پشتیوانی لە ڕاوەستانی خەڵکی ئازادیخوازی مەریوان دەکەین دژی سەلەفیەکان!

0
چەند ڕۆژ لەمەوبەر لەشاری مەریوان، ژمارەیەك لە چەقۆکێشانی ئیسلامی سەلەفی، هەوڵیانداوە داعش ئاسا کەسێک بەچەقۆ بەبەرچاوی خەڵکەوە سەرببڕن، بەڵام خەڵکی ئامادەبووی ڕووداوەکە دێنەدەست و دوای ڕاوەستانەوەو پەلاماربردنیان بۆ سەر سەلەفیەکان کەسەکە ڕزگاردەکەن. بەدوای ئەم شکستەدا سەلەفیە ئیسلامیەکان، بە چەقۆ و قەمە هێرش دەکەنە سەر گەڕەکی دارسێران لە شاری مەریوانی کوردستانی ئێران و دوو کەس بریندار دەکەن. بیانووی ئەم هێرشە دڕندانەو هەمەجیەیان ئەوەبوە کە گوایە ماڵێك لەو گەڕەکە خواردنەوەی کحولی دروست دەکات، بەڵام راوەستانەوەی کوڕان و کچان وخەڵکی ئازادیخوازی گەڕەکی دارسێران و تەشەنەکردنی ناڕەزایەتی و ڕقوتوڕەیی خەڵک بۆ گوندو گەرەکەکانی تری ئەم شارە، ئەم روداوەی وەکو بەرەنگاریەکی ئازادیخوازانەو بەرهەق دژی کۆنەپەرستانی ئیسلامی سەلەفی و دەسەلاتدارانی ئێران بەرجەستەکردۆتەوە.
بێگومان ئەم هەوسارپچڕاندنەی ئیسلامی سەلەفی دژی خەڵکی مەریوان لەژێر باڵ و بە بەرچاوی دەزگا ئەمنیەکانی رژێمی ئیسلامی ئێرانەوە ئەنجام دراوە. ماوەیەی چەند ساڵێکە خەڵکی شاری مەریوان بەشێوەی جۆرواجۆر دژایەتی خۆیان بۆ رژێمی دڕندەی ئیسلامی ئێران ڕاگەیاندوە و دەیان چالاکی جەماوەریان دژی ئەو رژێمە بەرپاکردوە. دەستەمۆکردن و بێدەنگ کردنی خەڵکی ناڕازی مەریوان بۆ رژێمی ئیسلامی ئێران بایەخی خۆی هەیەو ئەم هێرشەی تیرۆریستانی سەلەفی لەم چوارچێوەیەدا مانا پەیدا دەکات و جێگای پێشوازی و پشتیوانی رژێمی ئیسلامی ئێرانە. رژێمی ئیسلامی ئێران لەجیاتی دەستگیرکردنی تاوانبارانی هێرشبەر فەزای سەرکوتی لەدژی خەڵك ڕاگەیاندوە.
ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وێرای ئەوەی هێرشی تیرۆریستانی ئیسلامی سەلەفی و بە پشتیوانی رژێمی ئیسلامی ئێران ڕیسوا و سەرکۆنە دەکەین، هاوکات بەتەواوی تواناوە لەپاڵ خەڵکی ڕاوەستاوی شاری مەریواندا ڕادەوەستین و بانگەوازی جەماوەری ئازادیخوازی شارەکانی کوردستانی عێراق دەکەین کەبۆ پشتیوانی لەخەڵکی راپەڕیوی شاری مەریوان لەدژی کۆنەپەرستی، بەشیوەی گونجاوی خۆیان دەنگی نارەزایەتی دەرببڕن و سەلەفیەکان وئەوانەی پشتیوانیان دەکەن ڕیسوا بکەن و لەقاوی بدەن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٧ی ئایاری ٢٠٢١
Leave A Reply

Your email address will not be published.