توندوتیژی ژن دژ بە ژن

0

وەنەوشه کەریمزادە

ڕەنگ بێ بڕوا بە بیستنی توندوتیژی ژن دژ بە ژن، تا ڕادەیەک دژوار بێ و وا بیر بکەنەوە ئەو کەسە کە ئەوەی نووسیوە بۆخۆی ژنە و ئەویش بۆخۆی نموونەیەکە دژ بە ژنان. بەڵام بەھۆی ژن بوونمان ناکرێ کە ڕاستییەکان داپۆشین و ناحەزییەکانی چۆنیەتی ھەڵسوکەوتی ژنان بەرامبەر بە ژنان لە بیر کەین. لێرەدا مەبەست سووکایەتی پێکردن نییە، و توندوتێژی ژن دژ بە ژن لە گەورەترین ئازارەکانە و ڕێک وەک چەکوچێکە کە بە سەری ھاوڕەگەزەکەتدا دەکۆترێ و بەداخەوە لە کۆمەڵگەدا نموونەی وامان زۆر هەن. خاوەنکارانی ژن کە ژنانی ژێردەست زۆر کات بە بێ نرخی چاولێدەکەن، پێوەندییەکانی نێوان بووک و خەسوو، ژنانی دراوسێ سەبارەت بە ژنانی دراوسێی خۆیان، ھاوکارانی ژن لە شۆینی کار و لە ھەموو گرینگتر پێوەندی نێوان دایک و کچ. ئەوەی کە بۆچی ژنان بۆ بردنەسەری خۆیان ھەوڵی شکاندنی ھاوڕەگەزەکانی خۆیان دەدەن، پێویستی بە شیکارییەکی تێرو تەسەل ھەیە کە لێرەدا تەنیا ئاماژە بە یەکێکیان دەکەین کە دەتوانین بڵێین باوترین شیوەی ئەو توندوتیژییانەیە کە بە داخەوە شاراوەیە و ئەویش ھەمان پێوەندی دایک و کچە کە ڕەنگە وەک شێوەیەک لە توند و تیژی جێگای باوەڕی زۆر کەس نەبێ، بەڵام بەداخەوە لە نێو بنەماڵەدا بەڕوونی دەبیندرێ و بە بەردەوامی گوێبیستی دەبین. دایکێک کە کچەکەی خۆی بە سەرچاوەی عەیب و عار و سەرشۆڕی دەزانێ کاتێک کە ئەو کچە کەسێکی بە دڵی خۆی خۆش دەوێ، دایکێک کە کچەکەی بە ناحەزترین وشە و ڕستە بانگ دەکات و نێو و ناتۆرەی لێ ھەڵدەدات، کاتێک کە کچەکەی دەیھەوەێ بەدوای ئاواتەکانیدا بڕوات و پێشی لێ دەگرێ، دایک کە ئامادەیە بمرێ بەڵام کچەکەی تەڵاق دراو نەبینێت و جیابوونەوەی کچەکەی بە مایەی شەرمەزاری دەزانێت، زۆر بە ئازارە کاتێک دایکێک کچە بەتەمەنەکەی خۆی وەکوو قەیرەکچ و کەسێکی ژاکاو ببینێ. ھەمووی ئەوانە و زۆر کرداری کە، ڕاست و حاشا هەڵنەگرن. سەرەڕای هەموو ئەو شتانە، زۆر کەس ھەن کە ئەو هەڵسوکەوتانەیان وەک توندوتیژی قەبووڵ نییە و دەڵێن کام دایک خەراپی منداڵەکەی دەوێ؟ ئاشکرایە کە ھیچ دایکێک خەراپی منداڵی خۆی ناوێ و پێی خۆشە منداڵەکەی بەختەوەرترین بێ. بەڵام کاریگەری کولتووری کۆن لەسەر بیر و باوەڕی زۆرێک لە بنەماڵەکان ئێستاکەش زۆر بەھێزە و زۆری کات دەوێت تاکوو بنجی ئەو نەریتە قیزەونە وشک بێ. توندوتیژی ژن دژ بە ژن و لە هەمووان زیاتر، ھەڵسوکەوتی بنەماڵەکان زۆر بە ئازارترن لە ئامۆژگارییەکانی خانمەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە شەقامەکان و مێتروکان فەرمان دەدەن و بە خەیاڵی خۆیان ژنان بۆ ڕێگەی ڕاست ڕێنوێنی دەکەن. ناوەندی سەرەکی ئەو توندوتیژییانە دەگەڕێتەوە سەر نایەکسانی ڕەگەزی و شێوەی پێناسە کردنی ژن لە کۆمەڵگادا، کە لە وڵاتێکی وەکوو ئێران ڕەنگە ئاشکراترین و لە بەرچاوترین توندوتیژی بێ کە بە ئاسایی بە لایدا تێدەپەڕین و ھۆیەکەشی ھەمان پێوەندی و چاوەڕوانی دایک لە کچە کە بە توندوتیژی نایاتە ئەژمار. 

Leave A Reply

Your email address will not be published.