەرمایەو داهاتدا، سەخترین هەلومەرجی کارو نزمترین ئاست لەبژێویان بەسەر ماندا داسەپاندووە. بێگومان دۆخێکی ئاوا ئەوەمان لێدەخەوازێ کە لەدەوری خواستەکانمان کۆبینەوەو بەرێزی یەکگرتو رێکخراوبونمان کۆتایی بەم بێمافیە بهێنین وئەم دەسەڵاتە وەلانین وخۆمان کارگەو دامەزراوەکان بەدەستەوە بگرێن. چینی سەرمایەدارو حکومەتەکەی لەکوردستان عومری خۆی کردووە وناوەرۆکە چینایەتیەکەی کەدژی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێشە بەتەواوی سەلماوە.. کەوایە با چارەنوسی کۆمەڵگا لەدەست بگرین با ئەم وڵاتە لەڕێگای هێنانە مەیدانی بەهیزی ملێۆنیمانەوە وبە دەخاڵەتی چینی کرێکار بەرەو ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێرانە و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات هەنگاو هەڵگرین، با شوڕشی برسیەکان کۆمەلگا بگێڕیتەوە دەستی خاوەنانی ئەسڵی خۆی کەئوردوی کرێکران و کۆمەلانی بەشمەینەتە تا بەئیرادەی یەکگرتوو هوشیارانەمان ئەم ولاتە بکەینە جێگایەك کە شایانی هەموان بێت.
ئێمە لەرێکخراوی کرێکارانی بیناسازی هەمیشە لەریزی پێشەوەی خەباتی کرێکارانین بۆبەدەست هێنانی دنیایەکی باشتر.
بژی یەکی ئایار سەرکەوتوبێت خەباتی نێونەتەوەیی کرێکاران ،بروخی سەرمایەداری
دەستەی کارگێری ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لەکوردستان
ئایاری ٢٠٢١
Leave A Reply

Your email address will not be published.