لە کۆلۆمبیا چی ڕوو ئەدات؟

0
ماوەی دە ڕۆژە ناڕەزایەتی و مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی کۆلۆمبیا دژ بە هەژاریی و نایەکسانی درێژەیان هەیە، تاکو ئێستا بە پێ‌ی ئاماری ڕێکخراوە ناحکومەییەکان ٣٧ خۆپیشاندەر بوونەتە قوربانی و بە سەدان چالاکوانیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون. کاریگەرییەکانی پەتای کۆڤید نۆزدەو ڕێکارەکانی حکومەتی بۆرژوازیی و ئەو بڕیارانەی کە لەسەر ڕاسپاردەی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی بڕیارە وایە لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە جێبەجێ بکرێن، ژیانی ملیۆنەهای لەو وڵاتە هێناوەتە سەر برسیەتی و هەژاری لە ڕاددەبەدەر، لە داهاتووشدا ئاکامەکانی ئەم قەیرانی ئابووری و سیاسی‌یە هێندەی تر کۆمەڵگا ئەخاتە بەردەم هەڕەشەی لەناوچوون. چینی دەسەڵاتدار لە هەوڵدایە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی ئەو وڵاتە باجی قەیرانە کەڵەکەبووەکان بدەن، و دەسەڵات و حکومەتەکەیان شانی خۆیان لە بەرپرسیارێتییەک کە لە ئەستۆیاندایە خاڵی بکەنەوە.
ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان لە ٢٨ی ئاپڕڵەوە کڵپەیان سەندووە و دەیان شارو شارۆچکەیان گرتووەتەوە، ئەگەرێکی گەورەیە ناڕەزایەتییەکان بۆ تەواوی وڵاتانی ئەمریکای لاتین بگوازرێنەوە، کە لە لێواری هەمان بارودۆخی سەختی ئابوری و سیاسیدا ژیان ئەکەن.
حکومەتی ڕاستڕەویی بۆرژوازیی پاکێجی چاکسازییەکانی لە چوارچێوەی ڕاسپاردەکانی ناوەندەکانی قەرز بەو وڵاتە ڕاگەیاندووە کە لە لایەنێکیدا تایبەتن بە باج. باجەکان بە توندی ئەکەونە سەر شانی خەڵکانی ئاسایی و هەژاری وڵاتەکە، هاوشان لەگەڵ زیادکردنی باج لە سەر پێداویستی‌یە سەرەتایی‌یەکانی خواردەمەنی، جگە لە چەند ڕاسپاردەی تر لە بوای چاودێری تەندروستی، بازاڕی کار، ومووچەی خانەنشینی.
بێکاریی گەیشتووەتە ئاستێکی بەربڵاو لەو وڵاتە و هیچ سەرچاوەیەکی تری داهاتییان نییە، ژمارەیەکی تریان سەرباری نەخۆشی و نەبوونی پێدوایستییەکانی خۆپارێزیی چوونەتەوە سەرکار و ملیان بە هەلومەجی سەختی کارکردن داوە. گەندەڵی ڕایەڵەی بە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتدا تەنیوە و هاوکارییەکان ناگەنە ئەو خێزانەی کە پێویستیی‌یان پێیەتی، هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی مانگرتنی سەرتاسەری گەورەترین دەنگ و هێزی بەلێشاوی جەماوەریی بەدوای خۆیدا کێش کردووە.
حکومەتی ڕاستڕەوی بۆرژوازیی
ئیڤان دۆکیی، لە دایکبووی ١٩٧٦ە و یەکەمین سەرۆکی گەنجە لە کۆلۆمبیا. لە خێزانێکی دەوڵەمەندەوە هاتووە و چەندین پلەو پۆستی حکومیی لە ساڵەکانی ٢٠٠٠ەوە هەبووە، زیادلە ١٠ساڵ وەک نوێنەری کۆلۆمبیا لە بانکی ئەمریکی کاری کردووە. هەر لەسەرەتاوە بە بیانووی ڕەخساندنی هەلی کار و هاوکاریی کەرتی تایبەت لە بواری وەبەرهێنانی نەوت و کانەکانی خەڵوز باجی سەر کۆمپانیاکان کەم کردووەتەوە. ئەگەرچی لە کاتی سوێندخواردنی سەرۆکایەتی لە ساڵی ٢٠١٨ باسی چاکسازیی ئابوریی و سیاسی و کەمکردنەوەی قڵشتی چینایەتی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندانی کرد.
سەرباری ڕێکەوتنەکانی شەڕاگرتن وپرۆسەی ئاشتی حکومەت لەگەڵ بزووتنەوەی (سوپای ڕزگاریخوازی نیشتمانیی) فارک لە ساڵی ٢٠١٦ەوە، بەڵام توندوتیژی بێئەندازە لەم ساڵانەی دوایی‌دا هەڵکشاوە. لە ناکۆکیی و شەڕە چەکدارییەکانی هەردوولادا زیاد لە ٢٦٠هەزار گیانیان لە دەستداوە هەروەها بووەتە ئاوارەبوون و هەڵکێشانی هەشت ملیۆن خەڵک لە زێدی خۆیان.
ناکۆکییەکان لەسەر دەسەڵات بەسەر ئەو ناوچانەدایە کە پڕن لە سەرچاوەی سروشتی. تەنها 0,4% ی خاوە زەوییەکان دەستیان گرتووە بەسەر 61,2% زەوییە کشتوکاڵی و بڕ لە نەوت و کانەکان. کە ئەوانیش موڵکی خاوەن زەوییە گەورەکان و کۆمپانیا فرە ڕەگەزییەکانن. ڕێژەی هەژاری بێئەندازەیە و لانی کەم 70%ی دانیشتوان هەژارن. ناکۆکی جوتیارەکان و خاوەن زەویی بچوکەکان دژ بە کۆمپانیا فرە ڕەگەزییەکان درێژەیان هەیە. ژمارەیەکی زۆری چالاکوانەکان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ و تەنانەت چەکدارە کۆنەکانی فارک و دانیشوانە کۆنەکانی ئەو ناوچانە بە تایبەت ئەوانەی کە پڕ لە ناکۆکی و کێشەن لە لایەن دەسەڵاتداران، بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان، پاسەوانانی کۆمپانیا فرەڕەگەزییەکانەوە فڕێندراون و تیرۆر کراون.
داخوازییەکانی خۆپیشاندەران
خۆپیشاندەران دژ بە چاکسازیی باج کە بڕیار وایە لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە بچێتە بواری جێبەجێکردن دەستیان داوەتە خۆپیشاندان. خەڵکی ئەو وڵاتە پێیان وایە ئەم چاکسازییانە هیچ شتێک نین جگە لە هاوکاریکردنی خاوەن کۆمپانیا و خاوەن زەوییە گەورەکان نەبێت.
تەنها پاش چەند ڕۆژێکی کەم لە نارەزایەتییەکان ئیڤان دوکیی لەو پێشنیازە پاشگەزبووە و بە دوایدا وەزیری دارایی و هاوکاری گشتیی ئەلبێرتۆ کاراسکیولا Alberto Carrasquilla لەگەڵ وەزیری بازرگانیی خوان ئالبێرتۆ Juan Alberto Londoño و وەزیری خەزینەی دەوڵەت خوان پابلۆ Juan Pablo Zárate دەستییان لە کار کێشایەوە. بەڵام خۆپیشان هەروا درێژەیان هەیە و بە ئاسانی دانامرکێنەوە.
چاوەڕوانییەکانی خەڵک چوونەتە ئاستێکی باڵاتری سیاسی و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای چاکسازی تەندروستی ٢٠١٠، هەڵوەشاندنەوەی یەکەی پۆلیسی گەڕۆکی دژ بە ئاژاوەگێڕیی ESMAD ، ڕیفۆرم لە دەزگای پۆلیس، خەرجکردنی بڕی هاوکاری ٢٦٠دۆلار بۆهەر کۆلۆمبییەک، دەستلەکارکێشانەوەی داواکاریی گشتی کارلۆس کامارگۆ Carlos Camargo و وەزیری بەرگریی دیگۆ مۆلانۆ Diego Molano و هەروەها دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک (ئیڤان دووکی)ش ئەکەن. هەروەها بڕەودانان بە شوراو کۆمیتەو ناوەندەکانی کۆبوونەوەی خەڵک و هەڵبژاردنی نوێنەران لە خوارەوە کە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە لە چەندین گەڕەکدا دامەزراون سەلماندوویانە کە خەڵک خۆیان باشتر ئەتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن و ژیانیان ڕێکخراوتر بکەن وەک لە ژوورە داخراوەکانی پەرلەمان.
کامەران ئەحمەد
Leave A Reply

Your email address will not be published.