ڕوونکردنەوەی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان لە سەر توندووتیژییەکانی ئەم دواییه ی شاری مەریوان.

0

 ?خەڵکی بەڕێز و بە ئەمەگی مەریوان ،هەروەها کە ئاگادارن،لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەن کردەیەکی توندووتیژ لە شارەکەماندا ڕوویدا کە بوو بە هۆی شڵەژان و بریندارکردنی هەستی خەڵک و نیگەرانی ڕای گشتی. ئەم کردەوە ناشیرینانە کە بوو بە هۆکاری دڵەڕاوکێ و تێک چوونی ئاشتی کۆمەڵایەتی،لە نیۆ کومەڵگاو بنەماڵەکان،لە ناوەڕۆکی خۆیدا هەڵگری پەیامێکی خراپ و ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ژیانی ئاشتیانە و تەبایی و پێکەوە بوونمان.

?هاووڵاتیانی بەڕێز، شاری مەریوان خاوەن مێژوویەکی پڕ لە شانازی پێکەوەبوون و ژیانی مەدەنی و ئاشتی و فرە چەشنی بووە،ئەم دەڤەرە بە هۆی جووڵەی فکری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، هەمیشە شارێکی زیندوو و ئەکتیڤ بووە،مووزائیکی فکر و کەلتوور و ڕێکخراوی جیاواز بووە،بە درێژایی مێژوو، ئەم شارە ئامێزی کراوە بووە بۆ ڕەنگ و دەنگی جیاواز و هیچ کات ئەم جیاوازیانە نەبوەتە هۆی کێشە ی کۆمەڵایەتی،ململانێ و لێکترازان. بە پێچەوانەوە لە سەر بنەمای پرنسیبی پێکەوەژیانی دموکراتیک و یەکتر قبووڵ کردن و ڕێزدانان بۆ ڕای یەکتر، ژیانیان بە ڕێ کردووە.. ئێمە لەو بڕوایەداین ،لەسەردەمی ئەمڕۆ و بەم ئاستە لە پێشکەوتن کە مرۆڤ بە دەستی خستووە.ئێتر کەلتوری سڕینەوە و هێرشی توندوتیژانە بۆ سەر باوڕی ئینسان ،هیچ جێگە و پێگەیەکی نییە و لە لایەن ڕای گشتی جەماوەر، مایەی پەسەند کردن نییە.ترس و تۆقاندن و هەڕەشە و کوشت و بڕ هیچ جێگایەکی نە لە ئێستە و نە لە مێژووی ئێمەدا نەبووە و نایبێت. ?پێویستە لە سەر بنەمای ئەو میراتە مەدەنیە کە لە سەر ڕەنج و زەحمەتی هەزاران کەس، لە زیاتر لە نیو سەدە لەم شارەدا، بۆمان بە جێ ماوە، فۆرمی ژیان و شێوازی پێوەندیەکانمان ڕێک بخەین. پێویستە ئەم میراتە کە ڕەنگدانەوەی ڕای ئازاد و حورمەت دانان بۆ یەکتر و ئاشتی کۆمەڵایەتی، پەرە پێ بدەین و گەشە بکات. ئێمە پێمان وایە ئایین پارچەیەکی دانەبڕاوی ژیانی کۆمەڵایەتی و پێویستییەکی مۆراڵی و مەعنەوی کۆمەڵگایە.هیچ کات لە مێژووی دوور و نزیکی ئێمەدا ئەرکی ئایین ترس و تۆقاندن نەبووە،بۆیە هەرچەشنە بەکار هێنانی ئایین وەک ئامراز و کەرەستە،بۆ بەرژەوەندی کەس و چین و تاقم و گرووپێک و تەنانەت دەسەڵاتیش،ڕەت ئەکەینەوە .

?گەلی ئێمە خاوەن بیر و باوڕی خۆیەتی ،ئایین بە جۆرێک لە گەڵ ژیانی نەتەوەیی و داب و نەریتی ئێمە خۆی گونجاندووە و بووە بە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی کۆمەڵایەتی و شایەنی ڕێزگرتنە.بەڵام بە کار هێنانی دینیش لە ژێر هەندێ ناوی شاراوە و نهێنیدا،بۆ بە دەست خستنی هەژموونی کومەڵایەتی و سیاسی وهتد جێگای پەسەند نییە. لەم چوارچێوەدا ئێمە بە کارهێنانی تووندوتیژی(خشونت) له هەر فۆرم و بە هەر شێوازێک شەرمەزار و ئیدانە ئەکەین. جێگای خۆیەتی هەر لێرەوە لە بەرپرسانی خۆجێی و لۆکاڵی ئەم شارە ڕەخنە بگرین،کە هەرگیز لەم بوارانەدا ڕۆڵێکی ئەرێنی و ئیجابیان نەگێڕاوە وخۆیان بە بەرپرسیار نەزانیوە.و نەیانتوانیوە باوڕ و متمانەی خەڵک بە دەست بهێنن.

?لەم سۆنگەوە ئێمە وەک ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان،بە هەست کردن بە بەرپرساریەتی مێژوویی،و بە لەبەرچاو گرتنی دۆخی هەستیاری ناوچەکەمان،داوا لە هەموو چین و توێژەکان،چالاکانی کۆمەڵاێەتی و مەدەنی،مامۆستایانی ئایینی،و کەسانی خاوەن پێگە و مەرجەع ئەکەین کە بێ دەنگ نەبن و ئەرکی ئەخلاقی و مێژوویی خۆێان جێبەجێ بکەن.و ڕۆڵیان هەبێ لە یەکڕیزی و تەبایی و ئاشتی کۆمەڵایەتی شارەکەمان.و ئەرکی مێژوویی خۆیان جێ بەجێ بکەن. 16گۆڵانی 1400،شۆرای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان.

?ئەنجومەنی فەرهەنگی،ئەدەبی مەریوان

?ناوەندی فەرهەنگی،هۆنەری ڤەژین

?ناوەندی زانستی،فەرهەنگی ڕۆنان

?ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان

?ئەنجومەنی ژیانەوەی مەریوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر

?ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبی رۆجیار

Leave A Reply

Your email address will not be published.